Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

ئه‌و ووشانه‌ی له‌گه‌ڵماندان له‌ سه‌فه‌ری هات و نه‌هاتتدا

Be First!
by November 6, 2010 ئەدەب

تێبینیه‌کی پێویست؛ له‌ کوردستان، ڕۆژانه‌ ده‌یان پرس و ووشه‌ی ڕۆژ، بوونه‌ته‌ ووێردی سه‌ر زمان و هه‌میشه‌ وه‌ک ڕوخسارمان شین و شادی ده‌گێڕن له‌گه‌ڵمان. من هه‌رچه‌نده‌ ئێستا زۆر دوور له‌ کوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م به‌ڵام ئه‌م ووشانه‌ له‌گه‌ڵم هاتوون، بۆیه‌ یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌کانمدا بیانهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ یان ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆمدا بیان به‌مه‌ ژێر گڵه‌وه‌.
ئه‌م شیعره‌ ووشانه،‌ گه‌ر تا ئێستا بێده‌نگ بووبن، خه‌تای من بووه‌.فه‌رموون ئێستا بیانخوێننه‌وه‌. وه‌ ئه‌م ووشانه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان تابلۆ قیزه‌وونه‌کان به‌ڕه‌نگه‌ ته‌ڵخه‌کانیان، ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یان پێ نه‌خشاندووه‌. ته‌واو نابن چاوه‌ڕوان بن، ئه‌وانیش به‌ پۆستی ئه‌م شیعرانه‌دا ده‌گاته‌ لاتان.

شاخ
له‌ لای ئێمه‌
شاخ گیان داره‌
شۆشگێره‌، خه‌باتی پارتیزانی ده‌کات
له‌لای ئێمه‌ شاخ
باوه‌شه‌ بۆ جوتیاران
له‌گه‌ڵیاندا زه‌وی ده‌کێڵێت و
له‌گه‌ڵیاندا تۆو ده‌کات
له‌ لای ئێمه‌ بۆ گه‌شت و سه‌یران
هه‌رگیز بیر له‌ شاخ ناکه‌ینه‌وه‌
چونکه‌ که‌ ده‌ڵێین شاخ
مه‌یلی شۆرشگێر بوونمان زیاد ده‌کات
  *****************************
کوردایه‌تی
 یاریکه‌رێکی هه‌میشه‌ دۆڕاو
سست و ته‌مه‌ڵ
چاوه‌ڕوانی سێبه‌ری خۆیه‌تی
ده‌ریبهێنێ له‌ قوڕوچڵپاو
به‌ ده‌م هه‌راشه‌
هه‌میشه‌ داشه‌
بێ باک بێ په‌روا گۆڵمه‌ز ساز ده‌کا
ته‌پوتۆزێکه‌ هه‌ڵئه‌سێ له‌ قوڕاو
     ********************************
کیمیاباران
هه‌ڵه‌بجه‌ ڕۆژانه‌
به‌تانی شه‌وی ده‌دا به‌ خۆرهه‌ڵهاتندا
نایانه‌وێ له‌ خه‌و هه‌ڵسن
چونکه‌ ئه‌گه‌ر بێدار ببنه‌وه‌
هه‌موو شانزه‌ی سێیه‌ک
تاوانبارێک
له‌ قه‌فه‌زی شه‌رمه‌زاری خۆیدا
دووباره‌ دادگای ده‌که‌نه‌وه‌
**************************************
یه‌کێتی
ئه‌م گه‌له‌ زام داره‌
پێوویستێتی، له‌ یه‌کێتیه‌ک کۆسته‌ڵه‌ سازکا
له‌ یه‌کێتیه‌کیش
دووباره‌ خۆی له‌ په‌ره‌وازه‌یی ڕزگارکا
*************************************
کوردستان
جانتایه‌که‌ سه‌فه‌ر ده‌کا
له‌ هه‌موو وێستگا‌کان داده‌به‌زێت
به‌ په‌ناهنده‌ نا ناسرێت
سه‌ر ده‌که‌وێته‌وه‌ و ده‌ڕوا
سه‌رلێشێواو و شپرزه‌
خۆشی نازانێ بۆ بێ ووڵاته‌
تا نه‌گاته‌ ئه‌و وێسگه‌یه‌ی
نه‌یکه‌نه‌وه‌ و خاڵی نه‌که‌ن
له‌ شۆشگێری درۆزن
له‌ خه‌باتکاری دوو ڕوو
هه‌تا پێناسه‌ ته‌زویرکه‌ی فڕێ نه‌دات
نابێ به‌ ووڵات
له‌م سه‌فه‌ری هات و نه‌هاته‌
****************************
خه‌باتی چه‌کداری
له‌ باخچه‌یه‌کی بچوکدا
گوڵێک ده‌ڕوێنێ
 پاشان به‌ سه‌ر گوڵجاڕا ڕێ ده‌کا
سه‌دان گوڵ ده‌پلیشێنێته‌وه‌
قه‌ره‌وڵی نیشانه‌که‌ی
له‌ سه‌ر سنگی تاوانبارێک ڕاده‌گرێ
له‌وانه‌یه‌ ببێت به‌ گوله‌ی وێڵ و
له‌ولاوه‌ که‌سێکی تر بپێکێ
دوایی ده‌ڵێ
من وویستم خۆم و تۆ و هه‌مووان ڕزگارکه‌م
له‌ سه‌ده‌ی بیستوویه‌ک دا
گه‌ر بیر له‌ خه‌باتی چه‌کداری ده‌که‌یته‌وه‌
ده‌بێ بۆ له‌ناو بردنی بێت
گه‌ر ده‌سته‌کان هه‌موو یه‌کبگرن و لێکئاڵێن
دکتاتۆرترین چه‌کدار
به‌ خۆی و چه‌که‌کانیه‌وه‌
سه‌رنگون ده‌کات
*****************************
  فه‌رهود و ڕاوڕووت
که‌ وولات، وه‌کو که‌ڵاکی لێ هات
که‌وته‌ به‌رده‌م گورگه‌وه‌
هه‌رکه‌س هه‌وڵده‌دا پارچه‌یه‌کی لێکاته‌وه‌
که‌ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسانی گه‌وره‌ و بچوک
ووڵات دادۆشن بۆ خۆیان
خه‌ڵکیش کاتێک ڕاده‌په‌ڕن
به‌ ماڵی خۆیانی نازانن
ده‌یسوتێنن
فه‌رهودی ده‌که‌ن
به‌ ڕه‌ش و سپی و باش و خراپیه‌وه‌

*****************************
 ڕۆژنامه‌ی زه‌رد
له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی که‌ ڕووی زه‌رده‌
نانیش مه‌خۆن
ئه‌و جگه‌ له‌و زه‌هره‌ی ده‌یکاته‌ مێشکه‌وه‌
زه‌هریش ده‌کات به‌و نانه‌وه‌
که‌ له‌سه‌ری ده‌یخۆن
***************************
  به‌عسیزم
ئه‌بێ سه‌نگوسووکی ئه‌و بڕیاره‌
وه‌ک گسک بێت
پیسی بکاته‌ ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌ 
  ماڵمان هه‌مووی پاک بێته‌وه‌…….
ئه‌بێ سه‌نگوسووکی ئه‌و بڕیاره‌
وه‌ک ئه‌و ئاگره‌ وابێت
ئه‌یسووتێنێ تلیاک و حه‌شیشه‌ و
ده‌رمان و خواردنی ئێکسپایه‌ر
  که‌س پێیان ئالوده‌ نه‌بێته‌وه‌………..
ئه‌بێ سه‌نگوسووکی ئه‌و بڕیاره‌
ده‌ستێکی پۆڵایینی جه‌ماوه‌ر بێت
سه‌دام و پۆخڵه‌واتی
  له‌سه‌ر ماڵ و ژیانمان دوورخاته‌وه‌……..

***********************
 شه‌ڕی ناوخۆ
ئه‌م خه‌نجه‌ره‌
هێنده‌ به‌ قوڵی، چه‌قێنراوه‌ له‌لای چه‌پی سنگ
هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بگاته‌ دڵ و
له‌ لێدانی بخات
خه‌نجه‌ری ده‌بانه‌، ژه‌هراویه‌
له‌ کێلانی دواکه‌وتوویدا خه‌وتووه‌
هه‌ر کاتێک له‌ کێلان بێته‌ده‌ر
شه‌ڕێکی تا مۆخ شه‌رمه‌زارتر
به‌رێده‌خات.
*   * *
ڕه‌نگه‌کان بۆیه‌ له‌یه‌ک جیاوازن
تا سروشت و ژیان
به‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگی نه‌خشه‌ بکێشن
نه‌ک وه‌ک ده‌سڵاتی کوردی
جیاوازیه‌کان، نیشانه‌ بن یه‌کتری له‌سه‌ر بکوژن
*   * *
ڕیه‌ڵه‌یه‌که‌
حزب و ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستانا
له‌ ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ ده‌چێ
هه‌ر یه‌کێ ته‌ڵه‌ و داوی خۆی
بۆ ئه‌ویتر تیا داده‌نێ
سڵ ناکه‌نه‌وه‌
هه‌تا بتوانن له‌یه‌ک ده‌کوژن
به‌س له‌ شه‌ڕا باسی برایه‌تی ده‌که‌ن
ئه‌ویش بۆئه‌وه‌ی خوێنی یه‌کتری
له‌سه‌ر بڕێژن
*   * *
شه‌ڕی ناوخۆ له‌ کوردستانا
جه‌نگی برا کوژی ناوه‌
خه‌ڵکی کوردستانیان کردوه‌ به‌ برای یه‌کتر
بۆ یه‌کتر کوشتن
خۆشیان ته‌ماشامان ده‌که‌ن
له‌ پشتی مایکرۆفۆنیشه‌وه‌
فرمێسکی تیمساحی هه‌ڵڕشتن
*   * *
شه‌ڕی ناوخۆ
هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک ئاگری ناو دارستانه‌
ته‌ڕ و ووشک پێکه‌وه‌ ده‌سوتێنێ
به‌ڵام شه‌ڕی داره‌کان نی یه‌
جه‌نگاوه‌رانی هه‌ردوولا
داره‌کانن ده‌سوتێن و له‌ناوده‌چن
ئاواره‌بوون
ماڵکاولبوون
سه‌رگه‌ردانی
تیژکردنی نوکی ڕمی دوژمنایه‌تی
له‌مانه‌ زیاتر چیتر نی یه‌
*   * *
له‌یه‌ک پارچه‌ی کوردستانا
ده‌یان شه‌ڕی ناوخۆ
 برا براکه‌ی خۆی کوشت
هه‌تا کوردایه‌تی مقه‌ستی ئه‌م پارچانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بێ
سه‌دان شه‌ڕی تر به‌ڕێوه‌یه‌
هه‌تا لووله‌ی چه‌که‌کانیان
پاسه‌وانی ده‌سه‌ڵات بێ
هه‌تا خه‌ڵکی به‌بانگه‌وازی ژێر کڵاویان خۆشخه‌یاڵ بێ
به‌ پێوه‌ ده‌بێ
شه‌ڕی ناوخۆ و
براکوژی و
کوردایه‌تی

************************
 ئازادی
له‌کوردستانا
ئه‌وه‌ی ئازادی ئه‌خنکێنێ
شیعاری سه‌ر به‌یداغه‌که‌ی ئازادی یه‌
له‌وه‌ ئه‌چێ
هات و هاواری ئه‌م ئازادی خنکێنه‌رانه‌
بمانخنکێنن به‌و ئازادی یه‌
* * *

حه‌سه‌ن مه‌عروف 
ئه‌م کورته‌ شیعرانه‌ له‌ نێوان (جه‌نیوه‌ری و جون)
ی ٢٠١٠ دا نوستراون

ڕقی پیرۆز
هێنده‌ی ڕقی یه‌ک به‌یه‌کی
پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌
هێنده‌ی ڕقی یه‌ک به‌یه‌کی
ئاڵاو له‌ هه‌ناسه‌ی گه‌رمی،
هه‌زاران بێسه‌روشوێنکراو
یه‌ک به‌یه‌کی ئه‌نفالکراوه‌کان
هێنده‌ی ئه‌ستورایی ڕقی،
یه‌ک به‌یه‌کی هه‌موو ئێوه‌
ئه‌م نوکی قه‌ڵه‌مه‌ی من، نه‌فره‌ت ده‌کا
له‌ به‌عسیزم
له‌ دکتاتۆره‌ گرگنه‌که‌ی
له‌ شۆڤێنیزم
له‌ سه‌ره‌نوێلکه‌ی باوه‌ڕه‌که‌ی
له‌سه‌رجه‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ی، لاسایی سه‌دام ده‌که‌نه‌وه‌ و
له‌ سه‌ر قاچی له‌رزۆکیان
که‌ وه‌ک سه‌دام ده‌یانه‌وێت بوه‌ستن به‌ پێوه‌.

     ئۆگه‌ستی ٢٠١٠
کاره‌با
به‌ چاوی خۆمان بینیمان
ئه‌دیسۆنیان، له‌ به‌ر چرایه‌ک داناوه‌
هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵانی کوژاوه‌
نایانه‌وێ گڵۆپه‌کان
شه‌وگاری نوته‌ک ڕۆشنکاته‌وه‌
    سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٠
***********************
بۆ هه‌لپه‌رستان
که‌ وه‌رزێک نه‌بێت
بۆ گوڵ پوشکوتن
که‌ باخچه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ پیاسه‌
که‌واته‌ وه‌رزی به‌دحاڵی بوونه‌
وه‌رزی شومستان
خۆی خزاندۆته‌ ناو وه‌رزه‌کان و
له‌ ناو شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌کدا
هه‌رگیز هیوا چرۆ ده‌رناکات
کاتێ هانا له‌ قوڕگا ئه‌تاسێ
گریان سوتماکه‌
چاوی گریاوی ووشکه‌وه‌ بوو
هه‌تا به‌رپێی بینایی ڕێناکات
ته‌م و مژێک
وه‌ک پۆپه‌شمینێک گۆمه‌که‌ی داپۆشیوه‌
وه‌ک سه‌راب دێته‌ به‌رچاو
توله‌ ڕێیه‌کان
په‌نجه‌ی سڕ بوون
ختوکه‌ی غایه‌له‌کان نادات
له‌گه‌ڵمابێیت،
یاخود نه‌یه‌یت
قاچه‌کانت ده‌تبه‌ن بۆ ناو باخچه‌یه‌کی سوتاو
لا که‌ره‌وه‌ چیت به‌جێ هێشت
بۆ ناو که‌لاوه‌ ملی ڕێت گرتووه‌
که‌چی خۆت وێرانه‌ی که‌لاوه‌کانی
ئه‌ی ناترسیت سبه‌ینێ
گه‌ڕانه‌وه‌ش دادت نه‌دات

   ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٠

 

Previous
Next

Leave a Reply