Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ئه‌و ڕۆمانه‌ی که‌ وه‌ک با له‌گه‌ڵ خۆیدا ناتبات.

Be First!

فڕینه‌کانی جه‌مشیدخان و له‌سه‌رزه‌ویمانه‌وه‌ی خوێنه‌ر.
به‌کر ئه‌حمه‌د
2010-10-10
baker.ahmed@telia.com

 (جه‌مشید خانی مامم که‌ هه‌میشه‌ با ڵه‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد) دوا ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لییه‌. به‌رهه‌مێک که‌ له‌ چاو ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ی به‌ختیاردا که‌م قه‌واره‌ دێته‌ به‌ر چاو و خوێنه‌ر له‌ ده‌رفه‌تێکی کورتدا ده‌کرێ بیخوێنێته‌وه‌. پاڵه‌وانی ڕۆمان،  جه‌مشید خان، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1979دا به‌ هۆی ئینتیمای بۆ حزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ ده‌گیرێت و به‌ هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری به‌عسه‌وه‌، کێشی ئێجگار داده‌به‌زێت. له‌ گه‌رمه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زیندانییه‌دا بۆ زیندانیکی دی، کاتێک ئه‌و سه‌ربازه‌ی ئه‌رکی گواستنه‌وه‌ی جه‌مشیدخانی بۆ زیندانێکی دیکه‌ پێسپێردراوه‌ و له‌ لایه‌ن ئه‌فسه‌رێکی دیکه‌وه‌‌ بانگیلێده‌کرێت، بایه‌کی به‌هێز هه‌ڵده‌کات و جه‌مشیدخان ده‌بات به‌ ئاسماندا.

پرۆسه‌ی فڕینی جه‌مشید خان لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات. کاتیکیش ئه‌م زیندانییه‌ی به‌عس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی زێدی خۆی، له‌ لایه‌ن باوک و براکانی دیکه‌ی جه‌مشیدخانه‌وه‌، دوو له‌ گه‌نجانی بنه‌ماڵه‌ی جه‌مشید خان ده‌خه‌نه‌ ئیختیاری خانه‌وه‌ تا به‌ په‌ت و گوریسی جۆراوجۆر به‌ شوین مامیانه‌وه‌ بن و نه‌هێڵن با به‌ ئاسمانیدا به‌رێت.

ئه‌م توانا له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی جه‌مشیدخان، واتا فڕینی ئه‌و، هۆکاری سه‌ره‌کی چوونه‌ پێشه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌. سه‌رتاپای ڕووداوه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمان له‌سه‌ر به‌کارهێنای ئه‌م تواناییه‌ی جه‌مشید خان ڕاوه‌ستاوه‌ و پاش که‌مێک چوونه‌ ناو ڕووداوه‌کانه‌وه‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌ ماندووبوونێکی تایبه‌تی ده‌کات و رووداوه‌ ئاینده‌ییه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمانی وه‌ک نهێنییه‌ک له‌لا نامێنێت.  واتا ئه‌وه‌ی که‌ تۆ چاوه‌ڕوانی ڕووداوی سه‌رنجراکێش بیت و ڕوه‌تی ڕووداواکان کێشتکات به‌ دوای خۆیدا،  به‌ره‌ و کاڵبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و تۆی خوێنه‌ر ده‌کڕێ پێنووس له‌ به‌ختیار وه‌ربگریت و به‌ ئاره‌زووی خۆت، له‌ زیادکردن و درێژکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ڕۆماندا شه‌ریک بیت. ئه‌م لایه‌نه‌ له‌ شوێنێکی دیدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ری.

 بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌ که‌سایه‌تی جه‌مشیدخانه‌وه‌ نزیک بینه‌وه‌، ئه‌م سه‌رگوزشته‌ کورته‌ به‌ پێویست ده‌زانم. کاتێک بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری له‌ کوردستانی عێراقدا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ و ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ زیاد بوون دا بوو، په‌تای ناوی سه‌یر و شۆڕشگێڕانه‌ له‌ ناو ئه‌و لاوه‌ پێشمه‌رگانه‌دا بووه‌ دیارده‌یه‌کی سه‌یر. ناوه‌کانی وه‌کو هه‌‌ڵۆ و  زریان و جیڤارا و ده‌یه‌ها ناوی شۆرشگێرانه‌ی دیکه‌  که‌ ئیلهامی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ “شۆڕشگێڕییه‌ی” ئه‌و ڕۆژگاره‌وه‌ وه‌رده‌گرت، ده‌بێته‌ ناوی باوی زۆرێک له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و زه‌مه‌نه‌. له‌ یه‌کێک له‌ گونده‌کانی کوردستاندا کاتێک پۆلێک له‌م هه‌ڵۆ و دابان و جیڤارایانه‌ ده‌بنه‌ میوانی گووندنشینێکی هه‌ژاری کورده‌واری و له‌ گه‌رمه‌ی سین و جیمی خاوه‌نماڵدا له‌ یه‌کێک له‌و پێشمه‌رگانه‌ی که‌ بێده‌نگ دانیشتووه‌، له‌ وه‌لامی پرسیاری” کاکه‌ گیان تۆ ناوت چییه‌”، پێشمه‌رگه‌ی لاو ده‌ڵێ:” من ناوم هاوڕێ تووشبووه‌”. مه‌به‌ست له‌وه‌ی که‌من تووشبووم و ناچارکراوم چه‌کی شؤڕش هه‌ڵبگرم، ئه‌گینا من و چه‌کهه‌ڵگرتن کووجا مه‌رحه‌با.

هاوڕێ تووشبوو، ناوی پێشمه‌رگه‌یه‌که‌ که‌ خۆی له‌گه‌ڵ رووداوه‌کاندا نابینێته‌وه‌ و شه‌قی زه‌مانه‌ و فشاری رووداوه‌کان کردوویه‌تیه‌ پێشمه‌رگه‌. جه‌مشیدخانی به‌ختیار عه‌لی، هاوڕێ تووشبوویه‌کی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه‌ و رۆژگار و رووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌یهێنی و ده‌یبا. ئه‌و پاڵه‌وانێکه‌ و هیج ستراتیژیک و نه‌خشه‌یه‌کی ئاینده‌ییانه‌ی نییه‌. ئه‌و ده‌توانێت بفڕێت و هه‌ندێ جار به‌ ویستی خۆ و زۆر جاری تریش له‌ ژێر شه‌قی زه‌مانه‌دا، ئه‌م خزمه‌تی فڕینه‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێ که‌ڵک له‌م فڕینه‌ی ئه‌و وه‌ربگرن. له‌م جۆره‌ که‌سایه‌تییانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئیمه‌دا زۆرن و به‌ختیار زۆر سه‌رکه‌وتووانه‌، ئه‌م ڕۆحه‌ ڕادیکالانه‌یه‌ی فڕین، له‌ جه‌بری ئایدیۆلۆژی ده‌رده‌هێنێت و ده‌یخاته‌ خزمه‌تی هه‌ر هێزێکه‌وه‌ که‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ئایدیۆلۆژی جۆراوجۆردا، هه‌مان دیارده‌ی فڕینی جه‌مشیدخان، ده‌خاته‌ ئاسمانی فڕینی خواسته‌کانی خۆوه‌. ڕه‌نگه‌ دیارده‌ی سه‌نگه‌رگۆڕینه‌وه‌ی به‌شێک له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ که‌ ڕۆژێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدایه‌ و هه‌فته‌ی ئاینده‌ش له‌گه‌ڵ حسک و یان هه‌ر هێزێکی دیکه‌، له‌ چۆنێتی سه‌نگه‌رگۆڕینه‌ ئاسمانییه‌کانی جه‌مشیدخانه‌وه‌ نزیک بێت.

جه‌مشید خان که‌ له‌ زیندانی به‌عس هه‌ڵدێت، له‌گه‌ڵ دوو کوڕی برای خۆیدا ڕووده‌که‌نه‌ بارانۆک. له‌وێ ئاره‌زووی فڕین تاقیده‌کاته‌وه و له‌گه‌ڵ لێبووردنی به‌عسدا دێته‌وه‌ بۆ ناو شار و ده‌کرێ به‌سه‌رباز. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک سه‌ربازێکی ئاسایی، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌و سه‌ربازه‌ی توانی فڕینی هه‌یه‌ و ده‌کرێ که‌ڵک به‌ له‌شکرێ عێراق بگه‌ێنێت و بتوانێت نهێنییه‌کانی ئه‌و دیوی به‌ره‌کانی جه‌نگ ئاشکرا بکات. به‌ڵام ئه‌م فڕینه‌ نوێیه‌ی جه‌مشید خان به‌ ته‌نیا ئه‌نجامنادرێت و سالاری کوڕی سه‌رفرازخان و سمایلی کوڕی ئه‌دیب خانی برای جه‌مشید خان، وه‌ک یاریده‌دارانی ئه‌و بۆ گرتنی په‌ته‌کان و به‌ره‌ڵاکردنی ئه‌و به‌ ئاسماندا، ده‌بنه‌ شایه‌تێکی تری ئه‌م مێژووه‌ خوێناوییه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی شه‌ره‌کان . 

رووداو له‌ ڕۆمانی جه‌مشید خانی مامم که‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ل خۆیدا ده‌یبرد، له‌ خاڵی مێژوویه‌کی دیاریکراوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و ده‌گاته‌ ڕۆژگاره‌کانی کۆچی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئه‌م رۆژگاره‌ زه‌مه‌نییه‌ له‌سه‌ر هێڵێکی ئاسۆیی به‌ره‌ و پێشه‌وه‌ ده‌بزووێت. فرینی جه‌مشیدخان له‌ خاڵی یه‌که‌می ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ئاسۆییه‌ی کاته‌وه‌ له‌ ساڵی 1979دا ده‌ستپێده‌کات و تۆماری به‌شێکی گه‌وره‌ له‌ رووداوه‌کانی کوردستانی عێراق ده‌گرێته‌ خۆی. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌ گه‌ڵ هه‌ر که‌وتنه‌خواره‌وه‌یه‌کی تازه‌ی  جه‌مشیدخاندا، ده‌ستی دیکه‌ و گوریسی جۆراوجۆری دیکه‌ له‌ ناوقه‌دی جه‌مشیدخانه‌وه‌ ده‌ئاڵێنرێت و بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌فڕێنرێته‌وه‌.

 ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌، فڕینه‌کانی جه‌مشیدخان، ده‌رگای ئاسۆیه‌کی دیکه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ فڕینی خوینه‌ر ناخه‌نه‌ سه‌ر پشت. ئه‌وه‌ی جه‌مشید خان له‌ که‌شکه‌لانی فه‌له‌کدا ده‌یبینێت، خوێنه‌ری ڕۆمان و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ مێژووی رووداوه‌کانی جه‌مشیدخاندا، یاده‌وه‌رییان هێشتا له‌گه‌ڵ رووداوه‌کانی ئه‌و مێژووه‌دا شه‌پۆلده‌دات، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆییان نییه‌. ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت که‌ مامه‌ڵه‌ی نووسه‌ر به‌و زه‌مه‌نه‌ دیاریکراوه‌ هیچ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌ واقعییه‌کانی ئه‌و ڕۆژگارانه‌دا نییه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌ بینینی ڕووداوه‌کانه‌ له‌ چاوی ئه‌کته‌رێکی ئه‌م مێژووه‌وه‌. واتا ئه‌گه‌ر جه‌مشیدخان نه‌شفڕیبایه‌ و پاله‌وانێکی سه‌رزه‌مینی بوایه‌، ده‌کرا ڕۆمان، له‌سه‌ر ته‌وه‌ری دووباره‌گێرانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به‌رده‌وام بوایه‌. ئه‌وه‌ی که‌ سیحری فڕین له‌ جه‌مشیدخان ده‌سه‌نێته‌وه و له‌ پاله‌وانێکی باڵداره‌وه‌ ده‌یکاته‌وه‌ به‌ پاڵه‌وانێکی بێباڵ، چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردنی به‌ختیاره‌ به‌ مێژوویه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ ، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی پیاوێکی باڵدار ده‌کرێ بیبینیایه‌. به‌ بڕوای من کاتێک خه‌سڵه‌تی باڵداریی له‌ پاله‌وانی ڕۆمان ده‌سه‌ندرێته‌وه‌ و هیچ جیاوازییه‌ک له‌ چۆنێتی گێرانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه‌دا نامێنێت، به‌وه‌ی جه‌مشیدخانی باڵدار شتێکی دیکه‌ نابینێت که‌ تۆ وه‌ک خوێنه‌ر ده‌کرێ له‌ چاوی ئه‌وه‌وه‌ بتبینیایه‌، که‌لێنێکی گه‌وره‌ ده‌که‌وێته‌ ستراکتۆری خودی ڕۆمانه‌وه‌. ناکرێ تۆ پاڵه‌وانێکی باڵدارت هه‌بێت و گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌و بۆ به‌شێک له‌ مێژووی کۆمه‌ڵگایه‌ک هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانێکی بێباڵدا نه‌بێت. 

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌ ماندووبوونێکی تایبه‌تی ده‌کات و رووداوه‌ ئاینده‌ییه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمانی وه‌ک نهێنییه‌ک له‌لا نامێنێت که‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌م پێدا، ده‌کرێ که‌مێک ئاشکرا تر قسه‌ بکه‌ین. جه‌مشید خان بۆ به‌عس به‌کارده‌هێنرێت و کاتێک ده‌که‌وێته‌ خوار و ئێرانییه‌کان په‌ی به‌م فڕینه‌ ده‌به‌ن، ئه‌وانیش بۆ مه‌به‌ستی خۆیان ئه‌و  ده‌به‌نه‌وه‌ ئاسمان. له‌ که‌وتنه‌خواره‌وی چه‌ندینباره‌ی جه‌‌مشیدخاندا، هێزێکی دیکه‌ به‌ نموونه‌ وه‌ک په‌که‌که‌ ده‌یگرێته‌ لای خۆیی و دیسانه‌وه‌ فرینێکی دیکه‌. ناوه‌ ناوه‌، جه‌مشیدخان، ئه‌م فڕینانه‌ بۆ مه‌به‌ستی خۆی به‌کاردێنێت و چوونه‌ پێشه‌وه‌ی ئاسۆییانه‌ی رووداوه‌کان ڕۆمان، جه‌مشید خان ده‌داته‌وه‌ ده‌ستی هیزێکی دیکه. بۆ خوێنه‌رێک که‌ مێژووی ڕووداوه‌‌کانی کوردستان و عێراقی لێ دوور نییه‌ و گێڕانه‌وه‌یه‌کیش که‌ له‌سه‌ر هێڵێکی ئاسۆیی به‌ کات و زه‌مه‌نی خۆیه‌وه‌ ده‌بزووێت و به‌رز و نزمبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ ره‌وتی گێڕانه‌وه‌که‌دا ناهێنێترێته‌ پێش، ئه‌م دۆخه‌ چوارچێوه‌یه‌کی وا ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ تۆ وه‌ک خوێنه‌ر پێش نووسه‌ر بکه‌ویت و له‌نگه‌ری فڕینه‌کانی جه‌مشیدخان بگریت و ‌ بزانیت به‌ چ لایه‌کدا ده‌کرێ ئاڕاسته‌ بکڕێت و له‌ کوێی تردا، دووباره‌ هه‌ڵیفڕینیته‌وه‌. ئا لێره‌وه‌یه‌، ئیدی جه‌مشید خان پاله‌وانی ده‌ستی به‌ختیار عه‌لی نییه‌ و تۆی خوێنه‌ریش ده‌کرێ کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ت به‌سه‌ر فڕین و نیشتنه‌وه‌کانی ئه‌وه‌وه‌ هه‌بێ. بۆ نموونه‌ کاتێک به‌شێک له‌ هێزه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و کوردستان که‌ڵک له‌ تواناییه‌کانی جه‌مشیدخان وه‌رده‌گرن، تۆی خوێنه‌ر هه‌ستده‌که‌یت که‌ ده‌کرێ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی ڕۆماندا، فڵانه‌ هێز ئه‌و کاره‌ بکات و له‌ لیستی ناوه‌کانی ناو مێشکی خۆتدا کۆمه‌ڵێک ناو ریزبکه‌یت. ئه‌م دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کان که‌ ده‌ستاوده‌ست جه‌مشیدخان ده‌خه‌نه‌ ئیختیاری خۆوه‌، هه‌ستی بزواندنی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌ دواتر چی ڕووده‌دات، به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت و خوێنه‌ر به‌ ناچاری مل به‌ خواستی تۆماری ڕووداوه‌کان ده‌دات که‌ نووسه‌ر ده‌یگێڕێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵیدا ملی ڕێگای خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی بگرێت.
 
به‌ بڕوای من، ئه‌مه‌ لاوازترین خاڵی فڕینه‌کانی جه‌مشیدخانی به‌ختیار عه‌لییه که‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌یدا بۆ ئاسمان، ده‌زانرێ له‌ کوێدا به‌رده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و خاڵه‌ی که‌ له‌ ڕۆماندا وا له‌ خوێنه‌ر ده‌کات به‌ شوێن شتی تازه‌ و ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌وه‌ بێت، ئاماده‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ و له‌ دوا ئه‌نجامدا بێزارییه‌کی گه‌وره‌ لای خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت.

جه‌مشید خانی مامم له‌و ڕۆمانانه‌یه‌ که‌ خوێنه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر ساته‌کانی فڕینی خوێندنه‌وه‌دا ڕاناگرێت و له‌ گه‌یشتنه‌ دوا لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، خوێنه‌ر هه‌ستده‌کات هه‌ر له‌ شوێنی خۆیه‌تی. تواناییه‌کانی به‌ختیار له‌ هونه‌ری ڕۆماننووسیندا له‌م به‌رهه‌مه‌دا، له‌ ئاستی ئه‌و تواناییه‌دا نییه‌ که‌ نووسه‌ر له‌ کاره‌کانی تردا، نیشانیداوه‌. ‌

Previous
Next

Leave a Reply