Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

ئه‌و ڕۆڵه‌ی به‌ مه‌لاكان سپێردراوه‌ یه‌كجار ترسناكه‌

Be First!
by August 18, 2010 گشتی

 

له‌ماوه‌ی مانگێكدا ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر گۆڤاری لڤین و میدیای ئازاد به‌گشتی به‌كار ئه‌هێنرێت , یه‌كه‌م جار له‌كه‌لار و له‌ مزگه‌وتی ( شێخ ئیبراهیم )ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد ,  دواتریش له‌ چه‌ندین مزگه‌وتی ناوچه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك دووباره‌كرایه‌وه‌  . له‌م  پێشهاته‌ تازه‌ و ترسناكه‌دا ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ قسه‌ی مه‌لاكان خۆیان نیه‌ , ئه‌و خۆتێهه‌ڵقورتان و پاساوه‌ نائاینی و نامرۆییانه‌  نیه‌ كه‌ دژی میدیاكاران به‌رگوێمان ئه‌كه‌وێت ,  چونكه‌ مه‌لایه‌ك بێ ده‌نگ بێـت به‌رامبه‌ر قه‌تاره‌ی ئه‌و ته‌نكه‌رانه‌ی هه‌موو رۆژێك نه‌وتی كوردستان به‌تاڵان ئه‌به‌ن و له‌دژی گۆڤاری لڤین خۆی كردبێـته‌ شێر , باوه‌ڕناكه‌م ویژدانی هیچ نوێژكه‌ر و ئیماندارێكی پێ بوروژێت , به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر مایه‌ی نیگه‌رانیه‌  شۆڕكردنه‌وه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌ بۆ ناو ئه‌و شه‌ڕ و جه‌ده‌له‌ میدیایی و سیاسیانه‌ی كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا شه‌ڕی كادر و ده‌زگا حیزبیه‌كانه‌ نه‌ك شوێنێكی پیرۆزی وه‌ك مزگه‌وته‌كان .
به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌رچی ئامرازو ڕێگا و شێوازێكیان له‌به‌ردسه‌تدا هه‌بووه‌ بۆ ترساندن و ده‌مكوتكردن و جڵه‌وكردنی میدیای ئه‌هلی و ئازاد له‌ كوردستاندا به‌كاریان هێناوه‌ , هه‌ر له‌ تیرۆر و تۆقاندنه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ به‌كارهێنانی دادگا و ته‌واوی كه‌ناڵه‌ حكومی و حیزبیه‌كانی تریش ,  له‌ راستیدا هێرش و شه‌ڕی ئه‌وان له‌ گه‌ڵ میدیای ئازادا شتێكی تازه‌ نیه‌ , به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر  مه‌ترسیداره‌و  مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێی هه‌موو لایه‌كمانه‌  خستنه‌ گه‌ڕی هه‌ندێك له‌ مه‌لاكانه‌ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌   , گۆڕینی ئه‌رك و رۆڵی كاره‌كته‌ری ( مه‌لا ) یه‌ بۆ ( واعیز السوڵتان )ێك كه‌ ته‌نها خه‌ریكی په‌لاماردانی ئه‌و گۆڤار و رۆژنامه‌ و كه‌س و لایه‌نانه‌ بێت كه‌ قسه‌یه‌كیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر كاربه‌ده‌سته‌ حیزبی و حكومیه‌كان . ئه‌مه‌ ئه‌و  تاوانه‌ كوشنده‌یه‌  كه‌ قه‌ت چاوه‌ڕێ نه‌ئه‌كرا به‌و  جورئه‌ت و بێ باكیه‌وه‌  له‌ كوردستاندا ده‌ستی بۆ ببرێت , چونكه‌  ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ مه‌لاكانی كوردستان به‌رامبه‌ر گۆڤاری لڤین ده‌یكه‌ن , ته‌نها له‌ ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می بزوتنه‌وه‌ی تالیباندا كراوه‌ .
شۆڕكردنه‌وه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ ناو ئه‌وجه‌ده‌ل و مشتومڕانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ روبه‌ری میدیاكاندا و به‌زمانی دایالۆك و ئارگۆمێنتی رۆژنامه‌گه‌ریه‌وه‌ بكرێـت هه‌مان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌ی لێكردینه‌ واقع كه‌ پێشتر میدیای پارتی و یه‌كێتی له‌ به‌رامبه‌ر گروپه‌ ئیسلامیه‌كاندا خه‌ڵكیان پێ ئه‌ترساند . من نازانم  ئیتر جیاوازی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئیسلامی سیاسی  چیه‌ , ئه‌شێـت ئیسلامیه‌كان چیتریان بكردایه‌ كه‌ تا ئێستا له‌كوردستاندا به‌ناوی دیموكراسیه‌ت و سیكۆلاریزم و مۆدێرنیزه‌یشن و  مه‌ده‌نیه‌ته‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی نه‌یانكردووه‌ ؟ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی چه‌ند مه‌لایه‌ك ده‌ستیان پێكردووه‌  به‌هه‌موو مانایه‌ك   توقێنه‌ره‌  , به‌ڵام ترسناكترین ره‌هه‌ندی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تای مۆبیلیزه‌كردن بێـت بۆ رژاندنی خوێنی رۆژنامه‌نوسێكی تر ( وه‌ك چۆن خوێنی سۆران و سه‌رده‌شتیان رژاند )  كه‌ دور نیه‌ براده‌رانی  ستافی لڤین جارێكی تر باشترین نێچیری بن  , ئه‌گینا مانای چیه‌ له‌ناو ئه‌و سه‌دان كه‌ناڵه‌ی حكومه‌ت و حیزب به‌ئاشكرا و نهێنی ئه‌یبه‌نه‌ ڕێوه‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان به‌ كار ئه‌هێنرێـت دژی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی , بۆچی هه‌ر به‌هه‌مان لۆژیكی رۆژنامه‌وانی  رونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌خسته‌ڕوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی  ڕاپۆرته‌كه‌ی لڤین و هه‌موو قسه‌كانی تری ( عیرفان قانعی فه‌رد )   .
 ده‌رئه‌نجامێكی تری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ترسناكه‌ بارگاوی كردنی فه‌زای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانه‌ به‌ترسێكی ئاینی و سیاسی هه‌مه‌جیانه‌ , ترسێكی وه‌هایش پێش هه‌موو شتێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌و به‌ها مرۆیی و سیاسیانه‌ ئه‌كات كه‌به‌رده‌وام ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستانی پێ ئه‌ڕازێنرێـته‌وه‌  , چونكه‌ له‌ هه‌ر شوینێكی ئه‌م دنیادا مزگه‌وت و مه‌لاكان راكێشرابنه‌ ناو شه‌ڕه‌ سیاسی و رۆژانه‌ییه‌كانی حیزبه‌وه‌ , سه‌رنجام ته‌واوی ئازادیه‌ فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ كه‌وتۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ , له‌ بارودۆخێكی وه‌هایشدا  هه‌م حكومه‌ته‌ دیكتاتۆر و سه‌ربازیه‌كان به‌هێز ئه‌بن , هه‌م هێزه‌ ده‌مارگیر و توندڕه‌وه‌كانیش  بره‌و ده‌سێنن  .
كه‌ ڕێگه‌درا مه‌لاكان حه‌رام و حه‌ڵاڵی نوسینمان بۆ دیاری بكه‌ن , به‌ناوی گه‌لی كورده‌وه‌ داواكاری لێبوردنمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن , ئیتر كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ لاف و گه‌زافی دیموكراسیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی یاسا و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری لێبدات , ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌ی به‌مزگه‌وته‌كان ئه‌كرێت  ته‌نها سه‌ركوتكاری پیاوانی ئاینی به‌رهه‌م ئه‌هێنێـت , ئخلاقیاتی بزوتنه‌وه‌ی تالیبان و ئه‌زمونی دادگاكانی پشكنینی سه‌ده‌ تاریكه‌كانی ئه‌وروپا دووباره‌ ئه‌كاته‌وه‌ , كه‌ بێ گومان نه‌ بۆ دین و نه‌ بۆ دنیا جگه‌ له‌وێرانی  و  ومرۆڤ كوشتن هیچ به‌رئه‌نجامێكی تری نابێـت  .

 
Muhe79@yahoo.com 
   محه‌مه‌د حسێن

………………………………………………………………………..
*له‌ ژماره‌ 654 رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

Previous
Next

Leave a Reply