Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

ئه‌گه‌ر ڕێژوان کوڕی ئێوه‌ بووایه‌ چیتان ده‌کرد؟

Be First!

  
جه‌نابی سه‌رۆک، ئاشکرایه‌ تۆش یه‌کێکی له‌سه‌رۆکه‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لێ بۆ دیاریکردنی مه‌قامی فه‌خامه‌تتان ئه‌گه‌ر که‌مێک له‌ ڕۆژهه‌ڵات دوورکه‌وینه‌وه‌و چاوێک به‌و پێشمه‌رج و کارێکته‌رانه‌دا بخشێنین که‌ پێویسته‌ له‌ سه‌رۆکه‌کاندا بوونیان هه‌بێت، تۆ ده‌بێت هه‌ر ئێستا واز له‌و پۆسته‌ بهێنیت.‌ یه‌کێک له‌پێشمه‌رجه‌کانی سه‌رۆک بوون “فه‌خامه‌تی سه‌رۆك” له‌ ناوچه‌یه‌کی جوگرافیدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆک پێویسته‌ به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشای هاوڵاتییان بکات. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌رکی سه‌رۆکه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌یکی باوکانه‌دا مه‌مه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتییان و هاونیشتمانیانی خۆیدا بکات. یانی له‌لایه‌ک پارێزه‌ر و خه‌مخۆری ڕاسته‌قینه‌ی به‌رژوه‌ندی ڕۆڵه‌کانێتی، وه‌له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ پاریزه‌ری مافه‌کانیانه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوانیاندا.  که‌چی سه‌رۆک له‌سایه‌ی حزب و حکومه‌ته‌که‌ی تۆ له‌ هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌دا‌ سه‌ره‌تاییترین مافه‌کانی هاوڵاتی پێشێل کراون‌. بۆ نمونه‌، ده‌بینین له‌هه‌رێمی کوردستاندا مه‌قامی کوڕه‌کانی تۆی سه‌رۆک له‌ هی خودا که‌متر نییه‌، ئه‌وان کاتێک به‌سه‌ر لاڕێیه‌کدا تێده‌په‌ڕه‌ن ئیتر گشت جووڵه‌کان ده‌بیت بوووه‌ستن. سه‌رۆک ئێوه‌ خه‌ریکه‌ خۆتان ده‌که‌ن به‌ ئایه‌ته‌کانی نێو له‌په‌ڕه‌ی په‌رتووکه‌ ئاینیه‌کان، که‌س بۆی نییه‌ ڕه‌خنه‌یه‌کتان لێبگرێت. وه‌ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێکیش شتێک بڵێت ئه‌وه‌ به‌ده‌ردی (ڕێژوانه‌کانیان) ده‌به‌ن. ئاخر سه‌رۆک ئێوه‌ که‌ی واز له‌و غرور و بیره‌ ته‌سکه‌تان ده‌هێنن که‌ بۆ زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کتان گیرۆده‌ کردووه‌ پێیه‌وه و بێجگه‌ له‌ خوێن ڕشتن و گه‌نده‌ڵترین مۆدێلی حکومڕانی دیاریه‌کی ترتان پێشکه‌ش به‌خه‌ڵک نه‌کردووه‌‌‌.
جه‌نابی سه‌رۆک، ئێو تاکو که‌ی دیواری نێوان خۆتان و هاوڵاتییانی کوردستان نابینن که‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌. ئاخر بۆ ده‌بێت کوڕه‌کانی تۆ نه‌پێویستیان به‌ خۆپیشاندانکردن بێت‌ و وه‌نه‌ له‌هیچ گونجێکی ئه‌و وولاته‌دا له‌ گوڵ کاڵتریان پێ نه‌وتریت، به‌ڵام کاتێک خه‌ڵکی ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێت یه‌کسه‌ر به‌ گوله‌ وه‌ڵامی بدرێته‌وه‌. جه‌نابی سه‌رۆک تۆ بێنه‌ پێش چاوی خۆت که‌ ئه‌گه‌ر ڕێژوان کوڕی تۆ بوایه‌ به‌ ده‌ستی پارتێکی !!! زه‌ردی سیاسی شه‌هید بکرابایه، دبیت چت بکردابایه‌‌‌. ئاخر سه‌رۆک بۆ چرکه‌یه‌ک تێفکره‌، کوڕه‌کانی تۆ بۆیه‌ وه‌ک ڕێژوان بێ ئۆقره‌ نین، چونکو ئه‌وان له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا بۆ یه‌ک چرکه چییه‌ بێکاره‌با نه‌بوون، کوڕه‌کانی تۆ بۆیه‌ هه‌مان چاره‌نووسی‌ ڕێژوان چاوه‌ڕوانیان ناکات چونکو ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو خانه‌واده‌یه‌ نین که‌‌ سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاتیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌کرێت.  سه‌رۆک ڕۆژ نییه‌ بابه‌تێک له‌سه‌ر ئه‌م بێحورمه‌تیکردنانه‌ی ئێوه‌ نه‌نووسرێت، به‌ڵام پێ ده‌چێت زمانی نووسینه‌کان، هێنده‌ جیاواز بن له‌ توانای تێگه‌یشتنه‌کانی ئێوه‌دا نه‌بێت لێیان حاڵی بن. سه‌رۆک به‌ڕاستی ئێوه‌ بوونه‌ به‌ به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه‌ و بێجگه‌ له‌ خوێن ڕشتن و ئاخنینی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان، هیچ حیکمه‌تێکی تر به‌ عه‌قڵتاندا نایه‌ت.
سه‌رۆک ئاگاداری ئه‌وه‌یت که‌ خه‌ڵک له‌ مسر چییان به‌ ڕژێمه‌که‌ی حوسنی موباره‌ک کرد، خه‌ڵکی چییان به‌ زه‌ین و بن عابیده‌کان کرد له‌ توونس. له‌گشت ئه‌مانه‌ش گرنگ تر، سه‌رۆک تۆ چاک ده‌زانیت گوناهی تۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی که‌ ڕاوی هارترین و دڕنده‌ترین ده‌سته‌ڵاتی نا له‌ ناوچه‌که‌دا، بۆیه‌ گرنگه‌ دان به‌وه‌دا بنێیت که‌ توڕه‌ بوونه‌کانی خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ چیتر ته‌حه‌مولی ساتو سه‌ودا سیاسی و ئابووریه‌کانی ئێوه‌ ناکه‌ن، چیتر ناتوانن ئه‌وه‌ قبووڵ بکه‌ن که‌ ئێوه‌ له‌ ماڵ و ته‌لاری دره‌خشاندا ژیان بکه‌ن و ئه‌وانیش له‌چواڕوانی دوور و درێژدا بن بۆ دامه‌زراندنیان له‌ پیشه‌یه‌ک. 
سه‌رۆک دڵنیام باش له‌وه‌ حاڵییت که‌ کاتێک ده‌سته‌ڵاتی ئێوه‌ ده‌ستی سوور ده‌بێت به‌خوێنی هاوڵاتییانی خۆی، ئیتر هاوڵاتی خاوه‌نی گشت جۆره‌ مافێکه‌‌ بۆ دیاریکردنی چاره‌نووستان‌. بۆیه سه‌رۆک‌ زۆر گرنگه‌ ملکه‌چی داواکاریه‌کانی هاوڵاتییان بێت و ئامۆژگاری هاوه‌ڵه‌کانت بکه‌یت که‌ ده‌ست له‌هه‌ڕه‌شه‌کردن و چاوسوورکردنه‌وه‌ هه‌ڵبگرن.  سه‌رۆک پێویسته‌ بزانیت که‌ په‌یوه‌ندی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا په‌یوه‌ندی دوو عه‌شیره‌ت نییه‌. ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ده‌سته‌ڵاتدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌خه‌ڵک ناکه‌ن و ناڵێن “له‌که‌سمان قبووڵ نه‌کردووه‌ و له‌ که‌سیشی قبووڵ ناکه‌ین.” جه‌نابی سه‌رۆک، زمانی ده‌سته‌ڵات پێویسته‌ زمانی ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ بێت به‌داخوازییه‌کانی خه‌ڵک، نه‌وه‌ک ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌. سه‌رۆک ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قیینه‌ی خه‌ڵک بکات هیچ کات پێویستی به‌و جۆره‌ ئاخاوتن و به‌یانانه‌ نییه‌ که‌ ئێوه‌ومانان له‌ شاشه‌ی که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کانتانه‌وه‌ بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌. بۆیه له‌بری ئه‌م جۆره‌ ڕفتارانه‌‌، هیچ شووره‌ی نییه‌ که‌ دان به‌وه‌دا بنێن که‌ ئێوه‌ (پارتی و یه‌کێتی) له‌ ماوه‌ی 21 دانه‌ ساڵدا نه‌تانتوانی گرفته‌کانی خه‌ڵک که‌م بکه‌نه‌وه‌، نه‌تانتوانی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت بنیات بنێن، نه‌تانتوانی پرسی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕیفراندۆمێکی ئازاددا به‌شوێنی خۆی بگه‌یه‌نن. ئێوه‌ سه‌رکه‌وتوو‌ نه‌بوون له‌وه‌ی که‌ چه‌کداره‌کانی خۆتان له‌ده‌مارگیری حزبایه‌تی داماڵن و که‌مێک وانه‌کانی فه‌رهه‌نگی دیمۆکراسیان فێربکه‌ن تاکو ده‌ستیان سوور نه‌بێت به‌ خوێنی هاوڵاتیان‌‌. سه‌رۆک ئێوه‌و ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ “پایره‌ته‌ی” که‌ دواتان که‌وتوون باشتره‌‌ له‌بری کوشتنی ڕێژوانه‌کان، له‌بری ڕفاندنی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان، له‌بری هه‌ڵبژاردنی خوێن،‌ شکست و فاشل بوونی خۆتان به‌یان بکه‌ن و له‌ کۆڵی ‌خه‌ڵکی کوردستان ببنه‌وه‌. سه‌رۆک دڵنیابه‌ ئه‌م ڕفتارانه‌ی پارته‌که‌ت و هاوپه‌یمانه‌کانت خه‌ڵکی کوردستان زیاتر هانده‌ده‌ن که‌ به‌هه‌ر نرخێک بێت  چاره‌نووسی ئێوه‌و خۆشیان وه‌ک میسری و توونسییه‌کان دیاری بکه‌ن. 
a
February 19, 2011

Previous
Next

Leave a Reply