Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

ئیتر….. نەوزاد بەندی

Be First!
by April 3, 2012 هۆنراوە

 

ئیتر خۆشەویستیت لە دەرگا نادا ..
لە دەرگایش با ، نا یکەمەوە ..
ئیتر دەستت
درێژ ناکەى بۆ چەرخەکەو
مۆمى نیوە سوتاوى مێزەکەم
داناگیرسێنى ..
دایشیگیرسێنى
نامەوێ ، ئەیکوژێنمەوە ..
ئیتر لەگەڵ باران
لەبەردەرگا دانانیشین
چاوەڕوانى پەلکە زێڕینەى چاوت بین ..
ئیتر لەگەڵ کۆترە شینکەى گومەزەکان..
لەگەڵ هەنجیرى نیوە زەردى
حەوشەکەمان ..
لەگەڵ ڕەشەباى نیوە تووڕە و
نیوە بەستوى شارەکەمان ..
چاوەڕوانى
کۆمێنت و لایکى تۆ ناکەین ..
لەگەڵ لاستیکى پەمەیى
مناڵانى پۆلى یەکەم
چى بنووسى ، ئەیسڕینەوە ..
لەگەڵ جوتیارە قەڵەوەکانى
بێستانى بەیتى زوجاجى
چى بڕوێنى ، ئەیبڕینەوە …
ئیتر بڕوات پێناکەم
ئەگەر بڵێى
بوم بە شەکرى کڵۆى
بەردەم ژێر پیاڵەى دیژلەمەى
هەواڵێکى دڵتەزێن .. بۆیە دیار نیم ..
ئەگەر بڵێى ..
چوار ڕۆژ زیاترە لە شار نیم ..
ئیتر لەگەڵ مناڵانى گەڕەک
وەزیفەى سەرنجەکانت
حونجە ناکەین
ناینوسینەوە ..
پرسیارى چاوە نەرمەکانت
لە یەکتر ناپرسینەوە ..
گەر بیشمریت
ناتخەینە
بەر
لێزمەى
سورەتى
یاسینەوە …

Previous
Next

Leave a Reply