Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

ئیسلام و ژن: له چاوپێکه‌وتنێکدا لەگه‌ڵ دکتۆر شێرکۆ کرمانج

Be First!
by November 2, 2010 گشتی

 
تێڕوانینى ئاینى ئیسلام بۆ یەکسانى ژن  و پیاو چۆنە؟ ئەمە لەکاتێکدا چەندین حەدیس و ئایەت هەن کە پێچەوانەى ئەوەن، بۆ نمونە حەدیسێک  هەیە کە ژنان بە “عەقڵ ناتەواو” و “دین ناتەواو” دادەنێت یان وەک ئەوەی لە قورئاندا هاتوە “الرجال قوامون على النساء”.

دکتۆر شێرکۆ: پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێت بزانین مەبەستمان لە ئیسلام چیە. ئایا مەبەست لە ئیسلام قورئانە، یان قورئان و حەدیسە، یان ئەم دووانە بە ئیزافەی شەریعەش. دیارە زۆربەی موسڵمانان و ئیسلامییەکان قورئان و سوننە و شەریعە بە جەوهەر و سەرچاوەی ئیسلام دادەنێن. من پێموایە جەوهەری سەرەکی ئیسلام تەنیا قورئانە، چونکە، بەکورتی، حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلام زۆربەیان دوای زیاتر لە دوو سەد ساڵ لە مردنی پێغەمبەر کۆکراونەتەوە و شەریعەی ئیسلامیش زادەی تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئیمام و عولەماکانی ئیسلامە بۆ دوو سەرچاوەکەی دیکەی ئیسلام، قورئان و حەدیس. لەبەرئەمە ناکرێ دوو سەرچاوەکەی دیکە بە شێوەیەکی موتڵەق و یەکلاکەرەوە وەربگیرێن. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە مەقامی ژن لە ئیسلامدا تەنیا لەلایەن پێغەمبەر و شەریعەوە نیە کە بە یەکسان بە پیاو نەبینراوە، بەڵکو دەقە قورئانییەکانیش ئەو نا یەکسانییە زەق دەکەنەوەوە جەختی لەسەر دەکەن. ئەمەش لەو ئایەتەی کە تۆ ئاماژەت پێکردوەو هەموو ئەو ئایەتانەی ئاماژە بە نایەکسانی ژن لە پرسی میرات (بەقەرە: ٧٨) و شایەدیی (بەقەرە: ٢٨٢) دەکەن تا دەگاتە ئەو ئایەتەی کە ڕێگە بە پیاو دەدات ژن تەمبێ بکات، وەک ئەوەی لە سورەتی (نیساء: ٣٤) هاتووە “ئەو ژنانەی لە ئەشقی بوونیان دەترسن، نسحەت بکەن و لەگەڵیان مەخەون، ئەگەر لێشیان بدەن، دەبێت”. لەبەرئەوە ئەگەر دیدی ئیسلام وەک ئەوە ببینین کە لە قورئاندا هاتووە، ناکرێت ژنان وەک پیاوان تەماشابکرێن چونکە مەقامی ژن لە قورئاندا لە مەقامی پیاو نزمترە. ئەمەش دیسان هەر لە سورەتی نیساء لەو شوێنەی کە هۆی قەوامی بوونی پیاو لەسەر ژنان دەخاتە ڕوو جەختی لەسەرکراوەتەوە، کاتێک دەڵێت پیاو بۆیە باڵادەستن بەسەر ژنان چونکە خوا “هێندێکی [پیاوی] لە هێندێ [ژن] عاقڵتر خولقاندوە”.

بوخاری و موسلیم و تیرمیزی و نەسائی و ئەبو داوود و ئیبن ماجە و ئیمام مالیک، گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر وتویەتی “ئەگەر شومی لە شتێکدا بێت ئەوە لە خانو و ژن و ماییندایە”. بۆچی ئیسلام ژن بە شوم دادەنێت؟

دکتۆر شێرکۆ: ئیسلام لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی پیاوسالاری سەریهەڵداوە و گەشەی کردوە، بۆیە هەڵگری هەر ئەو بەهایانەیە کە لە کومەڵگە خێڵەکی و پیاوسالارییەکان باون و پراکتیزدەکرێن. لەو کۆمەڵگە عەرەبییە خێڵەکییەی جزیرەی عەرەبی کە ئیسلامی تێداگەورەبوو مێینە هێندە بێ نرخ بوو تەنانەت زۆریان لەکاتی بوونیان زیندەبەچاڵ دەکران. ڕاستە ئیسلام ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییەی ڕەتکردەوەو لەناویبرد بەڵام بەو مانەیە نیە کە توانیبێتی ژن لە نایەکسانی ڕزگاربکات یان ڕوویەکی گەش بە مێینە ببەخشێت. بۆیە ئیسلام بە درێژەدانی بەو تێڕوانینەی کە کۆمەڵگە خێڵەکییەکان هەیانبوو، وەک ئەوەی کە مێینە بارێکی گرانە بەسەر کۆمەڵگەوە بەتایبەتی لە کاتی غەزوەو شەڕو ڕاوڕوتا کە لە جزیرەی عەرەبی نەک هەر باو بوو بەڵکو سەرچاوەی پەیداکردنی دەرامەت و قوتی خێزان بوو، ئەوە سەرەڕای چەند چاکسازییەک لە مافەکانی، ژن هەر بە شوومی تەماشای ژن کراوە.

بۆچى ئاینى ئیسلام لەلایەن بەشێک لە رەخنەگرەکانەوە رەخنەى ئەوەى رووبەڕوو دەکرێتەوە کە فەزڵى پیاوى بەسەر ژندا داوە؟

دکتۆر شێرکۆ: ئەو ڕەخنانە ڕەخنەی واقعین چونکە لە ڕاستیدا ئیسلام فەزڵی پیاوی بەسەر ژندا داوە. ڕاستی ئەم ڕەخنەیە لە خوێندنەوەیەکی وردی قورئان بە ئاسانی دەردەکەوێت. قورئان بەگشتی ڕوو لە پیاو دابەزیوە، تەنانەت سورەتی نیسائیش کە دەستی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک پرسی ژن بردوە هەر ڕوو لە پیاو دابەزیوە. بۆنمونە کە باس لە بەهەشت دەکرێت ئەوە باس لە خۆشی وەرگرتنەکانی پیاو دەکرێت وەک ئەوەی کە ژنی موتەهەریان (بەقەرە: ٢٥) بۆ دابیندەکرێت. لە قورئاندا کەم تا زۆرێک تەنیا لە پەیوەند بە پرسەکانی پیاو ئاماژە بە ژن کراوە. بۆیە من پێموانییە نە هیچ ڕەخنەگرێک، نە هیچ ئیسلامییەک، تەنانەت هیچ موسڵمانێکیش بتوانی نکوڵی لەوە بکات کە بە گوێرەی ئیسلام پیاو فەزڵی بەسەر ژنەوە هەیە. قورئان لە هەندێک شوێن ڕوو لە ژن دابەزیوە بەڵام تەنیا ئەو کاتانە ڕووی تێکردون کە داوایان لێدەکات گوێڕاگری پیاو بن و حەزو ئارەزوەکانی مێردەکەیان فەراهەم بکەن. بێجگە لەمە نایەکسانی مێینە لەگەڵ نێرینە لە پرسی میراتدا، وەک ئەوەی لە سورەتی نیساء ئایەتی ١١ دا هاتوە، هەموو گومانێک لەسەرئەوە لادەدات کە ئیسلام فەزڵی نێری بەسەر مێدا کردوە.

پێتوایە ئەو حەدیس و ئایەتانەى کە رەخنەگرەکان دەڵێن ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە فەزڵى پیاوى بەسەر ژندا داوە پەیوەستە بە کات و شوێن و سەردەمێکى دیاریکراوەوە یان پەیوەستە بە جیاوازى تێگەیشتنەکانەوە بۆ ئەو ئایەت و فەرمودانەوە؟

دکتۆر شێرکۆ: من پێموایە پەیوەندی بە هەردووکیانەوە هەیە. وەک لە وەڵامی پرسیارەکەی دیکە گوتم ئیسلام لەناو کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیی پیاوسالاریی سەریهەڵداوە، لە کات و شوێنێکیشدا کە ژن نەک هەر مافەکانی هاوتای پیاو نەبووە بەڵکو بە کەم تواناو و کەم عەقڵ تەماشاکراوە. حەدیس و ئایەتەکانیش ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییە بوون. لەهەمانکاتدا دەکرێت پەیوەستیشی بکەیەتەوە بەو تێگەیشتنانەی کە ئێستا بۆ ئایەت و حەدیسەکانەوە دەکرێن. بۆ نمونە ئەو لێکدانەوانەی کە ئەو مەلاو عولەما ئایینییانەی کە ئێستاش بە دیدی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ دەقە ئیسلامییەکانی دەکەن زۆر جیاوازە لەو دیدو لێکدانەوانەی کە هەندێک مەلای نوێخواز یان ڕۆشنبیری ئەم سەردمە، لەوانە نەسر حامد ئەبوزەید، بۆ هەمان ئەو دەقانە دەیکەن. بۆنمونە، ئەبوزەید باس لە زەمەنییەتی هەندێک لە دەقە ئیسلامییەکان دەکات و خوێندنەوەی نوێش بۆ هەندێکی دیکەیان دەکات. ئەو پێیوایە کاتێ ئیسلام دێ و دیاردەی زیندەبەچاڵ بنبڕدەکات و هەندێک ماف بە ژن دەدات وەک ئەوەی کە نیوەی مافی نێرینەی هەبێت لە میراتدا، ئەو دەڵێت، ئەوە بەو مانایە نیە کە ئیدی مافەکە لەوشوێنە چەق بگرێت. ئەو دابینکردنی ئەو مافانە هەنگاوییانە و زەمەنییانە دەبینێت. بە واتایەکی دیکە، بەگوێرەی ئەو خوێندنەوەیەی ئەو بۆ دەقە ئیسلامییەکانی دەکات دەبوایە مێینە تا ئێستا لە میراتدا مافی یەکسانی هەبووایە بە نێرینە. بەڵام مەلاو عولەما ئایینییەکانی ئیسلام زۆربەیان ئەم دیدە زەمەنییە بۆ دەقەکان ڕەتدەکەنەوەو ئەزەلییەت و ئیتڵاقییەت دەدەن بە دەقەکان. من پێموایە ئەم دیدەیان ئیسلام چەقگیر دەکات و هیچ خزمەت مە ئیسلام ناکات لەم دنیا پڕگۆڕانەی ئیمڕۆ کە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕدەبێت.
 
سەرۆکى یەکێک لە حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان لە کۆنگرەى حیزبەکەیدا وتى لەبەرئەوەى ئافرەت جەستەی هەستى  رێگەی پێنادات لەبەرئەوە خەیاڵییە ئافرەت ببێتە سەرۆک. ئایا ئەمە تێڕوانینى ئاینى ئیسلامە بۆ ئافرەت؟

دکتۆر شێرکۆ: بەڕای من ئەمە تێڕوانینی خۆیەتی بەڵام لەوە دەچێت کە ئیلهامی لەو ئایەت و حەدیسانەوە وەرگرتبێت کە پیاو باڵادەستتر و زاڵ بەسەر ژنان دادەنێت. یان لەوانەیە لەو حەدیسەوە ئیلهامی وەرگرتبێت کە دەڵێت “لن یفلح قوم ولوا أمرهم امرأ‌ة” واتە ئەو نەتەوەیە سەرناکەوێ ژن ڕابەری بێت. ئیسلامییەکان دیدی جیاجیایان هەیە لەسەر بەشداری ژن لە پرۆسەی سیاسی و حوکمکردندا. هەندێکیان پێیانوایە چونکە خوا فەرمویەتی “وقرن فی بیوتکن”، واتە ژنان دەبێ لە ماڵەکانیان دانیشن، ئەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە کاروباری گشتی، وەک سیاسەت، بن. بەڵام هەندێکیان دەڵێن ئەم ئایەتە بۆ ژنەکانی پێغەمبەر دابەزیوە بۆیە ناکرێت بگشتێنرێت (تەعمیم بکرێت). سەرەڕای ئەوە ئەوان، بۆنمونە قەرەزاوی لە کتێبی من فقە الدولة فی الاسلام، لاپەڕە ١٦٥، دەڵێت ئەگەر ژنان ڕێگەشیان پێبدرێت بەشداری لە کاری سیاسی بکەن ئەوە ناکرێت ڕێگەیان پێبدرێت ببن بە سەرۆک یان ڕابەر. لەوەدەچێت سەرۆکی ئەم حزبە ئیسلامییەی کە تۆ باسیدەکەیت بە ئیزافەی چەندین ئایەت و حەدیس کە لە مەقامی ژن کەمدەکەنەوە، لەهەمانکاتدا کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەو دیدەی قەرەزاوی کە بە باوکی زیندووی ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمە دادەنرێت.

 

تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنە لە ژمارە ٦٧١، ١٣/١٠/٢٠١٠ ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply