Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

ئێران بۆ دوای کەوتنی سوریا

Be First!
by March 26, 2012 گشتی

هەریەکە لە قۆناغەکانی پێش و پاش هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی  ڕزگارکردنی عێراق،  بۆ ئێران بریتین لە دوو قۆناغی جیاواز لە ڕووی ئیدارەدانی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.
 قۆناغی بەرلە پەیدابوونی ئەمریکا، هەموو ئاماژەکان ئەوەیان نیشان دەدا کە سیستەم و شێوازی دەسەڵاتدارێتی  لە ئێراندا ” ئەگەر تەنیا بۆ نمایشی فریودەرانەش بوبێت ” بەرەو شێوەیەک لە کرانەوەی سنوردار دەڕۆیشت لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا! هاتنەسەرکاری ریفۆرمخوازەکان لەڕێی هەڵبژاردنەوەو دەرگاکردنەوەیەکی  ڕێژەیی،  لەلایەن ئاغای خاتەمییەوە  لەسەر ئازادییە شەخسییەکان و ئەگەری پێهەڵنان بەرەو هەڵزنانی زیاتر بۆ ئازادییە کولتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، جێگای سەرنجدان بوون و دەرفەتێکی پۆزەتیف بوو بۆ ڕاهاتنی خەڵکی ئێران لەسەر مومارەسەکردنی شێوەیەک لە دیموکراتی و باوەڕ بەخۆ پەیداکردنەوە لە ڕووی دەربڕینی ناڕەزایی جەماوەری و قسەکردن لە مافەکانیان  و وەرگرتنەوەی  بەشێک لەو ئیرادە تێکشکاوەی کە چەندین دەیە بوو  لەلایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامییەوە و پێشتریش لەلایەن سیستەمە شاهەنشاهییەکانەوە پێشێل کرا بوو.
بەڵام پاش هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، سەرجەم ئەو سەحنە نیمچە ڕەنگاوڕەنگەی کە تاڕاددەیەک  دەنگی جیاجیای تێدا دەبیسترا هەڵگیرایەوە و  ئێران بە خێرایی کەوتە خۆی بۆ ئامادەیی ڕووبەڕوو بونەوەی هەر تەنگژەیەکی سیاسی و ئەمنی چ لەناوەخۆی ووڵاتەکەیدا چ  لە دەرەوەی. واتا هەموو ئەوانە کەلەپشت سەحنەکەوە ئیدارەی مەنەلۆگی سەرسەحنەکەیان دەکرد، بۆخۆیان هاتنەسەر سەحنەکە و خۆیان وەکو ئەکتەرە ئەسڵیەکانی نمایشەکە  نیشاندا، لەوانەش دیارترینیان کە دەکرێت ئاماژەیان  پێبکرێت ئاغای ئەحمەدی نەژاد و کوتلە پەڕگیرەکەین کە سەرەتا وا خۆیان نواند کەسەر بە خەتی  ڕەهبەرین  واتا ئاغای خامەنەیی!
هەڵبەتە هاتن وئامادەیی ئەمریکا بەو هەموو هێزە زەبەلاحەوە و گیرسانەوەی لە عێراق و  لە درێژایی  قەراغ سنورەکانی ئێراندا، بۆ ئێران جێگای ترس و دڵەڕاوکێییەکی بەردەوام بووە، چونکە ئێران یەکێکە لەو پێنچ  ووڵاتەی کە ناسراون بە ووڵاتانی بەرەی شەڕ، ئەوە وێڕای ئەوەی کە ئێران لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە بەهەمان تاوانی هەبوون یان هەوڵدان بۆ هەبوونی چەکی کۆکوژ تاوانبارە کە ڕژێمی بەعسی عێراقی لەسەر هەمان بەهانە و تۆمەت  ڕوخێندرا. بۆیە بەدرێژایی دوای ئەو بەروارەی هاتنی ئەمریکا،  تێگڕایی هەوڵ و تەقەللاکانی  ئێران  لە پێناو دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان وئەمریکادا بوون بۆ زێدی خۆیان، لەو ڕێگەیەدا کۆشا  لە زۆر میحوەری جیاجیاوە فشار بخاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بۆ وێنە لە ناوخۆی عێراقدا بێ درێخ بووە لە یارمەتیدانی ماددی و لۆجستی و مەعنەوی  هێزە میلشیاییە شیعەکان لە باشورو هەندێ لە گرووپە سوننە مەزهەبەکان لە ناوەڕاستی عێراقدا،  بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەمریکا و ناسەقامگیربوونی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی ووڵاتەکە،  لەهەمان کاتیشدا  هەوڵدان بۆ ئاڵۆزکردنی سنورەکانی کوردستان  کە دەکاتە باکوری عێراق، لە ڕێی هەڕەشەی هێرشکردن و تۆپبارانکردنی هەرساڵەی  ئاواییەکانی سەر سنورو یارمەتیدان و مۆڵکردنی هێزەکانی ئەنسارولئیسلام لەسەر هەمان سنور. ئەوە وێڕای نانەوەی سەرجەم ئەو ئاڵۆزیانەی هەرێمەکە لە لوبنان و فەڵەستین و یەمەن و بەحرەین و …هتد،  کە وا مەزەندە دەکرێت  دەستی تارانیان لە پشتەوەیە.
تاران بەو هەوڵانەی خواستیەتی کێشمەکێشمەکانی ناوەخۆی ووڵاتەکەی تا کاتێکی نادیاری دوور پەردەپۆش بکات، بەوەی کە ووڵاتەکە لە مەترسی جددی دایە و دوژمن هاتۆتە بەر دەروازەکان، یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵکی ئێران فاکتۆری بنەڕەتی پارێزگارییە لە نیشتمان کە پارێزگارێش لە خاک و نیشتمان هاوتەریبە بە پارێزگاری لە پایەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی. هەروەها بۆ بەخشینی حەماسەت و ئومێدی کوێرانە بە میللەتی ئێران لە ڕێی زیندوو کردنەوەی پەیام و دوروشمە ئایدۆلۆگیە مەزهەبییە  دێرینەکەی ئیمام خومەینی یەکەمین ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا کە بریتییە لە ” ناردنە دەرەوەی شۆڕش ” و خۆ بەهێزکردن لەڕێی پەیداکردنی نفوزی ناوچەیی.
تاران هەمیشە ویستویەتی کە  لە ناوخۆ و ناوچەکە و جیهان بەگشتی بگەیەنێ کە هاتنی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی سەرهەڵدانی ئاشوب و پشێووییە و لەهەمانکاتیشدا سەرنجی دونیا لەسەر هەوڵەکانی لە پرۆژە ئەتۆمیەکەی بۆدروستکردنی چەکی کۆکوژ و ڕەوشی نالەباری مافی مرۆڤ لەناوەخۆی ئێراندا، لابەرێت.  بەبڕوای من ئێران لەو سیاسەتە  پێچاوپێچانەیدا تاڕاددەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی باڵانسەکە  لە بەرژەوەندی خۆیدا ڕابگرێت،  ئێستا نفوز وکاریگەری ئێران لە عێراقدا  ئەگەر لە نفوزو کاریگەری ووڵاتەیەکگرتووەکان زیاتر نەبێت، کەمتر نییە،  ئەگەرچی  ئەو سەرکەوتنەی تاران لە سیاسەتەکانیدا لە عێراقدا  بەقیمەتی بە هەدەردانی سەروەتێکی بێشوماری ئەو ووڵاتە بووە، کە قووتی گیانی گەلە هەژار و بەشمەینەتەکەیەتی،  لەهەمانکاتیشدا زیانی گەورەی بە ناوبانگ و دبلۆماسیەتی ئێرانی گەیاندووە لەسەر ئاستی  ناوچەکە و جیهاندا!
دوابەدوای ڕزگارکردنی عێراق و دامەزراندنی کۆمارێکی فیدڕالی لە ووڵاتدا لەڕێی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە، کە تاڕاددەیەک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی سیستەمێکی دیموکراتی بەهرەدارە، نۆرەهاتۆتە سەر هەڵوەستەکردنی عێراقیەکان و کۆمەڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش تاران  لەمەڕ زەرورەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هۆکارەکانی مانەوەیان لە عێراقدا. لە سەروبەندی گفتوگۆی پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق ” کورد و شیعە و سونە ”  لەمەڕ توانایی لەسەر پێی خۆ وەستانی حکومەتی بەغدا و توانایی بەرەنگاربوونەوەی تەنگژە سیاسی و ئەمنییە ناوخۆییەکانی و دریژکردنەوە یان کۆتایی پێهێنانی ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەی کە لەگەڵ ئەمریکادا مۆرکرا بوو،  ئێران یەکێک بوو لەو لایەنە هەرێمیانەی کە تەواوی توانا و نفوزی خۆی خستۆتەگەڕ لەپێناو هەرچی زووتر گەڕانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ووڵاتی خۆیان  و بۆ ئەو مەبەستەش لە باشور و ناوەڕاستی عێراق ، گلۆپی سەوزی بۆ میلشیاکانی سەدر پێکرد و تا دەستبکەن بە هێرش و پەلاماردانی هێزەکانی ئەمریکا و لەبەشی باکوریشەوە واتا کوردستان دەستی کرد  بە پەلاماردان و تۆپبارانی ئاواییەکانی سەرسنور بە بەهانەی هەبوونی هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان!
لەڕاستی دا  تاران لەڕێی تۆپبارانی سنورەکان و پەلاماردانی گەریلاکانی پەژاکەوە، ناڕاستەوخۆ دەیەویست پەلاماری هەرێمی کوردستان بدات و کێشەو پشێویەکانی هەرێمەکە زیاتر بکات، تا لەو رێگایەوە دەسەڵاتدارێتی و هەڵوێستەکانی  هەرێمەکە  لاواز بکات، هۆکاری بنەڕەتی و ڕاستەقینەش ئەوە بوو کە فشار بخاتە سەر کورد  وەک یەکێک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق تاکو لە داواکاری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا پاشەکشە بکەن. هەڵبەتە لە عێراقدا ، کورد تاکە پێکهاتە بوو کە داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی  مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای  دەکرد و پێکهاتەکانیدیکەی وەک شیعە و سوننە، نەیاندەتوانی بەسانایی خۆیان ساخکەنەوە و نفوزی ئێران لەناوییاندا بەتایبەتیش لە نێو شیعەکاندا کاریگەری خۆی هەبوو لە ڕێگیری لە درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەکەدا.
هاوینی ڕابردوو مۆڵەتی مانەوەو نەمانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێڕاقدا یەکلا بۆوە و لە کۆتایی ساڵدا هێزە بێگانەکان عێڕاقیان جێهێشت، کە هەڵبەتە هەریەکە لە واشنتۆن وتاران لەو پێناوەدا تێگڕای فشار و هەوڵەکانی خۆیانیان خستەگەر، کە یەکەمیان لە پێناو مانەوەدا و دووهەمیان لە پێناوی وەدەرنانی ئەویدیدا! بۆ ئێران درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێڕاقدا واتای درێژکردنەوەی ڕەوشە پڕ لە دڵەڕاوکێ و هەڕەشەئامێزەکەی دەگەیاند. بەپێچەوانەشەوە ئەمریکا دەیەویست مانەوەی لە عێڕاقدا مانەوەی بێت وەکو چاودێرێکی “خاوەن هێزی ئامادە”  بەسەر ناوچەکە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنی عێڕاقدا و جڵەوگیری بکات لە فراوان بوونی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق و ناوچەکەدا. 
بە بڕوای من کۆشکی سپی دەیتوانی لە ڕێی  پێداگیری جیددیەوە بمێنێتەوە  لە عێڕاقدا بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییە ڕیشەییەی کە بەسەر ناوچەکەدا هات کە بریتی بوو لە ڕاپەڕینی خەڵکی ناوچەکە و کەوتنی لەناکاوی دیکتاتۆرەکان و دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی، پەلکێشانی شەپۆلەکە بۆ سوریا کە تاکە هاوپەیمان و دۆستی نزیکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەناوچەکەدا و دەرگیربوونی ڕژێمی بەعس لەگەڵ خەڵکی ووڵاتەکەیدا و لەهەمان کاتیشدا بەڕێوەچوونی هەوڵی جیددی لەلایەن کۆشکی سپی و کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەی فەڵەستین، کە ئەوە بۆخۆی کۆتاکردنی دەستی  ڕێکخراوەکانی حەماسی فەڵەستینی و حزبوڵڵای لوبنانە، کە هەریەکە لەو دوو گرووپە پەڕگیرە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی و یارمەتی سیاسی و لۆجستی….هتد یان دەدرێت.
ئاشکرایە سەرجەم ئەو پێشهاتانەی کە بەڕێوەن بە زیانی کۆماری ئیسلامی تەواو دەبن و کاریگەریان دەبێت بەسەر بچوکبوونەوەی قەبارەی نفوزی سیاسی تاران  لەناوچەکەدا، واتا کاتێک ئەمریکا عێڕاقی جێهێشت، ئێرانیشی  جێهێشت بۆ دوای کەوتنی سوریا!  ئەودەمەی ئەڵقەکەی دەوری بچوکتر دەبێتەوەو دەتواندرێت ئاسانتر ئەو ووڵاتە لەنێو بازنەیەکی تەنگدا گەمارۆ بدرێت و ناچار بکرێت گوێڕایەڵی کۆشکی سپی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بێت بەوەی دەستبەرداری هەوڵی کوێخایەتی بەسەر ناوچەکە و میحوەرسازی ووڵاتانی دژبەری ئەمریکا و بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بێت، ئەگەرنا بەهەمان دەردی ڕژێمی بەعسی عێڕاق ببرێت!
 بێگومان کۆماری ئیسلامی دەیتوانی هەر لە سەرەتاوە، دوور لە سیاسەتی هەڵەی خۆتێوەگلان لە بەرەنگاربونەوەی ناڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان،  لەڕێی بەردەوامیدان بە سیاسەتێکی نەرم و کراوەی لە شێوەی سیاسەتی ” پێش هاتنی ئەمریکاو هاوپەیمانان” بۆ ناوچەکە و ڕەخساندنی کەشێکی سیاسی نیمچە ئازاد و دیموکراتیانە لە ناوخۆی ووڵاتتدا،  پێگەو قورسایی سیاسی خۆی مەحکەمتر کردبا و وەکو زلهێزێکی ناوچەکە دەرکەوتبا و کاریگەری دیاری هەبا بەسەر سەرجەم  پرۆسەی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ناوچەکەدا، نەک وەک ئێستا کە چاوەڕوان دەکرێت لە کورتترین ماوەی داهاتودا دوچاری زۆرترین قەیران و تەنگژەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری قوڵ ببێتەوە و لەناویاندا بە شێنەیی بخنکێت و بەهیچ کلۆجێک ڕزگاری نەبێت. ئێران وەکو ووڵاتێکی فرە پێکهاتە مەحکومە بە پێهەڵگرتن بۆ  پیادەکردنی سیستەمێکی کراوەی شێوە دیموکراتی لە ئێستادا، بەمەبەستی کۆکردنەوەو بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە پرۆسەی دەسەڵاتدارێتیدا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فرە ڕەنگ و فرە دەنگی بە‌هێز و کۆتایی هێنان بە واقیعی ئاوارتە و ناجێگیری سیاسی لە ووڵاتدا.

کازم بیتوێنی

Previous
Next

Leave a Reply