Skip to Content

Saturday, October 16th, 2021

ئێواره‌ی ته‌ڕتر له‌ باران!!

Be First!
by September 2, 2010 ئەدەب

پێشكه‌شه‌ به‌ (شێرزاد حه‌سه‌ن)، به‌و پیاوه‌ی ترسی خود نووسینه‌وه‌ی تێدا كوشتین

بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌وێن
به‌ بنمیچی ئێواره‌وه‌
له‌ ناو جانتایه‌كی نارنجیدا به‌جێماون
نه‌ (شێ‌) زه‌فه‌ری پێبردن ته‌ڕیان بكات و بخوسێن
نه‌ سیسیش بوون به‌ ده‌م هاڵاوی هه‌ناسه‌ی زه‌مه‌ن
زیندوون وه‌ك خۆم
ته‌ڕن وه‌ك نمه‌ی بارانی ئێوارانی به‌هار
بۆن خۆش وه‌ك سێبه‌ری  دار سنوبه‌ر
*****
ئێواره‌ی كۆڵانی منداڵیم پڕه‌ له‌ گه‌مه‌ و گاڵته‌وگه‌پ
پڕه‌ له‌ دزی نێو باخچه‌ و
رنینه‌وه‌ی پرچی هێلانه‌ی كوكوختی و په‌ڕه‌سێلكه‌
پڕه‌ له‌ ورده‌ شووشه‌ی رژاوی په‌نجه‌ره‌ی دراوسێی گه‌ڕه‌ك
كاسه‌ به‌ توك و نزای پیره‌ژنه‌كانی كۆڵان و
تف و تێخوڕینه‌وه‌ی پیره‌مێردی جاڕس، به‌ده‌ستی هاروهاجیمان
پڕه‌ له‌ شه‌ڕه‌ به‌رد و شكانی سه‌ر
پڕه‌ له‌ خانوچكه‌ی قوڕین و ئاره‌قه‌ی ره‌شی دوای غار غارێن
پڕ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دره‌نگ وه‌ختی دوای بانگان و
هه‌ڵسانی قیامه‌ت له‌ چاوی باوك و
ترس و دڵه‌خورپه‌ی دایك و
زویربوون له‌ هاوڕێ‌ و براده‌ر
پڕتر له‌ مۆڕه‌ی مامۆستا و عه‌زابی قه‌ساس و له‌عنه‌تی شولكی ته‌ڕ
یاده‌وه‌ری ئێوارانێك مه‌ست به‌ قاقا و راكه‌ راكه‌
كاس به‌ زیقه‌ و هه‌راو هۆریا
پڕ له‌ ترس و شه‌رم و لێدان
 *****
ئاوابوونی شه‌قامه‌كانی هه‌رزه‌ییم جمه‌یان دێ‌ له‌ پیاسه‌ و
گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌ی ترس و
جێهێشتنی نیگای هه‌وه‌س له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی نارنجی كچی عازه‌ب
له‌ خه‌یاڵی ده‌سته‌ملانێ‌ و زیبكه‌ی ده‌سپه‌ڕ
به‌دیار فیلمی سێكسی یاساغ
له‌ تیف تیفه‌ی زه‌ماوه‌ند و بێزاری شانه‌ و ئاوێنه‌
له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خۆبادان و گه‌شت و سه‌فه‌ر
بیره‌وه‌ری ئێوارانێك بزۆزتر له‌ كه‌روێشكه‌ی گه‌نم به‌ ده‌م باوه‌
گێژ به‌ مه‌راقی باوه‌ش و
شه‌كه‌ت به‌ ده‌ست خه‌یاڵی ماچ
*****
زه‌رده‌په‌ڕی كوچه‌كانی گه‌نجیم  پڕه‌ له‌ له‌عنه‌تی ژیان
لێوڕێژ له‌ عه‌شقی ناكام و
تژی له‌ شێتی و بزۆزی
سیخناخ له‌ ره‌شی سیاسه‌ت
لێوانلێو له‌ سه‌ركێشی و
پڕ له‌ تابلۆی په‌شیمانی نێو باوه‌شی سۆزانییه‌كان
یاده‌وه‌ری ئێوارانێك پڕ له‌ خه‌می نانی ژیان
ماندوو به‌ ده‌ست سوڕانه‌وه‌ی دوای كار و
رامكردنی دڵی ئاسكێك
شه‌ڵاڵ له‌ خه‌ونی ئازادی و
هیلاك به‌ ده‌ست درۆكانی ئایدیۆلۆژیا!!
*****
بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌وێن
به‌ بنمیچی ئێواره‌وه‌
له‌ ناو جانتایه‌كی نارنجیدا به‌جێماون
نه‌ ده‌توانم بیانده‌مه‌ ده‌ستی هه‌تاو
نه‌ بۆم ده‌كرێ‌ بیانسپێرم به‌ ره‌شه‌با!!

 

نوری بێخاڵی

Previous
Next

Leave a Reply