Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

ئێواره‌ی گه‌ڵایه‌و غه‌ریبی ده‌بارێ….ئارام ئه‌حمه‌د علی

Be First!
by February 9, 2009 ئەدەب

 ئێواره‌ی گه‌ڵایه‌و غه‌ریبی ده‌بارێ
 
  
 هاژه‌ی دێ….. بێچرپه‌ خۆی به‌ ماڵه‌کانی دڵدا ده‌کاو ناڵێ سڵاو ته‌نهایی…..چیم هه‌یه‌ ده‌یباو ده‌ستێکی  ماڵئاوایم  بۆ  هه‌ڵنابڕێ  هه‌تاو….. به‌زه‌بری  مه‌ره‌که‌ب ته‌ڵخیم پڕده‌کات له‌ بێهوده‌یی و ده‌پاڕێته‌وه‌  شڵه‌ژانه‌کانم….. ژنێکی  شه‌فه‌قی له‌سه‌رحه‌سره‌ته‌کانم خه‌وتوه‌وبووه‌ به‌ئاگردان گۆرانیه‌کانم…. وه‌ی له‌ ده‌ربه‌ندی ئه‌و ئێواره‌ ڕه‌نگ به‌هێیه‌م و داخ له‌و زایه‌ڵه‌م که‌ پڕبووه‌ له‌ نێڵه‌ نێڵ…. ئێجگار سه‌یره‌ شه‌پۆله‌کان،تیژڕه‌و به‌به‌رچاوی ئه‌م حه‌شاماته‌وه‌ به‌سه‌رمدا گوزه‌رده‌که‌ن و له‌ به‌ختی به‌دم دۆزه‌خ  زیندو ده‌که‌نه‌وه‌و  په‌نجه‌کانم له‌ سوتان  هه‌ڵده‌کێشن ته‌لیسمی لاڵانه‌وه‌کانم….. ئێواره‌یه‌کی منه‌و ساتێک له‌ ڕۆژێک ده‌بات و له‌و دیوو په‌نجه‌ره‌کانی مه‌راقه‌وه‌ پڕ ده‌نوکی  مه‌لێک ده‌کات به ‌ده‌می ئینجانه‌کانه‌وه‌، تا ئۆقره‌یی بگه‌ڕێنێته‌وه‌بۆگوڵێکی کۆنترین سیاساڵ وشه‌به‌ق بکه‌نه‌ کۆڵان و سروه‌ی پێکه‌نینێكی ته‌ڕبزێننه‌ لێوی ڕێبوارێک،وه‌لێ ڕێبوارێک که‌به‌ تره‌قینه‌وه‌ی ڕه‌نگی شه‌مامه‌ پێده‌گرێ…. چه‌ند جوانه‌ ئێواره‌یه‌کی من که ‌ته‌ڕی و ڕێبوارێکی کۆڵان و ڕه‌نگی شه‌مامه‌ ده‌سخه‌ڕۆ ده‌کات، ئێواره‌یه‌ک ماندو ماندو  وه‌ک زه‌رده‌په‌ڕ، سپی سپی وه‌ک په‌موی ده‌شتی فریشته‌،سوور سوور وه‌ک سکاڵای خوێن له‌ده‌ست ڕژان و وشک بوونه‌وه‌…..
 له‌ودیوو سێبه‌ری گه‌ڵایه‌کی شینه‌وه‌
 سێبه‌رێك شاره‌زام،
 خۆم وئێواره‌یه‌کی ساتێک له‌ڕۆژێک،که‌ساکاریمی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتوه‌ ڕێده‌که‌وین، هه‌مووشتێک بۆنی سکوت وتاریكی لێوه‌دێ وبه‌چاوه‌ڕوانی ئه‌م یه‌قینه‌م ده‌سپێرێ به‌خۆم وئه‌وئێواره‌یه‌م ده‌سپێرێ که‌ تێیدا کوژرام،که‌تێیدا فێری گۆرانی بووم،به‌و ساته‌م ئاشنا ده‌کاته‌وه‌،که‌ پێڵوی من له‌ فرمێسکی ئه‌وداو پێڵوی ئه‌و له‌فرمێسکی مندا ئه‌وق بوو….
 ئێواره‌ی گه‌ڵایه‌و،نم،نم، غه‌ریبی ده‌بارێ
 سه‌ری هه‌ڵكه‌نراوی به‌رده‌م بای فرمێسکه‌و هه‌ڵده‌کا،ئێواره‌ی گوێزانه‌وچرکه‌یه‌ک له‌ڕۆژێک شه‌ق ده‌کات…..
 ده‌ی! به‌م چرای فرمێسکانه‌دا ڕێده‌که‌م وعاسی ده‌بم له‌ده‌ریاچه‌ی ئه‌م زوڵـمه‌ته‌،
 چ ده‌بێت! با تا کۆتایترین  ماناکانی  ژیان  باخچه‌کان  هه‌ر سوتاوبن و  له‌سه‌ر وێنه‌یه‌کی ئاڵۆسکاوی مناڵیم  بیان نوسمه‌وه….
 ئه‌ی دڵه‌ له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ کوژراوه‌که‌م!
 بۆچی که‌سێک نابینم له‌م مه‌خلوقاته‌ ته‌ڕ ته‌ڕ به‌خوێنه‌ زیاتر په‌نجه‌ره‌ی سه‌برم بکوتێ و،بێت و وه‌ک سه‌رخۆشێكی  که‌یل به‌ سوبح به ‌که‌ناری شه‌قامێکا بمبا تا ئه‌وپه‌ڕی بێهو‌ده‌یی! تاتارمایی خۆم له‌خه‌یاڵی خۆماوێنابکه‌م بۆ ئه‌و مه‌خلوقاته‌ ته‌ڕ ته‌ڕ به ‌ڕوناکییه‌ که‌ په‌نجه‌ره‌ی سه‌برم ده‌کوتێ و نه‌غـمه‌یه‌ک  درنگ  درنگ پڕم ده‌کات له‌شکان وگۆڕ…..
 چرا شتێكی تره‌ دڵه‌ گه‌وره‌که‌م…..
 بیابانێکه‌ به‌جانتایه‌کی کڵۆڵه‌وه،نهێنییه‌کانی ئه‌ودیوگۆڕو ئه‌ودیو مه‌رگ که‌ پڕه‌ له‌تامی نهێنیه‌کی ناکۆتا ده‌بات، وه‌لێ جه‌خار شوێنێک شک نابات بۆڕام کردنی ئه‌ونه‌غمانه‌ی که‌له‌شووشه‌ی شکاوی شه‌رابم هه‌ڵده‌سێت…..
 ئێجگارسه‌یره‌! ئاخر تۆ چوزانی شه‌ڕی بێهو‌ده‌یی بکه‌یت و خۆشترین هاوار ، ئه‌و ده‌مانه‌ی  تاریکی ته‌ی ده‌کات وه‌ک پۆله‌ مرواری هه‌واڵه‌ی با بکه‌یت؟.
 ده‌ی  قسه‌م بۆ بکه‌!
 تۆ بتریقێره‌وه‌و  من ده‌گریم…..توڕه‌نابم،من له‌ پیاوه‌کانی  ئه‌م سه‌رده‌مه‌  ناچم، گه‌رپێت خۆش بووبه‌رامبه‌رئاوێنه‌ی له‌پم دانیشه‌وقسه‌م بۆبکه،یان من داده‌نیشم و تۆ به‌پێوه‌ قسه‌م بۆ بکه،نه‌سه‌ربکه‌سه‌رباڵـم وخه‌وببینه‌،بۆخواردنی به‌رسێبه‌رو خوێندنه‌وه‌کانی  ئه‌ودیوو زه‌ین،تا سه‌ری هه‌ڵکه‌نراوی هه‌ردوکمان به‌ده‌م تۆفانی زه‌مه‌نه‌وه‌،ئه‌گه‌رناتۆدانیشه‌ تائه‌وکاته‌ی له‌به‌رده‌م هه‌نسکی یه‌کا ده‌مرین قسه‌م بۆ بکه‌،ده‌ی فڕین بهێنه‌ره‌وه‌ باڵه‌کانم……..
 سه‌یره‌ دڵه‌!
 هه‌مووشه‌وێک چه‌ند باره‌ خۆم ده‌نوسمه‌وه‌،زه‌ینی خۆم ڕاده‌وه‌شێنم ودوای ده‌نگی مناڵی خۆم ده‌که‌وم که‌پڕ پڕه‌له‌نه‌جابه‌ت… ده‌ی هه‌میشه‌هاوارم به‌تا به‌کوێریش هه‌رهاوارت بم،ئاخر ده‌مێکه‌ فره‌وێژی شێواندومی…..زه‌مانێکه‌ فڕینم له‌ به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌کی تازه‌ زاودا داناوه‌و ناچمه‌وه‌سه‌ری…..ده‌مانێکه‌ سه‌ری په‌ژمورده‌م داوه‌ته‌ ده‌م بایه‌ک له‌ناوپێخه‌فی هه‌ورا….. ده‌مێکه‌ ڕوخساری په‌نجه‌ره‌ی شکاوی ژیان بریندارم ده‌کات و گۆرانی ده‌ڵێم….. ده‌مێکه‌ من و توڕه‌بوون  حیکایه‌تی دۆڕاندنه‌کان بۆیه‌ک ده‌گێڕینه‌وه‌…..مردن له‌وپه‌ڕێ دره‌وشانه‌وه‌دایه‌، دێت و پڕم ده‌کات له‌بێهوده‌ترین سه‌ما‌‌‌……
 سه‌یره‌ دڵه‌ گیان!
 ئه‌ی ئه‌ودڵه‌ شکاوه‌ی نازانم له‌کوێت دانێم….. نازانم له‌به‌رده‌م کام ڕه‌هێڵه‌وکام تۆڤاندا ڕاتبگرم وبتشارمه‌وه‌…..
 سه‌یره‌ دڵه!
 هه‌رکه‌س چرای به‌ده‌سته‌وه‌و شه‌قامه‌کان هه‌رتاریک،
 هه‌رکه‌س له‌گه‌ڵ مارشێ گوڵا ڕێده‌کات و چوار وه‌رزه‌ش هه‌رپایز،
 هه‌رکه‌س ده‌ستی له‌مه‌ره‌که‌بدایه‌ ودیواره‌کانیش بۆنی خوێن،
 ده‌ی دڵه‌! ئێستا دێت دانیشین؟‌‌ به‌پێوه‌قسه‌م بۆده‌که‌ی یان به‌فڕینه‌وه‌؟ به‌دانیشتنانه‌وه‌ قسه‌م بۆده‌که‌ی یان به‌ ده‌م سه‌ماوه‌؟ نازانم دڵه….. وه‌لێ ته‌نها قسه‌م بۆبکه‌… تاقاتم چوو له‌پیاوی کۆن وشه‌رابی کۆن و پێمیمی کۆن و جه‌رده‌ی کۆن و هههههتتتت…….له‌م زوڵمه‌تا ئای که‌ له‌ زوڵمـه‌تام دڵه‌.‌
 
 
 
   ئارام ئه‌حمه‌د علی
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply