Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەبوغرێب.. گوانتانامۆ.. ئەزمەڕ…عەزیز ڕەئووف

ئەبوغرێب.. گوانتانامۆ.. ئەزمەڕ…عەزیز ڕەئووف

Closed

 ئەم سێ وشەیە لەسەر دیوارى یەكێك لە كلاسەكانى ئامادەیى ئەزمەڕى كوڕان لە سلێمانى نوسراوە. بینینى ئەم سێ وشەیە بەتەنیشت یەكەوە و نوسینى لەلایەن یەكێك لە خوێندكارە گەنجەكانى ئەو ئامادەییەوە توشى شۆك و لەسەروەستانى كردم.
 بەر لە هەر شت لەسەر ئەم سىَ وشەیە پێویستە چەند پرسارێك لەخۆمان بكەین: چى وا لە گەنجێكى ئەم وڵاتە دەكات كە قوتابخانەكەى لەلاببێتە زیندان؟ ئایا بەڕاستى قوتابخانەكانى ئێمە بۆ خوێندكار لە زیندان دەچێت؟ ئایا مامۆستاكان ڕۆڵى جەللاد دەبینن لە قوتابخانەكاندا بۆیە پۆلەكان لە زیندان دەچن؟
 ئەم سێ وشەیە بەر لە هەر شت وەئاگامان دەهێنێتەوە لەوەى كە قوتابخانەكانمان هیچ فێرى نەوەكان ناكەن، هەر بۆیە دەبینین ئەم نەوەیە بە گومانەوە لە قوتابخانەكەى و كلاسەكانى دەڕوانێت و ئەو پێنچ سەعات دەوامەى كە لە قوتابخانە بەسەرى دەبات بەو كاتانەى وەسف دەكات كە زیندانەكان ئەشكەنجە دەدرێن. هەر بۆیە زۆرێك لە ئێمەش ئەو چركەساتەمان بینیوە كە دەوام تەواو دەبێت چەند بە دڵخۆشیەوە قوتابخانە جێدەهێڵین وەك ئەوەى لە زیندانەكانى ئەبوغرێب و گوانتانامۆ ئازاد بوبێتین.
 زۆرێك لە قوتابخانەكانى وڵاتى ئێمە لە شێوەى زیندان دروست كراون، مامۆستاكانى نێو ئەم دامەزراوەیە هەمیشە ڕۆڵى كارەكتەرێكى بینیوە كە هەڵگرى زانیارى و مەعریفەیە و خوێندكار وەك نەوەیەكى هیچ نەزان تەماشا دەكات. مامۆستایان لەسەردەمى بەعسدا كائینى داربەدەست بوون، كائینێك بوون كە هەموومان ئیستا لە زاكیرەى خۆماندا ناوى چەند مامۆستایەكمان لەبیرە كە چۆن داریان هەڵدەگرت و لە كلاسەكاندا وەك پۆلیس ڕەفتاریان دەكرد. ئەم ڕەفتارە ئیستا بۆتە كەلتورێك و مامۆستا هەمان ڕۆڵ دەبینێت بەڵام بەفۆرم و شێوازێكى تر.
 ئەم فۆرمە لە قوتابخانە و ئەم جۆرە لە مامۆستا لە دواى ڕاپەڕینەوە كاڵبوونەوەى بەخۆوە نەبینیوە. بیناكانى قوتابخانەكان هەمان فۆرمى بینان و نە باخچە و شوێنى وەرزش و نە دیوارەكانى بە وێنە ڕازانداونەتەوە تا خوێندكار هەست بكات دەچێتە شوێنێك كە لە زیندان ناچێت. مامۆستاكان هەمان مامۆستان بەڵام بە بڕیارێكى پەروەردە دارەكانیان لەدەست سەندونەتەوە، بەڵام هەمان ئەو كائینە توندوتیژەن كە تەنها دار بەكار ناهێنن، ئەگینا زەمانى تەشهیر و هەڕەشەى دەرنەچوون بەكار دەهێنن و قفڵێكى گەورە لە دەمى خوێندكارەكان دەدەن تاكو پرسیار نەكەن.
 كلاسەكانى قەتابخانە لە وەرزى سەهۆڵبەنداندا هیچ ئامێرێكى گەرم كەروە و لە گەرماى هاوینیشدا هیچ ئامێرێكى فێنككەرەوەى تێدا نیە. ئەم نەوەیە كە دەچنە كلاس لە دەرەوە دەزانن دەچنە سەر كورسیەكى ڕەق و تەق كە ئەوەى یەك چركە لەسەرى دابنیشێت تاقەتى نیە پرسار بكات و تەنانەت هیچیش فێربێت. نزیكەى 35-40 خوێندكار لە یەك كلاسى ئامادەیى ئەزمەڕى كوڕاندا بۆ چركەساتێكیش خەیاڵمان بەلاى ئەوەدا نابات كە لەوەها كلاسێكى قەرەباڵغدا خوێندكار فێرى پرسار و تێڕامان بێت.
 هەركاتێك دامەزراوەى خوێندن وەك دامەزراوەى ماڵ و مزگەوت بوو بە دامەزراوەیەكى ناچارى، ئەوا نەوەى نوێ دەبێت هەمیشە بە گومانەوە تەماشاى وەها دامەزراوەیەك بكات. هەر كاتێك نەوەكانمان بە عەشقەوە ڕوو لە قوتابخانە بكەن و ئارەزووى ئەوە نەكەن كە زوو دەوامى قەتابخانە تەواو بێت و هەمیشە ئارەزووى ئەوە بكەن كە كاتێكى زیاتر لەگەڵ مامۆستاكانیاندا سەرف بكەن، ئینجا هەست بەو ڕاستیە دەكەین كە قوتابخانەكانمان لە زیندان ناچێت. قوتابخانە بەم دیوارە بەرز وبەم پەنجەرە بچوكانەوە تەواو لە زیندان دەچێت.
 بۆ ئەوەى خوێندكارەكانمان چیدى بە قوتابخانە نەڵێن ئەبوغرێب و گوانتانامۆ دەبێت قوتابخانە لەفۆرمێكى تردا بنیاد بنێینەوە. لێرەدا مەبەست تەنها بیناى قوتابخانەكەش نیە كە لە زیندان دەچێت، بەڵكو پەیوەندى بە میتیۆدێكەوە هەیە كە جگە لە كوشتنى ئارەزووى فێربوون و خەساندنى نەوەى نوىَ چیدى لێ شین نابێت.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.