Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەتککردنی ژن و شەرەفی پیاو

ئەتککردنی ژن و شەرەفی پیاو

Closed
by January 20, 2011 گشتی

لە پاکستان دادگای خێڵەکی ناوچەیەک بڕیاری داوە، کە چەند پیاوێکی سەر بە خێڵێک لەبەرچاوی خەڵکیدا دەستدرێژی سێکسیی بکەنە سەر کیژۆڵەیەکی 18 ساڵانە، لەبەرئەوەی برای ئەو کیژۆڵەیە جۆرە پەیوەندییەکی هەبووە لەگەڵ یەکێک لە کچەکانی خێڵەکەی دیکە و خەڵکی ناوچەکە لەگەڵیەکدا بینیویانن. جا بۆ ” ئەتککردن” و ” سزادانی” کوڕەکە و سەرتاپای خێڵەکەشیان بڕیاریان داوە، کە ئەم پیاوانە هەڵسن بە دەستدرێژیکردنی سێکسی “خوشکی کوڕەکە”.
ئەمە تابلۆیەکی زۆر غەمگینی ئەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییانەیە، کە هەمیشە باسی شەرەف دەکەن. شەرەفێک کە لە ناو قاڵبێکی نەگۆڕاوی کۆندا قەتیس ماوە، شەرەفێک کە هەمیشە پیاوان وەک تەزبیحەکانی دەستیان یاری پێ دەکەن، لەمی دەستێننەوە و دەیدەن بەوی تر، شەرەفێک کە زۆرجار خۆشیان نازانن یانی چی، بەدوایدا وێڵن، چونکە پێناسەیەکیان بۆی نییە، هەروەک چۆن پێناسەیەکیان بۆ خودی خۆیان نییە. لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە لەم کۆمەڵگا کوردییەدا ئێستاش هەندێک جار لەناو گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا دەستەواژەی “ئەتککردن” بۆ دەستدرێژیی و مامەڵە بێمۆراڵییەکان بەکار دەهێنرێت. مێدیایەک، کە ڕووی کولتور و ڕۆشنبیرییەکەی هەر کۆمەڵگایەک پیشان دەدات.
ئەتککردن وەک دەستەواژەیەک بە چەند مانایەک بەکاردەهێنرێت وە لە هەموویاندا بێبەهاکردن و سوکایەتیکردن تیایدا بەشدارن، جا ئایا دەستدرێژیکردن بێت بە هێز یان دەستدرێژیکردن بێت بۆ ناو زڕاندن یاخود پەیداکردنی پەیوەندییەکی سێکسی و سۆزداری بێت بە ئامانجی ئەوەی کەسێکی تر بخرێتە ژێر ڕکێفی ویستەکانی کەسێکی ترەوە. هەموو ئەم شێوازانە لە “ئەتککردن” لە ناو قاڵبێکی نامۆراڵیی سێکسیی و شەرەفدا کۆدەکرێتەوە. زۆرجار ئەو کەسەی، کە ڕەفتارە نامۆراڵییەکە بەجێدەهێنێت لەم کۆمەڵگایانەدا بە “سەرکەوتوو” لە قەڵەم دەدرێت، کەسێک کە شەرەف و ناو و کەسایەتی کەسێکی تری خستۆتە ناو سنووری موڵکایەتی خۆیەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەو موڵکایەتییەدا دەکات، بەو شێوەیەی کە خۆی ئارەزوویەتی، بەڵام ئەو کەسەش کە “قوربانی”یە بە بێبەها و “ئەتککراو” دەژمێردرێت. هەموو ئەم خەسڵەتانەش لە پلە جیاوازەکانی ئاستی “شەرەف”ی کۆمەڵگادا پۆڵێن دەکرێت.
ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە ئەوەیە زۆربەی ئەم پێناسانەش لە ناو دوو جیهانە جیاوازەکەی کۆمەڵگاکەدا دابەش دەکرێت: جیهانێکی پیاو کە هەمیشە خاوەن ماف و مافی موڵکدارێتی جەستە و شەرەفی ئافرەتی بەدەستەوەیە، جیهانی ئافرەت، کە ژیان و بڕیار و جەستە و دواڕۆژ و شەرەفی موڵکی پیاوەکانی دەوروبەرین، ئەگەرچی خودی ئافرەتەکەش لە کێشمەکێشم و زۆرانبازییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ کۆمەڵێک کارتێکەری دەوروبەری، کە نایانەوێت ئەو ئافرەتە وەک مرۆڤێکی سەربەست بخوێننەوە.
بەڵام ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی ترەوە سەیری ئەم دیاردە نامۆراڵییە بکەین، ئەوا دەبینین ئەو کەسەی کە بیر لە “ئەتککردنی” کەسێک دەکاتەوە ، سنووری کەسایەتیی و ئاستی ڕۆشنبیری هێندە تەسک و نزمە بە شێوەیەک لەبەردەم بچوکترین کێشەدا، کە دێتە بەردەمی، ئەوا چۆن ئامادە بوو بە ئاسانترین شێوە کەسێک ئەتک بکات، بە هەمان شێوە ئامادەیە خوشک و کچ و هاوسەرەکەی خۆی بە ئاسانترین شێوە لەناو بەرێت چونکە ئەو کەسە نایەوێت لەو سنوورە تەسکەی خۆیدا بەهیچ شێوەیەک هێندەی تر جیهانی لێ تەسکتر ببێتەوە و وای لێ بێت، کە بچێتە دۆزەخێکی تر. هەر ئەو کەسەشە پێناسەیەکی تەسکی هەیە بۆ گشت دەستەواژەکانی ژیان و هەموو ئەو کەس و پەیوەندییانەی دەوروبەری خۆی، بەڵکو هەموو ژیان لەو کونی هەتیتەیەوە تەماشا دەکات، کە خۆی و جیهانی تیادا دەبینێتەوە. بۆیە ئامادە نییە هیچ “هەڵەیەک” لە کەسێکی دەوروبەری قبوڵ بکات و دەستەواژەی هەڵەش لای ئەو هەر لە ناو ئەو مەودا تەسکەدا پێناسە دەکرێت. ئاسۆی ژیان بۆ ئەو کەسە تەنها لە کاتێکدا بەرفراوان دەبێت، ئەگەر بێتو ببینێت، کە لەم ژیانەدا جێگەی بە کەسێک تەنگ کردووە و جێگەی ئەوی لەناو ئەو کونی هەتیتەیەدا گرتۆتەوە، ئەویش بە “ئەتککردن” و “سوککردن” و “بێبەهاکردن”ی کەسێک. ئەو جۆرە کەسانە هەروەک چۆن نازانن مانای ژیان چییە، ئاواش نازانن مانای خۆشەویستیی چییە، چونکە بێگومان کەسێک لە مانای خۆشەویستی تێ بگات هەمیشە دوور لە ئەتککردن و بێبەهاکردن و سوککردنی کەسانی تر دەوەستێت. ئەو جۆرە کەسانە دەستەواژەی کینە و ڕق سەرداریانە و هەر لەو چاوگەشەوە پێناسەیەک بۆ خۆشەویستی و بایەخ و سۆز دادەنێن، بەڵام جگە لە شیکردنەوەیەکی هەڵە و سەرلێشێواو هیچ مانایەک نە بۆ ژیانی خۆیان و نە بۆ ماناکانی ژیان بەدی دەکەن.
 هەتا ئێستاش زۆر لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان و لەوانەش کۆمەڵگای کوردی شەرەفی ئافرەت بەو دیوارە ئاسنینە دادەنێت، کە هیچ کەسێک بۆی نییە نزیکی بکەوێتەوە و بەڵکو وەک بڤەی کۆمەڵگا دەتوانین بیپۆڵێنین، بەبێ ئەوەی سنوورێک و پێناسەیەک بۆ ئەو دەستەواژەیە دابنرێت، چونکە هەندێک جار ئاخاوتنێک دەبێتە هۆی ئەوەی بە بێشەرەفی و دەرچون لەبنەماکانی کۆمەڵگا دابنرێت، بەڵام هەمان کۆمەڵگا و هەمان پیاویش کە داکۆکی لەو دیوارە ئاسنینە دەکات زۆر لای ئاساییە بە هێزی بازوی خۆی دیوارە ئاسنینەکانی شەرەفی کەسێکی تر تێکبشکێنێت و نەک تەنها دیوارەکان بەڵکو هەموو ژیان و بەهاکانی خاوەنی ئەو دیوارە لەناو بەرێت. جا گەر ئەمە بانێکە و دوو هەوا نەبێت چییە؟ گەر ئەو کەسە بە لایەنی کەم خاوەنی دوو کەسایەتی جیاواز نەبێت چییە؟
باجی ئاین و دابونەریت خێڵچێتی زۆر قورس لەسەر ئەم کۆمەڵگایانە کەوتووە، چونکە هەرسێکیان باوەشیان بەیەکتردا کردووە و ناتوانین لێکیان جیا بکەینەوە، جاری واش هەیە ئەوان، ئاین و دابونەریت و خێڵچێتی، خۆشیان خۆیان بۆ جیا ناکرێتەوە. ئەوەشی ئەم بارەی قورستر کردووە بریتییە لە ئاستی نزمی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی و زانستیمان، کە هەتا ئێستا خۆمان بە چمکی پێشکەوتنی جیهانیەوە بەستووە بۆ ئەوەی لە شارستانییەتی مرۆڤایەتی نەکەوینە خوارەوە. جگەلەوەی کە میدیاش هەندێک جار ڕۆڵێکی چەواشەکارانە دەبینێت. دەسەڵاتیش، کە لە هەمان کۆمەڵگاوە هەڵقوڵاوە، هەمان پیاوان بەڕێوەی دەبەن، کە زۆربەیان خاوەنی هەمان پێناسەن بۆ شەرەف و مۆراڵ و ئەتککردن و سەربەستی و مافی مرۆڤ و سنوورەکانی تاک لە ناو کۆمەڵگادا، بەڵکو زۆرجار دیاردەی ئەتککردنی سیاسیی لەناو ڕووداوە سیاسییەکاندا بەدی دەکەین دوور لە هەموو مۆراڵێک و بنەمایەکی کێبڕکێی سیاسیی یاخود پشتگیریکەر و بەهێزکەری دیاردەی خێڵچێتین .
کۆمەڵگایەک، کە لەناو هەموو ئەم شەپۆلە تێکدەرانەدا بژی، زۆر گرانە بتوانێت ڕێچکەیەکی نوێ بە پێناسەیەکی نوێوە بۆ خۆی دەستنیشان بکات، ئەگەر سیستمێکی سەرتاپایی نەبێت کە لە لایەکەوە بەپێی یاسایەکی جێبەجێکراو ڕێگە لەم بەدڕەفتارییە بگرێت، کە بە ناوی شەرەفەوە بەجێ دەهێنرێت و لە لایەکی تریش هەموو دامودەزگا حکومییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کار و هەوڵی پێکەوەیی بکەن لەسەر بنەمایەکی زانستیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری خەڵکی و هەروەها پاراستنی مافی تاک، گەر پیاو بێت یان ئافرەت، منداڵ بێت یان پیر، بێوەژن بێت یان بێوەپیاو، ڕەش بێت یان سپی. سیستمێک کە بتوانێت لە هەموو لایەن و ئاست و ئاراستەکانی ژیانی تاکدا کار بکات و چونکە بەبێ کارکردن لەسەر “تاکی مرۆڤ” هەمیشە سیستێم و کۆمەڵگاکەمان بەم شێوەیە سەرلێشێواو دەمێنینەوە.

کامەران چروستانی
Chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.