Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ئەم هونەرمەنده دڵسۆزە بناسن! ….ئاری کاکەيی

ئەم هونەرمەنده دڵسۆزە بناسن! ….ئاری کاکەيی

Closed
by January 24, 2013 گشتی

 

 

 

ئەگەر بڕوانين لە ژيانی هونەرمەندانی کورد بە درێژايی مێژوو ، کەم هونەرمەند هەيە باس لە دژواری ودەردسەری وگيروگرفتی ژيان نەکردبێ تا گەيشتنی بە بەشێك لە ئامانجە هونەريەکانی، لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردو زۆر ئاسان نەبوو کەسێك ببێتە هونەرمەند بێ ئەوەی شارەزايی هەبێت لە بنەماکانی هونەر ، بەتايبەت گٶرانی بێژەکان و شارەزايی تەواو لە مەقامە کوردی و ڕۆژهەڵاتيە ڕەسەنەکان.

بە پێچەوانەی سەردەمی ئەمڕۆدا کە هونەر لە سايەی تەکنيك و ئامێری ئەلکترونی بووەتە گۆڕەپانی لەناو بردنی هونەری ڕەسەن و پێشکەوتنی کەسانێك بەناو هونەرمەند ، کە بوونەتە مايەی گواستنەوەی بەرهەمە بيانيەکان بە شێوازێکی نادروست بۆ سەر زاری زگماکی و بازاڕێکی پڕ لە نائارامی هونەری ساز داوە لەناو کۆمەڵگای کوردەواری .

 لەو سەردەمە و لەساڵانی شەست و هەفتا ، خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان ئاشنا بوون بە دەنگ و ڕەنگی هونەرمەندێك و لە ڕێگای گۆرانيەك يان مەنەلۆجێك بەناو (چۆن پێنەکەنم بەم جۆرە گەنجە) کە هونەرمەند (حەسەن دڵسۆز) داهێنەرەکەيەتی،لەکاتێکدا لاوی کورد و ئيراقی بە دياردەی (هيپی وخەنافس و چارلستۆن)سەرقاڵ بوون ، ئاستی ڕۆشنبيری و نيشتمان پەروەری لە مەترسی دابوو ، (دڵسۆز) کە پێش ئەوەی هونەرمەند بێت ، چالاکوانێکی سياسی بوو ، بڕياری دا ئەم بەرهەمە بکاتە خەڵاتێك بۆ ئەو کەسانەی کە سەرقاڵن بەم دياردەوە ، تا بتوانێت گۆڕانکاريەك لە کۆمەڵگای ئەو سەردەمە درووست بکات.

(حەسەن دڵسۆز) بۆ جاری يەکەم لە ئێزگەی *بەغدا * ساڵی ١٩٦٤وەك هونەرمەندێکی لاو لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (عەلی مەردان)ڕوبەڕوو دەبێتەوە و بۆ يەکەم جار وەك هونەرمەندێك پەسەند دەکرێت ، کە (دڵسۆز) خۆی دەڵێت ، لە کاتی دەرچوونم لەو تاقیکردنەوەيەدا و لەبەرانبەر ئەو کەڵە هونەرمەندە ، لە کاتی پەڕينەوەمدا لە جادەی بەردەمی ئێزگە ئاگام لە خۆم نەمابوو و مەلەوانيم ئەکرد لە ناو خەياڵی هونەر، پاش ئەم ڕووداوە چەندين بەرهەمم تۆمار کرد لەوانە (چۆن پێنەکەنم بەم جۆرە گەنجە )لە ساڵی ١٩٦٩لە ئێزگەی بەغدا کە لە ئاواز و تێکستی خۆمە ، هەروەها بۆ هونەرمەند (عەلی حسين وەندی) گۆرانی بەناوبانگی (ئەی هاوسيەکەی بەر پەنجەرە)و( ئای کەوی گيانم کەوی)و(بەردە بەردە) و چەندين بەرهەمی تر ئەنجام داوە و گۆرانی (ئاواتی دڵ) کە لە ئاواز و تێکستی خۆمە لە ئێزگەی بەغدا تۆمار کردووەو دواتريش لە تلفزيۆنی (کەرکووکيش)پێشکەش کراوە، لە ساڵی ١٩٧٤ و لە شاری خانەقين ، مەنەلۆجی (کرانشينی يان کرێ چی) کە لە تێکست و ئاوازی خۆمە لەگەڵ هونەرمەند (ناسر حەسەن)ئەنجام دا، کە بۆ جاری يەکەم بوو لە مێژووی ئيراق و کوردستان لەو سەردەمە بە کاميرای سينەمايی ئەو جۆرە کارانە ئەنجام درا،  چەندين بابەتی هونەریم ئەنجام داوە بەتايبەت لە کاتی مانگی ڕەمەزان دا و تائێستا خاوەنی ٤٠ بەرهەمی هونەريم کە زۆربەيان لە ئێزگەی بەغدا تۆمار کراون.

(حەسەن دڵسۆز) لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی خەباتکار و کوردپەروەر و نيشتمان پەروەر بووە، بەدرێژايی تەمەنی دوچاری گرتن و ڕاونان و شکەنجە بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناو چوو ، بۆ جاری يەکەم لە ساڵی ١٩٧٠  ڕەوانەی (قەسری نهايە) کراوە و دوەمين جار لە ساڵی١٩٧٨ ڕەوانەی زندانەکانی خانەقين و باقوبە کراوە و ئاخەرين جاريش لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئەمنی عامەی بەغدا ،ئەم بەرەنگاربوونەو و ملکەچ نەبوونی بۆ ئەو ڕژێمە ترسناکە ، دڵسۆزی بەهێزتر کرد ، بەڵام کاربەدستانی ڕژێم ڕێگەيان نەدا بەم هونەرمەندە تەنانەت سەردانی زايگای خۆشی بکات ، لە دواترين پەيوەندی لەگەڵ (دڵسۆز)کە بەندە لە وڵاتی بەفر وسەهۆڵبەندان و تاراوگەی سويدەوە لەگەڵ بەغدای پايتەختی نائارامی و ناسەقامگيری و ململانی ،(دڵسۆز) دەڵێت هيوادارم پاش زياتر لە50 ساڵ لە خزمەتی هونەر و کوردايەتی ، دەنگم بگەينمە نەتەوە و نيشتمانەکەم ، هەرچەند تەمەنی هونەريم لە چەقی پايزی دايە بەڵام دڵم  وەکوو نەورەسێکی ساوا بەسەر ليواری (ئەڵوەن) تەی دەکا و لە گەڵ ماسيە ڕەنگاو ڕەنگاوڕەنگەکانی (ئيسماعيل خەيات) وئای ئايەکەی (خودادای عەلی) ياری دەکات.

ئاری کاکەيی/سويد

 

پێناسە

حەسەن ئەلاوەخش:ناو 

لەدايك بووی ساڵی ١٩٤٣ شاری خانەقين:

نازناو حەسەن دڵسۆز 

تاپلەی پێنجی ئامادەيی بەشی زانستی خوێندوە

لەبەر زندانی کردنی ناچار بووە دەست لە خوێندن هەڵگری

خاوەن کتێبخانەی بير(الفکر) بووە لە شاری خانەقين چەندين داهێنانی هەيە لە بواری دروست کردنی ئامێرە موسيقيەکان بە تايبەت ژێدارەکان وەك عود و بوزوق.

   ئێستا لە شاری بەغدا بە تەنيايی و دوور لە چاوی ميدياکانەوە ژيانی نامۆيی بەسەر دەبات. 

ئاری کاکەيی /ستۆکهۆڵم

arikaki@hotmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.