Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

ئەنیتا ئێسپاندەرى شێوەكارى دانیماڕكى، لە سروشتى كوردستانەوە ئیلهام وەردەگرێ

Be First!
by February 9, 2009 گشتی

 ئەنیتا ئێسپاندەرى شێوەكارى دانیماڕكى، لە سروشتى كوردستانەوە ئیلهام وەردەگرێ

 خەریكە ناوى هونەرمەندى شێوەكارى دانیماڕكى "ئەنیتا ئێسپاندەر" لاى خوێنەری كورد ئاشنا دەبێت. ئەو هونەرمەندە ساڵانێكە لەگەلأ ئازارەكانى خەڵكى كوردستان دەژى و خۆى بەلایەنگرى كێشەكەیان دەزانێت. بەچاوێكى جیاواز و لەپالأ توانایەكیى گەورەى هونەرییدا مامەڵە لەگەلأ سروشتى كوردستان و رەنگەكانیدا دەكات. لەڕێگاى رەگەزە جیاوازەكانى شێوەكارییەوە سرووشت دەكاتە كائینێكى گییانلەبەرى قسەكەر. بینەر لە ناو سروشتى تابلۆكانى "ئەنیتا ئێسپاندەر"دا هیچ كاتێك كەسێكى پاسیڤ نییە، بەڵكو خۆى لە بەرامبەر كۆمەڵێك پرسیار دەدۆزێتەوە. ئەو تا ئێستا چەندان خەڵاتى نێودەوڵەتى بەدەستهێناوە، لەماڵپەڕەكەى خۆیدا ناوى رۆشنبیرە گەورەكانى كورد دەبینیت كە تێیدا سەرسوڕمانى خۆیان بەئیشەكانى ئەنیتا دەربڕیووە. بەپێویستم زانى لە رێگاى ئەو پێوەندییە هاوڕێیەتییەى لەگەلأ ئەو ژنە هونەرمەندەدا هەمە، بەزمانى ئینگلیزى ئەو گفتوگۆیەى لەگەلأ دا بكەم و لێرەدا بۆ خوێنەرى خۆمانى بكەم بە كوردى.
 
 ■ سازدانى: كەمال چۆمانى
 
 chomani_85@yahoo.com
 
 ستاندەر: بەر لەهەر شتێك ئەمەوێت سەرەتایەك دەربارەى ژیانت بپرسم و چۆنیش توانیت بێیتە نێو دونیاى وێنەكێشان و شێوەكارى؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من لە كۆپنهاگن لەداییكبوومە و هەر لەوێش گەورە بوومە. هۆكارى هاتنیشم بۆ نێو ئەو دونیایە بۆ ئەو هۆیە دەگەڕێتەوە كە، جارێكیان سەردانى پێشانگاى هونەرى نیشتمانیم كرد، لەوێندەر گوڵى فانتاستیك و جوانى وێنەكێشراوم بینى. منیش ویستم و هەوڵم دا جارێكى تر ئەو گوڵانە وێنەبكێشمەوە. ئەوە یەكەم كارم بوو وەك دەستكردنم بە پیشەكەم.
 ستاندەر: ئایا ئەوە خەیاڵێك بوو كە تۆ هەر لەمنداڵیتەوە بەدەستت هێنابوو یان هەوڵت دا ببیتە شێوەكار و هونەرمەندێكى پڕۆفێشناڵ؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: وەك هەموو ئەوانى تر، خەونێكم هەبوو ببمە كەسێكى تایبەت. من هەمیشە خەریكى هونەرى شێوەكارى بووم، بەڵام نەبوومەتە كەسێكى بەناوبانگ! لەبرى ئەوە هەوڵم داوە یارمەتى خەڵكانى تر بدەم بۆ ئەوەى فێرى هونەرى شێوەكاریان بكەم.

 ستاندەر: ئەو رووبەرانەى تۆ ئیشیان لەسەر دەكەیت لە شێوەكاریدا بۆمان باسبكەیت؟ ئەگەر بكرێت باسى ستایڵێكى خۆتمان بۆ بكەیت لە هونەرى شێ,ەكارییدا.
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من زۆر شەیداى ەێنەكێشانى رەنگى ئاوى "water colour painting"م، هەرچەندە ئەوه‌یان جۆرێكى سەخت و زەحمەتى هونەرى شێوەكارییە. كاركردن لەگەلأ  رەنگە ئاوییەكاندا زۆر سەختە‌ و بەزەحمەت دەتوانى بەسەریدا زاڵبیت. هەندێكجار رەنگە ئاوییەكانن، كە چەندان شێوەى جوان بەرهەمدێنن. هەروەها به‌شێوه‌ی زەیتى و ئاكریلیكیش نیگار ده‌کێشم. ئەوه‌ شتێكى زۆر دڵخۆشكەرە كاتێك دەستدەكەم بە كێشانى شێوەیەكى تر، ئەوە زۆر گرنگە كاتێك دەبینم كە لەوێنەیەكى سادە شتێكى جوان و سەرنجڕاكێش بەرهەمدێنم. من لەبەكارهێنانى سیرامیك و گڵاسیس زۆر چێژ دەبینم و ئەوانیش زۆر دڵخۆشكەر و كاریگەرن.

 ستاندەر: ئەو ماددانە چین كە كە ئایدیا "فیكر"ەیەكت پێدەبەخشن بۆ وێنەیەك؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من لەسەیركردن و چاودێریكردنى سرووشتەوە ئیلهامى زۆر وەردەگرم. من باخچەكەى خۆم خۆشدەوێت و لە گوڵە جوانەكانى ناوى زۆر ئیلهامى شێوەكارى وەردەگرم. بەڵام ئەوەشمان بیرنەچێت ئیلهام لە زۆر سەرچاوەو شتەوە دێت. سروشتى جوانى كوردستان ئیلهامێكە بۆ من، كە ئەوآ زۆر چیا و دۆڵ و تاڤگەى جوانى تێدایە، كە جیان لەاونەى من بینیومن.
 ستاندەر: بۆ تۆ شێوەكارى چییە؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: بۆ من شێوەكارى پێویستییە، من شێوەكاریم خۆشدەوێت و رێگایەكە بۆ دەربڕینى هەستەكانم.

 ستاندەر: پەیامت چییە، لەڕآى تابلۆكانتەوە دەتەوێت چ پەیامێك بدەیتە جیهان؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: لە تابلۆكانى خۆمەوە دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم، كە جیهان زۆر شوێنێكى دڵگیر و جوانە. هونەرمەند لە رێگەى هونەرى شێوەكارییەوە‌ دەتوانیت زۆ رشتى بچوك نیشانبدات، كە رەنگە چاوى ئەوانى تر هێشتا نەیانبینیبێتن. هیوادارم ئەوانەى سەیرى تابلۆ و وێنەكانم دەكەن زۆرێك لەو جوانییانە ببینن.

 ستاندەر: پەیوەندیت لەگەلأ كوردەكان چۆنە؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: هەندێك برادەرى زۆر باشى كوردم هەنە.
 ستاندەر: یەكەم جۆر چۆن كوردت ناسى؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: یەكەم جار كە گوێم لەناوى كورد و كوردستان بوو، لەڕآى تەلەفزیۆن و رۆژنامەكانەوە بوو. ئەوەى من بیستم تەنها چیڕۆكى زۆر ناخۆش بوو كە بەسەر گەلى كورد هاتوون. ئەوەم بیست كە سەددام حوسێن چەند دڵڕەقانە خەڵكى كوردستان ئازاردەدەات و هەزاران كەسى بێتاوانى ژەهراوى كردووە، وەك هەر كەسێك كە ئەوەم بیست تۆقیم، كە كەسێك ئەوەندە ئەهریمەن بێت.

 ستاندەر: تۆ بۆچى ئەوەندە كوردت خۆشدەوێت؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من كوردەكانم زۆر خۆشدەوێن، چونكە ئەوان زۆر كراوە و میهرەبانن بەرامبەر كات. خەڵكێكى زۆر میهرە‌بانن بەرامبەر ئەوانى تر، سەرەڕاى هەبوونى هەزاران كێشە لە وڵاتەكەى خۆیاندا.

 ستاندەر: تا ئێستا سەردانى كوردستانت كردووە؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: بەداخەوە كە تا ئێستا سەردانى كوردستانم نەكردووە و زۆریش حەزدەكەم. هیوادارم كاتێك بڕەخسێت و بتوانم سەردانى كوردستان بكەم.
 ستاندەر: هەندێك لە تابلۆكانت تایبەتن بە كوردستان و كورد، كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانى ئێرە، بۆ نمونە یەكێك لە تابلۆكانت تایبەت كردووە بە كەركوك، مەبەستت لەمەیان چییە؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: بەڵآ، هەندێك لە تابلۆكانم وێناى سروشتى كوردستان دەكەن. بەداخەوە كە زۆرێك لەو سروشتە جوانە لەلایەن سەددام حوسێنەوە كاول كرابوو، بەڵام وا جارێکی دیكە‌ دەستى بەبووژانەوە كردۆتەوە. ویستوومە لەێگەى تابلۆكانمەوە ژیان بەو سروشتە ببەخشمەوە‌، هەروەك باوەڕم وایە هەموو هونەرێك و هونەمەندێك دەتوانێت وێناى جوانى و ژیان بكات لە جیهاندا.

 ستاندەر: چەند هەفتەیەك لەمەوبەر نامەیەكى سوپاسگوزاریت لە رۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوكردەوە، كە تیایدا سوپاسى هاوكارى و هاوڕێیەتى زۆر لەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و شێوەكارانەت كردبوو كە تۆ دەیانناسى، من پێموایە كەمن ئەو نووسەرانەى كە وەك تۆ نووسەر و شاعیرانى كورد دەناسن، ئەمەیان چۆنە؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من لەڕآى ماڵپەڕەكەمەوە كە تیایدا كارە هونەرییەكانى خۆمم نیشانداوە، دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەلأ زۆرێك لە نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و شێوەكارانى كورد دامە‌زراندووە‌. هەروەها زۆر دەستەخوشك و برادەرى دیكەم لەڕێگاى ئەو هاوڕێیانەمەوە ناسیومە.

 ستاندەر: تۆ هاوڕێیەتییەكى نزیكت لەگەڵ كاروان كاكەسوور و رێبوار سیوەیلییدا هەیە، ئەوانە دوو ناوى نوخبەى رۆشنبیریى كوردن، تۆ چۆن ئەوان پێناسە دەكەیت؟
 ئەنیتا ئێسپاندەر: من بەتایبەت كاروان كاكەسوور وەك براى خۆم دادەنێم. ئەو مرۆڤێكى باشە و هاوڕێیەكى نزیكیشمە. كاتێك كاروانم ناسى، نەمزانى ئەو نووسەرێكى زۆر چاك و بەناوبانگیشە. وامبیركردەوە ئەو هەر وەك خۆم شێوەكارە. ئێمە پلان دادەنێین بۆ وەرگێڕانى كتێبەكانى كاروان كاكە سوور بۆ دانماڕكى. رێبوار سیوەیلیش هاوڕێیەكى نزیكى خۆمە. رێزێكى بەرزم بۆ نووسهەرى گەورە، رێبوار سیوەیلىى هەیە.

 تێبینى: ئەم چاوپێكەوتنە ساڵى پار لە گۆڤارى ستاندەردا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام وەك ناساندنێكى زیاترى ئەنیتا، ویستم ئەو چاوپێكەوتنە جارێكى تر لێرەدا بڵاوبكرێتەوە، بەوپێیەى ئەو لەو ماوەیەدا پێشانگایەكى هەیە و كە تێیدا چەندان تابلۆى سروشتى كوردستان نماییشدەكرێت.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply