Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

ئەوانەى نایانەوىَ باوەڕبهێنن

Be First!
by October 18, 2008 گشتی

 ئەوانەى نایانەوىَ باوەڕبهێنن 
 دەهام عەبدولباقى

 ئەزموونى هەرێمى كوردستان بۆتە ئەمرى واقیع و بەرەو پتەوبوون و بەهێزبوونى زیاتر هەنگاودەنىَ، هەڵمەتى ئاواكارى و بیناكردنەوەى بیناسازى و نۆژەنكردنەوە و دانانى بناغەى دەوڵەتێكى سەربەخۆ خەریكى تەواوبوونە، ئەو هەلومەرجە كە بەقازانجى نەك گەلى كوردستان بەڵكو گەلانى عێراقیش تەواو بووە و دەبىَ، كەچى لە جیاتى ئەوەى بەرپرسەباڵاكانى حكوومى بەغدا و سەرانى سونەو شیعە پاڵپشتى و پشتیوانى بۆ بەردەوامى ئەزموونەكە بكەن و لە لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكان لەبەرژەوەندى ئێمە بڕیاربدەن، دەچن لێداوانى تووند و بۆچوونى پێچەوانەى بەرژەوەندى حكوومەت و ئایندەى هەرێمى كوردستان دەدەن، باشترین نموونەش كە بەم دواییە دەركەوتنێكى خراپ دەركەوتووە ئوسامەنوجەیفیە، نوجەیفى زۆربێڕوحمانە و بىَ ویژدانانە كەوتۆتە وێزەى ئەزموونى هەرێمى كوردستان.
 ئەو پەلامارانە كە درێژكراوەى تێڕوانینى چەوت و ناشیرنى كۆى عەرەبى و بیركردنەوەى عەرەبى عێراقى و جیهانى عەرەبییە بەگشتى دەبوایە لەگەڵ كۆتایى هاتنى رژێمى سەدام و نەمانى دارودەستەو سیاسەتەكەى كۆتاى پێهاتبا، دواى ئەو رێكەوتە نەك هەر كۆتاییان پێنەهات بەڵكو زۆر خراتر لەسەردەستى هەندێك لەوانەى كە دوێنى لە ماڵ و حاڵ و پەناگەى كوردان حەوێندرابوونەوە و بەهێز و بازوى هێزى پێشمەرگەى كوردستان پارێزگاریان لێدەكرا برەوى زیاترى پێدەدرىَ.
 چونكە هێشتا بەپىَ دەستورى عێراق هەرێمى كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیەش بچوكترین كاریگەرى جا لەهەر رویەكەوەبىَ كەم تا زۆر كاریگەرى لەسەر هەرێمى كوردستان دەبىَ، كە هەرێمى كوردستانیش خوانەكا نائارامى و ناسەقامگیرى و شڵەژانى ئابوورى بەخۆوە بینى، سەرئەنجام ماناى وایە عێراقیش بەشێكى تێكدەچىَ و ئەوەندە ئاسایشەشى كە هەیە دەڕوا، كەواتە هۆى چیە ئەو هەموو دژایەتیەى ئێستاى واقیعى كوردستان دەكرىَ.
 سەیەرەكە ئەوەیە پێچەوانەى هەموو ئەو هەڵوێستە نارێك و دوژمنكاریانە سەركردایەتى سیاسى كوردستان و نێوەندەجیاوازەكانى كورد هەموو كۆشش و هەوڵەكانیان بەئاراستەى زیاتر سەقامگیرى عێراق و دەوڵەتە شڵەژاوەكەیەتى، ئەمەش لە كاتێكدایە كە مێژووى رابردووى پەیوەندى نێوان كورد و دەسەڵاتى مەركەزى لەو بارەوە هیچى باشى بۆ بەرژەوەندى گەلى كورد پێ نەبووە و بەردەوام دژایەتى و رقى ئەستورى خۆیان دژى كورد بەجۆرەها شێوە دەربڕیوە چ بەرێگاى سەربازى و سیاسەتى دژایەتى كردن و سوتماككردنى خاكى كوردستان چ بەرێگاى سیاسەتى تەعریب و تەبعیسكردن.
 ئەوانە نازانن كە رۆژگارى ئەمڕۆ جیاوازە و وەكو سەدامیان بۆ ناچێتەسەر كە بەهەموو رێگایەك و دوور لەهەموو بنەماو رێسایەكى مرۆیى قەتڵوعامى خەڵكى كوردستان بكەن و زمان و دەستى هەڕەشە بۆ سەر گەلى كوردى بەشمەینەت درێژبكەن، بەڵكو ئەوەى سەردەمى ئێستا لەهى جاران جیادەكاتەوە ئەوەیە زمانى گفتۆ و دانوستاندن و یەكترى قبوڵكردن و تەساموح رۆڵدەبینىَ و دەتوانىَ كێشەكەكان یەكلادەكاتەوە نەك زمانى هەڕەشەو چاوسوركردنەوە و تۆقاندن.
  دواجار دەبىَ هەموومان قەناعەت بەوە بێنین كە هیچ هێزێك ناتوانىَ و نەیتوانیوە و بەزۆر مەرج بەسەر گەلى كوردا بسەپێنىَ، بەڵكو رابردوو سەلماندویەتى هەركاتێك دەسەڵاتى ناوەند نەرمى نواندبىَ و بەدیبلۆماسى مامەڵە لەگەڵ كوردبكات، توانیوەتى لە بەرپاكردنى ئاشتى سەركەوتووبىَ گەر نا هەركاتێك ویستبێتى بە زەبرى چەك و تووندو تیژى بڕایارەكانى خۆى فەرزبكات شكستى هێناوە.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply