Skip to Content

Tuesday, December 7th, 2021

ئەوەى ئێمە لەپارلەمانی چاوەڕێ ئەكەین…..محەمەد حسێن

Be First!
by December 4, 2008 گشتی

 
 
 ئەوەى ئێمە لەپارلەمانی چاوەڕێ ئەكەین
 ئەوەیش پەرلەمان دەتوانێـت بۆ ئێمەى بكات
 
 محەمەد حسێن
 
 كێ چاوەڕێى پارلەمانی كوردستان ئەكات ؟ كێ دڵی بە ڕۆڵی سانسۆركارى و  لێپرسینەوە و  بەدواداچونی پارلەمان خۆشە , كێ چاوەڕێی ئەم پارلەمانەیە  وەزیرى كارەباو شارەوانیەكان و دارایى و ئاوەدانكردنەوەو كشتوكاڵ و …هتد , بانگكات و لەسەر وێرانیەكانی ئەم وڵاتە لێیان بپرسێـتەوە  , لەسەر تاڵانكردنی ئابورى  كوردستان و  داڕوخانی ژێرخانە كشتوكاڵیە دواكەوتوەكەى , لانى كەم داواى دەست لە كاركێشانەوەی بەڕێوبەرێكی گشتى بكات ؟؟؟. لەبەرچى خەڵكی كودستان هێندە نائومێدن لەپارلەمان  ؟ ئایا لەو ڕاستیەوە هاتووە كە ئێمە میللەتێكن هەرگیز پارلەمانێكی چالاكمان لەمێژویى خۆماندا نەبینیوە , یاخود پارلەمان لەیادەورى ئێمە دا تەنها بۆ بڕیارە ناستراتیجی و سادەكان دانراوە ( وەك یاساى قەدەغەكردنی جگەرەكێشان ) , ئەگینا چ مانایەكی هەیە كۆمەڵگاى كوردی لەجەهەنمی ئەو هەمو گرفت و بێ بەشى و نائومێدیەیەدا ئەژى كەچی تائێستا ئەم پارلەمانە مشتومڕێكی توندی نیشان نەداوین لە سەر یەكێك لەگرفتەكانی ئەم وڵاتە ,  چۆن لەو بێدەنگیەى كۆمەڵگا و پارلەمان تێبگەین  لەكاتێكدا  سیاسیەكان لە سەر پێكهاتەى نەتەوەیى و جوگرافیاو مێژوی كوردستان سازش ئەكەن .. ئەو كاتەى بەفەرمی نوێنەرایەتیكردنی شەبەكیان لەكورد جیاكردەوە ,  پێشنیارى بەیەكجارى دابڕینی شارۆچكەكانی  بەدرە و جەسان و مەندەلى و ناوچەى قەڵەوزیان كرد , بۆ كەس داواى نەكرد ئەم پارلەمانە لێپێچینەوەیەك لە سیاسیەكان بكات , باشە ئەگەر پارلەمان بێ هەڵوێستە بەرامبەر سازشى سیاسیەكان لەسەر ئەو پرسانەى ڕاستەوخۆ ئاسایشى نەتەوەیى كوردستان ئەخاتەوە ژێر پێلەقەى حەلیفەكانی بغدادیان , ئیتر كارى چیە ؟ بۆ لەهەرێمی كوردستاندا شتێك هەیە بۆ كورد ناوی ئاسایشى نەتەوەیى بێت  لەدەرەوەى پاراستنی خاك و جوگرافیا و پێكهاتە نەتەوەییەكەى , لەدەرەوەى كەرامەت و ئاسایشى ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان  ؟ . باشە باواز لەپارلەمان بهێنین , ئایا ئەم بێ ئاگایى و بێ باكیەى ئێمە لەئاستی نەبونی پارلەمانێكی چالاك و ( بەرپرس ) بەرامبەرتەواوی كێشە گەورە و بچوكەكانی وڵاتەكە , دەلیلى ئفلیجی و بێفەڕی ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستان نیە , ئەشێت خەڵكی كوردستان هەتا كەى قبوڵیان بیـَت ئەم پەرلەمانە هەروا پەرلەمانی بڕیارە بچوك و لاوەكیەكان بێـت , ئەو بڕیار و هەڵوێستانەى خەسارى بۆ پەزەكان نیە . 
   باشترین مەحەك بۆئەوەى ئەم پارلەمانەو پەرلەمانتارانیشی پێ  هەڵسەنگێنین بڕیار و هەڵوێستەكانی ئەم دەزگایە بەرامبەرئەو كێشە جۆربەجۆرانەى تا ئێستا ئەوان كاریان لەسەر كردووە , یان ئەو گرفت و كێشانەى كەپێویست بوو كارى لەسەر بكەن وتا ئێستا  نەیان كردووە , ئەو دۆزە هەستیارانەى ئەبوایە بیان وروژاندایە و كەچى تا ئێستایش هەر لێى بێدەنگن  . ئەگەر ئەم پرسیارانە ڕاستەوخۆ بكریـَتە بابەتی گفتوگۆ و دبەیتی میدیا و ڕۆشنبیرى كوردى ئۆتۆماتیكی ئەو پرسیارەیش ئەكەوێتـە ڕو كە دەڵێت , پەرلەمانی كوردستان چ وێناكردنێكی هەیە بۆ دەسەڵات و گرفتەكانی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستاندا , ئاخۆ وێنەى دەسەڵاتێكی دیموكراسی كراوەى شەفافی هاوچەرخیان لەخەیاڵدایە , یاخود هەر وا پاسیڤانە شوێن ڕچەى ئەودەسڵاتە حیزبۆكراتیە كەوتون كەهەمیشە لەچوارچێوەى ئیعاز و چاوسوركردنەوەكانی خۆیدا پارلەمان هەڵئەسوڕێنێت .
 بۆ ئەوەى توشى هەڵەبینی نەبین لەسەرەتاوە پێویستە ئەو جیاوازیانە ڕەچاو كەین كەلەنێوان ئەندام پەرلەمانە چالاكەكان و  ( بێدەنگ ) ەكاندا هەیە , هەروەها ئەو جیاوازیانەیش بیروڕا و دیدە ئایدۆلۆجی و حیزبیەكانی ئەندامان لەیەكتر جیائەكاتەوە , بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەم ڕاستیانە بڕیار و هەڵوێستەكانی پێشترى پەرلەمانی كوردستان ئەوەمان پێ ئەڵێت كە ئەم پارلەمانە ئەوەندەى كەناڵى ڕەنگدانەوەى خواست و بەرژەوەندی حیزبە دەسڵاتدارەكانی كوردستان بووە بەرامبەر خەڵك , نوێنەرى خواست و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نیە بەرامبەر ئەم حیزبانە , كە دیارە ئەمەیش پارادۆكسێكە تەنها لەسیاقی سیستەمە سیاسیە سەركوتكارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەشێـت لێى تێبگەین ,چونكە لەهەموو دنیادا پەرلەمان كەناڵى نواندنی هەڵوێست و بەرژەوەندیەكانی چین و توێژە جیاوازەكانی هاوڵاتیانە بەرامبەر دەسەڵاتى بەڕێوەبردنی وڵاتەكە , كەچى لەم نمونە شێواو و سەقەتەدا 100%ئەم ڕۆڵ و ئەركەى پەرلەمان پێچەوانە بۆتەوە , هەر ئەم ناكۆكیە گەوهەریەشە واى كردووە كۆى هەڵوێست وخەم و نیگەرانی ئەندامە چالاكەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان وەك نەغمەو ئاوازی نەشازو نامۆ ببیسرێت  , یان لە ئەنجامدا هەڵوێستی بێ پشتیوان و هەتیو دەبێت .
 بۆ باشتر ناسینی جەدواى ئەم پارلەمانە و ئەندامە بەڕێزەكانی , دوو ساتەوەختی زۆر گرنگ و هەستیارمان لەڕابردودا هەیە : – یەكەمیان :  پرۆژە یاساى ڕێكخستنی ژیانی ڕۆژنامەگەرى كوردی بو ,  ئەوەى خۆشبەختانە سەرۆكی هەرێم قبوڵی نەكرد و ناردیەوە بۆئەوەى گۆڕانكارى و چاكسازی زیاترى تیا بكرێت , لەهەر شوێنێكی ئەم دنیا كە پارلەمان پرۆژەبڕیارێك ئەخاتە گفتوگۆوە هەمیشە چاوی لەوەیە یاساكە لەخزمەتی ئەو چین و توێژانەدا بێت كە ڕێكخستنی ژیانیانی كردۆتەمەبەست , یان  چەند پێى دەكرێـت دەست و پێى دسەڵاتداران كورتبكاتەوە لەپێشێل كردنی ماف و ئازادیەكانیان , بەڵام ئەوەى پارلەمانى كوردستان كردی تەواو پێچەوانەى ئەم ڕێسا و لۆجیكە بوو , ئەمان هاتن دەستى دەسەڵاتدارانیان كراوەكرد بۆزیندانی كردن و سزادانێكى  قورسى ئابورى و داخستنی كەناڵە میدیاییەكە و … هتد , هەر كەسێك پرۆژەكەى بدیایە بەدڵنیاییەوە باوەڕى بەوە ئەكرد تەنها تیرۆركردنی ئەوپەراوێزە ئازادیەى مەبەسەتە كە جورئەت و بوێرى میدیا كارەكان خۆیان دروستی كردووە  , بەلام خۆ شبەختانە سەرۆكی هەرێم باشتر ودروست تر قەلەق و نیگەرانی ڕۆژنامەنوسان تێگەیشت و نەیهێشت ئەم یاسا ترسناكە تێپەڕێنرێت .
 دووەم حاڵەتیش , تێپەڕاندنی یاساى بارى كەسێتی بوو ,  گفتوگۆكانی ناو پەرلەمان ئەوەى نیشان داین , كەتائێستایش ویژدانی بەشى زۆرى پەرلەمانتاران بەرامبەر فاشیەتی پیاوسالارى نەجوڵاوە , لەگەڵ ڕێزی زۆرما بۆهەڵوێستە جدی و مرۆییەكانی هەندێكیان دەركەوت هێشتا زۆریان وەك ئامێری تێركردنی ئارەزوە سێكسیەكانیان تەماشاى مرۆڤی مێینە ئەكەن ,   نوێنەرانی  حیزبە بەناو ( سكۆلاریست ) و ( مۆدێرن ) ەكانمان بینی هەر بەمێنتاڵیتی خێڵەوە لەكێشەى ڕەواى ژنانیان  ئەڕوانى , نوێنەرى حیزبە ئیسلامیەكانیش ئەوەندەى هاوشێوەى مەلا عومەرى تالیبان و عومەرحەسەن بەشیربون , نموزەجی حەسەن تورابی و راشدالغنوشی نین . دیدی سیاسی ئەم بەڕێزانە ئێستایش هەر وا لەزیندانى فقهی سەدە ناوەندیەكاندایە , بێ ئاگان لەو هەموو تەئویل و تەفسیر و ئیجتیهادە تازانەى لە قاسم ئەمین و جەمالەدین ئەفغانیەوە دەستى پێكردووە  تائەگاتە خەڵكانی وەكو جەمال بەنا و محمد ئارگۆن و عبدالكریم سروش ..
 كێشەى ئێمە ئەوەیە  هێشتا  پەرلەمانتارەكانمان ڕانەهاتون لەسەر محاسەبەكردنی دەسڵاتى جێبەجێكردن , فێر نەبوون كێشەو گرفتەكانی خەڵك بوەنە ناوهۆڵى دانیشتنەكانیانەوە , بەراورد بە پەرلەمانی عێراق كە زۆر لەئێمە كەمتر باسی دیموكراسیەت وئازادی سیاسی و دروشمە ڕەنگاوڕەنگەكان ئەكەن , پەرلەمانی كوردستان لەپەرلەمانێكی مۆمیاكراو ئەچێت , لەپەرلەمانی میللەتێك ئەچێـت  هەرگیز كێشەى بێ كارەبایى , بێ ئاوی , هەژارى , بێكارى , چەوساندنەوەى سیاسی , تەزكیەى حیزبی , گەندەڵى , تاكڕەوی سیاسی  تیا نەبێت , باشە ئایا بەڕاستی هەرێمی كوردستان هەموو ئەم كیشانەى تیا نیە ؟
 muhemedhusen@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply