Skip to Content

Saturday, July 24th, 2021

با ئه‌م سه‌ده‌یه‌ بکه‌ینه‌ سه‌ده‌ی چاره‌سه‌رکردن

Comment
by October 28, 2007 گشتی

 نووسینی : Dali Lama

     وه‌ڕگێڕانی : ڕزگار عومه‌ر    

                              
                                                                                   
هێزه‌ دڕه‌نده‌کان ،قه‌ت ناتوانن ئۆمێدی ئینسان بۆ ئازادی تێک بشکێنن . مارشی هه‌زار به‌ هه‌زاری جه‌ماوه‌ر،له‌شاره‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دووایدا،له‌ گه‌ڵ پێداگری چاونه‌ترسانه‌ی هاونیشتیمانانی وڵاته‌که‌ی ئه‌وێم"تیبت"،له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی "بۆرما" شایه‌تحاڵی زۆر به‌ هێزی ئه‌م ڕاستیه‌ی سه‌ره‌وه‌ن.
ئازادی سه‌رچاوه‌ی به‌هێزی داهێنان و گه‌شه‌ی مرۆڤه‌،به‌ پێچه‌وانه‌ی سیسته‌مه‌ کۆمۆنیسته‌کان که‌ پێیان وابوو،دابین کردنی نان و ماڵ و جل وبه‌رگ به‌سه‌.ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌شمان هه‌بێ،به‌ڵام شنه‌ی ئازادیمان نه‌بێ که‌ناخی قوڵی سروشتی مرۆڤ بوونمان تێر ده‌کا،وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌موومان نیوه‌ مرۆڤ بین.
له‌ ڕابردوودا زوڵم و سته‌م له‌ خه‌ڵکی،زۆرجار ناچاری کردون،له‌ تێکۆشانیان بۆ شادبوون به‌ ئازادی په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر توندو تیژی.به‌ڵام مرۆڤی نمونه‌یی له‌ بابه‌تی "مه‌هاتما گاندی" و "مارتن لۆثه‌ر کینگ" به‌ ئێمه‌یان نیشاندا ،گۆڕانکاری سه‌رکه‌وتوو له‌ ڕێگای ناتوندوتیژیه‌وه‌ به‌ده‌ست دێ.من له‌و بڕوایه‌م،له‌ ئاستێکی ساده‌دا زۆربه‌مان خۆزگه‌ ده‌خوازێ ئاشتیخوازبێ ، له‌ ناخی ناخمانه‌وه‌ رقمان له‌ وێرانکاریه‌و ،حه‌زمان له‌ نما کردن و باڵاکردنی به‌روبومه‌کانه‌.
زۆربه‌ی خه‌ڵک هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ توندو تیژی له‌کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌هێڵێن،ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئێمه‌ جدین له‌وبواره‌دا،ده‌بێ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌کانی توندوتیژی بکه‌ین،به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕه‌گانه‌ی له‌ ناخی خۆماندا بوونی هه‌یه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ "چه‌ک داماڵینی" ناوه‌وه‌ی خۆمان بکه‌ین،پێویستمان به‌ نه‌‌هێشتنی هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی : گومان ،ڕق لێبوونه‌وه‌ ،دوژمنکاری له‌ ئاستی براکان و خوشکه‌کانمان هه‌یه‌.
له‌وه‌ زیاتر،ئه‌بێ سه‌ر له‌نوێ ئه‌وه‌ تاقی بکه‌ینه‌وه‌،که‌ چۆن به‌ستراوین به‌ پرسیاره‌ زۆره‌کانی ئه‌مڕۆی به‌کارهێنانی توندوتیژی له‌ ئاڵۆزیه‌ به‌رده‌وامه‌کانی دونیادا.یه‌کێک له‌وانه‌یه‌ وا بیرکاته‌وه‌،که‌ که‌سێک ده‌توانێ به‌ په‌نابردن بۆ هێز،کێشه‌یه‌ک بنه‌بڕ بکا،به‌ڵام چاره‌سه‌رێکی له‌و بابه‌ته‌،زۆربه‌ی جاره‌کان به‌ خواردنی ماف و بژێوی خه‌ڵکی تر ته‌واو ده‌بێ و تۆی کێشه‌یه‌کی تر له‌گه‌ڵ خۆی ده‌چێنێ ،واته سه‌رله‌نوێ‌ واڵا کردنی وه‌رزێکی تازه‌ له‌ دووباره‌ بونه‌وه‌و ژماردنی توندوتیژیدا.
له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له‌ چیکۆلۆسۆڤاکیای پێشوو،تا ده‌گاته‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسراوی پرۆدیمۆکراتی له‌فیلیپین،دونیا ئه‌وه‌ی بینی که‌ چۆن نزیک بوونه‌وه‌ له‌ ڕێبازی ناتوندوتیژی ده‌توانێ ڕچه‌شکێنی گۆرانکاری گه‌وره‌ بکا له‌ سیاسه‌تدا. به‌ڵام،کاری ڕه‌سه‌نی ناتوندوتیژی هێشتا له‌ گاگۆڵکێ ی ئه‌زموندایه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمونانه‌ سه‌رکه‌تووبێ ،ده‌توانێ ده‌رگا له‌ دونیایه‌کی پڕ له‌ ئاشتی بکاته‌وه‌.ئێمه‌ پێویستمان به‌ شوێن که‌وتنێکی واقیعی تر هه‌یه‌ بۆ نزیک بوونه‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌کانی مرۆڤ ، نزیک بوونه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌ تۆن و ئاوازی خۆجیاکردنه‌وه‌یه‌کی قوڵ دایه‌ له‌ گه‌ڵ دونیای کۆن ،دونیایه‌کی کۆن که‌ به‌ شێوازی " ئێمه‌ " و "ئه‌وان " ده‌دوێ.
هه‌موو بۆچوونه‌کانی سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی لایه‌نێک،ژێرکه‌وتنی سه‌رتاپای لایه‌نێکی تر،تیئۆرێکی بێ بنه‌ماو دوور له‌ ڕاستیه‌.له‌ قه‌یرانه‌کانی توندو تیژیدا،هه‌میشه‌ خه‌ڵکی بێ تاوان یه‌که‌مین قوربانیه‌کانن ،هه‌روه‌کو شه‌ڕ له‌ عێراق و "دارفور "ی سودان به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ به‌ بیرمان دێنێته‌وه‌.ئه‌مڕۆ تاقه‌ ڕێگاچاره‌ی مومکین بۆ قه‌یرانه‌کانی مرۆڤ ،له‌ ڕێگای دایلۆگ و سه‌رله‌نوێ لێدوان وئامۆژگاریه‌وه‌ به‌ ده‌ست دێ،ئامۆژگاریه‌ک که‌ پشتی به‌ سۆزو به‌زه‌ییه‌وه‌ به‌نده‌.
سه‌ده‌ی بیست سه‌ده‌ی حه‌مامی خۆێن بوو ، سه‌ده‌ی 21 یه‌کیش ئه‌گه‌رچی ده‌ست پێکردنه‌که‌ی گومان و دوودڵیه‌،به‌ڵام ڕێ ی تێده‌چێ ببێ به‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌ دایلۆگ ،سه‌ده‌یه‌ک پڕ له‌ سۆزو به‌زه‌یی،سه‌ده‌یه‌ک که‌ تۆی ناتوندوتیژی به‌ هه‌موو سوچێکدا چه‌که‌ره‌ بکات و بڵاو ببێته‌وه‌.
                              *       *        *
تێبینی :-
1- بۆ پاراستنی مۆسیقاو ئاوازی ئه‌م نووسینیه‌ی "ده‌لی لاما" خۆم پاراستووه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ‌حه‌رفی ومیکانیکی ،بۆ ئه‌وه‌ی جوانی ده‌قه‌که‌ وون نه‌بێ.
2- ناونیشانی نووسینه‌که‌م کورت کردۆته‌وه‌.
3- بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئینگلیزی ئه‌م نووسینه‌،بنۆڕه‌ :-
The Province. Daily news peper. Page A24, sunday, october 21, 2007

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply