Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

با هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاكسازی، دووركردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بێت كه‌ گه‌نده‌ڵن و له‌ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشن‌

Be First!
by November 28, 2008 گشتی

 با هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاكسازی، دووركردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بێت كه‌ گه‌نده‌ڵن و له‌ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشن‌

 یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان به‌و وه‌زعه‌ی ئێستای له‌ ناو دوڕیانێكی تابڵێیت مه‌ترسی دایه‌ . مه‌ترسیه‌كه‌ لێره‌وه‌نیه‌ كه‌ بگوترێت یه‌كیه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و له‌ شوێنیا شتی چاكتری لێ شین ده‌بێت. شینه‌كه‌ی من و به‌ سه‌دان هه‌زاری تر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ته‌نیا شینه‌كه‌مان بۆ ئه‌و پارته‌ بێت كه‌ ئێمه‌ مانان به‌شێكی مێژوویی بوینه‌ له‌ ناوی، به‌ڵام شێنه‌كه‌ بۆ كورده‌ بۆ ته‌واوی پارته‌ سیاسیه‌كانه ‌به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ به‌ر به‌رته‌سكی تێڕوانینیان،له‌ جێ پێ شوێنی شینه‌كه‌ی یه‌كیه‌تی هه‌لپه‌ڕكێ داببه‌ستن.
 قه‌یڕانی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی یه‌كیه‌تی مێژوویه‌كی درێژی به‌ڕێكردووه‌. خه‌لك پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد له‌ ئان و ساتی قه‌یڕانه‌كه‌یان و دووباره‌ خۆخه‌ریك كردنه‌وه‌ی پارتی بۆ نوێبوونه‌وه‌، به‌شێكی فراوانی جه‌ماوه‌ری یه‌كیه‌تی سه‌نگه‌ریان بۆ ناو پارتی بگۆڕیبایه‌وه‌و به‌ دوایه‌وه‌ سیاسه‌تی نه‌گریساوی فیفتی به‌ فیفتی سیاسی نێوانی ئه‌و دوو پارته‌ هه‌تا هه‌تایه‌ بڕه‌ویبایه‌وه‌ كه‌ بۆ كورد له‌ زیان به‌ولاوه‌ هیچی تری لێ شین نه‌بۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌رجه‌سته‌یه‌ ڕووی نه‌دا. هۆكار زۆره‌ و له‌و بابه‌ته‌ بچووكه‌ شوێنی نابێته‌وه‌.
  خه‌لك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌ هه‌ل و مه‌رجی ڕووخانی سه‌دام و هاتنی ئه‌مه‌ریكیه‌كان و باشی وه‌زعی كوردان و خراپی باری نه‌یارانیه‌وه‌، ئه‌و ته‌تبیعه‌ی ئه‌و كاتی و ئێستای نێوانی یه‌كیه‌تی و پارتی خێرو بێری به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی یاساو موئه‌سه‌ساتی و پێشڤه‌چوونی كورد له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی كیانی نه‌ته‌وایه‌تی، لێ كه‌وتبایه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌ ڕووی نه‌دا به‌لكو به‌رجه‌سته‌ باشه‌كان  تا زۆرڕاده‌ زۆرانێكیان خۆیان پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ش هه‌ر هه‌مووی له‌ به‌ر ناڕێكی ئه‌دای ئه‌و دووپارته‌و له‌ بنه‌وه‌ سه‌نگه‌ر له‌ یه‌كگرتن و ناكۆكیه‌كانی ناو ڕیزه‌كانی یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان … بوو.
 من به‌ هه‌موو قه‌ناعه‌تێكه‌وه‌ ده‌ڵێم یه‌كیه‌تی له‌ ئان و ساتی وه‌ها هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ی بۆ كوردو بزاڤه‌ سیاسیه‌كه‌ی و جه‌ماوه‌ری و كاته‌ چاره‌نوسازه‌كان بۆیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ هه‌موویان گرنگتر زیاتر پاشه‌كشه‌ی پڕۆسیسی دیموكراتی ده‌بێت له‌ كوردستان . له‌ شووێن ئه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌دا ڕه‌نگه‌ به‌دوایه‌وه‌ پارتی بچووك بچووك له‌ سه‌ر كلێشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ڵده‌نه‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌موو حاله‌ته‌كان نایه‌كگرتو و بێ ڕۆل ده‌بن و به‌ دوایه‌وه‌ ته‌یاری دینی له‌ كوردستان زیاتر په‌ره‌ده‌سێنێ و موباده‌ره‌ی دیموكراتی له‌ بن ده‌ستی پارتیش ده‌رده‌چێت و ئه‌وانیش كه‌م یان زۆر چه‌نسی یه‌كیه‌تیان به‌رده‌كه‌وێ.
 یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان به‌و هه‌موو كه‌موكورتی و قه‌یڕانه‌ سیاسی و ڕێكخراوه‌ه‌یی ڕیزه‌كانی ناو خۆیان ، حالی حازر پشكی كه‌متری جه‌ماوه‌ری له‌ كوردستان له‌ پارتی كه‌متر نیه‌. شینه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.
 جه‌ماوه‌ری یه‌كیه‌تی حزبه‌كه‌ی خۆی ده‌وێت به‌ڵام ئه‌دای سه‌ركرده‌كانی به‌دڵ نیه‌ . حه‌ز به‌ چاكسازی ده‌كات له‌ هه‌موو ڕوێكه‌وه‌ . حه‌ز به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ببن به‌ خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تیه‌كی لێوه‌شاوه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر باری خۆیان چاك كه‌ن به‌لكو باری  ته‌واوی كوردیش پێیانه‌وه‌ چاك بكرێت . كه‌ یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان باری خراپه‌ په‌تای گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پارتی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش . ئیمڕۆ ئه‌گه‌ر نێوه‌ندی برا شه‌ریكی دابه‌ش كردنی سامانی نیشتمانی كورد له‌ نێوان هه‌وادارانی پارتی و یه‌كیه‌تی، گه‌نده‌لی ، خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات ، به‌ حیزبایه‌تی كردنی دامو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و قورخ  كردنی ده‌سه‌ڵات دوور له‌ خواستی خه‌لك…..بگۆردرێته‌وه‌ بۆ پێشبركێی سیاسی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و تێكڕای هێلكه‌كان بخرێته‌ سه‌به‌ته‌ی ناخبی كوردی و داخوازیه‌كانیان ، بێ شك به‌ دوایه‌وه‌ باری خه‌لك له‌ هه‌موو روێكه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و پێگه‌ی سیاسی كوردیش له‌ ئاست ناوه‌وه‌و ده‌وروبه‌رو جیهاندا باشتر ده‌بێت.
 تۆپه‌كه‌ ئێستا خراوه‌ته‌ ناو گۆڕه‌پانی یه‌كیه‌تی كاخوانه‌كینێ ده‌توانێ له‌و قه‌یڕانه‌ سه‌خته‌ی ڕزگاری ببێت.
 یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان كۆنگره‌ی سێیه‌می له‌ پێشه‌و حیزبه‌كه‌یی و جه‌ماوه‌ری كوردیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌نه‌ ئه‌و كۆنگره‌یان وه‌ك هینه‌كانی پێشتریه‌وه‌ نه‌بێت و شتی باشی لێ شین بێته‌وه‌.
 به‌ڵێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كیه‌تی هاوار هاواری ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ ئاواته‌كانی ئه‌و جاره‌یان وه‌ك هی هه‌لبژاردنی مه‌لبه‌نده‌كان نه‌مرێندرێ.
 ڕه‌نگه‌ زۆرانیك له‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و پارته‌ ،ڕێگا چاره‌سه‌ریه‌كه‌ به‌ ته‌وافوق له‌ نێوان ته‌واوی ته‌كه‌توله‌كان بدۆزنه‌وه‌ . به‌ به‌چوونی خۆم كاری وه‌ها ته‌نیا سڕكردنی كاتیه‌و ده‌رده‌كه‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. كاری ته‌ندروست چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تیه‌ كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ له‌ناوبردنی گه‌نده‌لی و بێڕۆل كردنی گه‌نده‌لچیه‌كان ده‌بینیته‌وه‌و به‌ دوایه‌وه‌ و له‌ شێنه‌یی دیارده‌كانی تر و چاكسازی به‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ ته‌واوی جه‌ماوه‌ری یه‌كیه‌تی ده‌گرێته‌وه‌.
 هه‌ق وایه‌ هه‌موو ده‌نگه‌ دڵسۆزه‌كانی ناو یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان كه‌ قه‌ناعه‌تیشم به‌وه‌ی هه‌یه‌ سنورێكی یه‌كجار فراوانی به‌خۆوه‌ گرتووه،‌ با له‌ پێناو ئه‌وه‌ بێت به‌ دوای ئه‌و كه‌سه‌ یان ده‌سته‌ خێرخوازانه‌‌ خۆمان كۆكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ چاكسازی فعلی له‌ ناو ڕیزه‌كانی یه‌كیه‌تی بكه‌ن .
 كاتێ كه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال له‌ نامه‌یه‌كیا بۆ به‌رپرسانی سوسیال دیموكراتی فه‌ڕه‌نسی نوسیوه‌و
 جه‌ختی كردۆته‌ سه‌ر خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ بیروڕاكانی سۆسیال دیموكرات‌و به‌رزڕاگرتن‌و نرخاندنی (دیموكراتیه‌ راسته‌قینه‌كان)و (دابه‌شكردنی عادلانه‌ی سامان)و (كه‌مكردنه‌وه‌ی درزی نێوان توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان)و (چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگو چه‌ڵه‌مه‌ ئابوریه‌كان)و (هاوكاریه‌كی پته‌و هاوئاهه‌نگیه‌ك، به‌تایبه‌ت له‌نێوان هێزه‌ سۆسیالیست‌و پێشكه‌وتنخوازو دیموكراته‌ راسته‌قینه‌كان‌.
 كاتێ كه‌ به‌ڕێز كاك نه‌وشێروان له‌ ته‌واوی ئه‌و بابه‌ته‌سیاسی و پڕۆژه‌ گه‌لیانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌و سایته‌كان بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كان هیچ جیاوازیه‌كی له‌ گه‌ڵ نامه‌كه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال نیه‌ كه‌ بۆ سوسیال دیموكراتی فه‌ڕه‌نسی نووسیویه‌تی.
 قه‌ناعه‌تیش به‌وه‌ی ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ ئاخاوتنه‌كانیان وه‌ك چۆن باسیان لێوه‌ كردووه‌ وه‌ك خۆی بۆ به‌كردار كردنی بیگوازنه‌وه‌، به‌ دوایه‌وه‌ باری یه‌كیه‌تی نیستمانی كوردستان چاك ده‌بێت.
 به‌ بۆچوونی خۆم له‌ پیناو به‌ كردار كردنی ئاخاوتنه‌كانی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌: پێش به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ ده‌بێت یه‌كیه‌تی تاوتۆی كۆنگره‌ی سێ به‌ ئاڕاسته‌ی : به‌ڵێ بۆ گۆڕان و چاكسازی، به‌ڵی بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی قه‌واره‌یه‌كی گونجاو له‌ گه‌نجانی به‌تواناو پڕۆفیشناڵ و دانی ڕۆڵ و ده‌سه‌ڵات پێیانه‌وه‌، نا بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی گه‌نده‌لچیه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر حیسابی سامانی نیشتمانی گه‌ل و دوور له‌ یاسا خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌. وابزانم سێكوچكه‌ی چاكسازی و گۆڕان به‌ گیانی سرده‌م وهێنانه‌ پێشه‌وه‌ی گه‌نجان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵ بووینه‌، له‌ ڕێگایانه‌وه‌ باشترین هه‌ل له‌ به‌رده‌م ئه‌و پارته‌ ده‌ڕه‌خسێ كه‌ هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤانه‌ باوێ بۆ پێشه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ لێره‌ خۆی قیت ده‌كاته‌وه‌ كێ ئه‌و كاره‌ بكات ، نو‌خبه‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌ ٨٠٪یان گه‌نده‌ڵ بووینه‌ . ئۆپۆزسیۆنی ناو یه‌كیه‌تی كه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌ له‌ مه‌ركه‌زی بڕیار دان ، جه‌ماوه‌ر كه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌ له‌ كارتێكردنیان . بنكه‌ی كادیره‌كانیان كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌یان په‌ڕاوێزو بێ ڕۆڵ كراون و ئه‌وانی تریش به‌شی زۆریان له‌ ڕێگای ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ تایبه‌تیانه‌یان به‌ ده‌نگی ته‌كه‌تول و نوخبه‌ دووباره‌ ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌. پرسیاری تر له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ خۆی قیت ده‌كاته‌وه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ یه‌كیه‌تی چی بكات تا وه‌كو له‌و قه‌یڕانه‌ ڕزگاری ببێت. ٩٠٪ جه‌ماوه‌ری یه‌كیه‌تی ئێستاكه‌ بڕوایان وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕێز نه‌وشێروان و جه‌ماعه‌تی ڕیفۆڕم نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كیه‌تی و ڕۆڵیان نه‌درێتێ ، هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك یه‌كیه‌تی به‌بێ ئه‌وانه‌وه‌ بیبه‌ستێ ، نه‌ك خراپتر له‌ پاشتر به‌لكو كاره‌ساتی بێ ئومێدی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كیه‌تیشی به‌ دوور مه‌زانه‌ لێ بكه‌وێته‌وه‌. تۆپه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ ناو لای كاك نه‌وشێروان و خودی به‌ڕێز مام جه‌لال . كاك نه‌وشێروان بۆئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و به‌ڕیزه‌ لایه‌نی تیمارسازی هه‌ڵده‌بژێری یان كار بۆ چاكسازی هه‌مه‌لایه‌ن ده‌كا . دیسان بۆ به‌ڕێز مام جه‌لالیش كه‌ ئایا لێدوانه‌كانی بۆ به‌رپرسانی سوسیال دیموكراتی فه‌ڕه‌نسی له‌ كۆنگره‌ی سێی داهاتووی یه‌كیه‌تی به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نی، واته‌ هه‌تا ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌ سه‌ر ته‌مه‌ن ماوه‌ هه‌نگاوی جدی داوێ بۆ ڕزگار كردنی یه‌كیه‌تی له‌و قه‌یڕانه‌ یان وه‌كو جاره‌كانی تر ده‌یه‌وێ له‌ ڕێگای تیمارسازی و هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بۆ خودی خۆی درێژه‌ به‌كاره‌كانی بدات . ڕێگای ڕاستی و دروست ئه‌وه‌یه‌ :
 پێش به‌ستنی كۆنگره‌ لیژنه‌یه‌كی پسپۆرو شاره‌زاو كارامه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویسته‌كانی نوخبه‌ پێك بهێنرێ و ده‌وسه‌ڵاتی ته‌واویشیان بدرێتێ بۆ ده‌ست نیشان كردنی بنه‌ماكانی كۆنگره‌ی سێ به‌ ئاڕاسته‌ی چاكسازی وگۆڕان.
 دیاره‌ قه‌واره‌ی ته‌شكیله‌ی بنكه‌ی یه‌كیه‌تی و كادیره‌كانیان ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن گه‌لێ زیاتره‌ له‌ وانه‌ی كه‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتن لێره‌دا ده‌بێ ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات كه‌ ژماره‌ی به‌شدار بوانی ئه‌وان بۆ كۆنگره‌ ، كه‌متر نه‌بێت له‌وانه‌ی كه‌ ئێستاكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ . ، ده‌بێ ئه‌جندای كۆنگره‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ گه‌نجان و جیلی تازه ‌پێگه‌یشتوو ئه‌وانه‌ی شاره‌زایی باشیان له‌ بواری به‌ڕیوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات و كاری سیاسی و ڕێكراوه‌یی هه‌یه‌ ، به‌رز بكرێنه‌وه‌ بۆ ده‌زگاكانی سه‌ركردایه‌تی ناوه‌ندی و پاش ده‌رچونیشیان به‌ ئاڕاسته‌ ی گۆڕان ،ڕۆلیان پێ بدرێ . نه‌هێلدرێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌ ناشه‌رعی ده‌وله‌مه‌ند بووینه‌ ، دووباره‌ هه‌لبژێرنه‌وه‌ . بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ له‌ پێشدا لیژنه‌یه‌كی پسپۆر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێك بخرێ و بڕیاری ئه‌وه‌ بدرێ كه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ فعلی ده‌سه‌ڵاتی پێشویان بۆ قازانجی خۆیان به‌كارهیناوه‌ ، دووباره‌ هه‌ڵنه‌بژێردرێنه‌وه‌،یان مافی خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان نه‌بیت . هه‌روه‌ها كۆنگره‌ش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بداته‌ ده‌سته‌ی هه‌لبژێردراو كه‌ ده‌بێ كاری به‌ په‌له‌یان بۆ سازادانی گه‌نده‌لچیه‌كان و پاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌زگا حیزبی و حكومی لێیان و له‌و كه‌سانه‌ی كه‌  شیاوی شوێنه‌كانیان نینه‌ ، بێت .
 مه‌هدی كاوانی٢٧/١١/٢٠٠٨
  mahdikawani@yahoo.co.uk
 
 
  
 

Previous
Next

Leave a Reply