Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

با پێكه‌وه‌، ته‌له‌فزیۆنێك بۆ منداڵان دابمه‌زرێنین

Be First!
by August 22, 2010 گشتی

داوا له‌ دڵسۆزان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و رێكخراوو دامه‌زراوه‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌كه‌م، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی به‌نده‌ بكه‌ن به‌ واقیع و ته‌له‌فزیۆنێكی تایبه‌ت بۆ منداڵانی كوردو كوردستان دابمه‌زرێنین، من به‌ر له‌ پێنج ساڵ ئه‌م پرۆژه‌یه‌م برده‌ لای سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌ ئیمه‌یل بۆ به‌ڕێزان دكتۆر به‌رهه‌م و وه‌زیری رۆشنبیری ئێستا ناردووه‌ و لای زۆر كه‌سایه‌تی كوردستان باسم كردووه‌، به‌ڵام هیچیان وه‌ڵامیان نه‌داومه‌ته‌وه‌.
ئایا منداڵی كوردستان پێویستی به‌ ته‌له‌فزیۆنێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌ كه‌ فیلم و به‌رنامه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌ زمانی دایكی خۆی گوێبیست ببێت؟ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌ماشای كه‌ناڵی سپه‌یستون و كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌كان بكات كه‌ تێیانناگات، بۆچی ته‌له‌فزیۆنێكی منداڵان نه‌بێت به‌ زمانی كوردی؟؟
راسته‌ زۆر كه‌موكوڕی و خزمه‌تگوزاریی نیوه‌چڵ و سه‌قه‌ت هه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كانی چین و توێژه‌ جیاجیاكانی ژیانماندا كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان بۆی مه‌یسه‌ر نه‌كردووین و له‌م داخوازییه‌ی به‌نده‌ له‌پێشترن، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت كه‌ منداڵ بوونه‌وه‌رێكی خۆشه‌ویسته‌و ده‌بنه‌ پیاوی دواڕۆژ، ده‌بێت نیكرانی زاتی خۆمان بكه‌ین و ئاوڕێكی به‌ویژدان و دڵسۆزانه‌ له‌و بونه‌وه‌ره‌ جوانه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ پیاوی دواڕۆژ، ئێمه‌ به‌ په‌روه‌رده‌و گۆشكردنێكی كلاسیكی و كۆن و پڕ له‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ گه‌وره‌ كراین، لێدان و هه‌ڕه‌شه‌و بێبه‌شكردن و حیرمان هه‌میشه‌ به‌شمان بووه‌، ده‌ربه‌ده‌ری كۆڵان و شه‌قام و شتفرۆشتن و گه‌ڕان و سووڕانه‌وه‌ی بێهووده‌ گوزه‌رانمان بووه‌.. رۆژ دوای رۆژیش ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵگه‌لێك داده‌مه‌زرێن كه‌ هیچ سوودێكی بۆ منداڵ و گه‌نج و پیرو ژن و كچی ئه‌م كوردستانه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ نییه‌.. گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌له‌فزیۆنی حزبن و ئازادو ئه‌كادیمی نین.. 
بۆیه‌ ئه‌مه‌وێت ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌، هه‌تا ده‌كرێت با ئه‌هلی بێت و دوور بێت له‌ فه‌رمان و رێنوومایی حزبه‌كانی كوردستانه‌وه‌.. ئه‌بێت به‌رنامه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ باس له‌ په‌روه‌رده‌ی نوێ و هاوچه‌رخی جیهانی بكات.. گرنگ نییه‌ كه‌ لۆكاڵی بێت و له‌ شارێكدا په‌خش بكرێت.. بۆ وێنه‌ شارێكی وه‌كو سلێمانی نزیكه‌ی ملیۆن و ئه‌وه‌نده‌ سه‌د هه‌زار كه‌سێك دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌كانی كۆپی یه‌كترن و به‌رنامه‌كانیان تایبه‌تمه‌ند نین و پسپۆڕیان كه‌مه‌..
ئه‌و ته‌له‌فزیۆنی منداڵانه‌ ده‌بێت، پسپۆڕی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و په‌روه‌رده‌یی و فێركاری و هونه‌ری له‌ خۆی كۆبكاته‌وه‌.. كه‌ناڵێك بێت بۆ ئاراسته‌كردن و راهێنانی منداڵی كوردزمان بۆ ئه‌وه‌ی تاكێكی بێبه‌ش و ناشارستانی و گه‌ڕۆكی كۆڵانه‌كان نه‌بێت.. دانیشتنی منداڵه‌كانمان له‌به‌ر ته‌له‌فزیۆنی بیانیدا، یان یاریكردن به‌ پله‌ی سته‌یشن و ته‌ماشا كردنی فیلمه‌ دۆبلاژكراوو كوردییه‌ سه‌قه‌ته‌كانه‌وه‌، كه‌سێتی منداڵ نامه‌ده‌نی و چه‌توون و لاسارو جنێوفرۆش ده‌كات..
 ده‌بێت ئه‌و دۆزه‌ گرنگه‌ سه‌رله‌نوێ به‌رنامه‌ڕێژی بۆ بكرێته‌وه‌و پرۆگرام و فیلمی فێركاری هاوچه‌رخ و نوێی ئاسان و ئاراسته‌كراو بۆ منداڵان به‌رهه‌م بهێنێت.
شایانی وتنه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌م لای به‌ڕێزان دكتۆر كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی و سامان سیوه‌یلی باسكردووه‌ و ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنی بێكۆتاو ئه‌وه‌ش جێی ستایش و رێزه‌..
تكایه‌ له‌ كاتی رازیبوون و قه‌ناعه‌تكردنتان به‌م پرۆژه‌ گرنگه‌ به‌م رێگایانه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكه‌ن:
ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ئاسیا 07701424277
=        =      سانا  07501227179
ئیمه‌یل hemea.rasoeL961@yahoo.com
كۆمه‌ڵناس: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

Previous
Next

Leave a Reply