Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ….. مه‌جید ساڵح

Be First!
by January 16, 2011 گشتی

 

1
ماوه‌ ماوه‌ له‌ میدیاكاندا قسه‌ له‌سه‌ر نزیك بونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ده‌كرێت. له‌ ئه‌نجامدا به‌شێك له‌ خه‌ڵك پێی خۆشه‌و به‌شێكی دیكه‌ش پێی قه‌ڵس ده‌بن. به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر نزیك كه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان مایه‌ی دڵخۆشیه‌، به‌ مه‌رجێك ئه‌و نزیك كه‌وتنانه‌ له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا بێت، نه‌ك بۆ ده‌سكه‌وتی حزبی و شه‌خسی.
حاڵی حازر ئه‌و رێكه‌وتنامه‌ ستراتیژیه‌ی كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا گرێیداوه‌، ده‌ستوپێی به‌ستوه‌ته‌وه‌و توانای گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی نییه‌، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ر هێزێكی سیاسی  دیكه‌ی كوردستان گه‌ر بیانه‌وێت له‌ یه‌كێتی نزیك بكه‌ونه‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نه‌بن شتێك له‌ یه‌كێتی هه‌ڵكڕێنن كه‌ ببێته‌ هۆی زویربونی پارتی له‌ یه‌كێتی، چونكه‌ به‌ پێی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌ بێت، یه‌كێتی ناتوانێت ته‌نانه‌ت بیریش له‌وه‌ بكاته‌وه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارتی هه‌نگاو هه‌ڵنێت.
2
له‌ماوه‌ی رابردوودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ڵماندی كه‌ توانای گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌و گوشاری سیاسی و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و كێشه‌ی دارایی ناتوانن له‌و ئامانجانه‌ی كه‌ بۆ خۆی داناون دوری خاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای لێكرد رۆژ به‌رۆژ له‌ ناو خه‌ڵكدا متمانه‌ی زیاتر په‌یدا بكات و ئاستی پشتیوانی خه‌ڵك لێی فراوانتر بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبه‌ ئیسلامیه‌كانیشه‌وه‌ توانای ئه‌وه‌یان نه‌ماوه‌و نییه‌ له‌ بازنه‌ی هه‌ژمونی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ده‌رچن، بۆیه‌ تا دێت له‌ ناو خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت موچه‌خۆره‌كانی خۆشیاندا پشتیوانیه‌كان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و په‌راوێز ده‌كه‌ون. ئیسلامیه‌كان گوێ به‌و پاشه‌كشه‌یه‌ ناده‌ن و زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانیان له‌ پێناوی مانه‌وه‌ و پله‌و پایه‌كانیان ئاماده‌ییان تێدایه‌ ئاستی ته‌نازولكردنیان بۆ پارتی له‌وه‌ش زیاتر دابه‌زێنن؛ به‌ڵام له‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانیدا ئه‌ندام و كادیری وه‌سه‌ت  و به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌شی ئه‌و هه‌موو ته‌نازولاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌وه‌یان پێ هه‌زم ناكرێت و كه‌وتونه‌ته‌ قسه‌كردن و پێ ده‌چێت له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكیشدا بكه‌ونه‌ جوڵه‌.
3
ده‌ست پێشخه‌ری نزیك كه‌وتنه‌وه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌شه‌ی ناو یه‌كێتی له‌ نیه‌تدا زۆر باشه‌و گۆڕانیش نایه‌وێت ئه‌و هه‌له‌ی له‌ ده‌ست بچێ و پشتیوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كادیره‌ی له‌ ده‌ست بدات. به‌ڵام گه‌ر به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ناو یه‌كێتی بیانه‌وێت ئه‌و نزیك بونه‌وه‌ بكه‌نه‌ گوشارێك بۆ سه‌ر پارتی تاوه‌كو به‌لای كه‌مه‌وه‌ به‌ چاوی بێرێزی و بێ منه‌تی ته‌ماشایان نه‌كات (وه‌ك چۆن له‌ گۆنگره‌ی سیازده‌ به‌ ئاشكرا كردیان)، ئه‌وا نزیك كه‌وتنه‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆك و نیه‌ته‌ پاكه‌كه‌ی كه‌ سنوردانانه‌ بۆ پێراكێشانی زیاد له‌ حه‌دی پارتی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌.
 ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێش چوونه‌ ناو هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌ گه‌ڵ یه‌كێتیدا، ئه‌وه‌ی بۆ رون بێته‌وه‌ ئه‌و نزیك كه‌وتنه‌وه‌ چه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و خه‌ڵكدا ده‌بێت. له‌وه‌ش زیاتر، نابێت گفتوگۆكان له‌ پشت په‌رده‌و نێهینی بن و سه‌رانی گۆڕان وه‌ك چۆن به‌ڵێنیان داوه‌ هه‌موو شته‌كانیان شه‌فاف بێت شه‌رم نه‌كه‌ن و هه‌رچی هه‌یه‌ بۆ رای گشتی ئاشكرای كه‌ن.
 

Previous
Next

Leave a Reply