Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

به‌خێری کوێخا نوێیه‌که‌ی ئه‌مریکا !!……دڵشاد حه‌مه‌

Be First!
by November 30, 2008 گشتی

 به‌خێری کوێخا نوێیه‌که‌ی ئه‌مریکا !!
 دڵشاد حه‌مه‌

 
 زۆربه‌ی خه‌ڵکی دنیا دڵخۆش بوون به‌ ده‌رچوونی ئۆباما به‌ سه‌رۆکی ئه‌مریکا، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی ڕه‌شپێست و که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌کان و دیموکراتیخوازو ئازادیخوازان. هه‌مووشمان ڕه‌نگه‌ گوێبیستی چه‌ندین چیرۆکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و دڵخۆشکه‌ریش بووبین لێره‌وله‌وێ. بێشک چواری یازده‌ ده‌بیته‌ ڕۆژێکی دیار له‌مێژووی ئه‌مریکاو جیهاندا. ئه‌م ڕووداوه‌ له‌نێو کوردیشدا به‌شێوازی جیاجیا پێشوازی لێکرا. به‌م بۆنه‌وه‌و به‌خێری ئۆباما له‌ شاری وان 44 مه‌ڕی به‌دبه‌خت کران به‌قوربانی. بۆ مه‌ڕه‌کان هه‌ڕچه‌نده‌ من دڵنیا نیم‌  نێربوون یان مێ، به‌ڵام ده‌کرێ بڵێین، با خه‌میان نه‌خۆین هه‌میشه‌ هه‌روا بووه‌‌’ به‌رخی نێر بۆ سه‌ربڕینه‌’.به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئۆباما ده‌بێ به‌چلوچواره‌مین سه‌رۆکی ئه‌مریکا، 44 مه‌ڕیشی کراوه‌ به‌قوربانی. دیاره‌ چیرۆکه‌که‌ به‌بێ سه‌یرکردنی وێنه‌کان مانای ته‌واوی خۆی نادات. به‌لام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر په‌له‌ نه‌کات له‌خواره‌وه‌ لینکه‌که‌م نوسیوه‌، ئه‌وه‌ی خواپێداو بێت و به‌ره‌که‌تی مۆدێرنه‌ی به‌رکه‌وتبێت ده‌توانێت له‌ئینته‌رنێته‌وه‌ ئه‌و تقوسه‌ کوردیه‌ پۆستمۆدێرنه‌ ببینێت.
 
 قوربانیکردن بۆ پیاوه‌ سیاسیه‌کان له‌نێو کوردو ته‌نانه‌ت میلله‌تانی تریشدا عاده‌تێکی تازه‌ نییه‌ و تایبه‌تیش نییه‌ به‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌، هه‌رله‌کۆنه‌وه‌ پاشاو شێخ و ئاغاو کوێخاو سه‌رۆک خێڵ و دواتر سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ی حیزبی و به‌رپرس قوربانیان بۆکراوه‌، چه‌ند حاله‌تێکی ئه‌و قوربانیانه‌مان دیت له‌م چه‌ند ساله‌ی دواییدا له کوردستانی ئازاد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی وان جیاده‌کاته‌وه‌ ڕه‌هه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌که‌ی قوربانیکردنه‌که‌یه‌. ئه‌م جاره‌یان کورد سیاسه‌تی قوربانیکردن ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئاستێکی جیهانی!! شوکور ئیدی کورد هه‌ستی به‌گرنگی کرانه‌وه‌ کردووه‌ به‌ڕووی دنیادا و ئیدی ئێمه‌ سیاسه‌ت ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، به‌ڵام سیاسه‌ت به‌ کوردی!
 
 پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ بوایه واته‌ جۆن مه‌که‌ین ده‌رچوایه‌، ئه‌و کاته‌‌ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ له‌ هه‌وڵیرو سلێمانی و شاره‌کانی تری کوردستان ده‌کرا. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی حیزبه‌کانی ئێره‌ هێشتا له‌داوی عه‌شقی ئیداره‌که‌ی بووش نه‌بوونه‌ته‌وه‌ وپێیان وابوو ده‌رچوونی مه‌که‌ین له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورد ده‌بێت، چونکه‌ جۆن مه‌که‌یینیش کۆماریه‌و به‌رده‌وامی ده‌دات به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌عێراقداو کورد ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ دڵسۆزه‌ی له‌ده‌ستناچێت. به‌ڵام بۆ وانیه‌کان و کوردی تورکیا ئیداره‌ی بووش جگه‌ له‌هاوپه‌یمانێکی تورکیا هیچی تر نییه‌و ده‌رچوونی مه‌که‌یینیش که‌ هه‌رکۆماریه‌ به‌رده‌وامی ده‌دات به‌م سیاسه‌ته‌. دیاره‌ هه‌ردووک تێگه‌یشته‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک ماقوڵیه‌ت و تاڕاده‌یه‌کی زۆریش خه‌یاڵپڵاوی و بێخه‌به‌ریان تێدایه‌، به‌ڵام ئێره‌ جێگه‌ی ئه‌و قسانه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، بوونی ئه‌م دوو ئاڕاسته‌ جیاوازه‌ له‌نێو کورددا هه‌م شتێکی ئاساییه‌ به‌حوکمی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ سیاسی و جوگرافیه‌ی که‌ به‌سه‌ر کورددا سه‌پاوه‌ و هه‌م ئاماژه‌یه‌کی ئاشکراشه‌ بۆ په‌رته‌وازه‌یی دۆزی کورد.
 
 بێینه‌وه‌ سه‌ر قوربانیه‌کانی وان، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌لایه‌که‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازیه‌ قووڵه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیه‌، چوونکه‌ له‌کاتێکدا کورده‌کان خۆشحاڵ ده‌بن به‌ ده‌رچوونی ئۆباماو کۆمه‌ڵێک ئومێدو خه‌ونیان پێیه‌تی،  به‌ڵام تورکه‌کان ناخۆشحاڵن، له‌لایه‌که‌وه‌ ترسیان له‌ ئۆباماو ئیداره‌یه‌کی تازه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌کیشه‌وه‌ جۆن بایدن و پڕۆژه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی دابه‌شکردنی عێراقیان بیرده‌که‌ویته‌وه‌ بۆ سێ هه‌رێم، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌کاته‌ دانپێدانانی هه‌رێمی کوردستان و پشتڕاستکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین ترسی تورکیا له‌ناوجه‌که‌دا که‌ ئه‌ویش ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیه‌. تاکوێ ئه‌م تێگه‌یشته‌ جیاوازو دژ به‌یه‌کا‌نه‌ی کوردی تورکیاو ده‌وڵه‌ت و میدیای ڕه‌سمی تورکیا له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ پرسیارێکی تره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و ترس و چاوه‌ڕوانیانه‌ن که‌ له‌لای کوردو ده‌وڵه‌تی تورکیدا هه‌ن و هه‌ر له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی تورکیه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان کوردو ده‌وله‌ت دیاری ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌م قوربانیکردنه‌ ته‌عبیرکردنه‌ له‌ کۆڵه‌واریی کورد له‌ شێوازه‌کانی په‌یوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاستی هۆشیاری سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ بۆ کۆڵه‌واری زمانی دیالۆگی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا. ئێستاش به‌زمان و ته‌قلیدی خێڵه‌کی په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستین له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر. له‌ وێنه‌کاندا ده‌یبینین یه‌کێک ده‌ستی خوێناوی به‌وێنه‌ی ئۆبامادا دێنێت، دیاره‌ بۆ به‌ره‌که‌ت و بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ڕه‌کان ببن به‌ قوربانی و باڵاگه‌ردانی ئۆباما. به‌ڵام ئه‌م قوربانیکردنه‌ بۆ سه‌رکرده‌یه‌کی دووره‌ ده‌ستی وڵاتێکی زلهێز که‌هێشتا نازانین چی له‌ هه‌گبه‌که‌یدا هه‌یه‌، بۆ کورد ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌یه‌ له‌ناخی تاکی کوردو له‌دنیابینی کوردو له‌و کلتوره‌ سیاسیه‌ی که‌ کورد له‌گه‌ڵی گه‌وره‌ بووه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌شی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پێوه‌ره‌ ته‌قلیدیانه‌ی که‌ کورد حیساباته سیاسیه‌کانیشی پێده‌کات، ئێمه‌ ده‌ڵیین مادام ئۆباماش کوڕی که‌مینه‌یه‌که‌ له‌ ولاته‌که‌ی که‌ مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌و په‌راوێزکردن و ئینکارکردنی ناسنامه‌که‌ی– که‌مینه‌ی ڕه‌ش پێست که‌ تاساڵی 1965 ته‌نانه‌ت مافی ده‌نگدانیشی نه‌بوو– لێره‌وه‌ وه‌کو سه‌رکرده‌ی گه‌وره‌ترین زلهێزی دنیا ده‌بێ پشتیوانی له‌ مافی ڕه‌وای مێلله‌تێکی هاوشیوه‌ی خۆی بکات له‌هه‌رکوێیه‌کی دنیابێت، زۆر ساده‌له‌وحانه‌ هه‌ندێکمان پێمان وایه‌ کاکه‌ ڕه‌ش و جۆن بایدنی دۆستی کورد هه‌موو ئیعتیباراته‌ سیاسی و ستراتیژی و ئابووریه‌کانی خۆیان له‌ناوچه‌که‌دا ده‌که‌نه‌ قوربانی چاوی ڕه‌شی منداڵه‌ کورده‌کانی وان و سلێمانی، چونکه‌ ئه‌وانیش کوڕی هه‌ژارو که‌مینه‌و خۆ حیزبه‌که‌شیان دیموکراتیه‌!!.
 
 له‌ ڕیوڕه‌سمی قوربانیکردنه‌که‌دا، وانیه‌کان بیریان نه‌چووه‌ که‌ چه‌ند په‌یامێکیش بۆ ئۆباما بنێرن،چه‌ند دروشمێک له‌ وێنه‌کاندا سه‌رنج ڕاده‌کێشن، یه‌کێک له‌ دروشمه‌کان ده‌ڵێ( ئۆباما، تۆ قاره‌مانی ڕاسته‌قینه‌ی)، یه‌کێکی تریان ده‌ڵێت ( خه‌ڵکی وان تۆیان خۆشده‌وێت). خۆشیه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ له‌که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌مریکیه‌وه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ وه‌کو گۆڕانی هه‌ڵویستی خه‌ڵکی تورکیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا لێکدرایه‌وه‌ و له‌وێدا بابای پێشکه‌شکار هیج خه‌به‌رێکی نه‌بوو له‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ سه‌خیانیانه‌ کوردن و مه‌منونی ئۆباما بوو که‌ وای کردووه‌ ڕووی ناشیر‌ینی ئه‌مریکا له‌لای خه‌ڵکی تورکیا جوان بکات، ئه‌م جاره‌ خوێنی مه‌ڕه‌کانیش به‌فیڕۆ چوو!
 
 تێبینی:
 هه‌واڵه‌که و وێنه‌کان‌ له‌ سایتی ئاڤێستای کوردی وه‌رگیراوه‌ که‌ ئه‌مه‌ لینکه‌که‌یه‌تی:
 http://www.avestakurd.net/news_detail.php?id=2887
 
 

Previous
Next

Leave a Reply