Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

به‌راورد!!! ….. سامان ساڵح

Be First!
by October 15, 2010 ئەدەب

 

 تۆ… ئه‌ی له‌باران توڕه‌تر….
 ئه‌ی میوانی دره‌نگانی زستان…
 هه‌ر ئه‌وكاته‌ی له‌دایكبووی….
 له‌ناو بێشكه‌كه‌تدا.. هه‌بوون چه‌ندین شووشه‌ عه‌تری
 جوان .. جوان….
 ئێمه‌ كاتێك له‌دایكبووین… بۆئه‌وه‌ی به‌بۆن نه‌كه‌وین!!
قاچاغیان كردین له‌عه‌تر….
ئێستا گه‌ر له‌من بپرسی….؟ خۆشترین بۆن لای تۆ چییه‌؟؟؟
 به‌ساده‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێم بۆنی خۆڵی پایزان له‌كاتی باران…
 ئازیزه‌كه‌م …..هه‌ر ئه‌وكاته‌ی كه‌پێم وتی..
 سه‌یری مانگ كه‌… به‌پێكه‌نینه‌وه‌ به‌منت  وت، من نایبینم!!
 تێگه‌یشتم كه‌ڕاستده‌كه‌ی….
 ئێمه‌ لێره‌ …. خۆرو مانگ و ئه‌ستێره‌ ده‌بینین زۆرجاران پێش هه‌ڵهاتنیان…
 ئێوه‌ له‌شار بینای بڵند، رێگه‌نادا ببنه‌وه‌ به‌میوانی كاتێ‌ شه‌وان دێت بۆ لاتان…
 ئێمه‌ به‌یانیان… خۆر له‌جیاتی دایكمان به‌په‌نجه‌ی تیشك
 به‌ئاگامان دێنێ‌ و…
 ئێوه‌ش دایكتان بۆ بووه‌ به‌خۆر…
  ئێمه‌ له‌مناڵییه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌گوێمان له‌بانگی به‌یانییه‌و
 له‌سه‌ر بانیژه‌كان ده‌خه‌وین…. مه‌لاكان ده‌ناسینه‌وه‌…
 گه‌ر خوانه‌خواست به‌یانییه‌ك مه‌لاكه‌ی گوند…
 فریای خۆشۆردن نه‌كه‌وێت…
 له‌ژێر به‌تانییه‌وه‌ … باوكم كه‌سه‌ر به‌فه‌رزی خوانادات…
ته‌علێقێكی قورس ده‌داو…
 ئێمه‌ش، تێر به‌دزییه‌وه‌ پێده‌كه‌نین…
  ته‌ماشاكه‌ ئازیزه‌كه‌م….
 ئێمه‌ شه‌وانی ژیانمان له‌گه‌ڵ باوكمانا ده‌خه‌وین…
 ئێوه‌ش له‌باوكتانه‌وه‌ دوورن
 ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌نییه‌ ئێمه‌ له‌ئێوه‌ زیاتر باوكمان خۆشده‌وێ‌..
  نانا.. گوڵم…. ئه‌وه‌ باوكی ئێوه‌یه‌….
  كه‌زۆری خۆشده‌وێن و هه‌ر یه‌كێكتان ژوورێكتان هه‌یه‌ بۆ نووستن!
  ئازیزه‌كه‌م ئێمه‌ لێره‌ كه‌حكومه‌ت كاره‌با ده‌كوژێنێته‌وه‌…
  مۆمێك بۆ رۆشنایی داده‌گیرسێنین…!!
  ئێوه‌ خۆتان كاره‌با ده‌كوژێننه‌وه‌وهه‌ر بۆ خۆشیی…
  مۆمێكی سوور… ئاگرده‌ده‌ن….
  ئێوه‌ هه‌ركات بتانه‌وێ‌ بۆماڵی پور  بۆ ماڵی خاڵ …
  رێگا نزیك … ماڵ حازره‌..
  ئێمه‌ لێره‌ … فێریان كردووین…..
 (خاڵخاڵۆكه‌) به‌هه‌وادا هه‌ڵبده‌ین و
 پرسیاری ماڵی خاڵمانی لێبكه‌ین…..
 سپیتر له‌به‌فر … بۆنخۆشتر له‌خۆڵی پاییز..!!
ته‌مه‌ن گه‌یشتۆته‌ ئێستا …
 ئه‌و شتانه‌ی كه‌تۆ دیوته‌… من نایزانم..
ئێمه‌ هه‌رله‌مناڵیشدا(چا)مان له‌دۆلكه‌یه‌كی باغه‌ی مه‌عه‌سكه‌ردا ده‌خوارده‌وه‌..
 ته‌نیا پیاڵه‌یه‌كی شووشه‌ی ئه‌ستوورمان هه‌بوو…
 جگه‌ باوكم كه‌س بۆی نه‌بوو بۆ جارێكیش  چایه‌كی تیا بخواته‌وه‌..
 دایكم ده‌یوت … ئێوه‌ نابێت ده‌ستكاری كه‌ن…
منداڵن، شووشه‌ ده‌شكێنن….
 به‌ڵام ئێوه‌….
 هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌…
 (چا)تان له‌پیاڵه‌ی ناوقه‌د باریكی ته‌نكدا ده‌خوارده‌وه‌…
 ئێوه‌ زووتر  ئه‌زموونتانكرد.. كه‌ده‌شكرێت…
 شووشه‌ی ناسك ده‌ستی لیبَدرێت و
 نه‌شكێنرێت….
 بۆیه‌ ده‌ڵێم لۆمه‌م مه‌كه‌….
 كه‌ناوێرم … ده‌ستم بده‌م له‌ده‌ستی تۆ..
چونكه‌ لای من …. تۆ… هێشتاكه‌ …
زۆر له‌ شووشه‌ ناسكتری……

 

 2/8/2010(شاره‌زوور)
 

 

Previous
Next

Leave a Reply