Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

به‌ کورتی….. ڕووناك شوانی

Comment
by January 6, 2009 جینۆساید

 به‌ کورتی….. ڕووناك شوانی
 
 په‌رله‌مانی کوردستان، داوای ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌ حکومه‌تی هه‌رێم کرد سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵهاتنی تاوانبارێکی سه‌ره‌کی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌(فڕۆکه‌وان تاریق مه‌حه‌مه‌د). ئه‌مه‌ داخوازییه‌کی ڕه‌وای په‌رله‌مان و خه‌ڵکی کوردستانیشه‌، که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان له‌ ژێر هه‌ر ناوێك و پله‌یه‌کدا‌ تاوانیان له‌ دژی خه‌ڵك کردووه‌‌ بهێنرێنه‌ به‌رده‌م دادگا و به‌ پێی یاسا و قه‌باره‌ی تاوانه‌کانیان سزا بدرێن. ده‌ربازکردن یان حه‌شاردانی هه‌ر تاوانبارێك له‌و تاوانبارانه‌ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌یه‌ که‌ به‌ یاسا و دادگادا بۆ جیهانی ده‌سه‌لمێنێت که‌ ئێمه‌یش هه‌روه‌کو جووله‌که‌ و ئه‌رمه‌ن به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ هه‌وڵی قڕکردنمان دراوه و، به‌ڵگه‌کانی مێژووی جینۆسایدی کوردی پی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کرێت. ئه‌م شاردنه‌وه‌یه‌ش، ئه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و خاوه‌نی ئه‌و سکانداڵه‌یش ده‌چێته‌ ڕیزی ئه‌و تاوانبارانه‌وه‌ و به‌ پێێ یاسا ده‌بێت دادگایی بکرێت. هه‌ڵهاتن یان ده‌ربازکردنی تاریق مه‌حه‌مه‌د ئه‌و هه‌واڵه‌ بوو که‌ هه‌موومانی هه‌ژاند به‌ تایبه‌تیش خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی بریندار. ئه‌و لایه‌ن و ده‌زگایه‌ی که‌ ناوبراوی له‌لابووه‌ به‌رپرسی یه‌که‌مه‌ له‌ پاراستنی ئه‌و به‌ڵگه‌ زیندووه،‌ و پێویسته‌ وه‌ڵامده‌ری پرسیاره‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بێت. گه‌ر ناوبراو هه‌ڵهاتووه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ له‌ کاتی خۆیدا به‌ به‌یاننامه‌یه‌کی فه‌رمی جه‌ماوه‌ری لێ ئاگادار بکردایه‌ته‌وه‌، چونکه‌ خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌نی ئه‌و پرسه‌ن و ئاماده‌بوونی ئه‌و تاوانباره‌ له‌ به‌رده‌م دادگا به‌ڵگه‌یه‌کی زیندوو و به‌ سوود ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی دادگا و پڕۆسه‌ی دادگاییه‌که‌. داواکارییه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ پاش فشارێکی زۆری خه‌ڵکی کوردستان ده‌رچوو، هه‌نگاوێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان‌ باوه‌ڕ و ئیعتیباری خۆی له‌ به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستان به ‌ده‌ست بهێنێته‌وه.‌   به‌ دواداچوونی گه‌رم و گوڕ له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ هه‌نگاوی دووه‌مه‌ و هه‌تاوه‌کو ڕاستییه‌کان بۆ جه‌ماوه‌ر ڕوون ده‌بێته‌وه‌ و شوێنی ئه‌و شایه‌دحاڵه‌ ئاشکرا ده‌کرێت. کارێکی گه‌لێك سه‌ختیش نییه‌ که‌ له‌ هه‌ر کونجێکی دنیادا بێت له‌ ڕێگه‌ی پۆلیسی ئینته‌رپۆله‌وه‌ بهێنرێته‌وه‌ به‌رده‌م دادگا و گوێبیستی قسه‌کانی بین. خۆ ئێستایش جووه‌کان‌ و ئه‌رمه‌نه‌کان کون به‌ کونی دنیا ده‌گه‌ڕێن هه‌ر تاوانبارێکی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن بدۆزنه‌وه‌ ئه‌یانهێننه‌ به‌رده‌م دادگا و، به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ مێژووی کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌یان زیاد ئه‌که‌ن.‌‌ خه‌مساردی کورد به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردیشه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر کێشه‌ مێژوویی و چاره‌نوسسازه‌کانی،  گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێکی ترسناك به‌ ڕاده‌یه‌ك که‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئازادکردنی کوردستان چه‌ندین سه‌ره‌ك جاش و ئه‌فسه‌ری‌ تاوانباری ئه‌نفال ، له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌ حه‌شاردران، پاشان تاوانبارێکی وه‌کو سوڵتان هاشم که‌ به‌ یاسا له‌ دادگادا تاوانه‌که‌ی به‌ سه‌ردا سه‌پا، به‌ ئاشکرا و له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسی سیاسی کورده‌وه‌ پاکانه‌ی بۆ بکرێت، ئه‌مڕۆ تاوانبارێکی گه‌وره‌ی وه‌کو تاریق ڕه‌مه‌زانی فڕۆکه‌وانی یه‌کێك له‌و تاوانه‌ مه‌زنانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد کراوه به‌و ئاسانیه‌ ڕێگه‌ بۆ هه‌ڵهاتنی خۆشده‌کرێت‌، که‌واته‌ کێ پارێزه‌ر و به‌رگریکاری مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌؟؟  چۆن جاریکی دیکه‌ بچینه‌وه‌ به‌رده‌م سنووقی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ به‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان بده‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ك حیزب و نوێنه‌ره‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ حکومه‌تی ئێراقدا چاو له‌و هه‌موو تاوان و تاوانبارانه‌‌ بپۆشن که‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرێت؟؟.
 
 1/1/2009 ستۆکهۆڵم
 
 

Previous
Next

Leave a Reply