Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

به‌ گه‌وره‌یی فێره‌ عه‌شق بووم

Be First!
by January 6, 2011 ئەدەب

له‌شه‌وه‌جوانه‌كانی خه‌زاندا
قومێ‌ مه‌ستیم بۆ ماوه‌ته‌وه‌
له‌ئافه‌ریده‌ی  ئاسمانه‌ قوڵه‌كاندا
رۆحێكی ته‌زیوم بۆ ماوه‌ته‌وه‌
له‌نێو  خه‌یاڵه‌ سه‌ركه‌شه‌كانمدا
هه‌ناسه‌ وه‌ریوه‌كانی تۆم بۆماوه‌ته‌وه‌
له‌ئه‌لبومی یادگاره‌ سڕه‌كانمدا
چه‌ند وێنه‌یه‌كی ته‌ڵخم بۆماوه‌ته‌وه‌
له‌نه‌ستمدا ئه‌فسانه‌ی زینده‌خه‌ونه‌كانی
باوكمم بۆماوه‌ته‌وه‌
كه‌ویستی چه‌ند ژنێ بهێنێ‌ نه‌یتوانی
كه‌ویستی چه‌ند حه‌جێ بكات نه‌یتوانی
له‌خانوه‌داڕوخاوه‌كه‌ی كانێسكاندا
دایكێكم بۆماوه‌ته‌وه‌
كه‌ویستی باوكم زاڵم نه‌بێ نه‌یتوانی
كه‌ویستی كوڕه‌كه‌ی شه‌هید نه‌بێ‌ نه‌یتوانی
كه‌ویستی به‌درێژای ڕۆژگار ڕه‌ش پۆش نه‌بێ‌ نه‌یتوانی
*****
له‌نێو خه‌یاڵه‌خه‌سته‌كانی باوكم و
فرمێسكه‌ ته‌ڕه‌كانی دایكما گه‌وره‌ بووم
گه‌وره‌بووم و به‌كامی دڵ
له‌سه‌ربانه‌ نزمه‌كانی  كانێسكاندا
بازبازێنم نه‌كرد
له‌سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌یدا مه‌له‌م نه‌كرد
له‌كۆڵانه‌ تاریكه‌كانیا چاوشاركێم نه‌كرد
گه‌وره‌ بووم و هیچم نه‌كرد
*****
به‌گه‌وره‌یی فێره‌ ئه‌شق بووم
كه‌ئاشنایی هیچ باوه‌شێكی پڕسۆز نه‌بووم
به‌گه‌وره‌یی فێره‌ ئه‌شق بووم
له‌كاتیًكدا نه‌تامی ماچ و نه‌تامی ژوان و
نه‌تامی دیدارم ده‌زانی
من تامی یه‌ك شت ده‌زانم
ئه‌ویش گریانه‌ ..گریان

شیعری: عه‌باس ساڵح

Previous
Next

Leave a Reply