بوش و پێڵاو
بوش و پێڵاو
کاوه ئه‌مین
کاتێک ئه‌مریکا عێراقی داگیرکرد، زۆرکه‌س پێێان وابوو که عێراق ده‌بێته ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی دیموکراتی به‌سه‌ر هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ده‌نگی ده‌هۆڵی پرۆژه‌ی دیموکراتی ئه‌مریکا گوێی دنیایی که‌ڕ کرد. کورد له هه‌موو که‌س زیاتر فووی به جوزه‌له‌ی ئه‌مریکادا کرد و هێنده هه‌ڵپه‌ری تا خۆی هیلاک و ماندوکرد. له شێخ و مه‌لا و ئاغا و خوینده‌واره‌وه بگره هه‌تا سیاسی به ئیسلامی و کۆمۆنیسته‌وه تا ده‌گاته نه‌ته‌وه‌یی و نانه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت دز و جه‌رده‌کانیش له کوردستاندا که‌وتنه پیاهه‌ڵدان به شان و باڵی ئه‌مریکادا. دوکتۆر مه‌حموود عوسمان ڕاستی وتووه که ده‌ڵیت: هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر ئه‌مریکا هێنده‌ی کورد خه‌ڵکی له خۆی نه‌کردووه به دوژمن، که‌چی ئه‌مریکا هه‌ر دوژمنه‌کانی کورد ده‌لاوێنێته‌وه. سه‌ربازانی ئه‌مریکی به چه‌ک و پۆستاڵه‌وه ده‌که‌وتنه نێو زانستگاکانی کوردستان، له جیاتی به‌ردباران، گوڵباران ده‌کران!
دۆستی دێرینی ئه‌مریکا، تورکیا و دوژمنی گوایه سه‌رسه‌ختی هه‌ر ئه‌مریکا، ئێران، ڕۆژانه گوند و شاخه‌کانی کوردستان بۆردومان ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌مریکا به وشه‌یه‌کیش ناڕه‌زایی ده‌رنابڕێت. که‌رکووک بووه قووربانی سیاسه‌تی نه‌وتپه‌رستی ئه‌مریکا. مالیکی به به‌رجاوی ئه‌مریکاوه سووکایه‌تی دنیا به کورد ده‌کات و ته‌نانه‌ت خه‌ریکه فه‌رخه دیکتاتۆرێکی وه‌کو سه‌ددامی لێ ده‌رده‌چێت و به ئاره‌زه‌وی خۆی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا ده‌به‌ستێت بۆ لێدانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد له باکوور، که‌چی کوردی باشوور وه‌کو ئه‌وه‌ی نوشته‌یان لێ کرابێت باکیان نییه، ئۆباما بێته سه‌ر حکووم و جۆرج بوش پێڵاوباران بکرێت له چه‌پڵه‌ڕێزانی خۆیان ناکه‌ون بۆ ئه‌مریکا.
پێڵاوه‌کانی مونته‌زه‌ر زوبه‌یدی بوون به مانشێت و یه‌که‌مین سه‌رنووچه‌ی هه‌موو ئاژانسه خه‌به‌رییه‌کانی دنیا و هه‌ریه‌که‌و به شێوه‌یه‌ک شیکردنه‌وه‌یان بۆ کرد و زۆرێ نه‌برد کرایه فیلمی کارتۆنی گاڵته ئامێز و ته‌نانه‌ت جۆرج ده‌بلیوو بوش خۆیشی به کارێکی ئاسایی ناوی برد، ئه‌گه‌رچی لاپه‌ره‌یه‌کی ڕه‌شیش بێت له لاپه‌ره ڕه‌شه‌کانی ژیانی سیاسی ئه‌و کابرایه.
به‌ڵام له‌مه‌شیاندا کورد یه‌که‌م بوو و له ئه‌مریکاییه‌کان زیاتر دیفاعی له بوش کرد و ته‌نانه‌ت نه‌قابه‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان به‌یانیان ده‌رکرد و له جیاتی هه‌موو دنیا فارس وته‌نی"شه‌رمه‌نده"بوون و فه‌رموویان ئه‌مه کاری ڕۆژنامه‌نووس نییه، به‌ڵام ئه‌وه دوو ساڵه ئێران و تورکیا، نه‌ک که‌وشه‌کانیان به‌ڵکو بۆمب و کیمیاویشیان کێشا به‌سه‌ری کورددا، که‌چی ئه‌و نه‌قابه کوردییه به‌یانێکیان ده‌رنه‌کرد. سه‌یره نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌و سووکایه‌تیانه‌ی که به‌خۆی ده‌کرێت شه‌رم داینه‌گرێت به‌ڵام بۆ جۆرج بوشێک که به‌رپرسه له خوێنی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ و خۆیشی نکۆڵی لێ ناکات، کورد ببێته محامی. جۆرج بوش به ده‌می خۆی ده‌ڵێت له ماوه‌ی هه‌شت ساڵ ده‌سته‌ڵاتدارێتی دا، ڕۆژ نه‌بوو ئینجیلی پیرۆز نه‌خوێنمه‌وه و ئارامیم پێ نه‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆلکه مه‌لایه‌کی کورد دوو ڕکات نوێژی زیاده بکات، ده‌یان فه‌مینسیت و هه‌لپه‌رستی کوردی لێپه‌یدا ده‌بێت و مۆرکی دواکه‌وتووی و کۆنپه‌رستی پێوه ده‌نێن، کاتێکیش به‌و فمێنیسته درۆزن و هه‌لپه‌رستانه‌ی کوردیش ده‌ڵێت خانم پێناسه‌ی کۆنه‌په‌رستی چییه ده‌میان ده‌بێت به ته‌ڵه‌ی ته‌قیوه‌وه و یه‌کسه‌ر نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی جۆرج بوش ده‌که‌ن و ده‌ڵێن فریادره‌سی ژنان، هاواره، فریامان که‌وه.
پێڵاوه‌کانی مونته‌زه‌ر زوبه‌یدی و جۆرج ده‌بلیوو بوش‌یش وه‌کو هه‌رشتێکی دیکه ده‌بن به مێژوو، له بیرمان نه‌چێت ڕه‌نگه به درێژایی ئه‌م ده ساڵه‌ی دوایی رۆژنامه‌کانی ئه‌مریکایی "هاوپه‌یمانی کورد"، هێنده‌ی پێڵاوه‌کانی مونته‌زه‌ریان له‌سه‌ر کورد نه‌نووسیبێت، به‌لام دڵنیام که هێنده‌ی هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌نووسانی کورد دڵده‌نگ بوون به‌و ڕووداوه، هێنده به بۆردومانکردنه‌کانی تورکیا و ئێران نیگه‌ران نه‌بوون، چش با من یه‌که‌مین کوردم که ده‌ڵێم ده‌ستخۆش، کاشکی پێڵاوێکیان به‌ر مالیکی و یه‌کێکیشیان به‌ر ته‌وێڵی بوش بکه‌وتایه.