Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بۆیە سەیر ئەڕۆم …  نەوزاد بەندی

بۆیە سەیر ئەڕۆم … نەوزاد بەندی

Closed
by April 13, 2012 هۆنراوە

 

کە دێمە پێشێ
یەک هەنگاو
دوو هەنگاو
سێ هەنگاو
ئەگەر تۆ هەر ڕاوەستابی ، بێ جوڵە ،
من ئەگەڕێمەوە بۆ تەنیایی …
کە بە کیبۆرد ئەنوسم
یەک ڕستە
دوو ڕستە
سێ ڕستە
ئەگەر تۆ وشەیەک نەنوسی ،
ئیتر تەنیایی ئیشێکی گرنگی پێمە و
ئەبێ بڕۆم …
( من تۆم خۆش ئەوێ ..
بەڵام کەی ؟
لە دوای وەقتی ئیزافی ..
لە دوای سافیرەی حەکەم ..
لە دوای تەواو بوونی ئێکسپایەر دەیت ..
ئازیزەکەم ،
خۆشەویستیەکەمان بۆنساردی لێ دێ ..
هەستی پێناکەی ؟
یان تۆیش ئینحیرافت لە کۆڵەکەی لووتا هەیە و
بە منداڵی کەوتووی .. ؟
خۆشەویستیەکەمان ژەنگی هەڵهێناوە ..
یان تۆیش وەکو من ،
بە یادی بیست – سی ساڵ پێش ئێستا
لە نێوان پەیجەکانی ئینتەرنێتا لێی خەوتووی .. ؟
خۆشم ئەوێی ..
لە دوای ئەوەی هەموو فارگۆنەکانی خۆشەویستی ،
بەبەردەم ماڵماندا تێپەڕین و
بێجگە لە چەند تارماییەک ،
کەسێکی لێ دانەبەزی …
دەستم خستە ناو پشکۆکانی کانون و
سەری پەنجەکانم ..تەزی ..
ئەزانی چەندێک ئەترسم
تیمی پاراستنی ژینگە ،
ئەم عەشقە ئێکسپایەرە ،
کەشف کەن و
لەبەردەم عەدەسەی تیڤیەکان
ب ی س و ت ێ ن ن ؟؟!
ئەزانی چەندێک ئەترسم
تیمی کوردستانێکی سەوز
ئەم گوڵە ژەنگاوی و کۆنە ،
کەشف کەن و
لەگەڵ وتارێکی درێژ
ب ی ژ ا ک ێ ن ن ؟؟!
عاجز مەبە زۆر سەیر ئەڕۆم ..
کە ئەبینم زریزەی هەنگاوەکانمان
یەک دانیشیان ، تێکەڵ نابن ..
تێکەڵیش بن ،
وەک تەقەڵی خەیاتێکی ناشارەزان ..
من لە ناکاو دیار نامێنم ..
وەکو گەڵای
نیوە زەرد و نیوە سەوز و ..
نیوە وشک و
نیوە تەڕی
وەرزی خەزان

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.