Skip to Content

Saturday, October 16th, 2021

بۆ ئـه‌وه‌ی ئـه‌زمـوونـه‌کانی داهاتووی وانـه‌ی زمانی ئینگلیزی بـه‌ ده‌ردی پار نـه‌چن!

Be First!
by September 13, 2010 گشتی

هه‌رچه‌نده‌، خۆشبه‌ختانه‌، ئیمرۆ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، فه‌رمانگه‌ێکی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌کتیف ، به‌ ناوی ( به‌رێوه‌نه‌رایه‌تی گشتی ئه‌زموونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ) ده‌ستبه‌کاره‌و  سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م ئیش وکاری ئه‌زموونه‌کانی خوێندگاکانی کوردستان ده‌کا و ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تێکی پیرۆزو مه‌زنی به‌کۆڵی خۆی داداوه‌. که‌م ساڵ هه‌یه‌، له‌سه‌روبه‌ندی تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌ری ساڵدا،  هێندی کێشه‌و ده‌رده‌سه‌ری لابه‌لا ، ده‌ستویاخه‌ی خوێندکارو وه‌لی ئه‌مری خوێندکارو ته‌نانه‌ت مامۆستاو داموده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌ ، له‌ وه‌زیره‌وه‌ تا گزیر، نه‌گرێ. ئه‌ویش، بێگومان ده‌ره‌نجامی ئه‌و که‌موکوڕی و بێسه‌روبه‌رییه‌ که‌ له‌ پرسیاره‌کانی بابه‌تێک یان چه‌ند بابه‌تێکی ئه‌زموونی سه‌ری ساڵاندا – به‌تایبه‌تی قۆناغی شه‌شه‌می ئاماده‌یی-  به‌رچاوده‌که‌وێ.

نامه‌وێ، کۆنه‌ برینان بکولێنمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر بۆ نمونه‌،  به‌په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ڵێم ، ساڵی خوێندنی پار (2009-2010) ساڵی نه‌هامه‌تی بابه‌تی زمانی ئینگلیزی بوو، له‌  ئه‌زموونی کۆتایی سه‌ری ساڵدا:
که‌ به‌ پرسیاره‌کانی بابه‌تی زمانی ئینگلیزی- خولی یه‌که‌م- پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ی داچوومه‌وه‌ ، سه‌رنجم دا (دوانزده‌) هه‌ڵه‌ی تێدایه‌- که‌ به‌هه‌ڵه‌ی دانه‌ری پرسیاره‌کان داده‌ندرێن- . ئه‌م هه‌ڵه‌یانه‌ له‌نێوان  (5) تا (7) نمره‌ ، بی سووچوقه‌باعه‌ت، ‌له‌  خوێندکار داده‌شکێنێ و مایه‌پووچی ده‌کا، چونکه‌، وه‌ک نمونه‌: پرسیار داوی شتێ له‌خوێندکار ده‌کا که‌  له‌ناوپرسیاره‌که‌دا بیدۆزێته‌وه‌ ، که‌ ئه‌و شته‌، له‌ ناو پرسیاره‌که‌دا هه‌روجودی نییه‌. هه‌مووتان له‌ رۆژگارێکدا خوێندکار بوون وهه‌ست به‌و نارحه‌تی و په‌شۆکاویه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌دا، له‌م جۆره‌حاڵه‌ته‌دا ، به‌سه‌ر خوێندکار دادێ. جگه‌ له‌مه‌ش، ئه‌زموون، به‌ها و نرخه‌ زانستییه‌که‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دا، گه‌ر نه‌یتوانی راستگۆیانه‌ تواناو زانیاری خوێندکار هه‌ڵسه‌گێنێ. { که‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیارێکی بابه‌ته‌که‌م پرسی: چۆن دادپه‌روه‌رانه‌ چاره‌ی  ئه‌و کێشه‌یان کرد بوو، گووتی وه‌ک به‌خشیش و شاگردانه‌، نمره‌ی پرسیاره‌ هه‌ڵه‌کانمان ، به‌سه‌ر خوێندکاره‌کاندا به‌شیه‌وه‌.} واتا، هیچ خوێندکارێ نمره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی پێنه‌درا، گه‌نم وزیوان به‌یه‌ک نرخ فرۆشان.

له‌ شێوه‌ی چاپکردنی پرسیاره‌کاندا، بۆ که‌سانی شاره‌زای  بواری تایپکردن روون وئاشکرا بوو، که‌ ئه‌و تایپسته‌ی، پرسیاره‌کانی پرنت کردبوو، زۆر هه‌ژارو کۆڵه‌وار بووه‌ له‌زانیاری وپرکتیزه‌کردی تایپی زمانی ئینگلیزی. ده‌نا له‌ پرنت کردنی (137) دێری کورت کورتدا، پتر له‌ (55) هه‌ڵه‌ی نه‌ده‌کرد. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵه‌کان زۆربه‌یان خاڵبه‌ندی بوون و ناوه‌روکی پرسیاره‌کایان نه‌شێواند بوو، به‌ڵام ئیمرو تایپکردن زانسته‌و نه‌خشه‌و رێنمای خۆی ده‌بێ ره‌چاوبکرێ. هه‌ر خۆێنه‌رێکی شاره‌زا ئه‌م پرسیارانه‌ ، بخوێنێته‌وه‌، توانای تایپسته‌که‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
هه‌ر چه‌نده‌  ژماره‌ی خوێندکارانی پولی شه‌شه‌می ئاماده‌یی ، له‌شکرێک بوون، له‌ چاو ژماره‌ی خوێندکارانی پیشه‌یی، به‌ڵام که‌موکوڕی پرسیاره‌کانیان، وه‌ک کێشه‌که‌ی پرسیاری ئه‌زموونی ئاماده‌یی پیشه‌ی- به‌شی  بازرکانی ، سه‌داو ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوو. کاتێ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵآو بۆوه‌، که‌ پرسیارو وه‌ڵامی ئه‌زموونی زمانی  ئینگلیزی- ئاماده‌یی بازرگانی، به‌یه‌که‌وه‌و له‌ سه‌ر هه‌مان ڵاپه‌ره‌ تۆمارکراوه‌ و به‌سه‌ر خوێندکارانیشدا به‌شراوه‌ته‌وه‌، خه‌به‌ره‌که‌ هه‌موو کوردستانی گرته‌وه‌و بوو به‌ بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌رزاری میدیاکان، تا کار گه‌یشته‌  ناڕه‌زایی وخۆپێشاندانی خوێندکاران ودووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌.

جا، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی زمانی ئینگلیزی هه‌موو قۆناغه‌ چاره‌نووسه‌کان، زانستانه‌ دارشترێن و شاره‌زایانه‌ تایپبکرێن و به‌ پۆشته‌وپه‌رداغی بگه‌نه‌ به‌رچاوی ئه‌زموونکه‌رو، به‌ جواترین شێواز پێشکه‌ش به‌خوێندکاران  بکرێن، پێشنیارێک ده‌خه‌مه‌ به‌ر چاوی به‌رپرسیارانی ئه‌زموونه‌کان:

به‌ تێگه‌یشتنی من- وه‌ک مامۆستاێکی سی ساڵ شاره‌زای ئه‌م بواره‌- هۆی کێشه‌کانی ئه‌زموونی زمانی ئینگلیزی  سێ کوچکه‌ێکی به‌یه‌که‌وه‌ به‌ستراوه‌: 1. پرسیار دانه‌ر، 2. سه‌رپه‌رشتێاری پرسیار 3،. تایپ یان پرنت کردنی پرسیار.

چاره‌سه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ، که‌ پێویسته‌ له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئه‌زموونه‌کان، مامۆستاێکی پسپوری به‌توناو شاره‌زا هه‌بێ بۆ بابه‌تی زمانی ئینگلیزی، به‌پێی زانیاری من، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌، پسپۆری بابه‌تی زمانی ئینگلیزی له‌م فه‌رمانگه‌یه‌دا وجودی نییه‌. له‌کاتێکدا، به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌ڵێم، خۆشبه‌ختانه‌، له‌کوردستان ، هه‌مووده‌م، زۆرن ئه‌م مامۆستایانه‌ی له‌ لوتکه‌ی بلیمه‌تی و پسپوری و شاره‌زایی دان له‌ کاره‌که‌یانداو هێنده‌ قورس وبه‌ ئه‌مه‌کن ، که‌پیاو ده‌توانێ . ئه‌مانه‌ت و په‌رپرسیاریه‌تی مه‌ترسیداریان بخاته‌ به‌رده‌ست.
ئه‌و پسپۆره‌ی که‌ ده‌بێ مه‌سئولیه‌تی ئه‌زموونی زمانی ئینگلیزی بگرێته‌ئه‌ستو ، پێویسته‌ ئه‌م قابیلیه‌ت و سیفه‌تانه‌ی تێدا هه‌بێ:
1. شاره‌زایی له‌ پرۆگرامی خوێندنی زمانی ئینگلیزی هه‌رهه‌موو قۆناغه‌کاندا هه‌بێ، رۆژانه‌ له‌گه‌ڵیاندا بژی و ئاگاداری گۆرانکارییه‌کان بێت.
2. جێگای متمانه‌و ده‌ستپاکی و هه‌ڵگرتنی مه‌سئولیه‌ت بێ.
3. شاره‌زایی باشی هه‌بێ له‌تایپکردن و پرنت کردن و زانیاری کۆمپیوته‌ر.

دوای ئه‌وه‌ی پرسیاردانه‌ران، پرسیاره‌که‌ ده‌گه‌ێنێته‌ ده‌ست سه‌رپه‌رشتیاری بابه‌تی زمانی ئینگلیزی – ئه‌زمووه‌کان، ئه‌و به‌چاوی ره‌خنه‌وه‌، وورد وورد ، خاڵ به‌خاڵ ، کۆمه‌ به ‌کۆمه‌، ده‌یخوێنێته‌وه و‌ له‌سه‌ره‌دوبێژێنگی ده‌دا، دوای بریاری کۆتایی، بۆ خۆی ، به‌ده‌ستی خۆی پرسیاره‌کان تایپده‌کاو یه‌ک دانه‌، ڕاده‌کێشێ و دیسان زۆر به‌ووردی مراجه‌عه‌ی ده‌کاته‌وه‌، کاتێ دڵنیابوو ، که‌ به‌رهه‌مه‌که‌ی  باشه‌و ته‌واووته‌کمیله‌، ژماره‌ی پێویست بۆ ئه‌زموونی کۆتایی راده‌کێشرێت، هه‌ر به‌ سه‌رپه‌رشتی خۆی، هه‌ر وه‌ختێ، له‌کاتی راکێشانی پرسیاره‌کاندا، یه‌ک کۆپی خراپ و پیس و شێواوی به‌ر چاو که‌وت، ده‌بێ دووری خاته‌وه. تا جواترین و پاکترین په‌ره‌ی پرسیار بگاته‌ به‌رده‌ست خوێندکاره‌کانمان.

ئه‌سا، گه‌ر هه‌ر که‌م وکوڕی وهه‌ڵه‌یه‌ک و بێسه‌روبه‌رێک له‌ پرسیاره‌کان و ئه‌زموونی زمانی ئینگلیزی روویدا، ئه‌وه‌، راسته‌وخۆ، به‌ریوه‌به‌رایه‌تی ئه‌زموونه‌کان و لایه‌نی به‌ر پرس ، یاخه‌ی پسپۆڕی سه‌رپه‌رشتیاری زمانی ئینگلیزی ده‌گرن و که‌سی تر له‌م کێشمه‌کێشه‌ به‌رپرس نابێ.

به‌هیوای ئه‌زموونێک ،  ئاوێنه‌ی توانای ئه‌زموونکار بێ!
fzgaedi@yahoo.com‌

 

Previous
Next

Leave a Reply