Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بێدەنگی و كۆتایی گەمە … كامەران سوبحان

بێدەنگی و كۆتایی گەمە … كامەران سوبحان

Closed
by February 8, 2008 گشتی

 بێدەنگی، یەكێكە لە ڕەگەزە دیارەكانی ڕیتمی شانۆی مۆدێرن، لە شانۆی هاوچەرخ و لە ئەدەبیاتی شانۆی پوچگەرادا، كە باس لە بێدەنگی دەكرێت، بیكێت یەكێكە لەو نووسەرانەی زۆرترین تیشكی لەسەرە. پاش خوێندنەوەی زیاتر لە دە تێكستی ئەم نووسەرە، دیارترین ڕەگەزێك كە وەك سیماو تایبەتمەندی بیكێت بیناسم و لە هیچ نووسەرێكی تردا ئەو ڕەگەزە نەبینم، بێدەنگییە، بەجۆرێك گەر خوێنەرێكی ئاسایی یەكێك لە دەقەكانی بیكێت بخوێنێتەوە، بەبێ باكگراوەندێك لەسەر ئەو نووسەرە، بێدەنگییەكانی نێو دەقەكە بێزاری دەكەن.. دەقی (كۆتایی گەمە) دوای دەقی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) دیارترین دەقی بیكێتە. ئەم دەقە زۆرترین بێدەنگیی تێدایە، بێدەنگییەكی پڕ لە مانا، بێدەنگییەكی تا سەرئێسقان نائومێدانە، بێدەنگییەك جگە لە مردن هیچ بۆنێكی تری لێنایەت. دە ساڵ لەمەوبەر ئەم دەقەم بەنیازی خستنە سەر تەختەی شانۆ خوێندەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو خوێندنەوەیەو پلانی دەرهێنانی هەر لە بواری تیۆرییدا ماوەتەوە، لەم ڕۆژانەشدا كاتێك بە زمانی كوردی وەرگێڕانەكەی (مستەفا قەسیم)م خوێندەوە، كە لە فەڕەنسییەوە وەریگێڕاوەو لە زنجیرەی شانۆیی دەزگای ئاراسەوەو بڵاوكراوەتەوەو دانا ڕەئوف پێشەكییەكی جوانی بۆ نووسیوە، هەندێ هێڵی نوێی كاركردنم تێدا دۆزییەوە. بەتایبەتی كاتێك دەبینم (هام و كلۆف) وێنەی دوو كاراكتەرمان پێنیشان دەدەن لەسەر شانۆییەكی ڕووت و قووت، كە بەردەوام ناتوانن پێكەوە هەڵكەن و بەبێ یەكتریش هەڵناكەن! هام لە سەرەتاوە تا كۆتایی بە دوو چاوی كوێرەوە لەسەر كورسییەك دانیشتووەو بۆ تەنها جارێكیش لەسەر كورسییەكە بەرزنابێتەوە، كلۆفیش بەدرێژایی نمایشەكە دانانیشێت و بەپێوەیە، هام خاوەن دەسەڵاتەو نمایندەی دەسەڵاتێكی كوێر دەكات، كلۆف هەرگیز دانانیشێت و نمایندەی كۆیلایەتییەكی كوێرانە دەكات. فەلسەفەی ئەم نمایشە، ئەو بێدەنگییەیە كە بەردەوام وەك باوەڕێكی نەرجسیانەی هام سەرتاپای یارییەكە بە ململانێیەكی بێهیواییانە دەنەخشێنێت. گەمەكە لە نادڵنییاییەكانی مرۆڤ دەدوێت، لەناو شەڕە ماڵوێرانكەرەكاندا، كارەكتەرەكانی (كۆتایی گەمە) سكێچی ناوەوەی كۆمەڵگەیەكی مردووی دوای شەڕمان بۆ دەنەخشێنن. ئەوەی ڕیتواڵەكانی ئەم شێوازە شانۆییانە زیاتر لە ئێمە نزیكدەكاتەوە، نزیكیی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و لێكچوونی نێوان (ڕووداو، كارەكتەر، ژینگە)ی ئەو نمایشانەو ژیانی ئێمەیە، نمایشەكە وێنەیەكی پوچگەرانەی دوای جەنگی جیهانی دووەم نیشاندەدات، ئەو وێنانەی كە برسێتی، بێهیوایی، هەژاری نەمانی بەها پیرۆزەكانی مرۆڤ، كەمیی خزمەتگوزارییەكانی ئەو قۆناغەی ئەوروپا دەخاتە ڕوو، بەراورد بە قۆناغی ئێستای ئێمە كە هەمان ئەو چەمكانە ئامادەییان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم دوو قۆناغە لێك جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە هەموو ئەو بێهیوایی و هەژاری و برسێتییە لە ئەوروپا، شێوازێكی نوێی لە نووسین بەرهەمهێنا، كە تا هەنووكە دیارترین ڕێبازو شێوازی كاریگەریی شانۆییەو ناو دەبرێت بە شانۆی پوچگەرا، لای ئێمەش هەموو ئەو چەمكانە جگە لە بێدەنگییەكی بێمانا، هیچ تێكستێكی نوێی دانەهێنا، كە قۆناغی ئێستاو پێش ئێستا لەیەكتر جیابكاتەوە.

 kameransubhan@yahoo.com

 *گۆشەیەكی تایبەتە، دوو هەفتە جارێك كامەران سوبحان، لەئەدەب و هونەریی كوردستانی نوێ دەینوسێت.
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.