بێ مۆراڵ بووین … هێمن عــوسمان عه‌بدوڵڵا
كتێبه‌كانم ڕێك ده‌كرد
قسه‌ی كتێبفرشییه‌كه‌م هاته‌وه یاد
ووتی :- كتێبت بۆ چییه؟
شه‌قم تێ هه‌ڵدان و ، هێندێكیم سووتاند
هێندێكم له‌ته‌والێته‌كه بۆ قن سڕین دانا
هێندێكم لێدایه براكه‌م تا بۆ برازاكه‌می بكاته دایبی
هێندیكم لێدایه گۆڵه به‌ڕۆژ و پاقله فرۆشه‌كان
هێندێكی دیكه‌یشی به‌سه‌ر منداڵان به‌ش ده‌كه‌م تا بیكه‌نه كۆلاره
كه‌مێك دڵخۆش ببن
خوشكێك و ، سێ برا و ، دایك و ، باوكێكین
زۆر ده‌خوێنینه‌وه
دایكم به دوو ڕۆژ و ، سێ ڕۆژ ، به‌دیار میوانه‌وه داده‌نیشێ
نان به‌ئێمه و میوانه‌كان نادا
باوكم دره‌نگانی شه‌و ، وه‌ك پۆله مه‌ل پیاو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێته‌وه
ده‌بێ ئێمه دوو ، دوو ، بچینه ژێر به‌تانییه‌ك و ژورێكه‌وه
ئاخر دایكم و ، باوكم خوێنه‌ر كتێبن
له‌ده‌وری كتێب خڕده‌بینه‌وه
سۆپاكه‌مان نه‌وتی تێدانامێنێ و ، به‌رمیله‌كان پڕن
كه‌س نه‌وت ناكاته سۆپاكانه‌وه
له‌شوێنی خۆمان ، به‌تانی به‌خۆماندا ده‌ده‌ین
دڵۆپێك ئاو له‌ماڵمان نامێنێ
هه‌ركه‌س بۆخۆی له مزگه‌وتێك مه‌سینه‌یه‌ك
پڕ ئاو ده‌كات و ، له‌ته‌نیشت خۆیه‌وه دایده‌نێ
له‌ترسی قاپ شۆرین كه‌س نان ئاماده‌ناكا
هه‌ركه‌س بۆ خۆی پڕ گیرفانی له ساندویچ ده‌كات و
به‌دیار خوێندنه‌وه وه ده‌یخۆین
ئاگر له‌ماڵی هاوسێ كه‌مان به‌رده‌بێ
بۆنی لاشه‌ی سوتاو خه‌ریكه كوێرمان ده‌كا
چاو له‌سه‌ر كتێبه‌كان بڵند ناكه‌ینه‌وه
دۆستێكمان ده‌مرێ
هه‌موو كۆده‌بینه‌وه ، نه‌ك بۆئه‌وه‌ی بچین بۆ پرسه‌كه‌ی
به‌ڵكو هزرده‌كه‌ین
گه‌ربچین زیانی خوێندنه‌وه‌مان پێده‌گا
به‌خزمانمان ووتوه گه‌ر نه‌هاتینه پرسه‌تان
زوویر مه‌بن چوونكه به‌خوێندنه‌وه سه‌رقاڵین
زۆر ده‌خوێنینه‌وه و
نازانین سه‌رۆكی ووڵات ناوی چییه ؟
نازانین سه‌رۆك وه‌زیران كێیه ؟
تیڤی و فه‌یسبووكمان نییه
ته‌نانه‌ت ناوی ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌كمان نازانین ؟
خوشكێك و ، سێ برا و ، دایك و ، باوكێكین
زۆر ده‌خوێنینه‌وه
هه‌میشه به‌دیار خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌وه
خه‌ومان لێكده‌كه‌وێ ، له‌یادمان ده‌چێ ده‌رگاكان كڵۆم بده‌ین
هه‌موو ڕۆژێ ده‌می خۆركه‌وتن له‌خه‌و ڕاده‌بین
فه‌رشه‌كه‌ی ژێریشمان نامێنێ
هه‌موو ڕۆژێ سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی خوێنه‌ری كتێب نین
به‌هاری 2012