Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

بێ ده‌وڵه‌تی باشتره‌ له‌ده‌وڵه‌تێكی بێ هێز

Be First!
by March 2, 2012 گشتی

به‌هاری عه‌ره‌بی ناتوانێ ڕێگربێت بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی
ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك خه‌بات بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یه‌ك ، به‌رده‌وامی كورد له‌ شۆڕشی ئاشتخوازی بۆ ڕزگاری نیشتمانه‌ پارچه‌كراوه‌كه‌ی سه‌روه‌ری و ئازادی كوردستانی باشووری لێكه‌وته‌وه‌ ، ماف ئه‌بێت بسه‌نرێ هه‌رگیزنادرێت ، دیاره‌ هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ده‌وڵه‌ت بوون بۆ به‌رزایی لوتكه‌كانی سه‌ربه‌خۆی ده‌ڕوات ، مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ باسی زۆرێك له‌نه‌هامه‌تیه‌كانی ده‌كات ، ئه‌م ئازادیه‌ی كه‌هه‌یه‌ پێویستی به‌كه‌سانی دیبلۆماتكار و سه‌ركرده‌ی ژیر و  فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ بۆ پاراستن و به‌ره‌پێش چوونی ئاستی ژیان و فراوان كردنی ئازادی ، هه‌ندێك له‌ ڕۆشنبیران و سیاسه‌ت مه‌داران به‌هه‌لێكی گونجاوی ده‌زانن كه‌له‌م ساته‌دا بانگه‌وازی حكومه‌تی كوردی ڕاگه‌یه‌نرێت ، هه‌ندێكی تریش به‌كارێكی مه‌ترسیداری ده‌زانێ ، بۆ ئه‌م پرسه‌و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی تری مێژوویی ، ئه‌ركی وه‌ڵامه‌كانمان خسته‌ به‌رده‌م زانای ئیسلام و نوسه‌ر و وه‌رگێڕو نیشامان په‌روه‌رو ئه‌ندامی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێز مه‌لا له‌تیف بامۆكی :

پ: وه‌ك زانایه‌كی ئاینی چی ئه‌ڵه‌یت بۆ مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ؟
هه‌ركاتێ كورد تۆزێ پشوبدات دوژمنه‌كانی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی دروشمی قورس و سه‌قه‌تی پیشان ئه‌دات ، ناتوانن كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، ده‌بنه‌ حه‌كیم زان بۆ كێشه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ ووشه‌ی كوردستان وه‌ك زاراوه‌ی جوگرافی ناتوانرێ بۆ كورد به‌ته‌نها ناو ببرێ ، چونكه‌ هه‌رێمێكه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ زلهێزه‌كانی ده‌وروبه‌ری تێدا جێگه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ، له‌مێژووه‌ پڕخوێناویه‌كه‌یدا ده‌یان جار شه‌ڕگه‌ی ناحه‌زان بووه‌ ، شوێنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفتی ڕژێمه‌كانی ده‌وروبه‌ر و ناكۆكی ئه‌ماره‌ته‌كان بوو ، چه‌ندین هه‌وڵ دراوه‌ بۆ ته‌عریب كردن و ته‌تریك ، ته‌فریس كردنی ، چه‌ندین جار ڕاوه‌ ئه‌مارات ، كوێخایی ، سه‌ركاری ، میرئاخوڕی ، سه‌ربازی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ ، به‌بێ دیاری كردنی هیچ مافێك و داد په‌روه‌ریه‌ك بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ته‌نانه‌ت قه‌ده‌غه‌بووه‌ بیر له‌ بچوكترین مافی بكاته‌وه‌ ، زۆربه‌ی كاره‌ سه‌پاوه‌ ناڕه‌واكان به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ كراوه‌ ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌ی ووتاری هه‌ینی به‌زمانی كوردی قه‌ده‌غه‌بووه‌ ، بۆ باس له‌وه‌ نه‌كه‌ین زۆربه‌ی ناوی گوند و چیاو ڕووباره‌كانی گۆڕیوه‌ بۆ سه‌رزمانی خۆیان ، ئه‌مه‌یه‌ زوڵم ئه‌وه‌یه‌ سته‌م كه‌كراوه‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن زه‌وی و مێژوو زمان و كلتور وخاوه‌ن فه‌رهه‌نگ ، هه‌موو پێویستیه‌كی ده‌وڵه‌تی هه‌بوو ته‌نها ژیان و ئازادی نه‌بێت .

پ : كه‌واته‌ كورد له‌ماڵی خۆیدا هه‌میشه‌ مه‌حرووم كراوه‌ بتوانێ وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر بژی ، ئه‌ی داد په‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامیه‌كان چی بووه‌ به‌رامبه‌ری ؟
كورد باشترین میلله‌تی موسوڵمان و ئیمانداره‌ پێشه‌وایانمان سه‌لماندویانه‌ ، نه‌له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌كان نه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان كورد هیچ سودێكی پێ نه‌گه‌شتووه‌ ته‌نها چاره‌نوسی كوشتن و بڕین بووه‌ ، ته‌نها دیاریه‌كیش پێیان دابێ زه‌ره‌رمه‌ندی و مردنی بێویژدانانه‌بووه‌ ، هه‌میشه‌ له‌قات قڕیدا ژیانی گوزه‌راندوه‌ ته‌نانه‌ت به‌شه‌هید كردنی ناوداران و سیاسه‌ت مه‌داران و تێكشكانی شۆڕشه‌كانیه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون ، ڕۆژانه‌ له‌سوتاندا بووه‌ وێران كردنی گونده‌كان كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ به‌گژیه‌كدادان دروستكردنی ئاسته‌نگ بۆ جوتیاران ،كرێكاران ، بازرگانه‌كان ، ته‌نانه‌ت دروستكردنی كێشه‌ بۆ خانه‌واده‌كان و شه‌ڕی یه‌كتر كوژی ، ماوه‌ نه‌دراوه‌ یه‌ك چركه‌ بحه‌وێته‌وه‌ ، ماڵ له‌خانه‌خوێ حه‌رام بووه‌ ، وه‌ك میوان حسابی بۆ كراوه‌ .

پ : بۆ پێت وایه‌ ده‌وروبه‌ر كێشه‌كانی خۆیان له‌ كوردستاندا بڕاندوه‌ته‌وه‌ ؟
ئاژاوه‌و كێشه‌نانه‌وه‌ بۆ میلله‌تێكی تر له‌ئه‌نجامی ململانێ یه‌كتردایه‌ زیاتر كوردیش سوته‌مه‌نی بووه‌ ، گرفته‌كانیان ڕه‌وانه‌ی كوردستان كردوه‌ هه‌میشه‌ باری ئابووریان لاواز كردوه‌ فه‌رمانڕه‌وایان به‌سه‌قه‌ت و پڕله‌گه‌نده‌ڵی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ بۆ نه‌هێشتنی نه‌فه‌سی ئازادی ، دروشمی سه‌ره‌كیان ته‌نها ئه‌وه‌ بووه‌ كورد ئازایه‌ هه‌تا ڕێژه‌ی هه‌ژاری به‌سه‌ردا زیاد بێت ڕووت و ڕه‌جاڵ بێ باشتر ڕام ده‌بێت ، بۆسه‌ید تۆش واده‌زانی ئه‌م ئه‌زمونه‌ له‌خۆوه‌ هاتوه‌ته‌ سه‌ر دێڕی ژیان ، دایمه‌ وایان سه‌رقاڵ كردووه‌ نه‌توانێ سه‌ری خۆی بخورێنێ ململانێكانی خۆیان به‌گژیه‌كدادانی كورد بڕاندوه‌ته‌وه‌ خۆشیان بینه‌ری ڕووداوه‌كان بوون  .
كاتێ كوردستانیان دابه‌شكرد ، بۆ دێنه‌وه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا هێلانه‌ بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن گوایه‌ گۆڕه‌پانێكی باشی سیاسیه‌ ؟
له‌خه‌لافه‌تی پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌دا و شۆڕشی لۆرانس و پیلانی گه‌لانی ئه‌وروپا بۆ پارچه‌كردنی خاكی گه‌لان ، خواردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان هه‌وڵیان داوه‌ قه‌واره‌ بۆ عه‌ره‌ب و تورك و فارس دروست بكه‌ن ، كوردستان كرایه‌ مه‌ولود  دابه‌شكرا به‌سه‌ریاندا ، ترسیان له‌م نه‌ته‌وه‌ی بووه‌ كه‌ قه‌واره‌ و كیانی سیاسی هه‌بێت ئه‌و دابه‌شكردنه‌ ناڕه‌وایه‌ له‌به‌ر دوو هۆكاربوه‌ : كورد گه‌رده‌وڵه‌تی هه‌بێت دراوسێكانی كێشه‌یان نامێنێ مل كه‌چی ( ئه‌نترۆپۆل ) نابن ، له‌لایه‌كی تروه‌ كورد بكرێته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌به‌رزیره‌كی و مه‌ردایه‌تی و وه‌فاداری و دڵسۆزی بۆ خاك ونه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ئاشتی و ئازادیدا ده‌ژی ، ته‌نانه‌ت وه‌ك ئه‌مڕۆ ده‌بینرێ هه‌وڵی ئاشته‌وای نه‌ته‌وه‌كانی تر ئه‌دات ماڵی كه‌س داگیرناكان خاكی خۆشی به‌كه‌س نادات ، ئه‌وه‌یه‌ ده‌رئه‌نجامی دانه‌براِنی له‌شۆڕشی ئازادی خوازێ ، له‌مساته‌دا ڕۆژئاوایه‌كان هه‌ستیان كردوه‌ ووڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیه‌كان ده‌وڵه‌ته‌كانیان ڕزیوكۆن و پیر و په‌كه‌وته‌و نه‌خۆش و كه‌م ئه‌ندام بوون ، ترسی ئه‌وه‌یان لێ ئه‌كرێت خۆیان بیر بكه‌نه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی خۆیان بده‌ن ، ئه‌وكاته‌ جێگه‌ی بیری سیاسی و سه‌ركوت كاری و به‌هه‌ده‌ربردنی سه‌روه‌ت و سامانی عه‌ره‌ب و كاره‌كانی ئه‌وان نابێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ بۆ خۆخزاندنه‌ ناو خاكێكی دڵگیر تری وه‌ك كوردستان .

پ : ئێوه‌ چی ئه‌ڵێن به‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی كه‌وه‌ك شۆڕشی ڕزگاری گه‌لانی عه‌ره‌ب باسی لێوه‌ ده‌كرێت ؟
ڕۆژئاوا ، ئه‌مه‌ریكاو ڕووس زۆر به‌وریایی به‌به‌رنامه‌ گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتیان خستوه‌ته‌ ناوگێژاو گه‌رده‌لولی  پشێوی و نائارامی و سته‌می براله‌برا ، به‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌ب زیندوكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و گه‌مه‌ی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌و ده‌ست پێ كردنیه‌تی نه‌ك ئازاد كردنیان له‌كۆیلایه‌تی ، ده‌یانه‌وێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بمێنێت ، با له‌هه‌ركوێ بێت ، ئاشنایه‌تی ته‌واویان هه‌یه‌ كه‌خواستی گه‌لان چیه‌ و چۆن ووڵاتانی كه‌نداو ماڵ و سامان ، ئیسرائیل ئاشتی ، ئێران ناردنی كێشه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ، تورك زیندوو كردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت ، ووڵات عه‌ره‌بی و كه‌مینه‌كان ته‌مبێ بكه‌ن تا نه‌توانن سنور ببه‌زێنن .

پ : به‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی باسی ده‌كه‌یت پێت وانیه‌ كارێك بۆ كورد ده‌كرێت  ؟
كورد ماوه‌ته‌وه‌ كاتێ كه‌خاك ونیشتمانه‌كه‌یان شه‌ق و په‌ق كرد سته‌میان لێ كرد له‌ ( سایكس بیكۆ ) ئه‌بێ ئه‌مڕۆ كارێكی باشی بۆ بكه‌ن به‌ڵام تێ ڕاماون نازانن چی باشه‌ بۆی ئه‌نجام بده‌ن ، پرۆژه‌ی زۆریان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ وه‌ك لامه‌ركه‌زی ، حوكمی زاتی ، ئۆتۆنۆمی فیدراڵی ، كۆن فیدراڵی ، حكومه‌تی كوردی ، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كه‌له‌سه‌ده‌كانی ڕابوردوودا دروستیان كردوه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یگۆڕن بۆ كێشه‌ی ئاین ، مه‌زهه‌ب ، تاناوچه‌گه‌ری و زمان ، زاراوه‌ بێ زاراوه‌ ، له‌ناو كۆمه‌ڵگاكاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ ، له‌وسه‌رو به‌نده‌دا كورد كارێكی بۆ ده‌كرێت ، سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌ركرده‌كانیش ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕێ ، ئه‌گینا به‌هاری عه‌ره‌بی چ په‌یوه‌ندی به‌كورده‌ وه‌نیه‌ . 

پ : پێت وایه‌ كورد توانیویه‌تی سود له‌ ئه‌زمونه‌كانی وه‌رگرێت ؟
خۆش به‌ختانه‌ كورد ئه‌زموونی هه‌یه‌ شۆَڕشی به‌رزان ، ئاگری داخ ، شێخی نه‌هری ، شێخ مه‌حمود ، مه‌لامسته‌فای بارزان ، قازی محمه‌د ، ئه‌یلول ، شۆڕشی نوێ ، له‌دوای ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ ئه‌مڕۆ كورد سه‌ركردایه‌تی ژیر و ووشیار و به‌ئه‌زموون و شاره‌زا و دڵسۆزی هه‌یه‌ ، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆك كۆمار ، هه‌ردوو حیزبی كارامه‌ و قاڵبوی ڕێگه‌ی خه‌باتی شاخ و شار ، هه‌موو فێڵ و فاقه‌ و ته‌گبیری لایه‌نه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسیان زانیوه‌ و پوچه‌ڵیان كردوه‌ته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یاره‌كانی ختوكه‌ی ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جاڕبده‌ن كه‌حكومه‌تی كوردی دروست ده‌كه‌ن به‌ڵام جارێ زووه‌ ، وه‌ك هه‌ڵه‌ی پزیشكێك وایه‌ لێبوردنی نیه‌ ، ئه‌و كه‌سێك ده‌گوژێ ئه‌مان نه‌ته‌وه‌یه‌كیان پێ ده‌كوژن ، له‌بیرمان نه‌چێ نه‌یاره‌كانی كورد بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ یه‌كگرتوو یه‌ك هه‌ڵوێست ده‌بن ، پێویسته‌ كورد له‌م ڕۆژه‌دا به‌ردی قورس هه‌ڵنه‌گرێ ، دروشم به‌رزنه‌كاته‌وه‌ بۆ ئاشت كردنه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی ، بێ ده‌وڵه‌تی له‌ده‌وڵه‌تی لاواز باشتره‌ ، خۆ عه‌ره‌ب له‌بێ ده‌وڵه‌تی شۆڕش ناكات به‌ڵكو بۆ ڕوخانی ده‌سه‌ڵاته‌ لاوازو نه‌خۆشه‌كان كارده‌كه‌ن. 

پ : تۆباسی سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكی كۆمارت كرد ، كه‌به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ؟
به‌ڵێ به‌دڵنیایه‌وه‌ : بڕوام وایه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌هه‌نگاو بێ لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ بنێت ، له‌پێش هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1991 یه‌كه‌وه‌ یه‌كیه‌تی زانایانی كورد سه‌ردانی به‌ره‌ی كوردستانیمان كرد كه‌بارزانی سه‌رۆكی بوو ، پرسیارمان ئه‌وه‌بوو كه‌ڕژێم هێزه‌كانی له‌كوردستان ده‌كشێنێته‌وه‌ ، بۆشایه‌كی زۆری دروستكردوه‌ به‌تایبه‌تی باری ئابووری له‌هه‌رێم هه‌ره‌س دێنێ ، سه‌رۆك ڕایگه‌یاند حكومه‌ت پێی وایه‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ و 50 هه‌زار گوند و چه‌ندین ناحیه‌و قه‌زای كوردستان له‌به‌ر داڕوخانی ئابوری و بێ حكومه‌تیدا داوا ده‌كه‌ن به‌عس بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان فه‌رمان ڕه‌وایی بكات ، ئێمه‌ به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وحكومه‌ته‌دا كه‌هه‌ره‌س دێنێ ، منیش پێم وایه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی دورمان بریوِه‌ ، به‌كۆنترۆڵ كردنی بیری سیاسی هه‌ردوو سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌رچی ڕه‌قی هه‌یه‌ یان ده‌شكێ یان ده‌شكێنرێ ، سه‌رۆكی هه‌رێم په‌نجه‌ی بۆ هه‌ندێ كار ڕاكێشاوه‌ ، ئه‌ركێكی نیشتمان په‌روه‌رانه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هاوكاری بكه‌ن .
پ /باسی سه‌رۆكی هه‌رێمتان كرد ئه‌ی بۆ سه‌رۆك كۆمار چی ئه‌ڵێن كه‌باسی له‌ده‌وڵه‌تی كوردی وه‌ك خه‌ون كردوه‌ ؟
نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مام جه‌لال قه‌ڵایه‌كی به‌هێزه‌ چه‌ترێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد ، هاوكاری ته‌واوی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ و هه‌وڵه‌كانی بۆ كورده‌ ، برام له‌هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌وقسه‌یه‌كراوه‌ له‌بری زیانێكی بچوك سودی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ بۆ وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ، له‌كات و شوێنی تایبه‌تدا ئه‌و باسه‌كراوه‌ ژێرخانێكی تایبه‌تی وده‌گمه‌نی هه‌یه‌ ، من ناتوانم ئه‌وباسه‌ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ ئێوه‌ به‌مه‌نتیق قسه‌بكه‌ن .

پ : بۆگه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان چی ئه‌ڵێن ؟
باشترین چاره‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتوانه‌كانیان وه‌ك عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان به‌قه‌ناعه‌ت پێكردنیان ده‌توانرێت زۆرێكی ئه‌وناوچانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی كوردستان ، ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به‌مووچه‌و پله‌وپایه‌ وه‌زاریه‌كان دراوه‌ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ .

پ: تائێسته‌ كه‌س هه‌وڵی داوه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و كه‌مایه‌تیه‌كان له‌په‌ناوه‌ دڵنه‌وایان بكات یان ڕێكه‌وێت ؟
به‌ڵێ له‌مێژه‌ هه‌وڵ ئه‌درێت به‌ڵام ماویه‌تی ، هه‌ندێ له‌عه‌شره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كان په‌یوه‌ندی مێژووی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ كورده‌كاندا .

پ : باسی باری ئابوریه‌كی به‌هێزتان كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌چۆن ده‌كرێت ؟
یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵ كوردی ئه‌ونیشانه‌یه‌ ده‌پێكێ ، به‌هێزكردنی ئابوری هه‌رێم ئه‌وهه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌ی ژیان پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌حكومه‌تی عێراق له‌كوردی ده‌كات به‌بڕینی بودجه‌ وه‌ك كۆڵه‌كه‌كه‌ی مام عه‌وڵای لێهاتوه‌ ، یه‌كخستنی كورد به‌هێزكردنی بیرۆكه‌ی له‌ده‌وڵه‌تی كوردیه‌ ، تاسه‌رقاڵی ناوخۆ به‌هێز بێت بیرۆكه‌ی به‌ده‌وڵه‌ت بوون لاواز ده‌بێت ، پێم وایه‌ یه‌كخستنی ماڵێكی په‌ڕه‌وازه‌ گرانه‌ به‌ڵام كاره‌جوانه‌كان و به‌ره‌ پێش چوونی ئه‌زموونی كورد له‌شاخه‌وه‌ بۆ شارو ئاوه‌دانی زیاتره‌ له‌كه‌م و كورتیه‌كان ، باهه‌مووان هاوسۆزبین له‌گه‌ڵ ئاینده‌ی كوردا نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ده‌ستماندا له‌كیسه‌مان بچێ ، شاعیران و هونه‌رمه‌ندان نوسه‌ران ومێژوونوسان بۆیان سه‌لماندوین ته‌فره‌قه‌بونمان یه‌ك نه‌ویستنمان لاوازمان ده‌كات .

پ : له‌گه‌ڵ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان چی ده‌ڵێن ؟
پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد ئه‌وان له‌به‌غدا چاویان له‌ئێمه‌كرد سودیشیان لێ وه‌رگرت ، بریا ده‌ستوری هه‌رێمیش له‌پێش ده‌ستوری عێراقی فیدراڵ دانرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوری بغدا پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری ئێمه‌ نه‌بێت ، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌9/4/2003دا هه‌بوو پێش حوكمی بریمه‌ر ، ده‌سورێكی خراپ باشتره‌ له‌بێ ده‌ستوری پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ت ، بێ ده‌وڵه‌تی باشتره‌ له‌ده‌وڵه‌تێكی خراپ و بێ هێز .

پ : دوا ووته‌تان چیه‌ ؟
پێم وایه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی بۆ كورد ڕه‌خساوه‌ وه‌ك په‌ندی عه‌ره‌بی ئه‌ڵی ( لیس فی الامكان ابدع مماكان ) ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕی خۆمان و خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ره‌ له‌هه‌مووكارێك باشتره‌ كاتی بوون به‌ده‌وڵه‌تیش نزیك ده‌بێته‌وه‌ ، بیری ده‌وڵه‌تی كوردی خولیای هه‌موو كوردێكی نیشتمان په‌روه‌ره‌ به‌ من و تۆشه‌وه‌ .

سه‌ید عه‌تا

 

Previous
Next

Leave a Reply