Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

بەڕاست ئاژانسى ئاكا نیوز سەربەخۆو بێلایەنە…. سمكۆ عەبدولكەریم

Be First!
by December 2, 2008 گشتی

 بەڕاست ئاژانسى ئاكا نیوز سەربەخۆو بێلایەنە
سمكۆ عەبدولكەریم

 ئازادى و سەربەخۆى و بێلایەنى ، هەندىَ جاریش ئەهلى ئەو  چەمكانەن بوونەتە دورشمى زۆربەى هەرە زۆرى رۆژنامەو گۆڤار و دەزگاو سەنتەرەكانى هەرێمى كوردستان ، ئەوە عەیبەیەكى زۆر گەورەیە ، كاتى خۆى ویستم راپۆرتێك لەسەر ئەوە ئامادەبكەم ، بەڵام جگە لە سەرنووسەرى رۆژنامەیك لە نێو ئەو هەموو رۆژنامەو گۆڤارانەى كە لە سەرى سەرە نووسیویانە رۆژنامەیەكى سەربەخۆ ، ئازاد ، بێلایەنە ، هیچ كامێكیان ئامادە نەبوون وەڵام بدەنەوە ، لە كاتێكدا زۆربەیان ئەگەر نشڵێم هەموویان بە شێوەیەكى ناراستەوخۆ لە لایەن لایەنێك یان كە سێكى مەعنەوى پاڵپشتى و ئاراستە دەكرێن ، كەسیش ناتوانىَ نكۆلى لەوە بكات ، كە رۆژنامە هەیە تەنیا  لەبەر یەك هۆ داخراوە ، دواتر بە چەند سەعاتێك بڕیارى دەركردنى رۆژنامەیەكى تر دراوە. زۆرجاریش رۆژنامەیەك كراوەتە قوربانى پڕۆژەیكى تر، بەراست ئەو دەزگایە ئەگەر سەربەخۆ و بێلایەنە گۆڤارەكەى بۆ بە بیست و چوار سەعات داخرا .
 هەرچەندە من پێم وانییە هەموو ئەو بڵاوكراوە و دەزگاو سەنتەرانە بۆیان نییە یان ناتوانن هەڵگرى بەشێك لەو ئازادى و سەربەخۆیى و بێلایەنییە بن ، دەتوانن ، بەڵام نەك بەو ئەندازەیەى ئەوان بانگەشەى بۆ دەكەن .
 لە چەند رۆژى رابردوودا دەزگاى ئاراس كە دەزگایەكە ناڕاستەوخۆ لە لایەن سەرۆكى حكومەتەوە پاڵپشتى ماددى و مەعنەوى دەكرىَ ، دامەزراندنى ئاژانسێكى دەنگوباسى بە ناوى ( ئاكا نیوز) راگەیاند ، هەرچەندە ئەوە یەكەم هەوڵى لەم جۆرە نییە .
  لە دواى راپەرینەوە حكومەتى هەرێمى كوردستان لە رێگەى وەزارەتى رۆشنبیرى چەند جارێك ئاژانسى دەنگوباسى كوردستانى (ئا, د, ك) خستۆتە كار ، بەڵام نەك لە شێوەى پڕۆژە ، بەڵكو تەنیا وەك ئاژانسێكى سادەو سەرپێى كە كارى تەنیا گەیاندن و دابەشكردنى هەواڵ و چالاكییەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان بووە بەسەر كەناڵە راگەیاندنەكانى نێوخۆ لەو سەردەمەدا ، هەر بۆیە ئەم ئاژانسانە هەمیشە تەمەن كورت و بىَ ئەنجام بوونە .
 ئەوەى زیاترجێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە و ئەوە دێنىَ دووقسەى زیاترى لەسەر بكرىَ دەستەواژەكانى سەربەخۆیى و بیلایەنییە كە لە مەراسیمى راگەیاندنى ئاژانسى ئاكا نیوزدا راگەێندرا ، بەو مانایەى ئەم ئاژانسە سەربەخۆ و بێلایەنەو لە لایەن دەزگاى چاپ و بڵاوكردنەوەى ئاراس وەك دەزگایەكى سەربەخۆ و كۆمەڵە رۆژنامەنووسێكى بێلایەنەوە دامەزراوە ، ئەمە بێویژدانی و مەترسییەكى گەورەیە لەبەردەم بونیادنانى دامەزاراوەى سەربەخۆ و بێلایەن لە ئایندەدا ، یان ئەوەتا ئێمە خراپ تێگەیشتوین یان ئەوەتا ئەوان خراپ نووستون .
 لە كاتێكدا گومان لە بێلایەنى و سەربەخۆیى هەموو ئەو رۆژنامانەش هەیە كە بەو ناوەوە بانگەشە دەكەن ، چجاى ئەوەى دەزگایەكى وەك ئاراس كە بانگەشەى سەربەخۆیى و بێلایەنى دەكات كە پێویست بەوە ناكات لەم رووەوە قسەى زیاترى لەسەر بكرىَ ، هەموو لایەك باش دەزانین  ئەم دەزگایە چۆن و بە چ شێوەیەك دامەزراوە و كێش پاڵپشتى دەكات ، لە كاتێكدا ئەگەر ئەم ئاژانسە سەربەخۆو بێلایەنە بۆچى لە لایەن سەرۆكى حكومەتەوە راگەێندرا ، كە بێشك ئیمكانیاتەكەشى هەر لە لایەن خودى سەرۆكى حكومەتەوە بۆ دابین كراوە .
 باشترین شت ئەوەیە هەموو ئەو دەزگاو بڵاوكراوانە ، لە جیاتى ئەوەى خۆیان وەك دەزگاو بڵاوكراوەیەكى سەربەخۆ و بیلایەن و ئازاد بناسێنن ، چاكتر وایە جەخت لە سەر راستگۆیى لە پیشەكەیاندا بكەنەوە و هەر ئەوەش بكەنە ئامانجى كاركردنیان ، چونكە لەم روەوە هەموو لایەك دەتوانن راستگۆ بن ،  كەچى دەبینین ئەوان هەر لە سەرەتاوە بە بانگەشەكردن بۆ سەربەخۆیى و بێلایەنى ئەو راستگۆیەیان لە دەستدا .
 دواتر ئەم ئاژانسە بەو مەبەستە دامەزراوە هەواڵە كوردییەكان لە بوارى سیاسى و كەلتورى و كۆمەڵایەتى بگەێنێتە جیهانى دەرەوە ، چونكە وەك ئاماژەى پێكراوە پێشتر نەگەیشتون ، ئەگەر گەیشتبێتیش بە شێواوى بووە .
 ئەمەش ئەو ئاماژەیەیە هەر لەسەرتاوە دەریدەخات كە ئاژانسى ئاكا نیوز لاینگرە ، سەربەخۆیەكەشى هەر ئەوەندەیە تا بەهۆى هەڵەیەكەوە ، وەك چەندین پڕۆژەى تر لەبار دەبرێت و دەوەستێندرێت .
  دەزگاى ئاراس ئەم پڕۆژەیەى بە هاوبەشى لە گەڵ ئاژانسى چاپەمەنى ئەلمانیا   (DPA )  لە چوارچێوەیەكى زۆر تەسك گەلالە كردوە ، پڕۆژەیەكى كوردستانى وەك خۆى ئاماژەى بۆ كردوە ، بەڵام لە چوارچێوەیەكى تەسكى حیزبیدا .
 دەكرىَ بڵێن هیچ پڕۆژەیەكى كوردستانى بەبىَ بەشدارى و راوێژى هەموولایەك سەركەوتو نابىَ ، ئەمەش یەكىَ لەو گرفتانەیە كە لە ئایندەدا ئەو ئاژانسە رووبەرووى دەبێتەوە ، بەو مانایەى ئەگەر مەبەستیشى بێت وەك ئاژانسێكى سەربەخۆ و بێلایەن خۆى پیشان بدات ، ناتوانىَ چونكە هەر لە سەرەتاوە بەو ئاراستەیە دەستى پێكردوە كە كە پڕۆژەیەكى حیزبییە .      
 
 

Previous
Next

Leave a Reply