Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بە تەڵەزمێکەوە ، گرفتار ….  نەوزاد بەندى

بە تەڵەزمێکەوە ، گرفتار …. نەوزاد بەندى

Closed

 

(1)
پێیان وتم :
تۆ ئەبێ ژیانێکى ناخۆش بژیت ..
ئەمە خەون نەبوو ..
لە دائیرەیەکى حوکومیدا بوو …

(2)
کە ناوى بودجە دێت ،
مناڵە بۆیاخچێکان ،
ساتێک ڕائەمێنن و ..
ئیتر دەست ئەکەنەوە
بە پێڵاو سوبغ کردن ..

(3)
هەموومان
ئەگەر بە نهێنیش بێت ،
کفرێکمان کردووە ..
چونکە گەردوون زۆر گەورەیە و
خۆمان : زۆر بچووک ..

(4)
لە بازاڕ ،
هەندێک کەس خەم ئەکڕن و
هەندێک کەسیش : خۆشى ..

(5)
دارتوو حەزى لە ڕەشەبایە ..
لەبەرئەوەى لە بەرد و
تاکە نەعل ، ڕزگارى بێ ..

(6)
کە مناڵێ لە دایک ئەبێ ،
لە جیاتى درەختێک بنێژین ،
بۆ ئەوەى سیەکانى پڕ کا لە ئۆکسجین ..
درەختێ ئەبڕینەوە ،
بۆ ئەوە ى بێشکەیەکى لێدروستکەین و
زیندانى کەین ..

(7)
کە گوێم لە دەنگى مۆسیقاى
تایتڵى
کورتە و
درێژەى هەواڵەکانە :
هەست بە نائومێدى ئەکەم ..
کە ئەڵێن : هەڵبژاردنە ..
ئەڵێم : ئەو هەموو پەڕە کاغەزە ،
بۆچى خەسار ئەکەن ؟؟

(8)
دواى تێپەڕ بوونى دوو –سێ ڕۆژ ،
ئینجا ڕۆژى لەدایکبوونم بیر ئەکەوێتەوە ..
ئەویش بە ڕێکەوت ،
دەست ئەکەم بە گیرفانى چاکەتەکەما ،
پارچە کاغەزێک ئەدۆزمەوە ،
لێى نووسراوە :
جەژنى لە دایکبوونت پیرۆز بێ ، بابە !

(9)
لە هەموو ژوورەکانم تازەتر
نوێتر ..
ژوورى میوانە ..

(10)
شێر و ڕێوى
لە هەموو شتێکا لەیەک ئەچن ..

(11)
شکانى ئابڵوقەى ئابوورى و
ڕۆیشتنى نەوت ..
زیانێکى زۆرى بە پینەچییەکان گەیاند ..
(چەند ساڵە نەچووى بۆ لاى پینەدۆز ؟)
(12)
هەندێک وتار ، بۆگەن بڵاو ئەکەنەوە ..
( بۆ ئەوانەى رۆژنامە ئەکەن بە سفرەى نانخواردن ..
بۆ ئاگاداریتان .. تکایە ..
وێنەیەک بۆ / بەشە ناوخۆییەکان .. )

(13)
لە شارەکامانا
دەرمانخانەى دایک و
تاقیگەى باوک هەیە ..
بەڵام هیچ شوێنێ بە ناوى
باپیر و پور و خاڵەوە نییە ..
چێشتخانەى پاروو
چێشتخانەى بابۆڵە
چێشتخانەى حەم .. هەیە ،
بەڵام هیچ شوێنێ نییە بە ناوى
قوتى شەو ..و بەدخۆراک و
کەمئەندام و
کەمتوانا ..

(14)
لەم نیشتمانەدا
ئەوانەى مامۆستاى مناڵە کەمتواناکانن ،
زۆربەیان خۆیان مناڵى کەمتوانایان هەیە ..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.