Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

بە کار بردنی ئاین، وەک ئەوەی پاشا دەیەوێت

Be First!
by February 15, 2011 گشتی

 

لە دەمێکەوە میکاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧) هانی میر دەدا ئاین بکاتە دەسکەلاو کەی وویستی بە کاری بهێنێت لە پێناو بەرژەوەندیەکانیدا، ئیتر هەر دەسەڵاتێک لەو کاتەوە هاتووە شوێنێکی باشی بەخشیوە بە پیاوانی ئاین، تا ئەو ڕادەی کە زانراوە نابێتە مەترسی لە سەر لە دەستدانی تەخت و کەژاوەو ویست(ئیرادە)ەکانی، هەر کاتێکیش کە زانیویەتی ئاین بەربەستە لە بەردەم خواستەکانی هەر بە تەنها نەوەستاوە بە لە ناو بردنی پیاوانی ئاین بەڵکو کۆمەڵە بڕگەیەکی ئاینەکەشی هەموار کردووەتەوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو چاومان بە زۆر حاڵەت دەکەوێت کە ئاین بە شێوەیەکی زۆر تایبەت فۆرمەلە کراوە و بە کار براوە بۆ مەبەستێکی جیا لەوەی کە گوتارە جەوهەری و ناوەکیەکانی خودی ئاین دەیخوازێت. هەر بۆ نمونە، سەرنجێک لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا بدەین زۆر بە کراوەیی ئەوە دەبینن بە ناوی ئاین و لادان لە ئاین چۆن بە هەزارەها مرۆڤ بوون بە قوربانی وویستی پاشاو پیاوانی نێو کەنیسەکان، ئەمەش بە بێ ئەوەی پیاوانی ئاین و هەم زۆرینەی خەڵک دەرکیان بەو دۆخە کردبێت کە ئایە بە ڕاست ئەمە جێبەجێ کردنی ویستی خودایە؟ لێرەدا گەر بە وردی تێبینی ئەو ڕوداوانە بکەین دەبینین ئەمە پێش ئەوەی گوزارشت بێت بە ئاراستەی پیادە کردنی حوکمی خوداو شەریعەت، جێبەجێ کردنی فەرمانێک بووە کە ڕاستەو خۆ لە نێو ئیرادەی پادشاو دەسەڵاتەکانیەوە دراوە. بۆیە ئەمەش وا لە (فۆکۆ) دەکات لە کتێبی (دەسەڵات و سزایدا) بە شێوەیەکی ورد لە سەر ئەو دۆخە بوەستێت کەوا دەسەڵاتی پاشای تیا پیادە کراوە، ئەو پێی وایە لەو دەمەیدا شەریعەت دەبێت بە خواو هەروەها خوداش بە پاشا، ئیتر لادان لە یاسا بە مانای لادانە لە خودا، لادانیش لە خودا بەو واتایە دێت لادانە لە خودی پاشا. بەمەش سێ ڕەگەزی گرنگ لە یەک کاتدا تێکەڵ دەبن کە ئەوانیش یاساو خوداو پاشایە، کە لادان لە هەر تەوەرەیەکیان یەکسانە بە ئەوی تریان، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پاشا هەوڵی داوە وای نیشاندا جێگرەوەی خودایەو دەسەڵات و فەرمانەکانی هەر بە تەنها دەسەڵات و فەرمانی ئەو نین، بەڵکو لە هەمانکاتدا هی خودان و بۆیە هەر سزایەکیش کە جێبەجێ دەکرێت بە تەنها خواستی پاشاو یاسا نین بەڵکو هی خوداشن، بۆیە بەم چەشنە بابەتی خودا بە کار دەبرێت وەک پۆشاکێک بۆ پۆشینی ویست و ئەخلاقە ناجۆرەکانی پاشا.
ئەگەر بێین و لەم گۆشەنیگایەوە سەرنجێکی مێژووی بەریتانیا بدەین، بە دیوێکی تردا هاوشێوەی ئەم جۆرە بەکار بردنانە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (هینری هەشت)دا لە ساڵی (١٥٣٤)وە، نەک هەر نەوەستا لە سەر قڵاچۆ کردن و چەواشەکاریەکانی بە ناوی ئاینەوە، بەڵکو دەستیدایە گۆڕینی کۆمەڵێک بڕگەی چەسپی و دامەزراوی شەریعەتی ئاینزای(کاسۆلیک) بۆ مەرامی خۆی لەو دەمەی بە گوێرەی یاساکانی خودا هیج کەس مافی ئەوەی نەبوو دوو ژن یان زیاتری هەبێت یان ڕوون تر بڵێم لە نێو کەنیسەکانەوە هیچ کەس مافی دووجار هاوسەرگیری پێ نەئەدرا، بۆیە ئەمەش وێڕای دروست بوونی باڵی (پرۆتستانت)ەکان ئەو بەربەستەی لە بەردەم هینری پاشادا درووست کرد کە نەتوانێت لە یەکەم ژنی دورخراوەی جیابێتەوەو، هەروەها لەو لاشەوە بە شێوەیەکی نهێنی درێژە بە عەشقی خۆی بدات لە بەرامبەر (ئان)ی دڵبەری، چونکە دەیزانی لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە نێو خۆی و دڵبەرەکەیدا دێتە ئاراوە، کە ئەوە بوو ڕوویدا گرفتی بۆ دروست دەکات، بۆیە بڕیاریدا نەک هەر بەکار بردنی ئاین لە پێناو خۆی و دەسەڵاتەکەیدا، بەڵکوو زۆر بڕگەی هەستناکیشی گۆڕی بە ئاراستەی خواستەکانی و بە توندی سزای ئەو کەسانەشیدا کە ناڕازی بوون لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکاریانەدا، لەوانەش هەندێک لە ئەندامانی نێو پەرلەمانەکەشی بەرکەوتن کە ڕازی نەبوون حەق بەو گۆڕانکاریانە بدەن و دوای دوورخستنەوەیان سەری قرتاندن، یەکێک لەو قوربانیانەش (تۆماس مۆر)ی هاوڕێی دەستە ڕاستی بوو، دواجار لە ساڵی (١٥٣٤)دا بەو مادەیەی کە ناو دەبرێت بە (ئاکت ئۆف سوپرەمەیسی) بە بێ گەڕانەوە بۆ کەنیسە سەلماندی ئەو لە کەنیسە باڵا ترەو دەبێت پێش هەموو شتێک کەنیسە گوزارشت بێت لە ویستی ئەو، هەڵبەتە ئەو گۆڕانکاریانەش کە کردی تا ئێستاش لە نێو (ئینگڵیکێنت چێرج)دا کاری پێدەکرێت و درێژەی هەیە.
گەر بە دیوێکی تردا دۆخی سیاسەت و دەسەڵاتی کوردی لە ئێستاو لە نیوەی سەدەی ڕابوردودا بخوێنینەوە، بە ئاشکرا ئەوە بە دی دەکەین لەو دەمەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەست پێ دەکاتەوە هەمیشە ئەو هەوڵە لە ئارادا بووە  هێندە لە ئاین نزیک بکەونەوە، تا ڕادەی نەناسینەوە. تەنانەت زۆرجاریش ئەوە بەرچاو دەکەوێت، زۆربەی ڕابەر و ناودارەکانی نێو بزوتنەوەکان لە پیاوی ئاینی پێک هاتبن، ئەمە لە کاتێکدا زۆرجاریش لە ناوەڕۆکدا خودی گوتاری بزوتنەوەکە هێندە گوتارێکی ناسونالستی یان کۆمەنستی بوون هێندە ئاینی نەبووە. سەبارەت بەوەش کە ئایا تا چەند توانراوە کەڵک لەم بوارە وەربگیرێت، دیارە بە گشتی بۆ ئەو سەردەمە سودەکانی زیاتر مەزەندە دەکرێت، ئەمەش بە هۆی ئەو فەزایەی لەو دەمەدا هەم قەوارەو هێزی بزوتنەوەکە و هەم  بۆ ژینگەی سیاسی و ئاستی مەعریفی ئەو جڤاتە. ئەمە سەرەڕای ڕۆشنبیری کوردی خۆی دەرکەوتەیەک بووە ڕیشکەکانی بۆ ئەو چاوگە گەڕاوەتەوە. بەڵام پرسیار ئەمەیە ئایا کاتێک ئەم سودانە لە بەرژەوەندی نەتەوەوە دەگۆڕێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت (دەسەڵات) هێشتا دەکرێت وەکو سوود مانا هەڵبگرن؟ بێگومان نەخێر چونکە لێرەدایە دەرکەوتەی نیشانەکانی بە دەستکەلا بوون کە بە شێوەیەکی تۆخ و مەترسیدار لە نێو دونیای ئێمەدا ڕەنگی داوەتەوەو یەکپشو زەنگ لێدەدا، وە بێ لەبەرچاو گرتنی دونیای ئەمڕۆ لە ناو دەستوردا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمان جێ بۆ شەریعەت خۆش دەکرێت بێ ڕەچاو کردنی ئەو دونیابینی و کرانەوەیەی کە بە سەر جڤاتی کۆمەڵگای کوردیدا هەتوە.
بەم شێوەیە گەر بێین بەراوردی شێوەو جۆری بە کار بردنی ئاین لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە بکەین دەبینین تێکڕا جیاوازیەکی گەورەی هەیە بە هۆی ئەو ژینگە سیاسیەی کە ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا دەیرەخسێنێ و وردە وردە سنورەکانی قەڵەمڕەو(نفوز)ی بەرفراوان دەکات و ئەمەش ئەو مەترسیە دێنێتە ئاراوە کە دواتر ئاسەوارەکانی دەرکەوت و تا ئێستاش بۆنی مەترسی لێ دێت. سەرەتا لەو دەمەی حیزبە خاوەن نفوزەکانی کورد هەست بەوە دەکەن کە هێزێک بە ناوی ئاین و یاساکانی ئاینەوە خەریکە دەبێتە هۆی لاواز کردنی پێگە جەماوەریەکانیان، ئیتر ئەمە بە ململانێی ڕەوای سیاسیەوە ناوەستێت و دۆخەکە گڵپە دەسێنێت تاڕادەی پێکهەڵپژان و قوربانی دان، تا ئەوەی لایەنێک فەتوای کوفری دەردەکردو لایەنێکیش کێوماڵ، من لەو دەمەوە لە گەڵ هیچ لەو دوو گووتارەدا نەبووم هێندەی باوەڕم وا بوو، لە نێو دوو بەرەی دژ بەیەکدا دانوستان و پردی گفتوگۆ باشترین ڕێگایەکە کەوا بە کەمترین تێچون مایەکەی خۆی دەردێنێت، ڕاستە سیاسەتمادارەکان ماندوو دەکات، بەڵام گیانی هاونیشتمانیان سەلامەت. هەڵبەتە هەمیشە ماندو بوون باشترە لە قوربانی ئەگەرنا سیاسیەکان چ واتایەک دەبەخشن. دواجار حیزب بەشێوەیەکی چڕو پڕ تر دێت و ڕایەڵی پەیوەندیە عەقڵانیەکانی گفتوگۆ هەڵدەوەشێنێتەوەو هاوکێشەکە لە تێگەیشتن و قبوڵکردنی جیاوازیەوە دەگۆڕێت بۆ دەستوەشانو جڵەوی مینبەری مزگەوتەکان وەردەگرێت و دەیداتە دەست پیاوە ئاینیەکانیەوە.
لە لایەکی ترەوە، کاتێک پارتی و یەکێتی دەچنە ململانێیەکی گونجاوەوە بۆ ڕێکخستنی پێگە جەماوەریەکانیان دیسانەوە مزگەوتەکان و پیاوانی ئاین دەبنەوە جێی بایەخی هەردوولا، بۆیە هەر زوو دەست بە ڕێکخستن دەکەن لە نێو ئەم  ڕیزەی پیاوانی ئایندا بە پیدانی کۆمەک و بەخشینی دەرماڵەو ئازادی ڕەهای گوتارو هێرش کردنە سەر ڕۆشنبیرو کەسی ئازادی خوازو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. دواتر لە گەڵ هەڵئاوسان و قەڵەو بوونی ناشەرعی هەردوو حیزبدا لە سەر سکی داهاتی گشتی، ئەم توێژەی پیاوانی ئاینیش لە گەڵیدا قەڵەو دەبن و ئاگایان لەوە نامێنێت ئەوان لە ناوەڕۆکدا ئەرکێکی ئاسمانیان لە سەر شانە، هێندەی ئەرکێکی زەمینی بێت. دەبینین ئەم توێژە هێندە چالاک دەکرێن دوای ئەوەی حیزب نائومێد دەبێت لە ئەو لەشکرەی نێو فەرماندەیی هێزی ڕاگەیاندنەکانی بە مەبەستی شاردنەوەی گەندەڵی و هەڵەکان و بە گژاچوونی نوسەر و خەڵکی ئازادی خواز، کاتێک حیزب نائومێد دەبێت لە ڕێگەی یاساوە دەمی قەڵەم و ئازادی دابخات، دێت و هێزی ئەم لەشکرە قەڵەوە بەکار دەهێنێت کە دەتوانن لە واقعی ئەمڕۆی کوردستاندا زۆر ترین گوێگر بخەنە ژێر کاریگەری گوتارەکانیانەوە، ئەمە وێڕای هێنانە ئارای دووبەرەکی و ڕق ئەو مەترسیەش دروست دەکات کە مێژویەکی ناشرینی تووند وتیژی قوڵی هەیەو مێژووی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری ئاگرینی یەکەم هاندانی تەکفیر لە مینبەرەکانەوە. من دەخوازم لە هەموو گوتاربێژ و پیاوانی ئاینی ئەمڕۆی کوردستان خۆیان دوور بگرن لە هەر دەستێوەردانێکی حیزبی لە کاروباری ڕۆحانیەت، من دەخوازم گەر دەیانەوێت پێگەی ڕۆحانیان لە نێو کۆمەڵگاکەماندا لاواز نەبێت و گوێگرەکان بە گومانەوە نەیەنە ژێر گوتارەکانتانەوە دەست لە کاروباری زەوی وەرمەدەن و هەوڵمەدەن بەرهەڵستی گۆڕانکاریە زانستی و وێژەیی و دونیایەکان بکەن، لانیکەم سەرتان بەرز بکەنەوە و لە گەڵ ڕۆحی باڵادا تێکەڵ بن و هەوڵ بدەن هاوشێوەی زاهید و متەسەوفەکانی ڕابوردوو کە کەس لە ئێوە لاریتان لە تەریقەت و ڕێبازەکانیان نیە، ئێوەش ڕێگەی بەرز بوونەوەی نوێ پەیدا بکەن، چونکە ڕونە یەکێک لە هەرە جوان ترین ڕومەتەکانی ئاین لایەنە ڕۆحانیاکانیەتی. دەبینین لە هەر سەردەمێکدا هەوڵدرابێت ئاین لەم لایەنە دوور بخرێتەوە بە دوایدا قەیرانێک سەری هەڵداوە. هەرگیز ئەو ووتار بێژەی جاران لە دوای ناوی سەدام حوسەین (حەفیزوئەڵا)ی دەگوت، ئەمڕۆ ناتوانێت ئەو گومانە لای خۆیان و گوێگرەکانیان بڕەوێننەوەو جارێکی تر بە نیاز پاکیەوە ناوی خوایان لێ وەربگیرێت.

28/01/2011    
نوری حەمەئەمین 

Previous
Next

Leave a Reply