Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

تابلۆ شێواوه‌كه‌ی هه‌ولێر …. سه‌لام مارف

Be First!
by October 6, 2010 گشتی

 

 

له‌ماوه‌ی رابردوودا، له‌ناو رووداوه‌كانی كوردستان، دوو رووداو بۆ من له‌ هه‌موویان سه‌رنجڕاكێشتر بوو. تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان‌و ده‌ربازكردنی قاسم ئاغا. سه‌رچاوه‌ی هه‌ردوو رووداوه‌كه‌یش له‌ هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد‌و سه‌ر به‌وێن‌و هێشتا وه‌ك دوو كه‌یسی پایته‌خت ده‌ناسرێنه‌وه‌.
له‌ یه‌كه‌میاندا، رۆژنامه‌نووسێكی بێتاوان ، كه‌ هیچ تاوانێكی وه‌های نه‌بووه‌ شایانی كوشتن‌و تیرۆر بێت، تیرۆر ده‌كرێت. له‌ دووه‌میاندا تاوانبارێك، كۆنه‌ مسته‌شارێك كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی لێواو لێوه‌ له‌ تاوان‌و ده‌بێت دادگایی بكرێت، ده‌رباز ده‌كرێت.
ئه‌م دوو نمونه‌یه‌، یان ئه‌م دوو دیمه‌نه‌، ناتوانن بچنه‌ ناو چوارچێوه‌ی دیمه‌نێكی مه‌عقوله‌وه‌، مه‌گه‌ر سه‌راپای چوارچێوه‌كه‌ له‌ بێلۆژیكییه‌كی ئاوێته‌ به‌ گه‌مژه‌یی چه‌نرابێت. ئه‌گه‌ر وا نییه‌، چ وا ده‌كات، له‌ مه‌مله‌كه‌تێدا كه‌ تا ئێستایش پێی خۆشه‌ خۆی به‌ وشه‌كانی ئازادی‌و دیموكراسییه‌وه‌ با بدات، دوو رووداو ده‌خولقێت، كه‌ سه‌راپایان جیا له‌ گاڵته‌كردن به‌ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی وشیار، هیچی تر نییه‌، كه‌ جیا له‌ مه‌سخه‌ره‌كردن به‌ ئازادی‌و جیا له‌ به‌مه‌ده‌لیاكردنی دیموكراسی، هیچی نییه‌.
ئه‌و رووداوانه‌ ئێمه‌یان خسته‌ به‌ر ده‌م تابلۆیه‌ك، كه‌ به‌شێكی له‌ ره‌ش‌و به‌شه‌كه‌ی تری له‌ سپی پێكهاتووه‌، به‌شێكی تاریكه‌و تۆنه‌كانی له‌ شه‌وه‌زنگ وه‌رگیراوه‌‌و به‌شه‌كه‌ی تریشی سپی‌و روونتره‌ له‌هه‌ر روونییه‌ك. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌یشدا، ده‌توانین بڵێن، كه‌ هێشتا گرفتێك لێره‌دا نییه‌. كۆكردنه‌وه‌ی دوو له‌یه‌كنه‌چوو، ته‌نانه‌ت دوو دژ له‌ یه‌ك شتدا، كارێكی نه‌كرده‌ نییه‌، گرفته‌كه‌ له‌ شوێنێكی تردایه‌‌و له‌وێوه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات، كه‌ تیكه‌ڵكردنه‌كان ته‌واو ئاوه‌ژوون. كه‌سیش ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌، بێ‌ وه‌ستان‌و سه‌رپێیانه‌ بڕوانێته‌ دیمه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و تابلۆیه‌ی به‌شه‌كانی ئاوه‌ژوو دانراون‌و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ شوێنی ئه‌ویتریاندا دانرابێت. له‌ به‌شێكی تابلۆكه‌ی به‌رده‌ماندا، بێتاوانی سزای هه‌یه‌‌و سزاكه‌یش مردنه‌، سڕینه‌وه‌‌و پاكتاوی جه‌سته‌یه‌، له‌ به‌شه‌كه‌ی تریاندا تاوانباربوون كارێكی ئاساییه‌‌و ده‌توانرێت له‌بیر بكرێت‌و سزای نییه‌.
ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كوژرێت، كه‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی نوسیوه‌‌و دواتریش ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌كرێته‌ تیرۆریستێك، ئه‌وا له‌و لاتره‌وه‌، تیرۆریستێك، به‌واتایه‌كی تر، تاوانبارێك كه‌ به‌ ئاشكرا ده‌ستی سوره‌ به‌ خوێنی نه‌وه‌كانی ئێمه‌، سواری فڕۆكه‌ ده‌كرێت‌و له‌م مه‌مله‌كه‌تی توڕه‌یی‌و شڵه‌ژانه‌ ده‌رباز ده‌كرێت.
دیمه‌نه‌كانی ئه‌م تابلۆیه‌ پێمانده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تایترین واتاكانی دادوه‌ری، عه‌داله‌ت‌و ته‌نانه‌ت ساده‌ترین ئه‌و داوه‌رییه‌ ئاساییانه‌ له‌به‌ر چاو بگرین، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌باره‌ی رووداوه‌كانه‌وه‌ ده‌توانێت بیكات، ناتوانین بێماناییه‌كی له‌و جۆره‌ له‌ژێر ترس‌و هه‌ڕه‌شه‌یشدا قبوڵ بكه‌ین. بێمانه‌ترین شت ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێك بێت‌و رووداوه‌كان به‌ دڵی خۆی بنوسێته‌وه‌، كه‌سایه‌تییه‌كان به‌ دڵی خۆی بگۆڕێت‌و سیناریۆكان به‌شێوه‌یه‌كی دڵخوازانه‌ بنوسێت‌و چ كاتێكیش پێویستی كرد هه‌روا به‌ دڵخوازانه‌ دایانبڕێژێته‌وه‌.
ناتوانرێت به‌تاوانباركردنی بێتاوانێك كۆتایی به‌ شڵه‌ژانێكی گشتی، كۆتایی به‌ وشیارییه‌كی گشتی، بهێنرێت، شڵه‌ژان‌و وشیارییه‌ك، كه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ست ده‌كات درۆی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت‌و به‌ ئاشكرا هه‌ست ده‌كات ئیهانه‌ی خۆی‌و چوارده‌وری ده‌كرێت. به‌هه‌مانشێوه‌یه‌ش ناتوانرێت چنگ سورێك به‌ خوێنی خه‌ڵك ته‌نیا وه‌ك “نا مه‌رغوبێك” ناو ببات‌و رێگای بدات وه‌ك به‌رزه‌كی بابان بۆی ده‌رچێت، له‌و لایشه‌وه‌ خۆی بێ ئاگا بكات.
ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوماندایه‌ تابلۆیه‌كی شێواوه‌. تابلۆیه‌كه‌ كه‌ به‌شه‌كانی ئاوه‌ژوو كراون‌و سه‌روبن دانراون، سه‌یركردنی تابلۆیه‌كی له‌و جۆره‌ نه‌ له‌گه‌ڵا زه‌وق‌و سه‌لیقه‌ی مرۆڤی ئاسایی‌و ته‌ندروستدا دێته‌وه‌، نه‌ له‌گه‌ڵا هه‌ستێكی دروست‌و ئاوێته‌ به‌ مرۆڤخۆشویستن دێته‌وه‌. مرۆڤ له‌رێگای به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی عزه‌ت‌و هه‌ستی ئازادی خۆی، ناچاره‌ باشتر چاو بكاته‌وه‌‌و باشتر ببینێت. له‌دۆخێكی له‌و جۆره‌دا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كه‌م شت ، كه‌ به‌ره‌و رووی ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌بێته‌وه‌ تابلۆ سه‌روبنه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانه‌، به‌ركه‌وتێكی له‌وجۆره‌یش نه‌خوازراوه‌‌و به‌رچاو لێڵا ده‌كات، بۆیه‌ یه‌كه‌م شتیش، كه‌ ده‌یكات ئه‌وه‌یه‌ دیمه‌نه‌كانی تابلۆكه‌ راست بكاته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply