Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

تاوانباره‌کانی تری که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشکرا بوون!

Be First!

 
ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساتێک کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان وه‌ک تاوانێکی دابڕاو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان، وه‌یان وه‌ک هه‌ر که‌یسێکی تاوان له‌ وڵاتێکی خاوه‌ن پێکهاته‌ی حوکمڕانی و داموده‌زگای تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆدا ته‌ماشا بکه‌ین، ده‌توانین زۆر به‌ خێرایی تێبینی ئه‌وه‌ بکه‌ین، که‌ ته‌رازووی هیز له‌ ناو ئه‌م که‌یسه‌دا ئه‌وه‌نده‌ لاسه‌نگه‌، که‌ گه‌یشتن به‌ بڕیارێکی یاسایی زۆر ئاسان بێت و ته‌نانه‌ت لاسه‌نگیه‌که‌ به‌ ڕاده‌یه‌که‌، که‌ هیچ بواریکی بۆ تاوانبار نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ تا‌ تاوانباربوونی خۆی‌ بشارێته‌وه و ببێته‌ خاوه‌نی حاڵه‌تێکی ئاسایی له‌ ناو کۆمه‌ڵگا و له‌ ئاست ئه‌و پێکهاته‌ جیاجیایانه‌ی که‌ سیسته‌می حوکمڕانی له‌م جوگرافیایه‌دا پێکده‌هێنن( په‌رله‌مان، ده‌زگای قه‌زایی، حکومه‌ت)! ‌که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێبینی و لێکدانه‌وه‌وه‌، نه‌ک هه‌ر به‌ده‌سهێنانی ئه‌و بڕیاره‌ یاسایی یه‌ بوو به‌ مه‌حاڵ و تاوانباریش نه‌که‌وته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ نائاسایی یه‌وه‌ له‌ ئاست کۆمه‌ڵگا و پێکهاته‌کانی سیسته‌می حوکمرانی و داموده‌زگاکانیدا، به‌ڵکو هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی یه‌که‌مه‌وه‌ زۆر به‌ ئاشکرا چ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و که‌یسه‌دا و چ له‌ ئاستی کۆمه‌ڵگاشدا (وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش سه‌یرتر) هه‌ر به‌ پشتیوانی هه‌مان ئه‌و پێکهاته‌ و داموده‌زگایانه‌ هێرشێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر هه‌ر جۆره‌ ده‌نگێکی ناڕازی ده‌ستپێکرد و بێجگه‌ له‌ کێشانی هێڵی سووری تازه‌ و تۆخ کردنه‌وه‌ی کۆنه‌کان، سه‌رده‌شتیشی تاوانبار کرد و چه‌ندین بڵاوکراوه‌ و نوسه‌ریشی دایه‌ دادگا!
ئاشکرایه‌ ئه‌و لێکدانه‌وه‌ ناکۆکه‌ ناتوانێت به‌بێ پێچه‌وانه‌ کردنه‌وه‌ی یه‌کێک له‌ ته‌ره‌فه‌کانی  ئه‌و حوکمانه‌ بڕه‌وێته‌وه‌: یان ده‌بێت بوترێت پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی تاوانبار نین! یان هه‌رچی ئه‌و پێکهاتانه‌ و داموده‌زگاکانیانه( په‌رله‌مان، حکومه‌ت، ده‌زگای قه‌زایی، وه‌زاره‌ته‌کان،…) مانایه‌کی سه‌ربه‌خۆیان نیه‌ و سه‌رچاوه‌ی هێز و ئامرازی ده‌ستی تاوانباره‌که‌ن( چ له‌ ئه‌نجامدانی تاواندا و چ له‌ په‌نکوێر کردنیدا) و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی تریش که‌ له‌و پێکهاته‌ و داموده‌زگایانه‌دا هاوبه‌شن، خزمه‌تکار و شه‌ریکی ئه‌وانیشن له‌ تاوان و قازانج و ده‌سکه‌وته‌کانیدا!
به‌ڵام یه‌که‌میان‌ هه‌روا ئاسان نیه‌. چونکه‌ به‌ جیا له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌ ئاستی ملیۆنی خه‌ڵکدا ته‌سدیق کراون، هه‌ر خودی چۆنێتی هه‌ڵسوکه‌وتی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له چوارچێوه‌ی که‌یسی سه‌رده‌شتدا، له‌‌ سه‌رجه‌م بواره‌ سیاسی و ئیداری و حزبی و ئیعلامی و حکومی و قه‌زایی و ئه‌منی و دیبلۆماسی یه‌کانیان ( له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا) ئه‌وه‌یان نیشان ده‌دا، که‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌یانه‌وێت به‌رپرسیارێتی سیاسی( نه‌ک یاسایی) تاوانه‌که‌ بشارنه‌وه‌! هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش مانای خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ پایه‌یه‌کی گرنگی مه‌حاڵ بوونی گۆڕینی ئه‌و حوکمه ‌( که‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی تاوانبارن) له‌هه‌مان کاتیشدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ ( که‌ بۆچی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌لایه‌ک ده‌یه‌وێت به‌رپرسیارێتی سیاسی خۆی نیشان بدات و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌رپرسیارێتی یاسایی بشارێته‌وه‌؟) ده‌بێته‌ پایه‌یه‌کی گرنگی ئاسان بوونی نه‌فی کردنه‌وه‌ی دوه‌م. واته‌ بۆ لابردنی ئه‌و ناکۆکی یه له‌ لێکدانه‌وه‌که‌ماندا ته‌نیا ده‌توانین ئه‌م ته‌ره‌فه‌ی حوکمه‌کان بگۆڕین( که‌ هه‌بونی پێکهاته‌ و داموده‌زگای حوکمڕانی سه‌ربه‌خۆ له‌ تاوانباره‌که‌، له‌ کوردستاندا به‌ فه‌رز وه‌رده‌گرێت)!
ئێستا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه:
به‌ بڕوای من ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ دوو فاقی یه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی( که‌ له‌لایه‌ک ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیارێتی سیاسی ڕابگه‌یه‌نن و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیارێتی یاسایی بشارنه‌وه‌) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌:
1. کپ کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان و سه‌رکوتکردنی نه‌یارانی سیاسی، سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ و ده‌سبه‌ردار نه‌بووی هێز و باڵاده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی یه‌ و ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامی به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان به‌رامبه‌ر که‌سێک، لایه‌نێک پیاده‌ بکرێت و ئه‌مه‌ له‌ ڕووی سیاسی یه‌وه‌ جێگیر بێت و خه‌ڵک به‌م چاوه‌وه‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بناسن. واته‌ ئه‌وان به‌ ناچاری دژی ئه‌وه‌ن که‌ خه‌ڵکی کوردستان ته‌سویرێکی وایان له‌سه‌ریان هه‌بێت، که‌ دژی ده‌نگه‌ ناڕازی یه‌کان و نه‌یاره‌ سیاسی یه‌کانیان نین!
2. پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌وه‌ دڵنیان، که‌ تا ئێستاش له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، ده‌رکه‌وتنی به‌رپرسیارێتی سیاسی یه‌کسان نیه‌ به‌ به‌رپرسیارێتی یاسایی! شه‌ڕی نێوان خۆیان و یه‌کێتی‌(که‌31 ی ئابیشی تیا تۆمار کرا) و بوو به‌ هۆی کوژرانی هه‌زاران و ئاواره‌ کردنی ده‌یان هه‌زار( که‌ شه‌خسی مه‌سعود بارزانی وه‌ک داننانێک به‌و په‌رپرسیارێتیه‌دا له‌ کۆنگره‌که‌ی یه‌کێتیدا داوای لێبوردنی له‌ خه‌ڵکی کوردستان کرد!) ، شایه‌تیه‌کانی نه‌وشیروان و تاڵه‌بانی له‌سه‌ر یه‌کتر،… که‌چی هیچ کام له‌و پێکهاتانه‌( په‌رله‌مان، حکومه‌ت، ده‌زگای قه‌زایی) نه‌هاتن ئه‌م دانپیانانه‌ بگۆڕن بۆ به‌رپرسیارێتی یاسایی!
3. یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندی و کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئێستای کۆمه‌ڵگای کوردستان، دوای ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ئابوری یه‌ی که‌ له‌ پرۆسه‌یه‌کی مافیاییدا( که‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌وری سه‌ره‌کی یان تیا گێڕا) به‌سه‌ریدا هاتوه‌ و کردویه‌تیه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی( له‌سه‌ر بنه‌مای بازاڕی ئازاد) و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یه‌کێک له‌ بنه‌ماڵه‌ هه‌ره‌ سه‌رمایه‌داره‌کانی  پێکدێنن، بریتی یه‌ له‌ وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌( جا ناوخۆیی بێت یان ده‌ره‌کی). له‌ناو ئه‌م سیسته‌مه‌دا یاسا (به‌ مانا گشتیه‌که‌ی) توانیویه‌تی له‌ زۆربه‌ی دنیادا ده‌ورێکی کاریگه‌ر و به‌رچاوی هه‌بێت بۆ ترساندن و سه‌رکوتی ده‌نگه‌ مه‌ترسی داره‌کان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داران و هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بدات به‌ده‌سته‌وه‌ که‌ ترساندن و سه‌رکوتی ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆره‌کان پیاده‌یان ده‌کرد. بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش وه‌ک هه‌ر سه‌رمایه‌دارێک و وه‌ک هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێکیش ئیتر ناتوانن ده‌سبه‌رداری ئه‌م (بڕنه‌و) ه‌ تازه‌یه‌ بن و له‌ ئه‌هه‌میه‌تی بڕشته‌که‌ی بۆ پارێزگاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و چینه‌ داراکان، که‌م بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ پێداویستیه‌کی شه‌ڕی چینایه‌تی ئێستایه‌( که‌ هه‌م به‌ش به‌شی سه‌رمایه‌داران له‌و شه‌ڕه‌دا ڕێک ده‌خات و یه‌ک ده‌خات و هه‌م دوژمنه‌ چینایه‌تیه‌کانیش به‌ش به‌ش ده‌کات و کۆت و که‌له‌بچه‌یان ده‌کات). ئه‌گه‌ر سه‌رنجی قسه‌کانی مه‌سعود بارزانی و پارتی و یه‌کێتی و حکومه‌ته‌که‌یان و ئیعلامیه‌کانیان و سکاڵا یه‌ک له‌سه‌ر یه‌که‌کانیان له‌ دژی ڕۆژنامه‌نوسان و نوسه‌ران و بڵاوکراوه‌کان بده‌ین، به‌ ئاشکرا ئه‌م ڕێزه‌ بۆ یاسا و ئه‌م چاوه‌ڕوانیه لێی ده‌بینرێت.‌
هه‌رچی ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌شه‌‌ به‌ ئاسانی ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ سێ کۆمه‌ڵه‌ ڕاستی:
کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌می راستیه‌کان:
1. سه‌رکه‌وتن و شکستهێنان له‌ به‌ ده‌سهێنانی بڕیارێکی یاسایی، له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا نه‌که‌وتوه‌ته‌ گره‌وی ته‌رازووی هێزی (به‌ره‌) کانی ناو که‌یسه‌که‌وه‌، به‌ڵکو زۆر به‌ توندی گرێی خواردوه‌ به‌ ته‌رازووی هێز له‌ بازنه‌یه‌کی فراوانتردا( که‌ بریتین له‌ کۆمه‌ڵگا و ئه‌و پێکهاته‌ و داموده‌زگایانه‌) و به‌ خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانیانه‌وه.‌
2. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ و جبه‌خانه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی سه‌رکه‌وتنه‌کانی ڕابردویان له‌ که‌یسه‌ جۆراوجۆره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و ئه‌و داموده‌زگایانه‌دا( که‌ حه‌تمه‌ن خاڵی لاوازیشیان تیادایه‌ بۆیان)  دانیشتوون، به‌ڵام توانیویانه‌ له‌ که‌یسێکی وه‌ک که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا( که‌ به‌ هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیه‌وه‌، چه‌رمی شاردنه‌وه‌ی ماهیه‌تیانی ته‌نک کردوه) زۆر سه‌رکه‌وتوانه‌ قه‌ڵغان و خشڵی ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ به‌کاربێنن و لاوازیه‌کانی خۆیانی پێبشارنه‌وه‌! به‌ڵام:
3. هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌و ململانێیه‌دا دوو خاڵی لاوازی سه‌ره‌کی هه‌یه‌. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی که‌یسه‌که‌دا خۆی قه‌تیس کردوه‌ و ده‌یه‌وێت ته‌نیا به پشت به‌ستن به‌ ته‌رازووی هێزی ناو که‌یسه‌که‌ بڕیارێکی یاسایی به‌ده‌ست بێنێت و دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و پێکهاته‌ و داموده‌زگایانه‌ ( په‌رله‌مان. حکومه‌ت، ده‌زگای قه‌زایی و وه‌زاره‌ته‌کان،…) بکات به‌ ئامرازی خستنه‌گه‌ڕی ده‌سکه‌وته‌کانی ناو که‌یسه‌که‌ و بڕیارده‌ری سه‌رکه‌وتنه‌که‌!
کۆمه‌ڵه‌ی دوه‌می راستیه‌کان:
1. هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و کاربه‌ده‌ستانه‌ی به‌ جۆریک له‌ جۆره‌کان ئیعتبار و ڕه‌سمیه‌ت ده‌ده‌ن به‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌: په‌رله‌مان، حکومه‌ت و هه‌ندیک له‌ وه‌زاره‌ته‌کان، ده‌زگای قه‌زایی و یاساکانیان و خه‌ڵکی ناڕازی و ئازادیخواز فریوده‌ده‌ن، ئه‌وا به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کانیش هێزی خۆ ڕزگار کردن ده‌ده‌ن به‌ تاوانباره‌که‌ی ناو که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان و تاوانبارن تیایدا و هاوبه‌شیش ده‌بن له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ له‌مه‌ودوا ڕووده‌ده‌ن! ئه‌گینا په‌رله‌مانێک مانای چیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت له‌ که‌یسێکی ڕۆشنی وه‌ک که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا جاودێری ڕه‌وشی ساده‌ترین یاسا( یاسای سزادان) بکات و له‌ حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی بپێچێته‌وه‌؟ ئه‌ی حکومه‌ت لێره‌دا مانای چیه‌؟ ئه‌ی ده‌زگای قه‌زایی و ئه‌و هه‌موو حاکم و پارێزه‌ره‌ زمان درێژانه‌ی باسی( ڕه‌وشی داد و یاسا و ڕێساکان) ی ده‌که‌ن ده‌چنه‌ چ خانه‌یه‌که‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ک ته‌نیا له‌به‌رامبه‌ر که‌یسه‌که‌دا، به‌ڵکو له‌به‌رامبه‌ر یاسا و ده‌زگاکانیشیدا هه‌ڵوێست وه‌ربگرن؟ ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌( په‌رله‌مان، حکومه‌ت، ده‌زگای قه‌زایی) پێکه‌وه‌ چه‌قۆی تاوانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی تاوانه‌کانیان تیژ ناکه‌ن و نه‌شبونه‌ته‌ قه‌ڵغانی خۆپاراستنیان؟
2. ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ته‌نکایی که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا، جگه‌ له‌ تاوانبار شتێکی تر نین. زوو بێ یا دره‌نگ( که‌ دڵنیام ته‌مه‌نی قه‌رزاری پڕ له‌ زه‌بونی و تاوانبارێتی زۆرێک له‌و په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و کاربه‌ده‌ست و حاکم و پارێزه‌رانه‌، فریای ده‌که‌وێت)  ئه‌مانه‌ ڕوبه‌ڕوی دادگایه‌ک ده‌بنه‌وه‌، که‌ پرسیاری هه‌ڵوێستی ئه‌وان ده‌کات له‌ سه‌روبه‌ینی‌ که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا. باشتر وایه‌ تا زووه‌ هه‌ڵوێستی ئاشکرای خۆیان سه‌باره‌ت به‌و که‌یسه‌ و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی حوکمرانی و داموده‌زگاکانی و یاساکانی ڕابگه‌یه‌نن و نه‌فره‌تیان لێبکه‌ن( ئه‌گه‌ر خۆیان به‌ خزمه‌تکار و چڵکاوخۆری تاوانباران نازانن!)
کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌می راستیه‌کان:
1. ، به‌ره‌ی ناڕازی و ئازادیخواز ناتوانێت به‌بێ به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ئه‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و کارکردن له‌سه‌ر خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانی خۆیی و دوژمنه‌ جۆراوجۆره‌کانی له‌ کۆمه‌ڵگادا له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا( که‌ زۆربه‌ی دوژمنه‌کانی له‌ ته‌نکایی یه‌کی بێ سابیقه‌دان) سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت.
2. مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێکهاته‌ و داموده‌زگایانه‌( په‌رله‌مان. حکومه‌ت، ده‌زگای قه‌زایی) دا، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێزی تاوانبار و ئامڕازی تاوان، پێشمه‌رجی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی به‌شێکی گرنگی ماتریاڵ و خاڵه‌ به‌هێزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی و ئازادیخوازه‌ و ئه‌گه‌ر نیشانه‌ و به‌ڵگه‌یه‌کی هێزی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت عوسماندا، تا ئێستا ئه‌و پرۆسه‌ی ڕسواکردنه‌ بوه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی کردوه‌ته‌ ئامانج، ئه‌وا سه‌ره‌تایی ترین پێداویستی سه‌رکه‌وتن له‌م که‌یسه‌دا بریتی یه‌ له‌ به‌سه‌ره‌نجام گه‌یاندنی پرۆسه‌یه‌کی هه‌مان شێوه‌ بۆ ڕسواکردنی هه‌موو ئه‌م پێکهاته‌ و ده‌زگا و کاراکته‌ره‌کانیان.

 03.10.2010‌

Previous
Next

Leave a Reply