Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
تاڵەبانی چی پێدەكرێت…پرۆژەیەك لە چاوەڕوانیدا……محەمەد رەئوف

تاڵەبانی چی پێدەكرێت…پرۆژەیەك لە چاوەڕوانیدا……محەمەد رەئوف

Closed
by December 29, 2008 گشتی

 تاڵەبانی چی پێدەكرێت…پرۆژەیەك لە چاوەڕوانیدا
 محەمەد رەئوف
       
 

 پرۆژەی هەنگاوەكانی چاكسازی و نوێبوونەوە، كە لەلایەن جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە خراوەتە روو، زۆرترین خوێندنەوەو تێڕوانین و پرسیاری ورووژاندووە لای رۆشنبیران و بەرپرسانی سیاسی كوردستان، هەرچەندە سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگە درك بە گرنگی و پێویستیەكانی پرۆژەیەكی لەو شێوەیە دەكەن، بەتایبەتیش بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای كوردستان حیزب دەستی خستۆتە نێو سەرجەم رایەڵەكانی حكومەتەوەو بۆتەسەرچاوەی سەرەكی درووستكردنی گەندەڵی و رۆتین و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی،  بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئایا تاڵەبانی توانای جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەی هەیە…؟ كەبەجێبەجێكردنی بەرژەوەندی زۆرێك لە بەرپرسانی حیزبەكەی دەهەژێنێت…؟ ئایا تاڵەبانی بەجدی ئەیەوێت پرۆژەكەی جێبەجێی بكات؟ یا تەنها بۆ رزگاربونی حیبزبەكەیەتی لەو قەیران و كێشانی كە رووبەروی بۆتەوە؟ یا لەبەرامبەر ئەو نارەزاییە زۆرەی كە لەلایەن خەڵكیەوە هەیە لە بەرپرسان و دەستخستنیان بۆ نێو كاروباری حكومەت، ئایا ئەم پرۆژەیەش وەك پرۆژەكانی پێشوو تەنها نابێتە وشك بوونەوەی مەرەكەبی سەركاغەز..؟ ئایا ئەم پرۆژەیە بەبێ گرتنەبەری رێو شوێنی یاسایی و مامەڵەی توندوو كاریگەرو بریاری بوێرانە، دەچێتە بوواری جێبەجێكردنەوە…؟
 هەرچەندە گۆمانی باشبردن بۆ پرۆژەیەك كە هێشتا لەسەرەتادایە، ئەگەرچی جێبەجێش نەكرێت، لە رووی سایكۆلۆجیەوە جۆرێك لەسەرخستنی پرۆژەكەیەو هەوڵێكە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە، بەڵام پرۆژەیەكی درەنگ وەخت لە نێو دنیایەك لە گەندەڵی و پشێوی ئیداری و دەریایەك لە كادرو بەرپرسی چەشەبوو لە بەكارهێنانی پۆستی حكومی بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دەیان ساڵە دەست و پەنجەیان راهاتووە لەگەڵیدا، ئەستەمە بە گۆچانێكی سحراوی چارسەر بكرێت. 
 پرۆژەیەك بۆ چاكسازی یا هەوڵێك بۆ رزگاربوون
 لەگەڵ ئەوەی پرۆژەكەی تاڵەبانی هەنگاوێكی سەرەتایە بۆ گەراندنەوەی ژیانی سیاسی و ئیداری و حوكمداری لە كوردستان و دەنگدانەوەیەكی گەورەی درووستكردووە، بەڵام ئاگایانی سیاسی وای بۆدەچن، لە ئێستادا خستنەرووی پرۆژەیەكی لەو جۆرە، لەلایەك بۆ تێپەراندنی ئەو قۆناغەیە كە ئێستا حیزبەكەی پێدا تێپەڕدەبێت، چونكە ئەمرۆ یەكێتی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیارو چارەنوسسازدایە، لەلایەك بوونی فرەكوێخایی و باڵباڵێن بوونە بەبەشێك لە ژیانی سیاسی ئەو حیزبەو كاریگەری گەورەی لەسەر لاوازی پێگەی سیاسی ئەو هێزە درووستكردووە، ئەمە سەرەرای نارەزایی و بێ ئومێدی ئەندامان و لایەنگرانی كە گەیشتۆتە ئاستی توڕەیی و بێزاری، لاواز بوونی ئەو ئومێدەی كە پێشتر هەبوو، یەكێتی هێزی نوێبوونەوەو پێشكەوتن و دەستپێشخەری دیموكراسی و ئازادی و مەدەنیە.     رەنگە هۆكارێكی تری خستنە رووی پرۆژەكەی تاڵەبانی ئەو گوشارانە بێت كە لەلایەن رێكخراوە مەدەنی و  نێودەوڵەتیەكانەوە كە بەشێوەیەكی نەگەتیف ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەتایبەتیش بوونی گەندەڵی و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بۆتە مانشێتی رۆژنامەكان و راپۆرتى رێكخراوەكان.
 بەڵام چاودێرانی سیاسی خستنەرووی ئەو پرۆژەیە لەلایەن تاڵەبانیەوە دەگەرێننەوە بۆ كاریگەری ئەو وتارو نوسین و پرۆژانەی نەوشیروان مستەفا كە لەدوای دروستكردنی كۆمپانیای وشەوە بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی و جیاكردنەوەی حیزب و حكومەت خستۆێتیە روو، چونكە ئەو پرۆژەو وتارانە كاریگەری راستەوخۆی بۆسەر جەماوەری كوردستان بەگشتى و رێكخستنەكانی یەكێتی بەتایبەتی درووستكردووە، ئەم پرۆژەیە بەدێویكیدا وەڵامە بۆ ئەو پرۆژانەو بەدێویكشدا پشتگیریە بۆ پرۆژەكانی نەوشیروان، چونكە لە دیداریدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا، جەلال تاڵەبانی بەرەسمی ئەو پرۆژەیەی راگەیاند.
 بەیاساییكردنی پرۆژەكە
 ئەو بێ ئومێدیەی كە لای زۆرێك لە رۆشنبیران و نوسەران هەیە سەبارەت بە پراكتیزە نەكردنی پرۆژەكەی تاڵەبانی، راگەیاندنێتی لە ناو هەناوی حیزبدا بۆ جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت، ئەو پرۆژەیە بەبێ چوارچێوەیەكی یاسایی و بەبێ تێپەرینی بە كەناڵی یاسایی خۆیدا كە پارلەمان و حكومەتی هەرێمە، ئەستەمە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە تەنها چوارچێوەیەكی حیزبی دەگرێت و ئەوكاتیش وەك سەرجەم پرۆژەكانی دیكە ئەگەری زیندوێتی كەم دەبێت، لەبەر ئەوەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی لەو شێوەیە لە رێی دادگاوە دەبێت، هەرچەندە  ئەمرۆ حیزب لە كوردستاندا دەستی خستۆتە هەناوی دادگاكانیشەوەو كاریگەری زۆری لەسەر دەركردنی بریارەكانی دادگا هەیە، بۆیە بەر لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بە كارو پرۆژەی سەرجەم  دامەزراوە حكومەكان، كە ئەمرۆ بەدەست دەست تێوەردانی حیزبەوە دەناڵێنن و كاریگەری گەورەی لەسەر درووستكردنی رۆتین و گەندەڵی ئیداری هەیە.
 لێپێچینەوە بنەمای سەرەكی جێبەجێكردنە
 هیچ پرۆژەو یاسایەك بە بێ لێپێچینەوەو بەدواداچوون و پاداشت و سزا ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئایا تاڵەبانی ئامادەیە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكان، بەبێ جیاوازی بكات؟ كێ رادەستپێری بۆ ئەم كارە؟ ئایا حكومەت توانای لێپێچینەوەی هەیە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی كە خۆیان لە سەروو حكومەتەوە دادەنێن؟ سەرجەمی ئەو پرسیارانە ئەوە دەخاتە روو كە پرۆژەیەكی لەو شێوەیە پێویستی بە بەدواداچوون و رێوشوێنی تووند و لێپێچینەوەی یاسای هەیەو هەروا بەئاسانی ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە خستنە رووی ئەو پرۆژەیە ئەوە لە تاڵەبانی دەخوازێت كە یەكەم هەنگاو لە حیزبەكەی خۆیەوە دەست پێبكات و ئەو كەسانە لە كارەكانیان لابدات كە بێتوانا و نەشیاون بۆ پۆستەكانیان و بەهۆی واستەو خزمایەتیەوە ئەو شوێنەیان گرتووە، ئەو پرۆژەیە تاڵەبانی ناچار دەكات كە سڵ نەكاتەوە لەوەی ئەندامان و بەرپرسانی حیزبەكەی كۆمەڵێك دەستكەوتی  مادی و مەعنەوەی لەدەست دەدەن، بۆیە لەسەروو هەموو شتێكەوە یەكێتی پابەند دەكات بەجێبەجێكردنی سەرجەم ئەو یاساو پرۆژانەی دەردەچن.
 پرۆژەكەی تاڵەبانی یەكێتی پابەند دەكات كە هیچ واستەو بەرتیلێك قبوڵ نەكات و هەر بەرپرسێكی حكومیش كاری نایاسیی كرد سزا بدرێت، بەتایبەتیش جێبەجێكردنی سزا بەسەر چەند كەسێكدا كە بە ئاشكرا گەندەڵی و بەرتیل و كاری نابەجێیان بەسەردا ساخدەبێتەوە.
 حكومەتێك لە هەناوی حیزبدا
 ئەمرۆ لە كوردستان حیزب كۆنترۆڵی سەرجەم كایەكانی حكومەتی كردووەو بەجۆرێك پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتانی دوونیا حكومەت لە هەناوی حیزبدا لەدایك بووەو ئەستەمە بتوانیت كارو پرۆەژەی حكومەت لە حیزب جیاكەیتەوەو كادری ئیداری و حكومی و حیزبی بناسیتەوە، ئەمرۆ هەرلەدانانی بەرێوەبەرو كارمەند و مامۆستای زانكۆو گواستنەوەی فەرمانبەرو دانانی كەسكەكان لە پۆستە ئیداریەكاندا، بەبێ رەزامەندی كۆمیتەوەو لق و ناوچەكان ئەنجام نادرێت، بۆیە كاری حكومەت وەك تەنی جاڵجاڵۆكە لەگەڵ حكومەتدا تێكەڵاوبووەو جیاكردنەوەشی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو حیزبانەی كە ئەو دۆخەیان خۆڵقاندووە.
 یاساناسان هۆكاری دەستوەردانی حیزب لە كاروباری حكومەتدا بۆ نەبوونی یاسای حیزبەكان دەگەرێننەوە لە پارلەمانی كوردستان ، چونكە لەوێوە ئتوانرێت یاسایەكیش هاوشێوەی پرۆژەكەی تاڵەبانی دابنرێت و سنورێك بۆ دەستوەردانی حیزب لە حكومەتدا دابنرێت، خاڵكی تریش تێكەڵكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و داوەریە و كە هەرسێكیان لە لایەن حیزبەوە دانراون و بەجۆرێك تێكەڵبوون هەریەكەیان كاری ئەوی دیدە دەكات، ئەمیش هۆكاری سەرەكی كێشەكانە. حیزب زاڵە بەسەر سەرجەم دام و دەزگاو كاروبارێكی حكومەتدا، ئەم دۆخەش بووە بەكلتورێك لای سەرجەم فەرمانبەرو بەرپرسێكی ئەم وڵاتە.
 چارەنوسی پرۆژەكەی تاڵەبانی بەكوێ دەگات
 خستنە رووی پرۆژەیەك لەمرۆدا بۆ چارەسەركردنی گرفتێك كە تەواوی كۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بۆخۆی هەنگاوێكی گرنگ و سەرەتایەكی رچە شكێنە بۆ هەنگاوو پرۆژەی نوێ بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەو گرفت و قەیرانەكانی ناوخۆی كوردستان، بەڵام ئەو رەشبینیەی كە لای زۆرێك لە هاوڵاتیان و بەرپرسان درووستبووە سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەكەی تاڵەبانی و ئەو كاریگەریە پۆزەتیفیانەی لێی دەكەوێتەوە، دەگەرێتەوە بۆ درەنگی خستنە رووی پرۆژەكە لەدوای ئەوەی گەندەلی و رۆتین سەرجەمی دامەزراوەكانی حكومەتی گەنیوە، دواى ئەوەی حیزب سەراپای كایەو بنەماكانی حكومەتی داگیركردووە، دوای ماشینەوەی سەرجەمی سامان و دەستكەوتەكانی كوردستان بۆ بەرژەوەندی شەخسی، دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوی پۆستە باڵاكانی حكومەت، ئێستا تاڵەبانی بەخەر دێتەوەو دەیەوێت گۆڕان بكات، تاڵەبانی چۆن ئەتوانێت سزای ئەو كەس و بەرپرسانە بدات كە دەیان ساڵە ئەو جۆرە كارانە بووە بە پیشەیان و بووە بە كلتورو ترادسیۆن لەلایان، ئایا خستنە رووی تەنها پرۆژەیەك توانای گۆرینی ئەو دۆخە ناتەندرووستەی هەیەكە بەشێكی زۆری بەرپرسانی حیزبەكەی خوڵقاندوویانە ؟
 بەڵام ئەوەی رۆشنبیر و كەسانی نائومید بە پرۆژەكە كەشبین دەكات، ئەوەیە كە ئەمە دواهەلی وەشاندنی گۆچانە سیحریەكەی تاڵەبانیە بەرامبەر بەو دۆخە ناتەندرووستەی ئەمرۆی كوردستان، كە بەهۆی گەندەڵی و ناعەدالەتیەوە كوردستان بەرەو دۆخێكی ترسان دەبات، بەڵام مەترسی دۆخەكە لەسەر هەڵوەشاندنەوەو تێكچوونی ریزەكانی یەكێتی لە سەرجەم ئەگەرەكانی دیكە زیاترە، لەلایەكیش ئەو هەڵا ئیعلامیەی بۆ ئەو پرۆژەیە كراوە، بەتەواوی ئەركی جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەتی لەسەر تاڵەبانی كردۆتە ماڵ، لەبەر ئەوە چاوەروان دەكرێت، ئەمجارە تاڵەبانی بە جدی هەوڵ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەكەی بدات و بیخاتە چوارچێوەیەكی یاساییەوە.
 
 MRKURD76@YAHOO.COM

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.