Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

تــــــــــــرس لــــــــه ‌ڕابــــــــردوو…

Be First!
by September 13, 2010 گشتی

 
 
هه‌ر كه‌س‌و تاقم‌و حیزبێك، چی‌ كردبێت له‌ڕابردووه‌كه‌یدا، ئه‌بێ‌ به‌ (مێژوو) پێناسه‌یه‌ك بۆ قۆناغه‌ جیاجیاكانی‌ ژیانی‌ رابردووی‌، هه‌ر كه‌س‌و ده‌سه‌ڵاتێك ترسی‌ هه‌بوو له‌باسكردنی‌ رابردوو، گومان‌و پرسیار ئه‌خاته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك، چونكه‌ مێژووی‌ ئه‌و حیزب‌و كه‌سانه‌ موڵكی‌ ژیانی‌ سیاسییانه‌ به‌هه‌موو سه‌ركه‌وتن‌و نوشوست‌و سه‌ربه‌رزی‌‌و ملكه‌چییه‌كانیه‌وه‌، به‌هه‌موو لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤ‌و نێگه‌تیڤه‌كانه‌وه‌، خۆدزینه‌وه‌ له‌باسكردن‌و چاو سووركردنه‌وه‌ش له‌(نووسینه‌وه‌یان) یه‌ك فلسی‌ قه‌ڵب ناهێنێ‌، چونكه‌ به‌حه‌زو میزاج‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان مێژوو دروست نابێت.
به‌داخه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان، دڵه‌ڕاوكێ‌‌و هه‌ناسواریه‌تی‌ له‌ڕابردووی‌ خۆی‌‌و كه‌س‌و (ئه‌حباب)ه‌كانی‌، هێنده‌ له‌خه‌می‌ بنیادنانی‌ پاشه‌ڕۆژو (ناوێكی‌ بێته‌پ‌و تۆز)ی‌ خۆی‌ نییه‌، له‌هه‌ر قوژبن‌و سوچێكی‌ مێژووی‌ ده‌سه‌ڵاتدا، گه‌ر كارێكی‌ سه‌ربه‌رزی‌‌و سه‌روه‌رییه‌ بێ‌ هاوتاو مێژوویی‌‌و جوگرافییه‌كانه‌وه‌ به‌ڵام ناو هێنانی‌ بچوكترین (خوارو خێچییه‌كان)، ئیتر هه‌مان زوڕنا ژه‌نه‌كان ئه‌كه‌ونه‌ دیوه‌كه‌ی‌ ترو ئه‌یكه‌ن به‌ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌‌و هێنانه‌دی‌ (خه‌وی‌ دوژمنان‌و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی‌ ریزه‌كانی‌ به‌ (له‌حیم) پێكه‌وه‌ نووساوی‌ گه‌ل! یه‌كسه‌ر په‌نجه‌ی‌ تاوانباریش روو له‌میدیای‌ ئه‌هلی‌ ئه‌كات كه‌ ئه‌وانن به‌ (فیتی‌ داگیركه‌ران) رابردووی‌ (پڕشكۆ)ی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناشرین ئه‌كه‌ن‌و نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ (چه‌واشه‌) ئه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ میدیای‌ ئه‌هلییه‌ كه‌ ته‌شهیر به‌ (مێژوو ئه‌كات)، ده‌نا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك رۆژ له‌ژیانی‌ خۆیدا، له‌(مێژوو)ی‌ خۆیدا له‌گوڵ‌ كاڵتری‌ به‌كه‌س نه‌وتووه‌.
ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ وه‌ك حسابه‌كانی‌ تریش، له‌مه‌شدا كورتیهێناو دانانی‌ ده‌یان خه‌تی‌ سوور بۆ مێژوویه‌ك كه‌ (سپی‌) نییه‌، ناتوانێت راستییه‌كان بشارێته‌وه‌، چونكه‌ كه‌س ناتوانێ‌‌و تاسه‌ر دیوه‌ ره‌ش‌و شه‌رمه‌زارییه‌كانی‌ مێژوو بسڕێته‌وه‌ یان هیچ نه‌بێ‌ بۆ ماوه‌یه‌ك (بایكۆت)ی‌ باسكردنی‌ بكات، كولتوری‌ ناوزڕاندن‌و قسه‌و قسه‌ڵۆك‌و تاوانباركردن‌و (تحقیر) كردنی‌ یه‌كتر له‌سه‌رده‌می‌ (جه‌لالی‌و مه‌لایی‌) باڵی‌ به‌سه‌ر میدیا حیزبییه‌كاندا كێشابوو، خۆ ئه‌و كاته‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌ نه‌بوو، دروستبوونی‌ ئه‌و دوو باڵه‌ش كورد خۆی‌ بوو، ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كورد بوو، خۆ لایه‌كیان ئه‌فریقی‌‌و ئه‌وی‌ تریان ئاسیاوی‌ نه‌بوو تا بوترێت ئه‌وه‌ میدیای‌ ناحه‌زو تاپوری‌ پێنج بووه‌، له‌و ململانێیانه‌ی‌ ئه‌و دوو لایه‌دا هه‌رچی‌ سیمبول‌و دیارده‌ پۆزه‌تیڤه‌كان كرابوون به‌موهه‌ڕیج‌و نوكته‌یان له‌سه‌ر دروست ئه‌كرا، (جه‌لالی‌‌و مه‌لایی‌) هه‌رچییه‌ك بوون‌و كێ‌ دروست‌و بنیادی نان‌و چییان لێهات، بووه‌ به‌به‌شێك له‌مێژووی‌ كوردو كولتوری‌ راگه‌یاندنی‌ ناوزڕاندن‌و گاڵته‌كردن به‌به‌رامبه‌ر له‌و مێژووه‌وه‌ بووه‌ حه‌ڵاڵه‌كانی‌ حیزب. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌‌و به‌شداربووانی‌ ئه‌و قۆناغه‌ پێیان وایه‌ كه‌ (جه‌لالی‌‌و مه‌لایی‌) شایانی‌ ره‌خنه‌لێگرتن‌و ده‌رس وه‌رگرتن نییه‌، ئیتر بۆچی‌ له‌باسكردنیاندا وا ئه‌چن به‌ئاسماناو كێچ ئه‌كه‌وێـه‌ كه‌وڵیان، ئه‌ی‌ كورد ناڵێت به‌ری‌ رۆژ به‌بێژنگ ناگیرێ‌، ئیتر ترسیان له‌چییه‌ له‌باسكردن‌و هێنانه‌وه‌یادی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌و ده‌یان كاره‌ساتی‌ تری‌ له‌و چه‌شنه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌یه‌وێت به‌ (خه‌تێكی‌ سوور)‌و (له‌پێناوی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وایه‌تیدا) هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ بخنكێنێ‌ كه‌ وه‌ك (مێژوو) باسیان لێوه‌ ئه‌كات، ده‌سه‌ڵات بۆ له‌چه‌واشه‌كردنی‌ (نه‌وه‌ی‌ نوێ‌) ترسی‌ هه‌یه‌ گه‌ر رێگه‌ به‌و نه‌وه‌یه‌ نه‌دات راستییه‌كانی‌ مێژووی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ بزانێ‌‌و لێی‌ ئاگاداربێ‌‌و شانازی‌ به‌لایه‌نه‌ سپی‌‌و نه‌فره‌ت له‌لایه‌نه‌ ره‌شه‌كانی‌ بكات؟ چه‌واشه‌كردن به‌درۆ ده‌ست پێده‌كات‌و له‌بیربردنه‌وه‌ی‌ رابردووش سه‌ره‌تای‌ درۆكردنه‌ به‌رامبه‌ر به‌و نه‌وه‌یه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات زۆر (خه‌مخۆرێتی‌)!
ئه‌ی‌ له‌دوای‌ جه‌لالی‌‌و مه‌لایی‌، دوای‌ هه‌ره‌س‌و شه‌ڕی‌ لایه‌نه‌كان له‌شاخ‌و دواتر شه‌ڕی‌ ناوخۆ؟ خۆ ئه‌و كاته‌ش میدیای‌ ئه‌هلی‌ له‌وجوددا نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌تبووه‌ نه‌بوو، زۆرترین ته‌شهیری‌ كردبوو به‌پێوانه‌ بۆ دڵسۆزی‌ بۆ كوردو كوردستان، ته‌نانه‌ت بۆ (دیموكراتی‌)ش، (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌بێت له‌سه‌ر وشه‌ی‌ ته‌شهیر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین كه‌ ته‌شهیر لای‌ ده‌سه‌ڵات‌و حیزب چییه‌؟ ره‌نگه‌ باسكردنی‌ چه‌ند چه‌مك‌و سیمبول‌و رابردوویه‌ك لای‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌ته‌شهیر ناو ببرێت ئه‌گه‌ر چی‌ راستی‌‌و واقیعی‌ بێت، ئه‌وه‌ش سه‌باره‌ت ترس له‌به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ڕووداوه‌كان).
سه‌یره‌ كاتێك (شه‌ڕه‌ ده‌سه‌ڵات) له‌ئارادا بووه‌، هه‌رچییه‌كت به‌ده‌ما هاتبوو به‌بێ‌ سانسۆر وتووته‌و هه‌مووی‌ راست بووه‌، له‌ئارامیداو له‌سه‌ره‌تای‌ وه‌رزێك كه‌ بتوانین مێژووه‌كه‌مان (خۆمان) بینووسینه‌وه‌، هه‌رچییه‌ك بڵێی‌ ئه‌گه‌ر راستیش بێت، بۆت نییه‌و ئه‌بێ‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وامری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خه‌ته‌ سووره‌كان بكه‌یت كه‌ رێگه‌ت بدات چی‌ باس بكرێت‌و چی‌ بخرێته‌ ژێره‌وه‌. ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ بێئاگایه‌ (مێژوو) هی‌ هه‌موو میلله‌ته‌و ئه‌ویش (واته‌ ده‌سه‌ڵات) به‌شێكه‌ له‌میلله‌ت كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌‌و هه‌یه‌و له‌مێژووشدا ئه‌بێ‌ یه‌ك به‌یه‌ك‌و دوو به‌دوو بنوسرێته‌وه‌، ده‌نا ئه‌وكاته‌ (چه‌واشه‌) كارییه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌مان سه‌رو پۆته‌ڵاكی‌ هه‌موو كه‌س بگرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵات‌و بڕیارده‌ره‌كانی‌. ده‌سه‌ڵات ئه‌یه‌وێت مێژوو وا بنووسێته‌وه‌ كه‌ له‌(له‌دایك بوون)یدا هه‌موومان بڕژێینه‌ سه‌ر جاده‌و تا قاچمان شل ئه‌بێ‌ هه‌ڵپه‌ڕین، به‌ڵام له‌هێنانه‌وه‌ (مێژووكردنی‌) ئه‌و كاتانه‌ی‌ خوێن ئه‌ڕژا، گوێی‌ خۆمان بگرین.
چۆن ده‌سه‌ڵات، ترسی‌ له‌ڕابردووی‌ خۆی‌‌و باسكردنی‌ هه‌یه‌، ئه‌م میلله‌ته‌ مێژوو شێوێنراوه‌ش، هه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ ترسی‌ له‌وه‌ هه‌بێت، ئاخۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌و رۆژه‌ی‌ مێژووه‌كه‌ی‌ ئه‌خاته‌ مه‌كته‌به‌كان چی‌ بنووسی‌‌و چۆنی‌ دابڕێژێته‌وه‌! هه‌ر بۆ نموونه‌ كه‌یادێكی‌ تاڵ‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ یادی‌ (31/ ئاب)، ئاخۆ ئه‌و یاده‌، قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ حیزبییه‌كان (نه‌ك ئه‌هلییه‌كان) له‌كام په‌ڕه‌و كام سه‌روه‌ری‌ جێی‌ بكه‌نه‌وه!!!!‌

  پشكۆ ناكام

Previous
Next

Leave a Reply