Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
تكایە..بەچەند..دەمبەیتە جەهەنەم ؟…..دیار محمد(باران )

تكایە..بەچەند..دەمبەیتە جەهەنەم ؟…..دیار محمد(باران )

Closed
by November 30, 2008 ئەدەب

  (تكایە..بەچەند..دەمبەیتە جەهەنەم ؟ )
 دیار محمد(باران)

 ماڵێكم گرتبوو لە دۆزەخ  !
 تۆ ڕوخاندت
 پڕبوو لە كوفر !
 لە هەموولایەكەوە
 بۆ دوورى لێت ئەڕوانى
 هەرچى پەنجەى شایەتمانە
 لە دەورى ڕوابون !
 مالێكم گرتبوو لە دۆزەخ
 ڕەش,
 تۆ سپیتكردبوو لە غوربەت
 تكایە بەچەند ئەمفرۆشیتەوە ؟
 من عەبدى ئەم نیتیمانە نیم 
 بمكڕە, هەرزان,هەرزان
 خۆم ئەدەم لە پایزى عومرت !
 تكایە بمگۆڕەوە بە باوەشێ خەڵوز ؟
 بمبەرەوە ئەوىَ ؟
 ماڵێكم هەبوو تۆ ڕوخاندت
 هەرچى بێدەنگیە لەوىَ بوو !
 هەرچى ووشەیە بەپێى زەمەنەوە دەڕۆى
 هەرچى ڕاستییە لە شوشەیەكدا نێژرابوو
 تكایە بە چەند دەمبەیتەوە جەهەنەم ؟
 ماڵێكم هەبوو پڕبوو..لە شەمعدانى منداڵى,
 پڕبوو لە زیوو
 مالێكم هەبوو پڕبوو لە بۆنى ئەو ژنەى,
 ئێوە لە شەرعدا پێی دەڵێن مانگ
 ماڵێكم هەبوو پڕبوو بازرگانى عیشق,
 دڵى مردویان ئەگۆڕیەوە بە دڵى زیندوو
 ماڵێكم هەبوو بە ڕوناكى پیاوێكى
 ڕەنگ پایزى كڕدرابوو,
 ئێوە ناوتان لێنابوو خۆر
 تكایە بەچەند ئەمبەیتەوە بۆ ئەوىَ
 دەزانم ژیان لەوىَ پڕیەتى لە یەكسانى
 ئاگرەكان بە هێمنى دەمان سوتێنن
 شیرەكان لە ناوقەدەوە دەمان بڕن
 گۆشتەكەمان بە میزانى حەق دەكێشرێت
 پاشان..ساز دەكرێت بۆ بەردەمى سەگێك,
 كەموو تەمەنى پڕە لە وەفادارى
 تكایە مالێكم لێت دەوێت ؟
 جەهەنەمێكان دڵ فراوانن
 چاوێكیان خوداى پێدەبینن ,و
 چاوێكیان شینە
 ئەوقەڵەمەى لە دۆزەخ ناوى پێدەنوسرێت,
 بچوك نابێتەوە !
 ئەو شاعیرەى لەوىَ شیعر دەنوسَت شینە
 ئەو شاعیرەى لێرە شیعر دەنوسێت گەلاوێژییە
 تكایە بە چەند دەمبەیتە جەهەنەم
 ماڵێكم دروستكرد لە دۆزەخ
 تۆ ڕوخاندت
 هەرچى ئاوى پیر هەبوو مردن
 هەرچى گۆزەى چاوەڕوانیە خانكان
 هەرچى گوڵ هەبوو ستیانەكانیان
 پەپولەىگرت
 هەرچى شیعر هەبوو بەزیندوى ڕۆشتن
 هەرچى شاعیر هەبوو سپی بوون
 تكایە بە چەند دەمبەیتەوە ؟
 مالێكم لێت دەوێت پڕێت لە كوفر
 مالێك,دەرگایەك لە نێوانى من وخودا
 مالێك, باخچەیەك لە نێوانى من وخودا
 
 بەروارى نوسین :
 ئەو شەوەى  مانگ
 لە لێپرسنەوە بوو لە ماڵى خودا..و
 نەیانهێشت خۆر لـــە سێدارە بدرىَ
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.