Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

ته‌وقیتی سكاڵاكانی پارتی و ئه‌نجامه‌كانی تیرۆركردنی سه‌رده‌شتی تیرۆریست!

Be First!
by September 23, 2010 سەردەشت عوسمان

 

 

چه‌ند مانگ خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیران و قوتابیان به‌ تایبه‌تی له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بوون له‌ دۆسیه‌ی شه‌هید كردنی خوێنكارو ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لیژنه‌ نادیاره‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بڵاویان كرده‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستانی تووشی شۆك كرد، هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌سانێكیش هه‌بوون كه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌یان به‌لاوه‌ شتێكی سه‌یر نه‌بوو، چونكه‌ چه‌ندین سیناریۆیان ده‌هێنایه‌ پێش چاوی خۆیان كه‌ بۆ په‌رده‌پۆش كردنی ئه‌و كاره‌ تیرۆریستی و دڕنده‌و نامرۆڤانه‌ ڕێك بخرێت.
ئاخر ئێمه‌ هه‌ر ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی وه‌ها سیناریۆیه‌ك بین، ئه‌گه‌رنا كێ باوه‌ڕ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ بێشه‌رمانه‌ترین شێوه‌ له‌ ناو پارێزراوترین شوێنی كوردستان به‌ به‌رچاوی پاسه‌وان و خه‌ڵك و قوتابیانه‌وه‌ كه‌سێك به‌ڕۆژی ڕووناك بخزێنرێته‌ ناو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ به‌ پاڵ و لێدان دواتر به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ تیرۆر بكرێت، دواتریش لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌، ڕاستییه‌كانی ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ ئاشكرا بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ به‌ حوكمدان دابنرێت كه‌ ئه‌و تاوانه‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆی پارتێكی دیاری كراو، به‌ڵام ئاخر عه‌قڵ بڕوا به‌وه‌ دێنێت كه‌ له‌شارێكی وه‌كو هه‌ولێرداو به‌و شێوه‌یه‌ كه‌سێك بڕفێنرێت و پارتی ئاگای لێ نه‌بێت. ئاخر خۆ هه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ بوو كه‌ كوڕه‌ شێخێك له‌ ده‌ستی تیرۆریستان ده‌رهێنرا هه‌رچه‌نده‌ ته‌رمه‌كه‌ی بوو نه‌ك خۆی، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن بوو پارتی ئاگای له‌ كاری ڕفاندنی وا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رده‌شتیان له‌و هه‌موو زاڵگه‌یه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا ڕفاند؟!
بێگومان له‌ سنووری عه‌قڵ و مه‌نتق به‌ده‌ره‌ كه‌ كه‌سێك كاری وای لێ بوه‌شێته‌وه‌ ڕاستی نتاوانه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات، پێم وایه‌ گه‌وجانه‌شه‌ هه‌ر كه‌سێك چاوه‌ڕوانی وه‌ها ئه‌نجامێكی ڕاستی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ بێت.
له‌ ڕۆژانی سه‌ره‌تای ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌وه‌ و ڕووماڵ كردنی خۆپیشانان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی سه‌ربه‌كۆمپانیای وشه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ناڵی KNN پارتی و زوڕناژه‌نه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشكرا كردنی بكوژه‌كه‌یان ده‌كرد به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ نه‌وشێروان مسته‌فا بكوژی ئه‌و لاوه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌یه‌.
ئاخر چۆن بوو دواتر لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی شه‌هید كردنی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشكرای كرد كه‌ تیرۆریستانی ئه‌نسار ئه‌و كاره‌یان كردووه‌و خودی سه‌رده‌شتیش تیرۆریست بووه‌! تۆ بڵێی نه‌وشێروان مسته‌فا بۆ خۆی سه‌رپه‌رشتیار و ده‌مه‌زرێنه‌ری ئه‌نسار نه‌بێت؟
ڕه‌نگه‌ دروست كردنی سیناریۆیه‌كی وه‌ها بۆ ئه‌و كاره‌ش به‌لای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كه‌ گه‌زو مه‌قه‌ست به‌ ده‌ست خۆیانه‌ كارێكی دژوار نه‌بێت.
من بۆ خۆم هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و سكاڵا سه‌یرانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كه‌ داوای قه‌ره‌بووی پێكه‌نیناوی ده‌كات، گومانم له‌وه‌ نه‌ما كه‌ سیناریۆیه‌كی سه‌یری بۆ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌رده‌شت پێكهێناوه‌و ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی سكاڵا سه‌یره‌كانییه‌وه‌ به‌ جۆرێك میدیای ئه‌هلی و ئازاد سه‌قاڵ بكات له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌نجامه‌ سه‌یره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا نه‌یان په‌رژێته‌ سه‌یر وورووژاندنی ئه‌و سیناریۆیه‌و به‌كاری خۆیانه‌وه‌ سه‌ر قاڵ بن و تاڕاده‌یه‌كیش بترسن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مجاره‌یان شتی بفه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ی به‌ ده‌ستووری ئه‌وان ده‌ست لێ نه‌ده‌ن.
ته‌نها شتێك كه‌ پارتی ئه‌بێ بیزانێت ئه‌وه‌یه‌ نه‌خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ گێله‌ بڕوا به‌و ئه‌نجامه‌ سه‌یرانه‌ بكات نه‌ ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی هاوشێوه‌ی شه‌هید كردنی سه‌رده‌شت ده‌بێته‌ هۆی ترساندنی ڕۆژنامه‌نووسان و خنكاندنی ئازادی، چونكه‌ ئازادی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان به‌ئێمه‌ی بده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ین دیكتاتۆریه‌ت و تاك ڕه‌وه‌ی قه‌بووڵ ناكه‌ین و خۆمان ئازادی وه‌ده‌ست دێنین، ئه‌گه‌ر خوێنیشی له‌ پێناودا بڕێژین هه‌روه‌ك چۆن ڕێژاومانه‌.

Previous
Next

Leave a Reply