Skip to Content

Thursday, September 23rd, 2021

توركیاى ئەردۆگان سەرەتاى ئاڵۆزبوونى سەرە داوەكان .. سەباح تاهیر

Be First!
by February 6, 2008 گشتی

 توركیا لە ڕابردوو بەهۆى هەڵكەوەتەى جوگرافى هەمیشە پێگەیەكى پڕ بایەخ بوە، دواى ئەوەى موستەفا كەمال ئەتاتورك توانى سیستەمى دەوڵەتێكى خەلافەتى بۆسیستەمى عەلمانى بگۆڕێت هێندەى تر  ئەم ووڵاتە بوە جێگاى گرنگى پێدان بە تایبەتى لەلایەن ووڵاتانى ڕۆژئاوا . ئەوەبوو دواتر لەسەردەمى جەنگى سارد، بوو بە یەكێك لە مەكۆى مووشەكە ئەتۆمیەكانى هاوپەیمانى ناتۆ و بنكەیەكى مەزنى هێزەكانى ئەمەریكى . بۆیە توركیا بە ئاسانى ئاستەنگەكانى تێپەڕدەكرد هەڵبەتە نەك بە ژیرى و توانا ئابوورى و سیاسیەتەكانى بەڵكو بە حوكمى پێگە جیوپۆلیتیەكەى.
 دواى نەمانى جەنگى سارد و گۆڕنكارى هاوكێشە سیاسیەكان ، هەروەها هەلومەرجى نێوەخۆى توركیا وەك هاتنە سەركارى ئاكەپەى ئەردۆگان ،  بەتەواوى بارودۆخەكەى گۆڕانى بەسەرهات . لە پێشوودا بەردەوام دەوڵەتى تورك بە ئەجێندایەكى رۆِژئاوایى كاریدەكرد یا بە شێوەیەكى تر بەچاویلكەى ئەوان سەیرى ناوچەكەو جیهانیان دەكرد. بەڵام دواى گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن ئاكەپە ئەم پێوەرە گۆڕا ئیتر توركیا كەوتە نێو قۆناغێكى تر ، ئەم پارتە ئاڕاستە ئیسلامیە لەیەكەم كارى بە ئاقارێكى تر هەڵوێستى دژ بە رێگەدانى هێزەكانى ئەمەریكا بوو بۆ هێرشە سەربازییەكەى بۆ سەر ڕژێمى سەدام  بۆشاییەكى گەورەى لە پەیوەندییەكانى دروستكرد. سەرانى ئەم حیزبە نەهجێكى تازە پەیڕەو دەكەن كە زۆر جیاوازە لەگەڵ جموجۆلە دیبلۆماسیەكانى لەوە پێش ، بەردەوامبوون لە پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل و نزیك بونەوە لە فەلەستینیەكان ، نزیك بونەوە لە ئێران ، كاركردن بە هەر دوو ئاڕاستەى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات .
 بەڵام ئەم هەموو سەرە داوە ئاسان نییە گرێدانیان ، ئەوەتا لەیەكەم كاردانەوەدا لە بەرامبەر لێدوانێكى ئەردۆگان بەرامبەر فەلەستینیەكان و غەزە ، بە تەواوى ئیسرائیلیەكانى نیگەران كردوە بەدووریش نازانرێت قەیرانێكى دیبلۆماسى بێنێتە كایەوە . بانگكردنى بالوێزى توركیا لە تەلئەبیب لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل لەوەش زیاتر ئەگەرى سەردانى بەپەلەى وەزیرى دەرەوە بۆ توركیا. لەلایەكى تر نزیكبونەوەى توركیا لە ئێران و بەستنى چەند گرێبەستێكى ئابوورى گەورە ، ووڵاتە یەكگرتوەكانى ئەمەریكا ى نیگەران كردوە ، لەبەر ئەم هۆیانەشە ئەمەریكا لە هەوڵى سەپاندنى سزادایە لە دژى توركیا، كە گرنگترینیان داننانە بە قەتلو عامى ئەرمەن لەسەدەى ڕابردوو كەكاریگەرى خراپى زۆرى دەبێت لەسەر توركیا ، ئەمەش دواى ئەوەدێت كە فەرەنسا بەفەرمى ئەم تاوانەى سەلماند.
 توركیا نەك كاردانەوەى نەبوو بەرامبەر فەرەنسیەكان بەڵكو فەرەنسیەكان سوورن لەسەر ئەوەى توركیا نەچێتە نێو یەكێتى ئەوروپا بەڵكو جۆرێك لەشەراكەت پێشنیاز دەكات وەك ئەلتەرناتیف.
 هەموو ئەوانە ئەوە دەردەخات چیتر توركیا ناتوانێت وەك جاران یارى بەكارتەكان بكات و سەرەداوەكان بۆلایخۆى كێشبكات ، بەڵكو تەنانەت لە دەساڵى داهاتوو ڕووبەڕووى قەیران دەبێتەوە لە پەیوەندیەكانى بە جۆرێك هەڕەشە لە بەرژەوەندیەكانى دەكات . چیتر ناتوانێت پێداگرى لە دورگەى قوبرس بكات ئەگەر بیەوێت ئەوروپیەكان بە چاوى دۆست لێیبڕوانن ئەمە جگە لە كێشەكانى لەگەڵ یۆنان لە ئاوى ئیجە. مەسەلەى كورد لەم ووڵاتە چیتر دواكەوتن هەڵناگرێت سەرەڕاى كەمە نەتەوەییەكانى تر و مەزهەبى لەم ووڵاتە نیگەرانیەكى ترى ئەوروپیەكانە كەبەردەوام دەخوازن توركیا پێوەرەكانى كۆپنهاگن جێبەجێبكات .
 زەحمەتە توركیا لەسایەى پارتێكى وەك ئاكەپە بتوانێت ئیدارەى ئەم هەموو مەسەلەو قەیرانانە بدات كە وەك میرات لە حكومەتەكانى ڕابردوو بۆى ماوەتەوە كە هۆكارى سەرەكى سەرنەكەوتنى ئەوان بوو لە هەڵبژاردنەكان و شكستى كابینە یەكلەدوایەكەكانیان .
 كەواتە گۆڕانى عەقلیەت زۆر گرنگە بۆمامەڵەكردن لەتەك كێشەكانى جێگاى گرنگى توركیا ، ئەوەتا باباجان وەزیرى دەرەوە ڕایدەگەیەنێت لێرە بەدوا گرنگى زیاتر بە مەسەلەى ئەرمەن و یۆنان وكەركوك؟؟؟؟؟؟ ……….. هتد دەدەن ئەگەر ئەم گرنگى دانە وەك ڕابردوو بێت واتە دەستوەردان لە كاروبارەكانیان نەگەتیفانە ئەوا هێندەى تر ئەو ووڵاتە دوچارى گۆشەگیرى دەكات ، بەڵام ڕەنگە ئەگەر چاوێك بەسیاسەتى خۆیان بگێڕنەوە و هەڵەكانى سەلەفیان دووبارەنەكەنەوە كەوەك لە پێشەوە ئاماژەم پێدا كە هۆكارى سەرەكى هاتنە سەركارى ئەوانە نەك بەرنامەى ئاكەپە ، ئەوا ڕەنگە بتوانن دەرگاكان بەڕووى توركیا بكەنەوە . ئەگینا ئەم هەموو سەرەداوەى یاری پێدەكەن دوور نییە زۆر لە جاران ئاڵۆزتر بێت ، چونكە هەلومەرج بە تەواوى گۆڕانى بەسەرهاتوە…………
 
 

Previous
Next

Leave a Reply