Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

توندوتیژی بەرامبەر مێینە …. ئاری ئەبوبەکر

Closed
by December 10, 2010 ژنان

هەفتەی ڕابردوو، هەڵمەتێکی فراوان دژ بە توندوتیژی بەرامبەر مێینە ڕاگەیەندرا، ئەم هەڵمەتەس زیاتر بۆ وشیارکردنەوەی خەڵکە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ئەو ڕەگەزە سەرەکییەی کۆمەڵگا کە ناوی میینەیە، ئێمە لێرەدا بە ناچاری پەنا بۆ چەمکی میینە دەبەین لەبری ژن یان افرەت، چونکە دەستی قێزەونی حیزبایەتی لە وڵاتی ئیمەدا تا ئەو ڕادەیە باڵایە، کە چەمکگەلی ژن و ئافرەت دابەشبووە بەسەر دەڤەری سەوز و زەرد دا، بۆیە “مێ”ینە ڤەکاردەهێنین.
هەڵمەتی دژی توندوتیژی دژ بە مێینە، لە ڕوکەشدا، واتای ڕیککەوتنی  کۆیی(دەستەجەمعی) زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگایە لەسەر دژ بوون بەرامبەر بە توندوتیژی دژی مێینە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە لە مینتالیتی ئێمەدا، تا ئیستا، توندوتیژی دەروونی و جەستەیی تاکە ڕێگە چارەیە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. واتا هەرچەندە، دەمی هەر یەکیک لە تاکی ئێمە بکەیتەوە، بەتایبەتی تر نێرینەکان، ئەوا بێ دوودڵی دژی توندوتیژییە بەرامبەر بە مێینە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا، زۆربەی توندوتیژیییەکان لەلایەن نێرینەوە ئەنجام دەدرێت، چونکە تا ئێستا لە مێنتالیتی نێرینەدا مێینە کائینێکە بۆ خۆشبەختی ئەم دروستکراوە، یاخود ئەوە ئەمە (واتا نێرینە) خاوەنی ڕاستەقینەی مێینەکانی چواردەوری، وەک دایک، خوشک، ژن و خوشک.
بە بڕوای من ئەم تێڕوانینی موڵکایەتییەیە، کە هەڵمەتی دژی توندوتیژی دەبێت  کاری لەسەر بکات و بکرێتە سەرەتای کارکردن، دەنا ئەم هەڵمەتە، وەک زۆربەی کەمپاینەکانی تر، مەراسیمێکی زۆرمەسرەفی کەم بەرهەم دەبێت. بۆیە دونیای کۆمەڵایەتی ئێمە ئەوەندەی پیویستی بە گۆڕینی تێڕوانین و مێنتالیتی هەیە لە پەیوەند بە چەمکی “توندوتیژی”، کە بتوانێت لەناو ناخماندا بروامان پیبهێنت کە توندوتیژی، جا چ جەستەیی یان دەروونی بێت،  چارەسەر نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هیچ پاساوێک ناتوانێت ڕەوایی بە توندوتیژی بدات.
خاڵ زۆرە بۆ دەستپێک، ئەگەر ویستی بنەبڕکردنی توندوتیژی ئامادەگییەکی جدیی هەبێت، بەڵام من گومان دەکەم ئەو ئامادەگییە هەبێت، گومان دەکەم کە سیاسییەکان، ڕۆشنبیرەکان، هەتا مێینە خۆشیان، ویستی بنەبڕکردنی توندوتیژییان هەبێت، چونکە ئەگەر ئەم ئامادەگییە هەبوایە، ئەوا لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەکرا قسەی جدیی لەسەر ئەم دیاردەیە بکرایە، بە بەرنامە و بە وشیارییەکی تەواوە وە، بخرایەتە ناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە، کار بکرایە کە چەندین نێرینە بە سزا بگەیەندرایە لەسەر توندوتیژی، کار بکرایە بۆ دەرچوونی یاسای مۆدێرن بۆ سزادانی تاوانباران، دروستکردنی جێگە و پێگەی تایبەتی بۆ ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی بوون، دروستکردنی چەمکی یەکسانی ڕەگەزی وەک یەکەمین بناغەی بنەبڕکردنی توندوتیژی، چونکە تا نێر و مێ لە هزریاندا نەچەسپێت کە یەکسانن لە هەموو ڕووەکانەوە، هەڵتەکاندنی دیاردەی توندوتیژی درۆیەکە خۆمانی پێ هەڵدەخەڵەتێنین، دروستکردنی ڕای گشتی بۆ پێناسەکردنی چەمکی توندوتیژی، چونکە تا هەنووکە لای ئێمە توندوتیژی تەنها لە جەستەدا دەخوێنرێتەوە، لەکاتێکدا، توندوتیژی دەروونی، سەد جار لە توندوتیژی جەستەیی کاریگەرترە.
هەرچەندە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، گومانەکان زۆرن لە ویستێکی جدیی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی دژ بە مێینە، بەڵام گەشبینی و ئومێدیش، بۆ ئەوچەند دەنگەی، هەرچەندە کەمیشن، بەڵام جدیین، هەیە، کە دەخوازن و هەوڵ دەدەن بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی.

 

لە گۆشەیەکی هەفتانەی نووسەر بە ناوی “کۆد”، لە ڕۆژنامەی نم نم دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.