Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
تونس لە ئەزمونێکی  باشەوە بۆ ئەزمونێکی خراپی عەرەبی

تونس لە ئەزمونێکی باشەوە بۆ ئەزمونێکی خراپی عەرەبی

Closed

زۆرجار مرۆڤ لەپاش مردنی ئینجا  خەڵکی لە پەیامەکەی دەگات و ڕێزی لێدەگرن . مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەم نموونانە. حەزرەتی مەسیح هەتا لەژیاندا بوو، نەک کەس گوێی بۆ نەدەگرت ، بەڵکە بە خراپترین شێوە دژایەتییان کرد و پاشانیش لە خاچیان دا. وەلێ پاش لە خاچ دانی ، پەیامە مەزنەکەی هەموو جیهانی گرتەوە. محمد البوعزيزي  گەنجێکی تونسی بوو، ماوەیەکی زۆر لەدەستی بێکاری و نەداری دەیناڵاند، بەڵام نە حکومەت ، وەنە خەڵکیش ئامادە نەبوون گوێ بۆ داواکاری ئەم گەنجە هەژارە بگرن . هەربۆیە بریاڕی خۆکوشتنی دا و مەتارەیەک بەنزینی کرد بە خۆیدا. هەر لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ، هەموو تونس  بوو بەئاگرێک و خۆی بە گیانی حکومەتدا تەقاندەوە. ماوەی هەفتەیەکە لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی ئەم وڵاتەدا ، خۆپیشاندان و نیمچە ڕاپەرینێکی بەهێز، هەموو ژیانی سیاسی و ئابووری وفەرهەنگی ئەم وڵاتەی هەژاندووە. کارگەیشتە ئەوەی کە دیکتاتۆرەکەی تونس ( زەین عابدین بن عەلی ) بێتە سەر تیڤی و پەیام بۆ هاوڵاتییانی بنێرێت. بەوەشەوە نەوەستا ، بە خۆیی و داروودەستەکەیەوە، چوو بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە محمد البوعزيزي   تێدا تیماردەکرێت.  ئەرێ نازانم ئێوە هیچ دەربارەی ئەم وڵاتەوە دەزانن؟ . دیارە تونس لەچاو دەوڵەتە عەرەبیەکانی تر ، لە زۆر ڕووەوە پێشکەوتووترە. ئەم ووڵاتە کە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە نزیکەی 10.276.158 ملیۆن کەسە، لەچاو دەوڵەتە عەرەبیەکانی تر لە ڕووی ڕووبەری گشتی و سامانی سروشتیەوە هەژارە. کۆی گشتی ڕووبەرەکەی دەگاتە 163.610 کم. کۆی داهاتی نیشتمانی دەگاتە 35.010 ملیۆن دۆلار ( واتە نزیکەی 35 ملیار دۆلار) . داهاتی ساڵانەی تاکیش لەچاو وڵاتانی بەحرەین و جەزائیر و میسریش بەرزترە ، دەگاتە نزیکەی  3.398. دۆلار. ئەم ووڵاتە لە ریزی پێشەوەی دەوڵەتە عەرەبیەکانە ، لەبواری ( خوێندەواری ، مافی ژنان، تەندروستی ، کەمی منداڵ بوون، بێکاری کەدەگاتە نزیکەی 13%).  بەڵام ئەم دەوڵەتە لە سامانی سروشتی ( نەوت و گاز) زۆر هەژارە. هەربۆیە زیاتر پشت بە ئابووری گەشتیاری و کشتووکاڵ دەبەستێت. ساڵانە نزیکەی 7 ملیۆن گەشتیاری بیانی دێنە ئەم دەوڵەتە، لەهەمانکاتیشدا گرنگترین بواری ئابووریە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی بەتایبەت گەنج.
جێگای ئاماژەیە  تونس لەپێش دەوڵەتە عەرەبیەکانەوە دێت ، بۆ مەسەلەی پاراستنی مافی تایبەتی”الاحوال الشخصیة” و مافی ژنان . دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ، کە رابەری تونسی حەبیب بۆرقیبە لە شەستەکانی سەدەی پێشوەوە ئەنجامی دان . دەبێت ئەوەش بڵێم بۆرقیبە، بەکەسێکی لیبراڵ و ئاشتیخواز ناسراوە. ئەو یەکەم کەس بوو کەلە کۆنگرە ئەریحا ساڵی 1965 ، داوای لەعەرەبەکان کرد ، کە دانووستان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و لەڕێگای ئاشتیانەوە کێشەکانیان چارەسەربکەن. لەسەر ئەم بۆچوونەش ، هەڵایەکی گەورەی لێکەوتەوەو، هەر لەو شارەدا ، خەڵکی بەردبارانی بۆرقیبەیان کرد ( دیارە بەهانی جەمال عبدول ناسر و بەعسیەکان ئەم کارە کرا) . بەهەرحال هەمووکاتێک تونسیەکان خۆیان بە باشتر دەبینی لەچاو دەوڵەتانی عەرەبیدا. وەلێ ئەم رووداوانەی دوایی دەریخست  ، کەنەخێر ئەم دەوڵەتە کێشەی زۆری هەیە . کێشەی تونس لەوەدایە وەکوو دەوڵەتە عەرەبیەکانی تر ، خاوەنی نەوت وگازێکی زۆر نییه ، تا لەرێگای ئابووریەوە دەمکوتی ناڕەزاییەکانی جەماوەر بکات . کێشەیەکی تر ئەوەیە ، ئەمیش وەکوو هەموو دەوڵەتانی عەرەبی ، حاکمێکی دیکتاتۆر حوکمی دەکات ، وا بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک دەڕوات ، بن عەلی سەرۆکی ئەم دەوڵەتەیە . لە سیستەمی دیکتاتۆریشدا ، هیچ کاتێک کێشەکان باس ناکرێن ، بەڵکە هەمووکاتێک وڵات شامی شەریفە و هیچ کێشەیەک نییه .  دیارە دەبێت ئەوەش بڵێم لەم وڵاتەدا خەڵکی زۆر عاشقی سەدام و بەعسیەکانن . لێرە هێشتا سەدام بە شێر و فارسی عەرەبی دادەنرێت.  ئەوەی کەماوە بڵێم ، ئەم خۆپیشاندانانەی تونس لە دوو ڕووەوە زۆرباش بوون . یەکەمیان : ئەو هەموو پروپاگەندەیەی بەناو ( ئەزمونی تونس) وە دەکران  پووچەڵ بوویەوە. دووەمیش : ئەم خۆپیشاندانانە ، هانی خەڵکی وڵاتانی تری عەرەبی دەدات ، کەئەوانیش هەمان کاربکەن . تا حاکمە دیکتاتۆرەکانی عەرەب ناچار بکات ، کەمێک بەخۆیاندا بچنەوە و گوێ بۆ خواستی گەل بگرن.  

سەرچاوە:
1. الرئيس بن علي يعود الشاب محمد البوعزيزي. جریدة الصباح. العدد. 308. 29.12.2010

2. عبدل الرحمن الراشد. تونس لیس الاسوآ بن رسالة للغیر. الشرق الاوسط. العدد. 11718. 28.12.2010
3. www.Wikipedia.org.Deutsch. Tunesien

تێبینی/
ئەم ووتارە لە رۆژنامەی بارزان بڵاوکراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.