Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

تۆتالیتاریزمی عەرەبیی

Be First!
by April 7, 2012 گشتی



          تۆتالیتاریزمی عەرەبیی:
بنچینەکانی، فۆرم و پەیوەندییە خێزانیی و خێڵەکییەکانی
دیالۆگی نێوان کەنعان مەکیە و حازم ساغیە

                                            
   

بەرایی

لەم دیالۆگەدا، هەریەک لەنوسەر و ڕۆشنبیری لوبنانی (حازم ساغیە) و نوسەر و رۆشنبیری عێراقی (کەنعان مەکیە) لەبەر رۆشنایی دراوەکانی ئەو سەرچاوە “بنچینە” یەدا کە کولتوری تاک و گروپەکانی جیهانی عەرەبییان لێوەهەڵدەقوڵێت، گفتوگۆ لەبارەی واقیعی تۆتالیتاریزمی عەرەبییەوە دەکەن. نوسەران تیشکدەخەنە سەر ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵ و ئۆرگانیکیەی فەرمانڕەوایەتی تۆتالیتێری ـ مۆدێرن بە جومگەکانی ژیان و کولتوری خێڵەکییەوە دەبەستێتەوە، وەکچۆن لەچوارچێوەی گفتوگۆکەشدا قسە لەسەر میکانیزمەکانی پێکهاتن و دروستبونی تۆتالیتاریزم، ژینگە و فاکتەرە بەهێزکەرەکانی و دواجاریش ئەو سیما و فۆرمانە دەکەن کە لەتۆتالیتاریزمی ئەوروپیی جیایدەکاتەوە.
دەقی ئەم دیالۆگەی نێوان ساغیە و مەکیە لەبارەی تۆتالیتاریزمەوە لەجیهانی عەرەبییدا “”بەتایبەتی عێراق و سوریا” ساڵێک پاش ڕوخانی رژێمەکەی سەدام حسێن (2004) لەیەکێک لەقاوەخانەکانی “لەندەن” ئەنجامدراوە.
پێشتر لەکتێبی ” کۆماری ترس” دا کە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو نوسیویەتی، مەکیە  ڕای وابوە سیستمی فەرمانڕەوایەتی بەعس سیستمێکی تۆتالیتارییە، بەپێچەوانەی ساغیەوە کە پێیوایە تۆتالیتاریزم پەیوەستە بە مۆدێرنەوە لەفیکری رۆژئاواییدا، لەکاتێکدا سیستمی بەعس لەعێراقدا تێکەڵەیەک بوە لەتۆتالیتاریزم و دیسپۆتیزمی خێڵەکیی و خێزانیی.
سەرباری تێپەڕینی 9 ساڵ بەسەر ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و ئەو واقیعە ئازاربەخشەی سیستمی تۆتالیتاریی ئەسەد لەسوریا بەر لەڕوخانی خستویەتیەوە، پێدەچێت دڵڕەقیی یەکەمین و دواهەمین کارو کردەوەی بەئەمەکترینی رەگەزەکانی دەوڵەت بێت بۆ ئایدۆلۆژیای بەعس: مەبەستم لەو ڕەگەزانەش “شەبیحە” یە.  دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئەم دیالۆگە زیاتر مۆرکێکی فیکریی شیکاریی هەیەو پەیوەندی بە ڕوداوە هەنوکەییەکانی سوریاوە نیە، بەڵام بەجۆرێک لەجۆرەکان پێشبینییەکیشی تێدایە بۆ ئەو ڕوداوانەی کە ئێستا ڕودەدەن، بەتایبەتی سروشتی سیستمەکە، کۆتاییەکەی و ئەو دابەشبون و کەرتکەرتبونەی دەکەوێتە نێو جەستەی کۆمەڵگەکەوە.
ئەمەش دەقی دیالۆگەکەیە:


 ساغیە: کەواتە با باسی تۆتالیتاریزم بکەین.

مەکیە: تۆتالیتاریزمی سیستمەکەی حافز ئەسەد و بەراوردکردنی بەتۆتالیتاریزمی سەدام حسێن.

ساغیە: دەمەوێت باسی ئەوە بکەین کە ئایا ئێمەی عەرەب، بە تۆشەوە، چۆن قسەمان لەسەر تۆتالیتاریزم کردوە؟ هەروەها دەتوانین باسی کارەکەی تۆش بکەین لەبارەی ئەو تەلار و پەیکەرانەی وەک سیمبولی یادگاری (میمۆریاڵ) دروستکراون. بەڕای من ڕاست نیە بڵێین ڕژێمەکەی حافز ئەسەد تۆتالیتاری یان نیمچە تۆتالیتارییە. من وام پێباشترە بڵێم سیستمێکی دیکتاتۆریی سەربازییە. 

مەکیە: پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ڕژێمەکەی ئەسەد تۆتالیتارییە؟

ساغیە: من پێموایە زیاتر سیستمێکی دیکتاتۆریی سەربازییە. ئەگەر لەسروشتی ئەو سیستمانە وردبینەوە دەبینین کە لەتوانایاندایە لەیەک کاتدا لەڕابردو، لەئێستاو لەداهاتوش بدەن: ئەوانە لەڕێگەی سیستمە جێگیرەکەیانەوە گورز لەئێستا دەوەشێنن، لێدانیشیان لەڕابردو پەیوەستە بە ساختەکردن و شێواندنی مێژوەوە، وەکچۆن کێشەگەلێکی ئەوتۆشت لەئایندەدا بۆ قوتدەکەنەوە کە سەخت دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە. بۆ نمونە بەشار ئەسەد: گەر ئیش لەسەر کرانەوەی سیاسی و لیبراڵی و دیموکراتی بکات ئەوا دەوڵەت لاواز دەکات، گەر هەمان ڕێچکەی باوکیشی بگرێت وڵات پڕ کێشمەکێشترو لەڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە لاواز دەبێت. چارەسەر نیە. بۆ نمونە بڕوانە عێراق، بەسەدامەوە کارەسات بو، بەبێ سەدامیش هەر کارەساتە، لەناو کۆمەڵگەکەدا بڕێکی زۆر ناکۆکی و کینەگەلێک نەشونمایانکردوە کە زۆر سەخت و دژوارن.. 

مەکیە: کە دێینە سەر مەسەلەی گەشبینیی ـ دیارە ئەم بابەتی گەشبینییەش بۆ خۆی گفتۆگۆیەکی درێژی نێوانمانەـ ئایا ناکرێت بەڕۆیشتنی ئەسەد و سەدام لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، یان دەروازەیەکی نوێ بکەینەوە. بەڕای من لەسەر ئاستە بابەتیەکە ئەمە یەکەمین بەربەستە، ڕاستە بارودۆخەکە تەواو ڕماوەو شێواو، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاریی و وەڵامدانەوەشی هەمیشە هەر نێگەتیڤ نیە، واتە بەو مانایە نیە کە بڵێیت دەبێت باجەکە بەم شێوەیە یاخود بەو جۆرە بدرێت.

ساغیە: بەڵام گۆڕانکارییش پێویستی بە خەندە و پێکەنینە هاوشانی بێت، چونکە گۆڕانکاریی خۆی کردارێکە دەمبەخەندە و گەشبین. هەمو شۆڕشەکان بەڵێن و مژدە بە میللەتان دەدەن، لەکاتێکدا رزگاربون لەدیکتاتۆریی و تۆتالیتاریزم بەرەو کۆکردنەوەی تەرمەکانمان دەبات، واتە گۆڕان بە ئازار و تاڵییەوە، لەخراپترین حاڵەتیشدا دەڵێیت: خەڵک کەمتر دەمرێت…

مەکیە: وەک دەزانیت زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی سوریا سوننەن کە لەنێویاندا بڕێکی زۆر فەندەمێنتالیست هەن، ئایا دوای سی ساڵ لەفەرمانڕەوایەتی سیستمێکی نیمچە تۆتالیتێر، سەرکردایەتیەکی سونیی ئەڵتەرناتیڤ نیە بۆ ئەو بارودۆخە؟ ئایا هەر عەلەویەکان لەدەسەڵاتدا دەمێننەوە؟

ساغیە: ئەم جۆرە جەنگە ناوخۆییانە نە پێویستی بە بڕوایە نە بە سەرکردایەتی. بەدیوێکی دیکەدا، کۆمەڵگە پێویستی بە سازدان و مۆبێلایزکردنە، هەر بۆیە ئەو لایەنەی هەڵدەستێت بە پرۆسەی مۆبێلیزەکردنێکی خێرا بەسەر هەمو شتێکدا زاڵدەبێت. بەدرێژایی سی ساڵ حافز ئەسەد توانی سوریا لەبەریەکهەڵبوەشێنێت تا هەمو شتێک لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدا بێت. 

مەکیە: لەعێراق زیاتر؟

ساغیە: لەعێراق زیاتر نا، چونکە فۆرمی سوریا جیایە لەفۆرمی عێراقی، لەسوریادا سەرکوتکردن کەمترە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی مەرجەع تیایدا زیاترە. حافز ئەسەد دەستی بەسەر هەمو ئەو مەرجەعانەدا گرت کە بەشێوەیەکی تەقلیدی سوننی، عەرەبخواز و یەکخواز بون و دەیانویست فەڵەستین ئازادبکەن، بەمەش بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزتری خوڵقاند. لەکاتێکدا مەسەلەی عەرەبخوازیی لەعێراقدا بەشێوەیەکی تەقلیدی سونییانە بوە و پەیوەست بوە بە دەوڵەتەوە. 

مەکیە: بەو مانایەی کە رژێمەکە سەرکەوتو نەبوە لەوەی بەشێوەیەکی سەراپاگیر خۆی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

ساغیە: لەکاتێکدا شیعە (بەتایبەتی لەڕێگەی نەجەفەوە) مەرجەعی تایبەت بەخۆیان بەرهەمهێناوە،   لێرەدا جیاوازیان لەکەلامی سونە تەواو ئاشکرایە. بەڵام عەلەویەکان لەسوریا سونیەکان وەک ئەو کەسانە پیشاندەدەن کە هەستی عەرەبایەتی خۆیان لەدەستداوە. 

مەکیە: خۆ سەدام حسێنیش لەسەر هەمان مەسەلە ئیشی کردوە، سیمبول و ئیکۆنە تایبەتەکانی شیعەی هێناو لەسیاسەتەکانیدا بەکاریهێنان.
 
ساغیە : بەڵام ئەم مەسەلەیە لەعێراقدا مۆرکێکی سیاسی کاڵتری هەبو بەبەراورد بەوەی کە لەسوریا دەبینرا، واتە کەڵکەڵەی عەرەبخوازیی و عەرەبچێتی شیعی بەمانای عەرەبخوازییەکە کە لەدەوڵەتی مۆدێرن و سیستمەکەی ڕزگاری بوە، عەرەبچێتی بن و بنەچەیە، بارگاوی بە شەرەف و سەربەرزیی و ئاکار، تێكەڵ بە خوێنی عەرەبی. ئەم شتانە لای شیعە هەن، لەکاتێکدا لای سونە نین. بەمانایەکی دی، عەرەبچێتی سونە سیاسییکراوە، بەو مانایەی کە شیعیی وا خۆی بەسەر سونییدا با دەدات کە لەو عەرەبترە، وەکچۆن سونی بە پیسبو بە خوێنی تورکی دەزانێت، لەکاتێکدا کە سونیی کار لەسەر یەکێتی (یەکێتی عەرەبی) لەسیاسەتدا دەکات، شیعیی ئەو یەکگرتن و یەکێتییەی بۆ گرنگ نیە. بەڵام سەدام توانی مەرجەعەکانی شیعە لەبەریەکهەڵوەشێنێت و ئەوەی خۆی بەدڵیەتی بیبات. ئەو دەیویست بڵێت ئێوە بنچینەی ڕەسەنی عەرەبن، دە وەرنە ناو ماشێنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە. سەردەمانێک ئەمە لەبەعسدا ئیشی دەکرد، بەپێی قسەکانی “حەنا بەتاتۆ” ش، هێزی حیزبی بەعس لەسەرەتاکانیدا لەنێو شیعەکاندا هیچی کەمتر نەبو لەهێزی لەنێو سونیەکاندا. 

مەکیە: بەڕای من حەنا بەتاتۆ لەم وەسفە مێژوییەیدا زیادەڕۆییکردوە..

ساغیە: بەڵام کە بەعسییەکان گواستیانەوە بۆ قۆناغی میلیتاریزەکردن “بەسەربازیکردن”. ئیدی کێش و قورسایی سونەکان زیاتر بو لەشیعییەکان. دیارە دەزانیت ناوەکانی وەک (فؤاد الركابي، طالب الشبيب، حازم جواد، سعدون حماد و هاني الفكيكي) کە لەسەرکردە سەرەکییەکانی حیزبی بەعس بون هەمویان شیعە بون. بەگشتی پرسیارەکە لای من ئەوەیە کە چۆن دەکرێت لەتۆتالیتاریزم لەسەر ئاستی کولتور و هونەر شانبەشانی هەمو ئەو فۆرمانەی لەکولتوری خۆماڵییدا هەن، بکۆڵینەوە. کە وا دەڵێم ماڵی ئەسەد و ماڵی تکریتییم لەخەیاڵدایە.

مەکیە: جارێ با مۆدێرنە بخەینە ئەولاوە، سیستمی تۆتالیتاریی سادەو ساکارە لەپێکهاتەکەیدا و زۆر ئاڵۆز نیە، وەکچۆن پێویستیشی بەو میکانیزمە ئاڵۆزە نیە کە سۆشیالدیموکرات کاری لەسەر دەکات. سیستمی تۆتالیتێر بۆئەوەی ئیشبکات پێویستی بە سەفسەتەگەریی و گەمەی شێوێنەر نیە. نە هیتلەر و نە ستالینیش سۆفیست نەبون، واتە تۆتالیتاریزم لەسروشتێکی ناوەکییەوە دروستدەبێت کە هەیە و پێویستی بە تیۆریزەکردنێکی ناوەکیی ئاڵۆز نیە.

ساغیە: بەڵام پێویستی بە ڕێکەوتنە لەسەر وەرگرتنی هەندێک سیمای مۆدێرنە، واتە بەتەنها زیندانەکان و ئەشکەنجەدان نا، بەڵکو بایەخدان بە بناغەی حیزب و سیستمی فێرکاری و .. هتد.

مەکیە: ئەمە لەسوریا و عێراقدا جێی بایەخ نەبوە. خێزان ناکۆک نەبوە لەگەڵ ئەو جۆرە شتانەدا، ئەمەش دۆخێکی گرنگە و دەبێت وریای بین. بۆ نمونە فەرمانڕەوایەتی سەدام لەیەک کاتدا هەم خێزانیی بوە و هەم ناخێزانییش! ئەو لەناو خێزانەکەی خۆیشیدا سەرکوت و داپڵۆسینی کردوە و کەسانی لەدەرەوەی خێزانەکەیەوە هێناوەتە ناوەوە. بەڵام لەساڵانی کۆتایی فەرمانڕەوایەتیەکەیدا زیاتر پشتی بە خێزان بەستوە. ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئەو ڕاستیەیە کە رژێمی عێراقی بەر لەهەڵگیرساندنی جەنگەکانی، واتە بەر لە ١٩٨٥، لەقۆناغی تۆتالیتاریزمێکی پەتی و ڕوتدا بوە، دیارە ئەم قۆناغەش زۆر گرنگ بوە چونکە تێیدا دەزگای ئاسایش کۆنترۆڵی سوپا دەکات. لەسیستمی تۆتالیتێردا پۆلیس و هەواڵگریی کۆنترۆڵی سوپا و دەزگاکانی تر دەکەن، ئەمەش لەعێراقدا هەبوە. من خۆم لەکتێبی کۆماری ترسدا ئەو دۆخەم بە ژمارە هەڵسەنگاندوە، هەروەها قسەم لەسەر ئەوە کردوە کە چۆن ئەو دەمە دەسەڵات پراکتیزەکراوە لەکاتێکدا هێشتا سەدام کوڕەکانی مناڵ بون و لەدیمەنە سیاسیەکاندا دەرنەکەوتون، واتە ئەو دەمە فەرمانڕەوایەتیەکە خێزانیی نەبوە.   

ساغیە: ئاه، بێگومان. بەدڵنیاییەوە، هەر سیستمێکی تۆتالیتێر یان تەنانەت دیکتاتۆریی سەربازیی سنورەکانی فەرمانڕەوایەتی خێزان تێدەپەڕێنێت. بەڵام شتێکی تیۆری زۆر گرنگیش هەیە. لەوڵاتێکی وەک ئەڵمانیا تۆتالیتاریزم ئەفسانەی خێزان لەناو کۆمەڵگەدا دادەهێنێت، لەکاتێکدا لەوڵاتانی ئێمەدا خێزان هەیە، خێڵ هەیە، هەر بۆیە هیچ بیرکردنەوەیەکی ڕاسیستییانە یان بیرکردنەوە لێی بونی نیە، چونکە لەبنەڕەتدا خێڵ هەیە.

مەکیە: هەستدەکەم باش لەقسەکانت ناگەم، تۆ تیۆریزە بۆ شتێکی تر دەکەیت.

ساغیە: من باس لەشێوەیەکی تایبەتمەندی تۆتالیتاریزم دەکەم لەو کۆمەڵگانەدا کە ئەوروپی نین، بەتایبەتی مەبەستمە بڵێم لێرەدا هانا ئارێنت سودمان پێناگەیەنێت و هیچ کەرەستەیەکی دەوڵەمەندی ئەوتۆمان سەبارەت بەم حاڵەتە خێڵەکییە پێشکەشناکات.

مەکیە: هانا ئارێنت وا سەیری وشەی خێڵایەتی کردوە کە بردویەتیە ناو چەمکی نەتەوایەتییەوە. لەخۆرئاوا چەمکی خێڵیان وەرگرتوە و خستویانەتە نێو ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە. لەخۆرهەڵاتیشدا و سەرباری بونی خێڵ تێیدا، هەمان شت ڕویداوە، بەڵام جودا لەوەی کە لەسیستمە تۆتالیتارییە خۆرئاواییەکاندا پشتی پێبەستراوە. لێرەدا نابێت ئەو جیاوازیەت لەبیر بچێت کە لەنێوانی خێڵی مەزهەبی و ئەو خێڵەدا هەیە کە ئارێنت باسیکردوە. لەحاڵەتی هیندیدا بۆ نمونە ڕقی خێڵێک لەخێڵێکی دی بونی جیاوازی ئەوی دی ڕەتناکاتەوە.

ساغیە: لەئەوروپادا خێڵ ئەوەندەی حاڵەتێکی زەینییە، ئەوەندە ریاڵ و واقیعی نیە، واتە گەڕانەوەیەکی ڕۆحییانەیە بۆ خێڵ، یا گۆڕینیەتی بۆ ئایدیایەک وەک ئاماژەیەک بۆ بەر لەمۆدێرنە.

مەکیە: خۆی ئەمە کێشە مەترسیدارەکەیە، لەنێوان خێڵ لەسەدەی نۆزدەیەم و خێڵی ئەمڕۆدا هیچ پەیوەندیەک نیە. دیاردە نوێکە لەخۆرئاوادا پشت بەو ئامرازانەی پەیوەندیکردن دەبەستێت کە لەسەدەی نۆزدەیەمدا نەبون.

ساغیە: بەڕای من لای ئێمە دۆخەکە جیاوازە و بەشێوەیەکی ترە. چونکە ئێمە ئەم خێڵە نوێیەی کە هەمانە دەیبەستینەوە بەو خێڵەی بەر لە ٨٠٠ ساڵ هەبوە، لەکاتێکدا هیتلەر دەیبەستەوە بە ئامرازی پڕوپاگەندەوە. دیارە لەحاڵەتی هەر یەکە لەڕژێمەکانی حافز ئەسەد و سەدام حسێنیشدا بە بەراورد لەگەڵ دۆخە زەینییەکەی هیتلەر، مامەڵەکردن لەگەڵ هۆز و خێڵدا واقیعییتربوە.

مەکیە: بەڵام لەیادیشت نەچێت کە هۆز و خێل لەتۆتالیتێرە عەرەبییەکاندا خێڵی عەرەبیین.

ساغیە: لەسەر ئاستی گوتار، هەرگیز هیتلەر وەک “برایان” لەگەڵ جەماوەرەکەی نادوێت، بەڵکو وەک “هاوڕێیان”، لەکاتێکدا لای ئێمە وەک برایان لەگەڵ جەماوەر دەدوێن. ئێمە پێویستمان بە کۆششێکی زۆر نیە بۆ ئەوەی بونیادە قوڵەکانی خەیاڵدان جۆشبدەین و ببزوێنین، لەکاتێکدا هیتلەر پێویستی بە کۆشش و ماندوبونێکی زۆر بو بۆ جوڵاندن و شڵەقاندنی ئەو گۆمە مەنگە. بەڵام لەوەش گرنگتر ئەو ڕاستیەیە کە دەشێت حیزب لەئەڵمانیا زۆر مۆدێرنتر بێت وەک لەلای ئێمە، چونکە ئاستەکانی مۆدێرنە لەحیزبی نازییدا زۆر زۆر زیاترە لەئاستەکانی مۆدێرنە لەلای حیزبەکانی ئێمە، بەهەمان شێوەش بۆ بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێرن لەناو حیزبی مۆدێرندا.

مەکیە: ئەوەیان پەیوەندی بە گەشەی پیشەسازییەوە هەیە لای ئەوان..

ساغیە: ئەوەش زۆر گرنگە..

مەکیە: لای من مەترسی تێزەکەی تۆ ئەوەیە کە پێتوایە ئەو سیستمە خێڵەکییە مەزهەبیەیی لای ئێمە هەیە گۆڕانی بەسەردا نایەت، لەکاتێکدا من پێموایە دەگۆڕێت، وەک بزاوتە ئایینیەکان کە ئێستا گۆڕاون و وەک جاران نەماون، ئەمێستا لەفۆرمێکی دیکەو بەڕەنگێکی ترەوەن، جارێک بەناوی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و جارێک بەناوی ئایینەوە، ئەمانە فۆرمی دیکەی نوێی خێڵەکین.

ساغیە: من ناڵێم کۆنن، بەڵکو توانای گەڕانەوەیان بۆ کۆن هەیە. با دیاردەی پەیکەرەکان بەنمونە بهێنینەوە، دیارە بەتەنها مەبەستم لەپەیکەرە مادییەکان نیە، بەڵکو پەیکەرەکان وەک دۆخێکی زەیینی. لەجیهانی عەرەبیدا حیزب زۆر بەئاسانی دەستی بە پەیکەرە کۆنەکان دەگات. چونکە کۆمەڵگەکان لەکۆندا دەژین (تائێستاش موتەنەبی لەسەر ئاستی هونەریی هەر وەک خۆیەتی). دیارە ئەم دیاردەیە لەخۆرئاوادا نەماوە، ئەڵمانیاش بەفۆرمی مۆدێرنتر و ڕێکخراوتر گوزارشتی لەتۆتالیتاریزمەکەی کردوە.

مەکیە: دەتوانیت پێمبڵێیت ئەو شتانە چیین کە بەبەراورد بە سیستمە تۆتالیتێرەکانی خۆرئاوا لەدیاردەی سیستمە تۆتالیتێرە عەرەبیەکاندا ناگۆڕێن؟

ساغیە:  هەمو شتێک دەگۆڕێت، بەڵام ڕێگەی داخراویش هەن کە هەندێکجار دەگەنە قۆناغێک کە بەریدەکەوێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و دیسانەوە بەردەوامدەبێتەوە. دیارە ئەم چیرۆکە لەدۆخی ئەوروپیدا جیاوازە، چونکە خۆی لەئاوێنەکەی خۆیدا دەبینێت، لەکاتێکدا ئێمە خۆمان لەئاوێنەی ئەوروپی و ئاوێنەی کۆندا دەبینین، چیرۆکەکە تەواو ئاڵۆز و پێکداچوە.

مەکیە: بابگەڕێینەوە بۆ سیستمە تۆتالیتارییەکانی لای خۆمان (لەسوریا و عێراق)، هەروەها ئەو خاڵە جیاوازانەی تۆ باستکردن. تۆ وتت سیستمی تۆتالیتاری لەسوریا، کۆمەڵگەی لەبەریەکهەڵوەشاندوە و بەندی هەمو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی پچڕاندوە. ئەی کەواتە چۆن ئەم سیستمە دەتوانێت ئەم پارچە لەبەریەکهەڵوەشاوانە کۆبکاتەوە، واتە یاسایەک کە هەمویان یەکبخات؟

ساغیە: با کتێبی کۆماری ترس بەنمونە بهێنینەوە، تۆ دەڵێیت سەدام حسێن گەندەڵ نیە چونکە عاشق و مەستە بە مێژو. لێرەدا هەستدەکەم وێنەیەکی خۆرئاواییت وەرگرتوە، چونکە هیتلەر و ستالینیش شەیدا و عاشقی مێژو بون، مەبەستم لەوەیە کە تۆ لایەنە تایفی و خۆماڵیەکەی بابەتەکەت فەرامۆشکردوە و بەتەنها پشتت بە کۆپی سیستمە تۆتالیتێرە مۆدێرنەکان بەستوە.

مەکیە: ئەمەی  تۆ دەیڵێیت لەسەر ئاستە ئاکارییەکە ڕاستە، بەڵام لەسەر ئاستی زیرەکی …

ساغیە: جیاوازی من و تۆ لەوەدایە کە تۆ بەتەنها کار لەسەر مۆدێرنە دەکەیت، تۆ پێتوایە تۆتالیتاریزم کۆمەڵگە دەگونجێنێت، کە ئەمەش دیسان کاریگەری مۆدێرنەی خۆرئاواییە، بەڵام کۆمەڵگەش تۆتالیتاریزم دەگونجێنێت. هیتلەر کێشەی خێزان و مەزهەبی نەبوە، کێشە ئایینیەکانی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانتیش لەئەڵمانیادا چارەسەرکرابون، لەکاتێکدا کێشەکە لەعێراقدا تەواو جیاوازە و تایفەگەریی و مەزهەبگەریی لەهەمو شتێکەوە هەڵدەقوڵێن و نائاگایانە و بەزیاد لەشێوەیەک کاریگەریان لەسەر هەمو شتێک هەیە. لەژێر ئەم کاریگەرییە نائاگایەشدا رژێمەکە زیاتر مەیلی بەلای پشتبەستن بە پەیوەندیە خێزانییەکانە، بەڵگەش بۆ ئەمە پتەویی دەزگای برایەتی و ئامۆزایەتییە، لەکاتێکدا ئەمە لەئەڵمانیادا نەماوە.

مەکیە: تکایە لەم تەڵەزگەیە دەرمبهێنە، ئەگەر سەدام و دڵڕەقییەکەی لەو ماوە درێژەی فەرمانڕەوایەتیدا و بەهەمو ئەو جەنگانەوە کە عێراقی پێدا ڕۆیشتوە نەیتوانیبێت کۆمەڵگە لەخێڵەکیی و مەزهەبگەریی دەربهێنێت، ئەی چی بکەین باشە؟

ساغیە: کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە نازانین براو ئامۆزاکانی هیتلەر و ستالین کێن، لەکاتێکدا تۆتالیتاریزم لەلای ئێمە تەواو پشتی بە براو ئامۆزا بەستوە.

مەکیە: بەڵام ستالینیش پشتی بە جۆرجیەکان بەستبو..

ساغیە: ڕاستە پشتی بە جۆرجیەکان بەستبو، بەڵام وەک خێزان نا، بەڵکو وەک هەمو بزوتنەوەی جۆرجی. دیارە سەدامیش هەرگیز لەتکریتی نەداوە، چونکە لەبنەڕەتدا بزوتنەوەیەکی تکریتیی نەبوە، بەپێچەوانە تکریتییبون گەشەو نەشونمایکردوە، لەگەڵ سەدامدا شتێک بەناوی تکریتییەوە گەشەیکرد. من خۆم پێشتر و بەر لەسەدام وشەی تکریتیم نەبیستبو، ئەگەرچی ئەو خۆی ناوی خێزانە بچوکەکانی هەڵگرتوە.

مەکیە: ئەوەیان سەپێنراوە بەسەر سەدامدا، گوایە ئەو بە بنەچە تکریتییە…

ساغیە: بەڵام ستالین سەرباری پشتبەستنی بە کۆمەکی جۆرجییەکان، لەهەر شتێکی داوە کە بۆنی بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی جۆرجی لێهاتبێت…

مەکیە: بەڵام جیاوازیەک هەیە لەدۆخی عێراقییدا و بەتایبەیش لەترۆپکی سیستمی تۆتالیتاریی بەعسییدا، چونکە پاش جەنگی دوەمی کەنداو تۆتالیتاریزمی بەعسی تێکشکا، من ئەمەم لەپێشەکی چاپە نوێیەکەی کۆماری ترسدا نوسیوە، تێڕوانینی من وا بو کە ئەو ڕژێمەی لەکۆماری ترسدا باسمکردوە بەسەرچو، گۆڕاو نەما. ئەو ڕژێمەی بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو خەڵکی دەکوشت، کەوتە بڕینی دەست و گوێی خەڵکی و مۆرلێدان و کوتینی نێوچەوان و سەریان. ئەو سیستمە تەواو لاواز بو، هەر بۆیە پەنای دەبردە بەر ئەو جۆرە لەسزادان. ئاشکرایە کە تۆتالیتاریزم لاواز بو، هەروەها گۆڕا بۆ شتێکی تەواو جیاواز. دیارە ئەم گۆڕانە دەرەنجامی شۆڕش یان شتێکی لەو جۆرە نەبو، بەڵکو زادەی ئەو گۆڕانکاریانە بو کە بەهۆی جەنگی دوەمی کەنداوەوە بەسەر وڵاتەکەدا هاتن. سێیەکی وڵات “کوردستان” کەوتە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانەوە، کۆنترۆڵیش بەسەر باشوردا وەک جاران نەما. بەمانایەکی دی، ئەو کۆنترۆڵە ڕەهایە بەسەر وڵاتدا نەما و رژێمەکە وەک سیستمی فەرمانڕەوایەتی ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی یەکەمی لێهات.

ساغیە: لێرەدا فۆرمێکی دیکە لەجیاکاریکردن لەنێوان سیستمە تۆتالیتێرە خۆرئاواییەکان و ئەو تۆتالیتێرانەی دیکە سەرهەڵدەدات کە خۆرئاوایی نین. تۆتالیتاریزمی خۆرئاوایی سەرهەڵدەدات، دەدۆڕێت،  دەڕمێت و هیچ خاڵێکی نیە بۆی بگەڕێتەوە. ئەگەر کاتی خۆی گریمانەی ڕوخانی ستالینیزممان بکردایە، ئەوا شیاو نەبو ستالین داوای کۆمەک لەجۆرجیەکان بکات، ناشزانین ئایا هیتلەر بەر لەڕوخانی پەنای بۆ یارمەتی و کۆمەکی کەس بردوە.

مەکیە: لەمەیاندا هاوڕاتم..

ساغیە: هیتلەر پشتی بەپلەوپایەیەکی خێزانی یا پەیوەندی خوێن و خزمایەتی نەبەستوە، لەکاتێکدا تۆتالیتاریزمی عەرەبی، یان گەر وردتر قسەبکەین نیمچە تۆتالیتاریی، لەسەر دو هێڵ ئیشدەکات: لەلایەکەوە گەشە بە کەڵکەڵە و تەندێنسی ناوخۆیی و خۆماڵی دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە دەست بەسەر تەواوی وڵاتدا دەگرێت. لەسوریا لازقییە و دراوسێ ریفییەکەی دەگرێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سوریایەکی تۆتالیتێر بونیاتدەنێت. گەشە بە ڕەگەزەکانی لایەنگیریی خۆماڵی دەدات کە ئەوەش بنەما سەرەکییەکەیە، بۆئەوەی گەر ئەزمونە تۆتالیتێرەکە لەسەنتەردا ڕوخا، لەملاوە لازقییە و تکریتی هەبێت، بنەمایەکی هەبێت کە بۆی دەگەڕێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە لای هەر یەکە لە حافز ئەسەد و سەدام حسێنیش هەبوە.     

مەکیە: لەمەیاندا لەگەڵتدا نیم، چونکە داڕمانی سیستمی تۆتالیتاریی بەسروشتی خۆی داڕمانێکی تەواو و یەکجارەکییە.

ساغیە: لەئەوروپا بە چاویلکەی دەوڵەت دەڕوانرێتە تۆتالیتاریزم، واتە دەوڵەت یەکسانە بە کۆمەڵگە و بەسەر ئەویشدا زاڵدەبێت، بەڵام لەکۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەلایەکەوە دەوڵەتمان هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە نزیکەکان. لەسوریا و عێراق فەرمانڕەوا تۆتالیتێرە، بەڵام لە بەر هۆیەک کە گەمارۆدەدرێت، ڕادەکاتە ناوچەکەی خۆی و گەمەی نزیکایەتی و خزمخزمێنە دەکات، کە بەمەش کێشەیەکی گەورە هەم لەیاسای دەوڵەتدا و هەم لەهەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆدا دەخوڵقێنێت. دیارە ئەمە لای هیتلەر وا نەبوە. هیتلەر بۆ کوێ بچوایە، بۆ نەمسا؟ ئەو خۆی لەبنەڕەتدا کەسێکی بێ ڕیشە و هەڵکەنراو بوە. ئەی ستالین، بچوایە بۆ جۆرجیا؟ بەڵام سەدام و ئەسەد دەچن بۆ تکریت و لازقیە، لەوێ بونیادیان هەیە، لەوێ تایفە و ناوچەی جوگرافی تایبەت بە خۆیان هەیە.

مەکیە: ئایا ئەمە مانای وایە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەوەشت لەیادنەچێت کە یەکێتی سۆڤێت هێدیهێدی گۆڕاو یەکسەر وەک ئەڵمانیا دانەڕما، لەنێوان مێژوی داڕمانەکە ١٩٨٩ و نێوانی ماوە کلاسیکیەکەی تۆتالیتاریزم چەند دەیەیەکی خایاند، وەکچۆن داڕوخانێکی بەردەوامیش هەبو لەگەڵ کرانەوەیەکی لەسەرخۆ و سادە. بەڕای من هەمان شت لەسوریاش شیاو بو، بەڵام عێراق شتێکی دیکەیە.


ئامادەکردنی:  خالید سلێمان
وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

————————————————————————

سەرچاوە: ماڵپەڕی (الاوان):  http://www.alawan.org/%D9%83%D9%86%D8%B9%D8%A7%D9%86-%D9%85%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%AD%D8%A7%D8%B2%D9%85.html

Previous
Next

Leave a Reply