Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
تەندروستی سەرۆك چۆنە باشە  !!….. ئاسۆعەبدوللەتیف

تەندروستی سەرۆك چۆنە باشە !!….. ئاسۆعەبدوللەتیف

Closed
by January 10, 2008 گشتی

 بەمانا سیاسی و دەوڵەتیەكەی هەر دەوڵەت و كۆمۆنیتیەك دەبێ سەرۆكی خۆی هەبێت تا حوكمرانیەتی دەوڵەت رێكبخات و لە پاشاگەردانی و ئانارشیزم بیپارێزێ، بوونی سەرۆكی باش و دادگەرو دیموكراتیك لە سەدان بۆری پەترۆڵ و بیری نەوت باشترە بۆ گەل، بەم تایپەی سەرۆك ئەوترێ سەرۆكی ووڵات و سەرۆكی دەوڵەت و نیشتیمان و دواجار رەنگە سەرۆك بێتە كاریزمای نەتەوەیی و دەوڵەتی و جڤاكی وەك ماندێللا، لێ لە ووڵاتە شەرقی و كۆنزەرڤاتیزمەكاندا ووڵات سەرۆكی نییە بەمانای سەرۆك بەڵام زەخت و فشاری میلیتاریزمانەی هەیەو بەپێچەوانەوە سەرۆك ووڵاتی هەیەو هی خۆیەتی و راست و چەپی ئەكات و قۆرخی كردوەو حوكمرانیەتی دەوڵەتیشی بەتەواوی رێكنەخستووەو بگرە ئیفلیجكردووە!
  مادەی 140 بە تەواوی مانا دواكەوت و جێبەجێنەكرا لە كاتی خۆیدا كەچی سەرۆك تاڵەبانی لە ناو كەركوك و لە دووەم رۆژی ساڵی نوێی 2008دا بەڵێنی جێبەجێكردنی 140 ئەدا بەگوێماندا، بەڵام كەی و چۆن؟ نازانرێت؟ هەندێ سەرۆك حیزبیش وەك سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و كۆمەڵ و یەكگرتوو خراپتر لە سەرۆكە گەورەكان ئەو وەهم و خۆشنودیە ئەڵێنەوە! تاكی كورد كاتێ ئینتیمای ئەبێ بۆ سەرۆك و بۆ حوكمرانەكانی كورد كە حوكمرانەكانی كوردیش ئینتیمای خزمەتگوزاری و پەیوەستی رۆحییان هەبێت بۆی، كە ئەم ئینتیما رۆحی و سایكییە لای سەرۆك وسەركردەكانی كورد نییە بۆ تاكی كوردی بەڵام بۆ تاكی عەرەبی هەیانە ئەوەتا هۆشیار زێباری دەست رۆشتووی بەغدا ئامادەیە پاسپۆرتی دیبلۆماسی بداتە شەزا حوسەینی كچە گۆرانیبێژی عەرەبی بەڵام ئامادە نییە بیداتە هاواری یاریزانی كورد یان هەر كوردێكی خاوەن بەهرە ئەمە بۆ نازانرێت؟! تاك كەخانووی نیشتەنی و شوێنی خەوو خۆراك و ئاگری نەبێ دروشم بە سەنتێ ناكرێ ئەمانە قسەی ئێستای شەقامی كوردییە كە خەڵكەكەی نان و نەوت و سوتەمەنی و كارەبایان نییە كەچی پەرلەمانەكەی یاسای قەدەغەكردنی جگەرەی بۆ دەرئەكات؟! لێرەوە ئەم ووتارە گەرانە بەشوێن ماناو كۆنسێبتەكانی سەرۆكدا نەك لە شكۆدانیان، بەراست تاڵەبانی و بارزانی بۆچی كە رەخنەشمان هەیە لێیان لە خراپی ئەدائیان، كەچی هەر دەنگەكانی خۆمانیان پێ ئەدەین و ئەوانیش هەر سەرۆكن؟
  گرنگە لەم ووتارەدا قسەیەك بكەین لەسەر وەرەمی لەناو چوون لە غیابی دەوڵەتدا، ئەو وەرەمەی بەدرێژایی تەئریخی شۆرشەكانی كورد،هیچ سەرۆكێك نەیتوانیوە وەك دوكتۆرێكی شۆرشگێری لێبراوی چاونەترس هاوار بكاو جاری نەمانی وەرەمەكەی سەری كورد بدات، وەرەمێك هەمیشە بە حەبی موسەكین و قۆناغبەندی لاوازو هەڵدێرو بندێری سەركەوتنەكان و شكستەكان كوردیان پێ خڵەفاندوەو نەیانهێشتووە كورد تەندروستانە بیر لەو وەرەمە بكاتەوە، وەك ئێستای زمانی كوردی و 140 و هەندێ مادەی دەستوری دیكە، كورد لە عیراقدا تاڵەبانی سەرۆكی هەیەو لە كوردستاندا بارزانی سەرۆك بەڵام هیچیان تا هەنوكە  باسی ئەو وەرەمەی سەری كورد ناكەن كە رزگاری بێت لە تورك و عەرەب و فارس، هەمیشە ئەمانەوێت بۆ قاپە نەوتێ خۆمان لەحیم بكەینەوە بە سێنتراڵی بەغداوەو نامانەوێت لەسەر قاچی خۆمان بوەستین، هاوپەیمانێتی كوردی كوردیی زۆر لەپێشترو باشترە بۆ كورد تا ئەو هاوپەیمانێتی و بەناو لێكتێگەیشتن و ستراتیجیانەی كە ناوە ناوە سەرۆكەكانمان ئەیكەن لەگەڵ سوننەو شیعەی عیراقیدا، وەك لەم  دواییە دا لە گەڵ حیزبی ئیسلامی عیراقی سازمانكرد، بەبێ ئەوەی كە بزانین حیزبی ئیسلامی عیراقی و یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر یەك رێچكەو رێباز ئەرۆن و هەردووك سەر بە قوتابخانەی ئیخوان موسلیمینن، ئایا ئەكرێت لە بەغدا موجامەلەیان بكەین و هاوپەیمانیان بین و لە دهۆك و سلێمانیش سەنگەریان لێبگرین و ئەندامی باڵایان لێبگرین و بە حەقارەتەوە مامەڵەیان بكەین؟! ئایا جیاوازی مامۆستا سەڵاحەدین و تاریق هاشمی هەیە لای یەكێتی و پارتی؟ ئەم خەراباتە سیاسیە زادەی ئەوەیە كوردو سەرۆكەكانی كار بە ئەجندای نەگۆر ناكەن ئەوەندەی كار بە سەنتەری بیركردنەوەی حیزبیانەو پراگماتیكانەی خۆیان ئەكەن، سوننەو شیعە لە جەنگی یەكلاكەرەوەدان و كەچی حیزبە كوردیەكان خەریكی پانكردنەوەن لە بەغداو شتێكیان نەهێشتۆتەوە ناوی پیرۆزی نیشتیمان و نەتەوەو ووڵات و سەرۆك بێت و كەركوكیان بەودەردە برد، یەكێتی و پارتی وای دەردەخەن كە زۆر رێكن و مووی موعاویە بە بەینیاندا ناچێ بەڵام بەس كاسەی خۆیان پڕەو ماڵی خۆیان ئاشتیە ئەگینا ماڵی شەقامی كوردی و هەژارانی كورد هەزاران هەزار هەنسك و برسێتی و نەخۆشی و وەرەمی تێدایە كە یەكێكیان بێ كاری دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكانیەتی و نازانن ئەو هەموو خریجە بكەن بە كام كوندا، ئێستاخۆمان لەو عیراقەدا دوو سەرۆكمان هەیە و پرۆژەیەكی نەتەوەییمان نیە تۆزێ بۆنی دەوڵەتی لێ بێ،  تەنانەت وەك سۆماڵ و جیبۆتی سەروەریشمان نییە، هیچ سەرۆكێ نیە بەقەد سەرۆكە بێخەمەكانی كورد سەفەری دەرەوە بكا، هیچ سەرۆكێ بەقەد سەرۆكەكانی ئێمە تێرو پڕو قەپات نین كە هەر یەكێكیان زیاتر لە 100 سەیارەو دەیان خانوو ڤێلاو ئەپارتمان و زەویان هەیە، ئەمان بەو حاڵەشەوە بێخەم و بێ پرۆژەن بۆ گەلی خۆیان و ووڵاتەكەیان، سەرۆك كۆمار لە سلێمانی و هەولێرو كەركوكەو وەزع ناگۆرێ؟ سەرۆكی هەرێمیش دێتە هەڵەبجەو ئەوهەموو كەلاوەیە ئەبینێ و شار هەر شارە خامۆشەكەی دوای وەرزی كیمیاییە، سەرۆكانی كورد ئەچنە هەموو قارەكانی دونیاو گەڕگەشت ئەكەن كەچی كوردستان هەر وێرانە، دەیان خۆپیشاندان ئەكرێ و خەڵك ئەكوژرێ مەیلێك نیە بۆ بۆ وازهێنانی سەرۆك و سەركردەو وەزیرێكی كوردی لە پۆستەكەی؟ من ئەمجارەش لە و دوو سەرۆكە ئەپرسم ئایا لەسەر دزی و كرینی باخ وڤێللا بەرزەكانی بەرپرسان چەند بەرپرستان گرت و تەمبێ كرد؟ لە تالەبانی ئەپرسم كام وەزیرت خستەوە ماڵ لەبەر گەندەڵیەكان و تەكەتولبازیەكانی ناو حیزب؟ خۆ حوكمرانی ئەوەنیە هەموو سەری ساڵێ بەڵێن بدرێ بۆ ئاوەدانی و ئیمتیاز، شاری من و تۆ جیاوازی چیە ئەی سەرۆكی هاوزمانم؟ شەقامی من و تۆ جیاوازی چییە ئەی سەرۆك؟ چەند جیاوازە ژیانی من و تۆ، تۆ لە كوێ و من لەكوێ؟ ئایا ئەو جیاوازیە گەورەیە لە بەینی رۆڵەكانی ئێمەو ئێوەدا رەوایە؟ ئایا شۆرشی كوردی لە پێناو ئەو دەستكەوتە مادیانەدا كرا؟ خوێنی شەهیدان بۆ ئەو مەبەستە رژا؟ هێشتا ئێمەو سەرۆكەكانمان لە باتی متمانەو خۆشەویستی نێوانمان قوربانی و خوێن و سەدەقە هەیە، ئەزانن خراپترین سەرۆك ئەو سەرۆكەیە كە ئۆردویەك چەپڵەگێروموجامیلچی و تێرو بەرخۆری بەدەورا هەڵسوڕێ، رێك وەك سەرۆكەكانی ئێمە، ئەوانەی كە وەك دیواری ئاسنین ناهێڵن سەرۆك بەر ئازاری واقع و رەخنەی جددی بكەوێت و گەندەڵیەكان بزانێ و ببینێ، ئێمە ئەزانین كە ناكرێت هەموو مرۆڤێك بێتە سەرۆك، چونكە سەرۆك وەك خودی سەرۆك خاوەنی جیهانبینی و فۆرمی تایبەتی خۆیەتی و ناكرێت هەموو كەسێك سەرۆك بێت، گرانی و قورسایی بەهای سەرۆك لەوەدا نییە كە قسە ئەكات و خەڵك گوێی بۆ ئەگرن و ئەویش خۆی لێ ئەبێتە پاڵەوان و ئەچێتە ناو قاڵب، یان خۆی دوور بگرێ لە ئازارەكانی خەڵك، نا ئەمە پیشەی سەرۆك نییە، بەم تێگەشتنە هەموو كەس ئەتوانێ سەرۆك بێ، سەرۆك گرنگە لە ماناكانی حیكمەتگۆیی بزانێت بەبێ جیاكاری ئایدۆلۆژی و سیاسی، كە ئەمانە وەكو خەسڵەت و بنەمای نەگۆر ئەبێت بیچەسپێنێت و كاری لە سەر بكات لە خودی خۆیەوە بۆ گشت، ئاخر ناكرێت سەرۆك بكرێتە سومبولی خودایی و وەك دەستنێژو دەستنەمامی ئیلاهی تەماشا بكرێ، دەركەوتنی سەرۆك وەكو خۆی لە سەرجەم كایە كۆمەڵایەتیەكاندا دەركەوتنێكی راستگۆیانەی هاوچەرخەو ناكرێت جامە تاریكەكان و سەفەرەكان فریویان بدات، كورد خاوەنی دەیان سەركردەو رێبەریی شۆرش و جوڵانەوەی نیشتیمانی بووە لە رابردوودا بەڵام خاوەنی سەرۆكایەتیەكی دەوڵەتی نەبوە بۆیە بەردەوام هەڵەی ستراتیجی ئەكات و ناشزانێ كە هەڵەیەو كێ ئەم هەڵەیەی پێ ئەكات، بۆیە زاراوەی سەرۆك شتێكی نوێ و رادیكاڵەو خەونێكی تری كوردە بە ئاراستەی بە مەدەنیكردن و بەدامەزراوكردنی دەزگاكانمان و نابێ دەورەی بدەین بە ئەفسانە، كورد ئێستا دنیایەك سەرۆكی هەیە و وازیشی لەو تاكسەرۆكیە نەهێناوەو دەبێ رێگایەكی تر بدۆزینەوە كە ژیانی سیاسیمان بكاتە پرۆژە لەبەرانبەر دوژمنێكدا كە بەردەوام دەموچاوەكانی خۆیمان لێ ئەگۆرێت و بە تاكتیكەوە مامەڵەمان لەگەلأ كورد ئەكات، نابێ ئەدای سەرۆك ئەدایەكی خۆپەرستانەو حیزبیانە بێت وەك ئەوەی كە ئێستا ئێمە مومارەسەی ئەكەین، ئەبێت ئەدای سەرۆك ئەدایەكی دیموكراتیك و شۆرشگێری شاریانە بێت نەك حیزبی، ئاخر حەزكردن لە بینینی سەرۆك و چونە لای بۆ ئیمتیازو حیكایەت بەستن و داوای  پۆست زۆر هەڵەیە، كاتێ ماف و سەروەریمان پارێزراو بوو ئیدی ئەو رۆحە لەناو خۆماندا ئەكوژین كە بینینی سەرۆك كیسەكانمان پر ئەكات و ژیانمان ئەگۆرێت لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت، لە دیموكراسیەتی غەربیدا شتێك نییە بە مانای حەزكردن بە سەردانی سەرۆك و چاخواردن لە دیوەخانەی سەرۆكدا، یان زیارەتی سەرۆك و موقەدەسكردنی، ئەوەی هەیە بیركردنەوەیە لە نەهێشتنی ئەو عەزابەی كە تاكی كۆمەڵگا پێوەی گیرۆدەیە، هەربۆیە لە كولتوری رۆژئاوادا كە سەرۆك خولی سەرۆكایەتی تەواو ئەكات وەك بۆشی باوك و بیل كلنتۆن و هیلمەتكۆڵ و گێرهاردشرۆیدەرو تۆنی بلێرو جۆن مێجەرو میتران و تەنانەت خاتەمیدا، ئیدی ئەچنەوە دۆخی ئاسایی و رەنگە بە ماسیگرتن و كتێب خوێندنەوەو مامۆستایی و توێژینەوەوە سەرگەرم بن و شتێك نییە ناوی تابۆكردنی كورسی سەرۆكایەتی بێت، ئەوەی لە كوردستان هەیە لە دیكتاتۆرترین وڵاتی دیسپۆتیزم و تۆتالیتاریشدا نمونەی نییە، لە شۆرش هەر خۆیان و لە شار هەر خۆیان و لە ریئاسەتی گشتی هەر خۆیان و بنەماڵەكانیان، لە كاتێكدا ئەوە روونە سەرۆك بۆ هیچ میللەتێك نەماوەتەوەو ناشمێنێتەوەو دیاردەیەكی راگوزەریانەیەو خۆشی نەروات زەمانە ئەیگۆرێت و ئەیبات وەكو سەدام و شاو ستالین و ئەسەدو شاحسین و بینۆشێ و میلۆسۆڤیج، بەڵام ئەوە گوتارو ئەجێندای نەتەوەیە كە نامرێت، ئەوە گلاسنۆست برۆسترۆیكاكەی گۆرباشۆفە كە تائێستا هەر باسی ئەكرێ و سیفەتی نەمریی هەیە، ئەوە پلانەكەی مارشاڵی ئەمریكیە دوای جەنگی جیهانی دووەم كە هەر بە نەمریی ماوەتەوە لە رۆحی سەرمایەداران و بنیاتگەرو عیمرانیە رۆژئاواییەكاندا، ئەوە پرۆژە ریفۆرمیەكەی مارتن لۆسەرە كە چۆن بووبە مانیفێستی ژیاندۆستی هەژاران و لەرەگەوە هەڵكێشانی ئەپارتایدو راسیزم، دواجار بوە سومبولی مرۆڤدۆستی، ئەوە مرۆڤدۆستی و خاكێتیەكەی گاندی و رۆحیەتی بەرگری و عەدالەتخوازی ماندێللایە كە هەر ئەمێنێتەوە و سەدان نەوەی دیكە ئەزرنگێتەوە لای مرۆڤایەتی، سەرباری ئەمانە هەموو سەرۆكێكی دونیا شایانی رەخنە كردن و قابیلی هەڵەكردنیشە،دەشێت بەم كارە رەمزیەتێكی ترو قورساییەكی تری نەتەوەیی بۆ خۆیان دروست بكەن، رەنگە بەو شێوەیە تەندروستی سەرۆكەكانمان باشبن كە باسمانكرد، نەك باشبوون لە رووی جەستەییەوە، باشبوون لە رووی تەندروستی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە زامنی پاراستنی پردی پەیوەندی جەماوەرو هەر سەرۆكێكی باشە ئەگینا سەرۆكەكان مەحكومن بە دۆران.
 Asolm2002@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.