Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

جوانترین مۆسیقا

Be First!
by October 4, 2010 چیرۆک

                                              

له‌ لاجانگی چه‌پی، له‌وشوێنه‌ی هه‌میشه‌ فه‌یله‌سوفه‌كان په‌نجه‌ی له‌سه‌رداده‌نێن، لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی دانا. هێشتا په‌نجه‌ی نه‌گه‌شتبووه‌ سه‌ر په‌له‌پیتكه‌كه‌ی، كه‌ ده‌نگی ئه‌فسوناوی ئه‌و ژنه‌ی كه‌وته‌وه‌ به‌رگوێ‌ له‌ كاتی لاواندنه‌وه‌ی كۆرپه‌كه‌یدا، به‌فیشه‌كێك خوێنی دڵی هه‌ر دووكیانی تێكه‌ڵ كرد. له‌ قه‌ره‌وڵی تفه‌نگه‌كه‌یه‌وه‌ فرمێسكی زۆری دیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو كه‌ له‌ كاتی تێكه‌ڵبونی فرمێسكی دایك‌و كۆرپه‌یه‌كدا، خۆی به‌ داڵێكی په‌ڕ‌و باڵ كراوی ژێر باران‌و ته‌رزه‌ بێته‌ به‌رچاو‌و ئیحساسه‌كانی په‌ڕه‌ سێلكه‌یه‌كی تێگه‌ڕابێت، به‌ دیار خانووه‌ قوڕه‌ ڕوخاو‌و بێچوه‌ كوژراوه‌كانیه‌وه‌.
ئه‌و ده‌نگه‌ی وا چه‌ندجاره‌ مردنی دواده‌خات، هه‌ر ئه‌ویش به‌ره‌كانی جه‌نگی پێ چۆڵكرد بوو. به‌ دیار ڕوون بوونه‌وه‌ی ئاوی به‌خوێن سور بووی كانیه‌كه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی جه‌نگێكی تردا دانیشتبوو. له‌و كاته‌دا كه‌ جل‌و ده‌سته‌كانی داده‌شۆری بۆ یه‌كه‌مجار به‌بێ‌ حه‌زی شه‌هوه‌تێكی ترسناك ویستی له‌ ده‌سته‌كانیدا بۆنی به‌ جێماوی مه‌مكی ژنه‌كه‌ی بكات، ئه‌و ژنه‌ی كه‌ هه‌رگیز نه‌یتوانی له‌ سیحری ئه‌و خه‌مه‌ی له‌ ڕوخسار‌و چاوه‌كانی‌و ده‌نگیدابوو، تێبگات. ئه‌و ده‌م زانی ده‌مێكه‌ باروت‌و خوێن ئه‌و بۆنه‌یان له‌ ده‌سته‌كانیدا كوشتووه‌. چه‌كه‌كه‌ی فڕێدا‌و به‌ده‌م‌وتنه‌وه‌ی (ئه‌ی نه‌فره‌تی ….. دڵنیام هه‌ر ئه‌م بۆنه‌ نه‌فره‌تیه‌ت  بووبووه‌ هۆی خه‌ونه‌ ترسناكه‌كانی ئه‌و و ڕاچڵكینی له‌ قوڵایی خه‌ودا) ئیستێكی كردوو وتی: (به‌ڵاااام …..ئه‌و له‌رزه‌ تونده‌ تۆ بوویت یا من؟؟ ئه‌و تۆ بوویت، فرمێسكی ئه‌وكۆرپه‌، وه‌ك تاوه‌ ته‌رزه‌ كوتایتی یا من؟ ئه‌گه‌ر من بووم بۆ چی له‌گه‌ڵ هه‌ڵ له‌رزین و ته‌قه‌ته‌قی ددانه‌كانی مندا، تۆش  هه‌ڵ ده‌له‌رزیت و دانه‌ دانه‌ فیشه‌كه‌كانت ده‌كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌؟!) هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد له‌كاتی گه‌ڕا نه‌وه‌دا هاواربكا‌و بڵێ‌: ( ئاخر كێ‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و ده‌نگ و ناڵینه‌ی له‌ كاتی كوشتندا دێت،  هاوار و ناڵه‌ی ئه‌‌و دار‌و ئاسنه‌ نیه‌‌و ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌ست ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵی گوناهه‌ ڕزگاریان بێت؟ گه‌ر تفه‌نگه‌كان توانا یان هه‌بوایه‌، ئه‌و فیشه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌ر دڵی یه‌كتری ده‌ده‌ین، كێ‌ ده‌ڵێ‌ نه‌یان ده‌گێڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر دڵی خۆمان؟) هه‌ستی كرد، زه‌مه‌ن خێراتر له‌گولله‌ تێده‌په‌ڕێت و ئه‌میش نا توانێت ته‌نانه‌ت ئه‌و مێش ومه‌گه‌زانه‌ی سه‌ر ته‌رم و پاشماوه‌ی ئه‌و مه‌یدانی جه‌نگه‌ی كه‌ نازانێت ئاخۆ جه‌نگی ئه‌مڕۆیه‌، یا سه‌رده‌م مانێكی زوون ،كه‌ ئێره‌ یان كردووه‌ به‌ وێرانه‌ی ناو خه‌یاڵی كونه‌په‌پویه‌ك، كه‌ هه‌راسانیان ده‌كرد بكوژێت، له‌كاتێكدا كه‌ دێن خوێنی بمژن.  چ بگات به‌وه‌ی خۆی بكوژێت.
یه‌كه‌م كار كه‌ كردی، دروست كردنی چه‌ند ژێی كه‌مان بوو، له‌ لاسیكی گیا. له‌ شێوه‌ی كه‌مانێكدا، ژێكانی له‌ قه‌ره‌وڵی تفه‌نگه‌كه‌وه‌ بۆ قۆناغه‌كه‌ی به‌ست. له‌ به‌رخۆیه‌وه‌ده‌یوت: ده‌كرێـت تۆ هێنده‌ی له‌تاقی كوشتندا دانه‌نرێیت‌و خه‌ونه‌كان له‌ناونه‌به‌یت، هێنده‌ نیشانه‌ له‌دڵی  هونه‌روجوانی نه‌گریت‌و له‌نێو ئاگردا نه‌ توێیته‌وه‌.
هه‌ستی كرد لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی، وه‌ك جێی برینی برینداره‌كان خوێنی لێ دێته‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌وان هێڵنج ده‌دات و قوڵپ قوڵپ خوێن هه‌ڵ دێنێته‌وه‌، وه‌ك سه‌ربازێكی بریندار ناودڵی پڕبێت له‌گولله‌، وه‌ك منداڵێك ……. نــــا وه‌ك ئاسكێكی پێكراو له‌ ناو خوێنی خۆیدا هه‌ڵ ده‌به‌زێته‌وه‌‌و لول ده‌بێت. له‌وكاته‌دا ئیدی خۆی پێڕانه‌گیرا و تفه‌نگه‌كه‌ی گرت وماچی ده‌كرد‌و داوای لێبوردنی لێده‌كرد. بۆ ساتێك هه‌ستی كرد نه‌ك خۆی، به‌ڵكوو هه‌موو دنیا له‌به‌رده‌م قۆناغی تفه‌نگه‌كه‌و له‌شی كڵاشینكۆفه‌كه‌یدا سه‌ری پڕ له‌گوناهیان داخستووه‌ و داوای لێبوردن ده‌كه‌ن، له‌ فرمێسك‌و خوێنی برینی ئه‌و دره‌ختانه‌ی، كه‌ كرانه‌ قۆناغی تفه‌نگ، مشتی خه‌نجه‌ر، له‌ فرمێسكی ڕژاوی ڕه‌شی ئه‌وكانه‌ ئاسنانه‌ی داوای لێبوردنده‌كه‌ن كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ بۆ كرانه‌ شمشێر و خه‌نجه‌ر و فیشه‌ك و چه‌ك و هه‌موو جۆره‌ تانكێك ده‌توێنرێنه‌وه‌.
به‌م كاره‌ی ده‌یویست مۆسیقایه‌ك بژه‌نێ‌، تا به‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان بڵێ‌: ڕوو له‌ هه‌ركوێیه‌كن به‌ره‌وپشت بگه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌نگاوێك زیاتر مه‌نێن و ڕوانینێك زیاتر مه‌ڕوانن.گه‌رچی ئه‌م ویسته‌ی له‌ وه‌سوه‌سه‌یه‌ك زیاتر نه‌بوو، به‌ڵام گوێبیستی ترپه‌كانی دڵی هه‌موو ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ بوو له‌ دونیا، كه‌ هه‌رئێستا چوو بوونه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ. هه‌ستی به‌ له‌رزینی ده‌ست ‌و په‌نجه‌یان ده‌كرد، له‌ كاتی نیشانه‌گرتنه‌وه‌دا. ده‌یزانی چه‌ندساتێكی كه‌م ده‌بات، ئیدی به‌ڕق و تۆڵه‌ ئالووده‌ ده‌بن. هه‌ندێك هه‌رگیز نازانن بۆ ئالووده‌ی ئه‌م ڕقه‌ بوون و هه‌ندێكی دی به‌هۆی شه‌ره‌ف و نه‌شكاندنی په‌یمان و ئابڕوچوونه‌وه‌، تا ئه‌به‌د ده‌جه‌نگن. هه‌ندێكی دی ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی شێواندنی جوانی، به‌تێكدانی جوانی بكه‌نه‌وه‌، تۆڵه‌ی هاوڕێ كوژراو و خاكی سوتاو‌و شه‌ره‌فی پاكیزه‌ ئه‌تك كراوه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌. ئیدی هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌كه‌ونه‌ ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵی وێرانكاریه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ هاوارده‌كه‌ن (ئه‌وه‌ی نه‌كوژێت، ئه‌كوژرێت). هه‌روه‌ها گوێشی له‌ ناڵه‌ و هاواری ته‌واوی چه‌كه‌كانی دونیا بوو، له‌گه‌ڵ هاوار و خۆشیه‌كانی سه‌رباز و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كاندا تێكه‌ڵ ده‌بوو. ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ بریندارانه‌شی ده‌دی، تادوا هه‌ناسه‌ وێنه‌ی دڵداره‌ كانیان له‌ به‌رچاویان لانه‌ ده‌برد، له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا حه‌سره‌تیان بۆ ژیانی له‌ ده‌ست چوو هه‌ڵده‌كێشا، كه‌ ده‌كرا له‌جیاتی جه‌نگ و ماڵوێرانی و خه‌ون و خه‌یاڵی وێرانه‌كردن و كوشتن، عاشقێكی تامه‌زرۆبن و له‌ ئامێزی عه‌شقدا ژیانێكی دیكه‌ بژین. ئه‌وجه‌نگاوه‌رانه‌ی ده‌دی، وه‌ك ئه‌وه‌ی خودا له‌ چاره‌ی نوسیبن ده‌بوو، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ باراناوی به‌ خوێن سور بووی هاوڕێكانیان‌و باروتی تواوه‌  تینوێتیان بشكێنن.
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌وڵی ژه‌نینی ئه‌ومۆسیقادا، ده‌نگێكی سه‌یر، وه‌ك ناڵه‌ی هه‌موو سه‌ربازه‌ێك له‌كاتی به‌ركه‌وتنی دڵیان، تێكه‌ڵه‌ به‌قریشكه‌‌و هاواری كوشتنی ژنی ته‌نیا له‌نیوه‌شه‌ودا، هاواری دڵداره‌كان له‌كاتی پێكاندا، ده‌نگی زیكه‌‌و گریانی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌جیاتی مه‌مكی دایكیان لوله‌ی تفه‌نگه‌كان ده‌نرێته‌ده‌میان، ده‌نگی قرچه‌ی ئێسكی ئه‌وسه‌ربازانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌جێ دێڵن و گولله‌ له‌سه‌ر شه‌قامی بوون ئه‌یانسڕێته‌وه‌ . له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا،له‌گه‌ڵ ده‌نگی خوێندنی جیاوازی هه‌زاران باڵنده‌‌و ده‌نگی ترپه‌ترپی دڵی ملوێنان گیاندار. له‌ بریی مۆسیقا له‌ ژێكانیه‌وه‌بێت، له‌ له‌شی چه‌كه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌هات. له‌گه‌ڵ ده‌نگێكی مه‌له‌كوتی به‌ئاسته‌م، هه‌ستی پێده‌كرا  له‌شوێنێكی نا دیاره‌وه‌ ده‌هات‌و تێكه‌ڵ به‌و هه‌زاران ده‌نگه‌ جیاوازه‌ ده‌بوو.
هه‌روه‌هاهه‌زاران بونه‌وه‌ری جۆراوجۆر، ده‌وره‌یانده‌دا‌و گوێیان ده‌گرت  و زیاتر لێی نزیك ده‌بوونه‌وه‌، ورده‌ وه‌رده‌ چه‌ندین په‌پوله‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌سه‌ر شان و باڵی هه‌ڵده‌نیشتن و ده‌فڕین و له‌گه‌ڵ هه‌زاران باڵنده‌ دا سه‌مایان ده‌كرد. له‌وكاته‌دا كه‌ كه‌ڵه‌كێوی و ئاسكه‌كان لمۆزیان له‌ ڕومه‌تی ده‌دا و بۆنیان پێوه‌ده‌كرد به‌خۆیی وت ئاخۆ  ئه‌وان هه‌ست به‌بۆنی باروت وخوێنی ده‌سته‌كانم ده‌كه‌ن؟ هه‌رله‌و كاته‌دا هه‌زاران باڵنده‌ به‌جریوه‌ جریوو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌. ئێستا تۆ بۆنی خوێن له‌ده‌سته‌كانت نایه‌ت. هه‌رئه‌مه‌ش بوو وای كرد بزانێت، كه‌وا ده‌توانێت به‌ڕۆح په‌یام بدات به‌ باڵنده‌و بونه‌وه‌ره‌ جۆراو جۆره‌كان. په‌یام بنێرێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌، دووژمنی كینه‌و خوێنن :(وه‌رن دنیایه‌ك دروست بكه‌ین خاڵی له‌ڕه‌نگی خوێن) په‌یام بنێرێت بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی

                                                     ****  

🙁 تۆ هه‌رگیز نه‌گریایت و هیچت نه‌وت، منیش هیچ له‌ كابوسه‌كانی تۆ تێنه‌گه‌شتم. من ده‌زانم  تۆ هه‌رگیز حه‌سره‌تت بۆ دابڕانمان نیه‌ و به‌دوای پیاوێكدا، كه‌ بارووت و خوێن كردویه‌تی به‌ كۆیله‌ ناگریت، وه‌ك سۆفیه‌ك ته‌ركی دنیاناكه‌یت‌و خه‌ڵوه‌تی بۆ ناكێشیت. ئه‌رێ من دڵنیام تۆ هه‌رگیز ئه‌مه‌ناكه‌ی، به‌ڵام حه‌سره‌تی تۆ بۆ وون بوون و توانه‌وه‌ی منه‌ له‌ جه‌نگدا. ئه‌فسوست بۆله‌شی مرۆڤێكه‌، كه‌ غوباری شه‌ڕی به‌سه‌رداده‌بارێ‌‌و خوێن له‌ده‌سته‌كانی ده‌تكێت. پیاوێك كه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ له‌شی تۆدا، وه‌ك كڵاشینكۆفه‌كه‌ی شانی ده‌كرد. هه‌رگیز نه‌یتوانی له‌گه‌ڵتـدا بۆنی گوڵێك بكات. نه‌یتوانی گوڵێك له‌ باخچه‌كه‌تدا سه‌وزبكات بۆنی باروتی لێنه‌یه‌ت. كه‌ له‌گه‌ڵت ده‌خه‌وت تاچه‌ند شه‌وی دواتریش، خه‌وی ترسناكت ده‌بینی. خه‌و له‌ ناو جبه‌خانه‌و باروتا، له‌ نێو خوێن داتێك ده‌ئاڵان، تا ته‌نگه‌ نه‌فسبون ‌و خنكان، ڕاچله‌كینی نیوه‌شه‌وانی نێو خه‌وه‌كانت و فڕێدانی گۆشت و هه‌ڵاتنی نیوه‌شه‌وانت، هه‌موو ئه‌مانه‌ دیاری شه‌وی پیاوێكی ئه‌به‌دیت بوون، به‌ڵام ئه‌و ئێستا نازانێت ژه‌نینی مۆسیقا به‌كه‌مانێك كه‌ له‌ له‌شی كڵاشینكۆفێكی كه‌نه‌فته‌، ئاخۆ چ جۆره‌ده‌نگێكی هه‌یه‌؟ ئاخۆ چ له‌م دنیا شه‌ڵاڵبوو به‌خوێنه‌ ده‌گۆڕێت؟ یا هیچ نه‌بێت ده‌توانێت له‌مۆته‌كه‌ی ڕۆحی كوژراوه‌كان ڕزگاری بكات؟ ئه‌وخوێنه‌ی له‌گه‌ڵ كوشتنی هه‌ركه‌سێكدا ڕژاوه‌ته‌ نێو له‌شی تك تك بڕژێنێت؟ ئه‌وئێستا ده‌یه‌وێـت به‌ژه‌نینی جوانترین مۆسیقا، به‌هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كانی دونیا بڵێت: (ئێوه‌ هه‌ریه‌كه‌تان دڵێكتان هه‌یه‌، دڵێك گه‌رمتر له‌ئاگر چاوه‌ ڕێتانه‌. هه‌ر به‌بیستنی ئه‌م مۆسیقایه‌ هه‌موو جه‌نگاوه‌ر و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی دونیا به‌ ئاگابێنه‌وه‌ دڵێك گه‌رمتر له‌ئاگر چاوه‌ڕێیانه‌. بــأ بۆ هه‌میشه‌ نه‌توانن نیشانه‌ له‌بچوكترین باڵنده‌ش بگرن) ئه‌وشه‌وانه‌ی هه‌موومان به‌یه‌ك جار نیشانه‌مان له‌ دڵی مانگ و ئه‌ستێره‌ ده‌گرته‌وه‌، تا گڕبگرن‌و هه‌موو لایه‌كمان بۆ ڕوناك بكه‌نه‌وه‌‌و خۆڵ بكه‌ینه‌ چاوی تاریكی. ئێمه‌ ڕقمان له‌ تاریكی نه‌ بوو به‌ڵكو زۆرترین سه‌ركه‌وتنه‌كانمان له‌ تاریكییا به‌ده‌ست ده‌هێناو ئاهه‌نگمان تێدا ده‌گێڕا، به‌ڵام خۆشیشمان نه‌ده‌ویست، چونكه‌ هه‌میشه‌ تاریكی نه‌خشی ئه‌و گوللانه‌ی لێده‌شاردینه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رزه‌وی ده‌مان نه‌خشاند. ئێمه‌ده‌مان ویست په‌ڕوباڵ و لاشه‌ی هه‌ڵكڕوزاوی ئه‌وباڵندانه‌ ببینین له‌ ناو خوێنی هه‌زاران لاشه‌ی سه‌رباز و ڕه‌شاوی باروتی سوتاو و پۆساڵی تواوه‌دا كه‌وتبوون. نه‌خشی ڕه‌نگاوڕه‌نگی باڵنده‌كان و ڕه‌نگ و ڕوخسار و شێوه‌ی جیاوازی ئه‌و سه‌ربازانه‌ببینین  كه‌ هه‌موویان یه‌ك ڕه‌نگیان ده‌گرت، ئه‌ویش ڕه‌نگی جه‌نگ بوو. نا ئێمه‌ له‌به‌یاندا ته‌قه‌مان له‌ئاسمانده‌كرد ده‌مانویست وه‌ك سه‌رزه‌وی هیچ مه‌لێك نه‌بێت به‌ئاسمانی ئێمه‌دا ڕه‌ت ببێ، وای خوای مه‌زن ئێمه‌ چ خێڵه‌ وه‌حشیه‌كی ترسناك بووین! دڵێكمان هه‌بوو له‌باروت‌و تۆڵه‌،دڵێك له‌ئاسن و ئاگر،دڵێك ئالووده‌ به‌بینینی خوێنی ئه‌وانه‌ی ناومان نابوون دووژمن!!
ئێمه‌ ڕقمان له‌هه‌موو وه‌رزه‌كان بوو. پایز به‌خۆی و ڕه‌شه‌با و تۆزو خۆڵه‌ كه‌یه‌وه‌، ئاخر چاومانی كوێر ده‌كرد و نه‌یده‌هێشت بزانین گولله‌كانمان چۆن ده‌ڕۆن ده‌مانوت: ( سروشت نازانێت بای پایز چۆنه‌. ڕه‌شه‌بای پایز و خۆڵی پایز ده‌بێت باروت وخوێن بێت، نه‌ك ڕه‌نگێكی زه‌ردی شاعیرانه‌ی ….  پێده‌كه‌نیین  … هیـهیهیهۆهۆهۆـههیـ) زستانیش خۆی و باران و ته‌م تومانه‌كه‌ی، ئاخر هه‌میشه‌ خوێنی ڕژاوی ده‌شۆریه‌وه‌ و نه‌ی ده‌هێشت بیبینین. له‌ته‌م تومانیشدا هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان به‌ دوای زستاندا ده‌گه‌ڕاین. ده‌مانویست بیكوژین، به‌ڵام  هه‌ڵاتن و ترسنۆكیه‌كه‌ی  و نه‌هاتنه‌ به‌ره‌ی جه‌نگی هه‌موومانی بێزارده‌كرد. به‌هاریش خۆی و تاوه‌بارانه‌كه‌ی، گژو گیازۆره‌كه‌ی هه‌موو شتێكی شێواند بوو، تاكه‌ وه‌رزێك كه‌مێ دڵنه‌وایی ئێمه‌ی ده‌كرد هاوین بوو. ئاخر هاوین ئاسانتر شه‌ڕله‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كڵپه‌ی ده‌سێنێت، خوێن هیچ نای شۆرێته‌وه‌و زوتر له‌ سه‌ر دیوار و به‌رده‌كان و شۆسته‌ و شه‌قام‌و ڕێگا دووره‌كان وشك ده‌بێت‌و ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئازیزم ڕقی ئێمه‌ هه‌ر ته‌واو نه‌ئه‌بوو، چونكه‌ هه‌میشه‌ شتێك هه‌بوو نه‌خش و نیگاری ئێمه‌ی ون ده‌كرد. ڕقمان له‌ زه‌وی بوو، چونكه‌ له‌ زه‌ویدا زوتر ته‌رمه‌كان كرم تێیانده‌دات و نامێنن، له‌ جێگه‌یاندا گوڵ‌و دره‌ختی جۆرا‌و جۆر ده‌ڕَوێت، هێنده‌ زیاتر ڕقمان له‌ ده‌ریا بوو، ده‌ریاو شه‌پۆله‌ ترسناكه‌كانی، ده‌ریا ته‌نها هێزێك بوو لێی ده‌ترساین ولێی هه‌ڵده‌هاتین. ئاخر هه‌رگیز نه‌ی ده‌هێشت  له‌ نه‌خش و نیگاره‌كانی جه‌نگ بڕوانین. توڕبونی ده‌ریا تاكه‌ هێزێك بوو ئێمه‌ لێی ده‌ترساین. ئــا، ئێمه‌ جه‌نگاوه‌رانی دونیا ده‌مان ویست له‌ سه‌رزه‌مینێكی كۆنكریتی بجه‌نگین، تا هه‌میشه‌ با دووكه‌ڵی جه‌نگه‌كانمان بۆبێنێت. ئاخر  له‌وێڕا ده‌زانین گوله‌كانما به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن وبه‌ر چ دڵێك ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ ئازاربه‌خشترین ئازاره‌ بۆ هه‌ر سه‌ربازێكی ئه‌م دنیایه‌ كه‌نه‌زانێت  گولله‌كه‌ی بۆ كوێ‌ ده‌چێت و چ دڵێك ده‌پێكێت؟ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤه‌ كان وایه‌، هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ بێده‌نگی هه‌ڵدێن و نایانه‌وێت جه‌نگ ڕابوه‌ستێت. ئه‌و شه‌وانه‌شی به‌بێ شه‌ڕ لێمان تێده‌په‌ڕی، هێنده‌ ته‌قه‌مان ده‌كرد تا لوله‌ی تفه‌نگه‌كانمان گڕی ده‌گرت‌و په‌پوله‌كان له‌ده‌وری كۆ ده‌بوونه‌وه‌. به‌هه‌ڵكڕوزانی باڵه‌كانیان‌و كه‌وتنه‌ خواره‌ویان و بوون به‌ قه‌ره‌بروتیان به‌سه‌رمان ده‌برد. تاكه‌ دڵگه‌رمی  شه‌وانی بی َشه‌ڕ و ته‌قه‌مان بوو ) ئه‌مه‌ یه‌كه‌م په‌یام بوو، له‌و په‌یامانه‌ی كه‌ به‌ باڵنده‌كاندا بۆ ژنه‌كه‌ی ده‌نارد. نه‌یزانی ئێواره‌ بوو، یا چ كاتێ‌ بۆ یه‌كه‌م جار دوای تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌زاران جار، ویستی مۆسیقایه‌ك بژه‌نێ به‌و كه‌مانه‌ی له‌شی كڵاشینكۆف بوو. ده‌نگی بگاته‌ ئه‌و هه‌ساره‌ دورانه‌ی خه‌یاڵی مرۆڤیش نایانگاتێ‌ ،نابمبورن ده‌م‌ویست بڵێم هێشتا خه‌یاڵی زانستی نه‌یتوانیوه‌ پێی مرۆڤ بخاته‌سه‌ریان.دیسان لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی خسته‌وه‌ لاجانگی چه‌پی دروست هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان په‌نجه‌ی له‌ سه‌رداده‌نێن. هه‌ركه‌ ده‌ستی به‌ كه‌مان ژه‌نین كرد، دووباره‌ هێدی هێدی ئاره‌قه‌و خوێنی، له‌گه‌ڵ فرمێسكی كڵاشینكۆفه‌كه‌یدا تێكه‌ڵ بوو، له‌ ناو خوێنی خۆیدا به‌رده‌وامبوو له‌كه‌مان ژه‌نین. ده‌نگی، وه‌ك له‌مه‌له‌كوته‌وه‌بێت وابوو. فرمێسكی كڵاشینكۆفه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وخوێنه‌ی به‌رده‌وام له‌له‌شی ده‌هات تێكه‌ڵ ده‌بوو،خوێن تاسه‌ردڵی هات، له‌نێویدا ملیۆنان مرۆڤ و گیانداری تێدا زیندوو ده‌بوونه‌وه‌. وات هه‌ست ده‌كرد ئه‌وه‌ خوێنیانه‌و چه‌ندین ساڵ له‌ناوپێستی ئه‌و و ڕۆحیان له‌ناو تفه‌نگه‌كه‌دا گیربووه‌. له‌و مه‌یدانی جه‌نگه‌ كۆنه‌دا، لاشه‌ی پارچه‌پارچه‌بووی ملیۆنان مرۆڤ له‌ده‌وری یه‌كتری كۆده‌بوونه‌وه‌ و یه‌كیانده‌گرته‌وه‌ و سه‌مایان ده‌دكرد، سه‌مای مه‌ستانه‌ی  ژیان ژیانێكی هه‌تاهه‌تایی. من هه‌زاران بوونه‌وه‌ری خه‌یاڵیم ده‌بینی ده‌هاتن‌و گوێیان ئه‌گرت، هه‌زاره‌ها باڵنده‌‌و ڕۆحله‌به‌ری سه‌یرسه‌یرم ده‌بینی له‌هیچ جێیه‌كی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا بونیان نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی تائێستا له‌ چاوی ئێمه‌ خۆیان شاردبێته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ڕۆژێكی وه‌ها بووبن. ڕۆحی ملیۆنان كوژراو چه‌پڵیان لێئه‌دا، مرۆڤم ده‌بێنی له‌ژێر لمدا هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌ و ده‌هاتن له‌و جه‌نگاوه‌ره‌ په‌شیمانه‌یان ده‌ڕوانی، كه‌ له‌ناوخوێنی خۆیدا كه‌مانی ده‌ژه‌نی. كوێر وكه‌ڕ‌و ده‌ست‌و قاچ قڕتاو، ئه‌ندامه‌ له‌ده‌ست چووه‌كانیان گڕوتینیان تێده‌گه‌ڕایه‌وه‌. هه‌موو كوژراوه‌كان بازیان به‌ سه‌رسنووره‌كاندا ده‌داو ده‌هاتن گوێیان ده‌گرت و چه‌پڵه‌یان لێده‌دا. به‌ركه‌وته‌ی ئه‌تۆم وكیمیاویم ده‌دی، به‌ده‌م سه‌مایه‌كی مۆسیقی وه‌ ئاوی گوڵیانده‌دا. په‌پوله‌ی له‌ ئاویلكه‌دانا ژه‌هرخوادوو ده‌هاتن و به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ ده‌نیشتن. ئه‌ژدیهای  گه‌وره‌، ئاسكی قوتدراوی هه‌ڵده‌هێنایه‌وه‌ و زیندوو ده‌بوونه‌وه‌. ماری بێ ژه‌هر به‌ناو دره‌خته‌كاندا ده‌گه‌ڕان. داری سوتاوم ده‌بینی له‌ شوێنی خۆیان هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌ و گه‌ڵاو گوڵیان ده‌رده‌كرد. ئه‌و دارستانه‌ پڕبوو، له‌ باڵنده‌، كونه‌په‌پوی وا كه‌ ته‌نیا له‌نێو گوڵستاندا ده‌ژیان. ئه‌و خۆیشی یه‌كێك بوو له‌و هه‌زاران كۆتره‌ی له‌ناو خوێنه‌كه‌وه‌ هه‌ڵفڕین. نــا…….نــا….. جه‌نگاوه‌ره‌كانی دنیا له‌وێ له‌ چه‌ككه‌كانیان، هه‌موو جۆره‌ ئامێرێكی مۆسیقیان دروست ده‌كرد. له‌ كۆڕاڵێكی مۆسیقی دا جوانترین مۆسیقای دنیایان ده‌ژه‌نی.
به‌ڵام…….. ئه‌فسووس، ئه‌مه‌ ته‌نها…..خه‌ونی جه‌نگاوه‌رێكی بریندار بوو كه‌ له‌ناو خوێ،ی ڕژاوی خۆیدا دواهه‌ناسه‌كانی ژیانی ده‌دا…… !!

 

سه‌رهه‌نگ محه‌مه‌د

07703608501

Previous
Next

Leave a Reply