Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

جیاوازییەکانی نێوان ئۆجەلان و تاڵەبانی ….زانا بەهرام لەندەن

Be First!
by December 29, 2008 گشتی

جیاوازییەکانی نێوان ئۆجەلان و تاڵەبانی
 زانا بەهرام  لەندەن
بێگوومان قسەکردن لە سەرکەسیەتی سەرکردە چەمکێکی ئاڵۆزە و  پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و زانستی و بارگراویکراو و پشت بەستوو هەیە ، بەدەیان سەرچاوە و پێناسەو شیکاری جۆر بەجۆر ، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە  بتوانین جیاوازییەکانی نێوان  دوو سەرکردە ببینین و بەراوردێک بکەین لە نێوانیان ، بە تایبەتی کە ئەم دوو مرۆڤە وەک دوو سەرکردە ی کارێزمایی دەربکەون و گەلەکەیان وەک فریاد رەسێک لێیان بڕوانێو چارەنوسی خۆیان پێوە بەستبێتەوە ،دەشێت بتوانین پشت بە دیکۆمێنت و مێژووی خەباتی ئەم دوو مرۆڤە ببەستین بۆ تێگەیشتنمان لە راستی جیاوازیییەکانیان .
   لە سی ساڵی رابورد و ئێمە شایەدی سەرهەڵدانی دوو بزوتنەوەی  کوردین لە باشوری کوردستان و باکوری کوردستان ، ئەم دوو پارتە بە سەرۆکایەتی( جەلال تاڵەبانی و عەبدوڵائۆجەلان )بوو.
جیاوازییەکانی نێوان ئۆجەلان و تاڵەبانی
تاڵەبانی و سەرەتایی دەرکەوتنی :
بەو پێیەی  تاڵەبانی هیچ کاتێک هەڵگری فکر و ئایدۆلۆجییەکی جێگیر نەبووە و وەک کەسێکی دووفاقی فێڵ باز دەرکەوتووە ،بۆیەگومانی تێدا نیە ئەگەر ریکخراوی قوتابیانی پارتی و دواتر ناکۆکییەکانی نێوان کوتلەکانی شۆرشی ئەیلوول  بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد نەبوایە ، مومکین نەبوو تاڵەبانی بتوانێ دەربکەوتبایە، واتا هەمیشە تاڵەبانی ناوێک بووە لە سایەی ناوەکانی تری ناو بزوتنەوەی رزگاری خوازی باشوری کوردستان .
ئۆجەلان و سەرەتایی دەرکەوتنی :
بەپێجەوانەی تاڵەبانی ئۆجەلان هەر لە سەرەتایی دەرکەوتنی لە زانکۆیی (ئەنقەرە) کاتێک لە بەشی زانستی سیاسی دەخوێنێ و بەش داری کار و چالاکییەکانی ئەوکاتەی بزوتنەوە و هێزە چەپەکانی تورکیا دەکات ، واتا لەم قۆناغە بەدواوە و لە ژێر کاریگەریی و گۆرانی بارو دۆخ لە تورکیا ، ئۆجەلان لە ئەنجامی ئەو فکر و ئایدۆلۆجییەتەی پێی گەیشت بوو ، هەوڵی دروست کردنی گروپێک دەدات .
هەڵگیرساندنی شۆرش لە ناوەراستی حەفتاکان  لە باشور و باکوری کوردستان
تاڵەبانی و هەڵگیرساندنەوەی شۆرش لە باشور
لە دوایی ئاش بەتاڵی شۆرشی ئەیلوول لە ناوەراستی حەفتاکان ، ئەو دەرفەتە بۆ تاڵەبانی دەرەخسێ کە سود لە هەستی بێزاری و تورەیی خەڵکی باشوری کوردستان لە رژێمی ئێراق و ئێران  وەرگرێ و پارتێک دابمەزرێنێ ، واتا قەیرانەکە لە باشور نەمانی سەرکردە و شۆرش بوو نەک قەیرانی لاوازیی هەستی نیشتیمان پەروەری لە لای کوردی باشور ، ئەوەی کە تاڵەبانی کردی تەنهاسود وەرگتنی بوو لە ئەزموونی خۆی لە ناو شۆرشی ئەیلوول و ناسین و کۆکردنەوەی چەند گروپ و کەسایەتییەکی دەست وپێ سپی و بوو کە توانایی رکابەری کردنی تاڵەباییان نەبوو ، چونکە بیرمان نەچێت تاڵەبانی
بەهۆیی بوونی لەسەرکردایەتی کوتلەکەی ئیبراهیم ئەحمەد پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و دوژمنی کورد دروست کرد بوو لە پێناو بەردەوامی دان بە مانەوەی خۆیی ئەو رەوشەی کە باڵەکەیانی تێکەو ت بوو بێ سڵ کردنەوەی لە هیچ شتیک و باشترین نمونەش ساڵی( شێست و شەشە) .
ئۆجەلان و هەڵگیرساندنی بزوتنەوەکەی لە باکور:
 بەپێچەوانەی تاڵەبانی ،گرینگ ترین خاڵی هەڵگیرساندی شۆرش لە باکور لەسەر دەستی  ئۆجەلان لە وە دایە کە لە دوایی بێ ئومێد بوون و کپ بووی هەموو ئەو شۆرش و بزوتنەوە و راپەرینانەی کە لە باکور دەمێک بوو بە بن دەست گەیشت بوون و لاوازی هەستی نیشتیمان پەروەری لەلای تاکی کوردی لە باکور لەو پەری دا بوو ، لە کاتێکی ئاوا دا ئۆجەلان و هاوریکانی لە گروپێکەوە بریاری بە پارتی بوون دەدەن، هەتا جیاوازی لە دامەزراندی پارتەکەی ئۆجەلان و تاڵەبانی لە وەدایە کە ئۆجەلان و هاورێکانی لە ناو خاکی کوردستان ولە گوندێکی سەر بەناوچەی (دیاربەکر) بە ناوی (فیس)
بریاری راگەیاندنی پارتێک دەدەن ، کە ئەویش لە ئەنجامی کۆنگرەیەکی دوورۆژە ، بەڵام بەپێچەوانەوە تاڵەبانی و هاوەڵەکانی لە چایخانەیەکی شام لە ‌وڵاتی سوریا تەنها رەش نوسێک دەنوسن و دواتر دەینێرنەوە بۆ ناو کوردستان و دەڵێن شۆرشمان هەڵگیرساندەوە ؟!.  
  ئەگەر چاوێک بە مێژووی گەلی کورد دا بخشێنین دەبینین، بەهۆی خەباتە نەپساوەکەی لە دژی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان  لە هەر چوارپەرچەکەی کوردستان  بەردەوام و لە هەموو قۆناغەکانی رابور دوو دا   مرۆڤی  سەرکردەی تیادا هەڵ کەوتووە، جا ئەم سەرکردانە سەرکردایەتی ئەمارەتێکی کوردیان کردبێت یاخود بزوتنەوە و  راپەرین و شۆرشێکی چەکدارانەیان کردبێت ،بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆ چی ئەم سەرکردانە نەیان توانیوە بەبەرگێکی نوێ و بەئایدۆلۆجیاییەکی نوێ و جیاواز لەو  بزوتنەوەو راپەرین و شۆرشانەی پێش خۆیان دەربکەون و  سنوری
میرنشینەکەیان یاخود ئەو  ناوچەو بەشەی کوردستان تێپەرێنن و ببن بە پێشەنگی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی مۆدێرن وناسیۆنالیستی کوردی هەتا جیاواز بن لەو ئەمارەت وشۆرشانەی ئەو  بەشەی کوردستان کە تێیدا سەریان هەڵداوە ؟!ئایا هۆکارەکان دوژمنانی کورد بوون رێگریان کردووە لە گۆرانە ناو خۆیی وفکرییەکان  ؟!  ئایا  بەهۆیی کۆمەڵێک هۆکاری  جیۆپۆلەتیکی و بابەتی بووە ؟! یاخود هۆکاری تری زاتی و کوردتبینی فکری دینی  وسیاسی و سایکۆلۆجی لەپشتەوەیە ؟! بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەمان بزوتنەوەکەی تاڵەبانی و ئۆجەلان بە نموونە دەهێنینەوە .
جیاوازییە فکرییەکانی بزوتنەوەکەی تاڵەبانی و ئۆجەلان :
تاڵەبانی و ئایدۆلۆجیایی پارتەکەی :
یەکێک لە کەموو کورییە هەرەگەورەکەی تاڵەبانی و پارتەکەی بوونی ئەو بۆشاییە گەورە فکرییەبوو چ وەک سەرکردە لە لایی تاڵەبانی و دواتر رەنگ دانەوەشی لە ناو پارتەکەی بەتاییبەتی و بزوتنەوە رزگاری خوازەکەی باشووی کوردستان بە گشتی ،
 هەر بۆیەش شتێکی نامۆ نابێت ئەگەر سەرکردە و دەمەزرێنەری هەر پارت و شۆرش و راپەرینێک  توانایی ئەفراندنی چوارچێوەیەکی فکری و ئایدۆلۆجیەتێتکی جیاوازی نەبێت کۆڵەگەی بزوتنەوەکەی لە سەر بونیاد بنێ ،چۆن دەکرێت چاوەروانی گۆرانی رادیکاڵانەی لێ بکرێت کەسانی بەشداربوو لە شۆرش و لایەنگرانی خۆیی پێ پەروەردە بکات ؟! چونکە وەک چۆن هەر پارت و شۆرشێک پێویستی بە سەرکردەیەکی کارێزماو  بەتوانا هەیە ، بەهان شێوەش پێویستە شۆرش پێشرەی کۆمەڵانی خەڵک بێت و چەند هەنگاوێک لە پێش خەڵکەوە بێت، کە بێگوومان ئەمەش بە فەلسەفەیەکی نوێ و پەروەردەی
بەردەوام و گۆرانی ریشەیی و هەمەلایەنە دەکرێت.
گوومان لە وە دانییە کە تاڵەبانی   کەسێکی بەتواناو  خاوەن هێزی قەناعەت پێهێنان وتاکتیکێکی زۆرە، بە هۆیی فێڵ بازیی و ئەزموونی  تەمەنی لە ناو بزوتنەوەی رزگاریی خوازی کوردستان ،هەروەها وەک هەر سەرکردەیەکی رۆژهەڵات تینووی دەسەڵات بووە لەم پێناوەشدا  تەنها شتێک بەلایەوە گرینگ بووبێت چەسپاندنی هەیمەنە ودەسەڵاتی خۆیی بووە ،ئەمەش نەک تەنها بەسەر پارتەکەی خۆیی دا بەڵکوو هەوڵی سرینەوەو بێ هێز کردنی هەموو ئەو پارتانەشی داوە کە لە گۆرەپانەکە دا لە خەبات کردن دابوونە لە دژی رژیمەکانی ئێڕاق و ئێران چ لە پێش راپەرین و چ لە دوایی
راپەرین ، تاکە هێزێک نادۆزینەوە کە تاڵەبانی و پارتەکەی شەریان لە گەڵ نەکردبێت وهەوڵی سرینەوەو بێ هێز کردنیان نەدابێت کە ئەمەش  بێ سڵ کردنەوە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و هەستی کورد پەروەرانە پیادەی کردووە، بێگوومان باجەکەشی هەرچییەک بوبێت بۆ گەلەکەی بەلایەوە گرینگ نەبووە .
ئۆجەلان و ئایدۆلۆجیایی پارتەکەی :
بە خوێندنەوە و سەرنج دانمان لە هەموو ئەو بەڵگە نوسراو بینراوانەی کە لەسەر ئۆجەلان و پارتەکەی لەبەر دەستن ، لەهەمان کاتیش هەموو ئەو راستیانەی کە رۆژانە دەیبینین ، بۆمان دەر دەکەوێ کە کاریگەرتین و پێش کەو توو ترین شۆرش و بزوتنەوەیەک لە مێژووی کوردا بەر پا کرابێت ،  ئەو شۆرش و بزوتنەوەیەیە  کە ئۆجەلان رابەرایەتی دەکات ؟!
  ئۆجەلان نەک هەر گەلێکی لە نائومێدی و بێ هیوایی رزگار کرد ، بەڵکوو توانی لە رێگەی ئەو فکر و ئایدۆلۆجییایەی کە لە ئەنجامی خوێندنەوە و لیکۆڵینەوەی بەردەوامی خۆیی پێیگەیشت ، ئەو گەلە بە رێکخستن بکات  لە چوارچێوەی بەرنامەی پارتیک دا ؟! یەکەم شەریش کە ئۆجەلان و پارتەکەی کردیان لە دژی ئاغاو دەرەبەگ و کەسانی جاش و خۆفرۆش بوو ،کە ئەمەش وەک پرەنسیپێک بووە لە لای ئۆجەلان و پێی وابووە ،هەڵگیرساندنی  بزوتنەوەیەکی چەپی شۆرش گێر   تەنها فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنی ئەوەیە سەرەتا  شەری کەسانی خۆفرۆش و دەرەبەگ  وفیوداڵی
کۆمەلگاکەمان  بکەین و کۆمەڵگا پاک بکەینەوە لەمجۆرە کەسانە ،دواتر شەری دوژمن بکەین ،کە ئەمەش بە دان پێدانانی خودی تاڵەبانیش راستە ، کاتێک رۆژنامەنوسێکی کوردی باکورو دانیشتووی وڵاتی سوید دەچێتە لای تاڵەبانی لە شاخ ، تاڵە بانی سەرسامی خۆی دەر دەبرێت بە رامبەر ئۆجەلان و پارتەکەی دەڵێ: بەراستی ئۆجەلان رێبازێکی گرینگی خەباتی گرتۆتە بەر کە پێش ئەوەی شۆرش بەرامبەر بە دوژمن بکات ، بەرەنگاری ئاغا ودەرەبەگ و خەڵکی خۆفرۆش دەبێتەوە ، هەر لە هەمان کاتیش دا ترسی خۆی پێ ناشارێتەوە کە ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و فکریی و سیاسی و چەکدارییە
بەشەکانی تریش بگرێتەوە لە داهاتوو.  ئەمەش سەد دەرسەد پێچەوانەی تاڵەبانی و پارتەکەیەتی ، کەهەر لەگەل هەلگیرساندنەوەی بزوتنەوە چەکدارییەکەی سەرەتا شەری لە دژی پارتە کوردییەکانی ناو گۆرەپانەکە بوو لە پێناو فراوان کردنی دەسەڵاتی خۆیی وپارتەکەی .
دەرئەنجامی رێبەرایەتی بزوتنەوەکەی تاڵەبانی
.بیگوومان خۆمان بەهەڵە دائەبەین ئەگەر پێمان وابێت  سەرکەوتنی هەر بزوتنەوەیەکی شۆرش گێری و هەر خەباتێکی رزگاری خوازی تەنها بەوە دێتە دی کە ئەم بزوتنەوەیە  بگاتە قۆناغی رزگاری  وڵاتەکەی ؟! چونکەدەشێت لە باری پراکتیکی وبەسود وەرگرتن لە گورانکاریییەکانی ناوچەکە بتوانی دوژمنەکەت وەدەر نێیت لە بەشێکی خاکی وڵاتەکەت ،بەڵام ئەگەرسەرکردەی ئەم بزوتنەوە و شۆرشە خاوەن و هەڵگری فکر و ئایدۆلۆجیەکی جیاواز نەبووبێت لە بەرامبەر دوژمنەکەیی و لە ناو کۆمەڵگاکەی لە هەمان کاتدا شۆرشەکەی نەیتوانیبێ شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و هزری و مۆدێرن بێت لە
سەر جەم بوارەکان دا  ، ئەوە لە دوایی رزگار بوونی خاکەکەیی و دامەزراندنی حکومەتێکی خۆماڵی ئینجا حەقیقەتی کەموو کورییەکانی شۆرش و بزوتنەوەکە بە دەر دەکەوێی ، جائەگەر سەرکردەی ئەم شۆرشەش لە کاتی خەباتی شاخدا  نەیتوانیبێت شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و هزری و رۆشەنبیری بەرپا بکات ، ئەوە چۆن دەکرێ چاوەروانی بەرێوە بردنی ئیدارەیەکی باشی شاری لێ بکرێت ؟! یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتەکەی تاڵەبانی، کەناوی( مەلا بەختیارە ) لە وتووێژیکی دا لە مەڕ ئەم پرسە بۆ یەکەم جار دانی بەو راستیە داناو وتی: هۆکاری هەموو ئەم گەندەڵی و فەسادییە
نیشانەی ئەوەیە کە لە شاخ ولە کاتی شۆرشەکەمان پەروەردەیەکی باش نەبووە بۆیە ئێستا حکووم رانییەکە بەم جۆرەیە ، هەڵبەتە ئەمە بۆ یەکەم جار بوو من دان پیدانانی وا لە کەسانی سەرکردایەتی دا ببینم.
دەرئەنجامی شۆرشەکەی ئۆجەلان :
ئەگەر بمانەوێ باسی خەباتی هەمەلایەنەی ئۆجەلان بکەین لە پیناو سەرکەوتن و بەرەو پێش بردنی رێبازەکەی ، پێم وایە کاتمان زۆر پێویستە ، بۆیە دەکرێ تەنها ئاماژە بە چەند لایەنێکی خەباتەکەی ئۆجەلان بکەین ، کە دەشێت وەک دەست کەوت و سەرکەوتنێکی بێ وێنەیی لەقەڵەم بدرێ بەبەراوردلە گەڵ بزوتنەوە و شۆرشەکانی باکوری کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان   وبە بزوتنەوەکەی تاڵەبانیش  . بۆچی ؟
چونکە تاکە شۆرشێکە  سەرۆکەکەی خاوەن ‌تێرامانی فەلسەفی و فکری وئایدۆلۆجیی  تایبەت بێت و بتوانێت سود لە ئایدلۆجییەتی ماکسسیزم و چەپ وەرگرێ و بیگونجینێ لە گەڵ فکری ناسیۆنالیستی کوردی و ئەندامەکانی پێ پەروەردە بکات . کە ئەمە یەكێکە لە خاڵە گەشەکانی بیری ئۆجەلان ، کە بێگومان ئەمە لەلای تاڵەبانی تەواو غائیبە و مرۆڤ کە سەیری پارتەکەی تاڵەبانی دەکات سەری سوڕدەمێنێ و نازانێ کە ئەم پارتە تەمسیلی چ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا دەکات ، چونکە ناکرێت لە یەک کاتدا پارتێک خەڵکی ئاغاو دەرەبەگ و خەڵکی چەپی ‌تێدابێت و پارتێک بێت هەم عەڵمانی و هەم
پارێزگار لە کەلتووری خێڵەکی و هەروەها ئیسلامی بێت ؟!
 ئۆجەلان نەک تەنها شۆرشێکی سیاسی و چەکداری بەرپا کرد لە دژی رژێمی تورکیا بەڵکوو لە پاڵ ئەم شۆرشە شۆرشێکی تری کۆمەڵایەتیشی بەرپا کرد ، کە بێگوومان ئەم شۆرشەیان زۆر سەخت ترە بۆچی ؟ چونکە رزگارکردنی ژن لە کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و هێنانەدەرەوەی لە ماڵ و کردنی بە گەریلا لە شاخەکانی کوردستان و پەروەردەکردیان بەدژی کۆمەڵگایەکی باوک سالاری و رژیمێکی خوێن مژو درندە ، ئەمە گرینگی وکاریگەری ئەو رێبازەی ئۆجەلانمان بۆ دەردەخات لەسەر کۆمەڵگاکەی ،
ئۆجەلان بەپێچەوانەی شۆرش و بزوتنەوەکانی تری کوردستان  لەگەڵ گرینگیدانی بە خەباتی سیاسی وچەکداری و لە هەمان کاتیشدا گرینگی تەواویشی بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانی داوە ، بۆ نموونە ئەگەر خەباتەکەی تاڵەبانی تەنها لە رووی چەکداری بوبێت بەرامبەر بە رژێمی بەغدا ، کەئەمە یەکێک بوو لە خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەکەیدا هەروەک چۆن نێۆشیروان مستەفا لە کتێبی (پەنجەکان یەکتر دەشکێنن) دا رەخنە لەم کەم وکورییەی خەباتەکەیان دەگرێت و پێی وایە کە نەیان توانیوە شەرەکەیان لە ڕۆخەوە بگوازنەوە بۆ چەق ، کە مەبەستی لەوەیە پێویست بوو شەر
ببەنە ناو ماڵی دوژمن و لە ماڵی خۆیانی دوربخەنەوە ، بەڵام ئۆجەلان ئەم بۆشاییەشی پر کردۆتەوە و دەرفەتی وەها رەخنەیەکی نەهیشتۆتەوە لە شۆرشەکەی ، بۆیە ئەمرۆ دەبینین ئەگەر سەدان گەریلا لە شاخەکانی کوردستان خەباتی چەکداری بەردەوامی پێبدەن لە بەرامبەر حکومەتی تورکیا دا ، ئەوە بەهەزاران گەریلایی مەدەنی لەناو شارەکانی تورکیاو لە وڵاتانی ئەوروپا لە گەڵ یەک ئاگاداری سەرکرداییەتییەکەیان دەرژێنە سەرشەقامەکان و خۆپیساندان دەکەن .
 ئۆجەلان هەر بەوەش نەوەستاوە بەڵکو هەوڵی تەواوی داوە کە شەری چەکداری بگۆرێت و بۆ شەری دیبلۆماسی و لەم پێناوەش دەبینین کەهەوڵی دروست کردنی حزب و رێکخراوی داوە لە ناو خۆیی تورکیاو بەرهەمەکەشی زیاتر لە بیست ئەندام پەرلەمانە لە پەرلەمانی تورکیا ، کە بێگومان هەریەک لەم ئەندامانە دەتوانن نوینەری شارێکی کوردستان بن و لەهەمان کاتیشدا و ناراستەو خۆ نوێنەری ئۆجەلان و ریبازەکەین ، کە تورکیاش ئەمە باش دەزانێ و ناجاریشن قبوڵی بکەن.
خاڵێکی تری جەوهەری کە ئۆجەلان وەک هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی شۆرشەکەی کاری بۆ کردووە ، لایەنی ئابوورییە ، کە بێگوومان توانایی ئابووری بزوتنەوەکەی ئۆجەلان گرێدراوی توانا و سەنگی رێبازەکەیەتی لە ناو گەلی کورد دا، بۆ نموونە : ئەگەر  بزوتنەوەکەی تالەبانی هەهیشە لە ژێرکاریگەری  قەیرانی ئابووری ناڵاندبێتی و زۆر جاریش بۆ راستکردنەوەی لایەنی ئابوری پارتەکەی پەنایی بۆ دوژمنانی کورد بردبێت ، ئەوە ئۆجەلان و پارتەکەی هیج کێشەیەکی ئابوورییان نەبووە ! بۆچی لەبەر ئەوە نا کە کوردی باکور دەوڵەمەند تر بووبن لە کوردی باشور ، بەڵکوو ئەوە
گارییگەری ئۆجەلان و رێبازەکەیەتی لە ناو کۆمەڵگادا وا لە گەلەکەی دەکات ببن بەیارمەتی دەرو سەرچاوەی سەرەکی بەرێوەبردنی بزوتنەوەکە  . 
ئەمانەو چەندان جۆری تری خەباتی ئۆجەلان، پێمان دەڵێ کە جیاوازییەکانی لەگەڵ تاڵەبانی ئاسمان و رێسمانی بەینە و ناکرێت بەراورد بکرێن لەبەرامبەر یەکتر .
بەڵام حەز دەکەم چەند جیاوازییەک  بە کورتی باس بکەم چونکە پێم وایە موریدە بێ فکرەکانی تاڵەبانی تواناو تاقەتی خویندنەوەی دورو دریژیان نییە ، بۆیە دەشێت سوود لەم جیاوازییانەی خوارەوە  وەرگرن .
بۆنموونە :
 ستراتیجی سەرەکی خەبات کردن  لە لای تاڵەبانی تەنها  گەیشتنە بە دەسەڵات .
ستراتیجی سەرەکی لە لای ئۆجەلان رزگارکردنی تاکی کورد  و گەیشتنە بە ئازادیی گەلەکەیی .
تاڵەبانی: لە پێناو مەبەست و مەرامەکانی خۆیی بەردەوام لە هەوڵی پارچە پارچەکردنی پارت و رێکخراوە کوردییەکانی باشور و پارچەکانی تری کوردستان دایە .
ئۆجەلان : بەردەوام لە هەوڵی پتەو کردنی یەکێتی ریزەکانی خەباتی گەلی کوردە و بانگەوازی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەکات و کە رێکخراوێکی لەم شێوەیەش لەسەر بنەماو میتۆدی فکری ئۆجەلان دروست بوو لە ئەوروپا کە نوێنەری زۆربەی پارتە کوردیەکانی پارچە کانی کوردستانی لە خۆ گرتووە .
تالەبانی : بەناو سەرۆکی ئێراقە و کەچی سەرۆکایەتی پارتەکەی خۆشی پێ ناکرێت و تەنها خاوەنی کوتلەیەکە لەناو پارتەکەی خۆیی .
ئۆجەلان : مرۆڤێکی بەند کراوە و لە بەندین خانەیە ، بەڵام لە ژێر رۆشنایی فکر و رێبازەکەی رۆژ بەرۆژ پارتەکەی بەهێز دەبیت و هەتا لە بەشەکانی تری کوردستانیش سێ پارتی چالاک و شۆرش گێر دروست بوونە و ئۆجەلان بە ئیرادەی سیاسی خۆیان دەبینن. 
تاڵەبانی: هیچ کاتێک سڵی لەوەنەکردۆتەوە بۆ گەیشتنە ئامانجەکانی پەنا ببات بۆ باوەشی دوژمن بۆ  سەرکوت کردنی پارتە کوردییەکانی تری باشوری کوردستان و پارجەکانی تری کوردستان .
ئۆجەلان : هەمیشە رووی لە گەلەکەیی و پشتی لە دوژمن بووە و  بۆ یەک کات ژمێریش سڵی لە تێکۆشان نەکردۆتەوە بەرامبەر ئەو کەسانەی  پەنایان بردۆتە بەر دوژمنی گەلەکەی .
تاڵەبانی : بەهۆیی کەسایەتییە تێک شکاو و خۆبەکەم زانییەکەی ، هەمیشە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە بەچاویکی سوک سەیر کراوەو راوکردنیشی ئاسان بووە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە ، کە ئەمەش باجەکەی گەلەکەی داویەتی .
ئۆجەلان : هەمیشە وەک سەرۆکێکی خاوەن مەبدەئ و  ورەی پۆڵایینی گەلەکەی سەیر کراوە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە ، بۆیەش لەلایەن  حسابی وردی بۆ کراوە بەبەردەوام  .
ئەمانەو چەندان و بگرە بەدەیان  جیاوازیی تر کە دەشێت قسەیان لەسەر بکرێت لە نیوان ئەم دوو مرۆڤە ، ماوەتەوە بڵێم  هیوادام ئەوەی ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە وا تێنەگات  کە من ئەندامی پارتەکەی ئۆجەلان بم یاخود تاڵەبانیم خۆش نەوێت ، بەڵکو وەک گەنجێک بە مافی خۆمم زانی باری سەرنگ و تێروانینم دەربرم لەسەر کەسایەتی ئەم دوو مرۆڤە کوردەی کە ناویان ئۆجەلان و تاڵەبانییە . 

Previous
Next

Leave a Reply