Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جەلا دوقوربانى و دەستی دەرەكی

جەلا دوقوربانى و دەستی دەرەكی

Closed
by October 13, 2010 گشتی

وەك قوربانییەكی زیندوی دەستی ئەو زنجیرە توندوتیژییەی لەو ماوەیەدا  لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بەرامبەر هاوڵاتیان كراوە ، بەمافی خۆمی دەزانم   سەرنج و تێبینی خۆم بنوسم دەربارەی ڕاگەیاندراوێك كە ڕێك باسی ئەو حاڵەتانە دەكات كە منیش یەكێكم لەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە .
وەك لە ڕاگەیاندنەكانەوە بۆ هەموو لایەك  دەركەوت  لە ئێوارەی 26/9/2010 دا خانووە گوندییەكەم لە گوندی شیوی قازی – قەزای قەرەداغ  بۆ جاری دووەم  سوتێنرا یەوە ، بە جۆریك كە بێجگە لەوەی سەرجەم كەلوپەلەكانی سوتێنران ، خانووەكەش زیانی گەورەی بەركەوتووە . ڕێك  دوو هەفتە دوای ئەو ڕوداوە  ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان  ڕاگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە ، بۆیە سەرنج و تێبینییەكانم بەم جۆرە ڕووندەكەمەوە و سەرەتا بە پرسیار دەست پێدەكەم :
پرسیاری یەكەم :   بۆچی سەرجەم تاوانەكان لە سلێمانی ڕوودەدەن كە لە ژێر ئیدارەی ” ی.ن.ك ”  دایە و ناوچەی ژێر ئیدارەی پارتی ئارام و سەلامەتە . 
پرسیاری دووەم : كاتێك كە  خاوەنی ڕاگەیاندراوەكە دەستی دەرەكی تاوانبار دەكات . بۆچی هیچ  ڕونكرنەوەیەكی نییە دەربارەی ئەو بەڵگە و سەرەداوانەی كە نیشانەی بوونی دەستی دەرەكین .
پرسیاری سێیەم : ئەو تاوانانە  لە سنوری ئاسایشی   یەكێتیدا  ڕویداوە  . بۆچی ئەمان”ب.گ.ئاسایشی سلێمانی ”  هیچ لێدوان و هیچ زانیارییەكیان نییە دەربارەی بكەری ئەو تاوانانە . بەتایبەتی خۆم یەكێكم  كە وەك  قوربانییەك سەردانم كردوون بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران  . 
دەستی دەرەكی یان دەستی ناوەكی ؟
بێجگە لەوەی هیچ بەڵگەیەك لەو ئاژنسەوە بۆ هاوڵاتیان  ڕوون نەكراوەتەوە  كە بیسەلمێنێت دەستی دەرەكی لەپشت ئەو كارە دزێوانەوەیە . كاتێك كە بە ووردی  سەرنج لە جۆری تاوانەكان دەدەین دەردەكەوێت جۆری تاوانەكان لە ئاستێكی زۆر نزمدان . بۆنمونە ڕژاندنی تێزاب بە بۆدی  ئۆتۆمبێلێكی   جۆری ڤۆڵڤۆی مۆدیلی كۆن ” 1982 ” كە خاوەنەكەی پۆلیسێكی خانەنیشن بێت . ئایا كام لۆژیك ڕێگەمان پێدەدات باوەڕبكەین كە دەوڵەتەكانی  دراوسێمان ” ئەگەر ناحەزی هەرێم و پێشكەوتنەكانیشی بن” خۆیان تەكلیف بكەن و مجازەفە بە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بدەن بۆ كارێكی لەو جۆرە . ئەمە لە كاتێكدا خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە لە هیچ چالاكییەكدا نەبووە دژی دەوڵەتەكانی دراوسێ . بەڵكو لە هەمان ڕۆژی ئەو ڕودااوەدا هاوبەشی كەمپینی” بێدەنگ نابین ” ی كردووە لە شاری سلێمانی .
لە لایەكی ترەوە كاتێك  لە گوندێكی دوورەدەستی  ناوچەی قەرەداغ خانوویەك دەسوتێنرێت و دەڵێن دەستی دەرەكییە .  ئازادن ئەوانەی ڕاگەیاندراوی لەو جۆرە  دەردەكەن  ئەوانەش ئازادن كە باوەڕ بەم ڕاگەیاندراوە دەكەن .  بەڵام زۆر  زۆرن ئەوانەی كە باوەڕیان   بە ڕاگەیاندنێكی لەو جۆرە  نییە، ئەمە بێجگە لەوەی  خۆ ئەگەر دەستی دەرەكی بگاتە ئەو ئاستەی  بەسەر شار وقەزا و ناحییەكانی كوردستاندا بگوزەرێ و بگاتە گوندێكی  چەپەك  و خانوویەكی چۆڵ بسوتێنێت  كەواتە مانای وایە  بە سیخوڕی بێگانە تەنراوین و بە خۆمان نەزانیوە .
كەمبونەوەی متمانە و زۆربوونی گومان
هەموومان ، ئێمەی هاوڵاتی كە قوربانی دەستی ئەو توندوتیژییەن و ئەوانی دەسەڵات كە خاوەنی ڕاگەیاندراوەكەن كۆكین لەسەر ئەوەی كە لە پشتی ئەو كارانەوە دەستێكی سیاسی تێكدەر هەیە . بە مانایەكی تر دەستێكی نەخشە بۆ داڕێژراوە و بەرنامەی لایەنێكی سیاسییە
بۆ پشێوی ئەو ڕەوشەی ئێستای كوردستان . بەڵام دوو جیاوازیمان هەیە .
جیاوازی یەكەم : ئەوان جەخت لەوەدەكەنەوە كە  دەستی دەرەكی لە پشت ئەو كارانەوەیە .بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمەی قوربانییەوە هەبێت ناتوانین باوەڕ بەو ڕاگەیاندراوە بكەین و ڕامان وایە ئەو دەستە ناوەكییە نەك دەرەكی .
 جیاوازی دووەم : لە ڕاگەیاندراوەكەدا وا هاتوە كە : پیلانگێڕی بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە . بەڵام ڕای ئێمە تەواو جیاوزەو قسەی ئێمە لەسەر ئەو واقیعەیە كە دەیبینین و پیلانەكە بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان نییە و پیلانەكە تەنیا لە ناوچەی سەوزدا بەڕێوە دەچێت .ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە خاوەنی دەسەڵات لە ناوچەی سەوز كە یەكێكە لەو دوو دەسەڵاتەی كە هەرێمی  كوردستانیان بەش كردووە  و هەر ئەو دوو دەسەڵاتەش خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی لەو جۆرەن كە پێشتر تۆمەتبار كراون بە كاری تری لەو جۆرە . بەڵام كاتێك كە لە سنوری سەوزدا ئەو جۆرە كارانە ڕوودەدەن ، ئەوا گومانی تۆمەتباركردن لە دەسەڵاتی سەوز دوور دەكەوێتەوە ، لەبەر هیچنا بەڵكو لەبەرئەوەی كە لۆژیك ئەوە پەسەند ناكات لایەنێك بەدەستی خۆی پشێوی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی  خۆی دروست بكات . بە تایبەتی كە زۆربەی قوربانییەكان لە لایەنگیرانی گۆڕان بن . ئەمە لە كاتێكدا پەیوەندی گۆڕان و  حیزبی خاوەن دەسەڵاتی  ناوچەی سەوز ئەو ئاستەی تێپەڕاندبێت .
ماوە بڵێین كاتێك بەرپرسیارێتی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنوس “سەردەشت ”  دەخرێتە سەر  حیزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی زەرد و فشاری زۆریان دەخرێتە سەر  دواجار ئەوان بۆ دوور خستنەوەی گومان لە خۆیان دێن بە ڕاگەیاندراوێك  سەردەشتی قوربانی دەكەن بە جەلاد . 
كاتێكیش بەڕاگەیاندراوێكی ڕەسمی بێ بەڵگە و بێ بنەما تۆمەتی جەلادەكانی تاوانەكانی ئەم دواییە  بەسەر دەستی دەرەكیدا دەبەخشنەوە ، ئەوا هێندەی تر گومانەكان لە سەر خۆیان نزیك دەكەنەوە .
دیارە داهاتویش هەمو ڕاستییەكان دەردەخات و هەموومان دەیبینین  گەر توشی  چارەنوسی سەردەشت نەبین .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.