Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
جەنابی سەرۆك بە سۆز ووڵات بەڕێوە ناچێت ،قوربانت بم

جەنابی سەرۆك بە سۆز ووڵات بەڕێوە ناچێت ،قوربانت بم

Closed
by February 24, 2011 گشتی

سڵاو جەنابی سەرۆك
ئەو رۆژانەی حوسنی موبارەك كورسی وڵاتی بەجێهێشت، هاوكاتبوو، لەگەڵ ئەو گوتارە سیاسییەی جەنابت كە بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان رۆشنبیران و پیاوانی ئایینی دابووت، كە سەیری ئاخافتنەكانی جەنابتم دەكرد، حوسنی موبارەك لە كەناڵی ئەلعەرەبییە و ئەلجەزیرە و زۆری دیكە، نیشاندەدرا،كە لە سەردەمی لاوێتیدا گەنجێكی خوێن گەرمی جەسووری نیشتمانپەروەر بوو، بە لێهاتوویی خۆی هاتە پێش، هەر ئەوەش بوو، كردی بە سەرۆكی گەورەترین ووڵاتی عەرەبی، بەڵام ئێستا بزانە  چ موسیبەتێكی  لە مێژووی خۆی تۆماركرد، هەموو جار كە جەنابت دەبینم بەو جلە كوردییەوە،  هەستی كوردایەتیمان دەجوولێنی، بە قسەی سۆزیش  ،دەمانورووژێنی، بەڵام سەرۆك ،سۆزیش  قۆناخی بەسەرچوو بڕوابكە، زۆرمان بیست و هیچمان نەدی، بۆیە سۆزیش لەم وڵاتە ئێكسپایەر بووە.

 جەنابت لەبارەی چاكسازییەوە قسەت كرد و فەرمووت بە برا حزبە سیاسییەكانم وتووە پێشنیاریان چییە بۆ ئەوەی ئێمە چاكسازی بكەین ، سەیرم پێ هات ئەمە قسەی سەرۆكی وڵاتەكەم بێت، ئەزانی بۆ سەرۆك،یەكەم:ئەو حزبانەی  جەنابت بانگت كردوون لە پێش 25/7/2009 وە تا ئێستا ئەوە یەكەمجارە لەگەڵیان دابنیشی، ئینجا ئەو حزبانە لە هەڵبژاردنەكانا دەركەوت ،حزبی پاشكۆی خۆتانن، داوای داتاكانی  هەڵبژاردنەكان بكە، مەكتەبێكی ناوەندی هەڵبژاردنت هەیە، هەموو ژمارەی دەنگەكانیان لایە، حزب هەبوو ئەسڵەن رووی هەڵبژاردنی نەبوو، بۆیە نەهاتە ناو هەڵبژاردن، حزبیش هەبوو، هەر بەقەد بنەماڵەیەكی بچووك زۆر بچووك دەنگی هێنا!!،
 سەرۆك ئیتر ئەوانە كە خۆتان دروستتان كردوون،چۆن جەسارەت دەكەن، باسی گەندەڵی بكەن، هەموویان  چاوە چاویانە ئافەرینێكیان بكەی سەرۆك.
  جەنابی سەرۆك من بەش بە حاڵی خۆم وەك سەرۆكی وڵاتەكەم  ئینجا وەك باوكی خەڵكە ستەمدیدەكەم سەیرم دەكردی،بەڵام نەدەبوو، رێگە بدەی ناوی كوردستان ببێتە گەندەڵستان، سەرۆك هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن گەندەڵی ئەم  وڵاتەی هاڕیوە، ئەی چۆن جەنابت لێی خەبەردار نیت،تۆ لە كوێ دەژیت سەرۆك، ناشێ لەم ووڵاتە نەبیت!!.
  جەنابی سەرۆك ،ئەو هەلە زێڕین و مێژووییەی بۆ تۆ دروست بوو، بۆ باوكیشت  نەهاتبووە ئارا، لە بیرت چوو، باوكە حەسرەت كێشەكەت لە ئاوارەییدا و بە دڵێكی پڕ لە كەسەرەوە سەری نایەوە،  چ زوو لە بیرت چوو ئەو ئیدریسەی  پیاوی رۆژە تەنگانەكان بوو، نەگەیشتە ئەمڕۆو  ون بوو، ئەی بۆ وا ئەكەی سەرۆك!،تۆ یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان بووی، تۆ مێژوو بووی، تۆ هیوای ژاكاوی مناڵە بێ باوكەكان بوویت ،ئەی بۆ وات كرد.

 سەرۆك!،هەموومان تا دوێنێ شانازیمان پێتەوە دەكرد،تۆمان كردبوو بە باوكی نەتەوە، بۆ وات كرد،ئاخر ئەم وڵاتە كە پڕ بوو لە گەندەڵی ، تۆ بەرپرسیاری یەكەمی، ئەم وڵاتە كە پڕ بوو لە خەڵك كوژی، هەر تۆی سەرۆك بەرپرسیاری،ئەم وڵاتە كە پڕ بوو لە ژن كوژی، تۆ بەرپرسیاری،ئەم وڵاتە كە یاساو مەعریفەی شێواند تۆ بەرپرسیاری، كە ئایین و رۆشنبیرانی پێك هەڵشاخاند تۆ بەرپرسیاری، كە ڕێگەی دەنگ هەڵبڕین و خۆپیشاندانمان لێ دەگرن تۆ بەرپرسیاری، ئەم وڵاتە كە تا ئێستاش بێ دەستوورە تۆ بەرپرسیاری.
 سەرۆك وامدەزانی مێژووی وڵاتەكەت دەنووسیتەوە،كەچی كارەساتت خوڵقاند. بیست ساڵە قەبووڵمانەو دەنگمان نەكرد، بیست ساڵە داوای خۆشگوزەرانی بۆ هەموان دەكەین گوێ لە كەس ناگری،  دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە كوفر دەزانی ،دەنگی ناڕەزاییەك ببیستن بە گێرەشێوێنی دەزانن ،  جووڵەیەك بكەین بە پیلانی ناحەزانمان لە قەڵەم دەدەن وتابووری پێنجین .  سەرۆك وانابێ …چاكسازی وانابێ سەرۆك.
سەرۆك ئەم دەبابانە چی بوون وەك كیسەڵ لە كون هاتنە دەرەوەو ئێمەیان ترساند، بۆ  نەتپرسی ئەمە چی بوو!! ناشێ ئەمەشیانت نەبیستبێت!! ئەی كوا ئەو یاسایەی هەمیشە تۆ باسی دەكەیت! وەزیری پێشمەرگەت موحاسەبە كرد سەرۆك،لە بەڕێوەبەری ئاسایشت پێچایەوە،ئەی چیت لە وەزیری ناوخۆ كرد!! هیچت نەكرد!! هێشتا هەڕەشەش دەكەی سەرۆك!! سەرۆك ئەو رۆژە بەسەرچوو سەرۆك هەڕەشە لە هاووڵاتیانی خۆی بكات…ئەم قۆناخە گوزەشت،بەخوێن و فرمێسك بە ئێسك و پرووسك ،بە رۆحی سەدان هەڵۆی بەرزە فڕی ئەم وڵاتە گوزەشت،ئیتر بۆ بەدوای رابردوو دەكەوی سەرۆك.
   سەرۆك  بەرگەی ئەم هەموو ئازارە ناگرین تكایە! هێشتا ئازاری بەعس بەجەستەمانەوە ماوە،  نامانەوێ جارێكی تر بیبینینەوە.

تۆ مێژووت بۆ دروست نەكرا ببوورە، تۆ هێشتا نەتتوانی وەكو شێخ خەلیفەش بیت كە ئەها بینیت چۆن بە شانازییەوە لە وڵاتەكەیاندا یادی دەكەنەوە، چونكە وڵاتی لە خێڵ و عەشیرەتەوە  گۆڕی بۆ دامەزراوە،  ئەها ئەو هۆتێلە (100)نهۆمییەی لە وڵاتی خۆیدا بە باڵای شێخ دا هەڵبڕدرا، كە بەرزترین باڵەخانەیە لە هەموو جیهان، ئەو لەناو وڵاتی حوشترو بیاباندا وڵاتی بە دامەزراوە كرد،تۆ لەوڵاتی سروشت و جوانی و شارستانییەت دا ، وڵاتت نغرۆی گەندەڵی كرد.
 سەرۆك  هێشتا كاتت ماوە ئەگەر بتەوێ وڵات جوان بكەیتەوەو خەڵك ئاشت بكەیتەوە، وەرە وەرە لەگەڵ رۆشنبیرانی وڵاتەكەت دابنیشە نەك لەگەڵ ئەو حزبانەی دەستكردی خۆتانن، وەرە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دابنیشە، نەك لەگەڵ ئەوانەی چاوەڕێی مووچەیەكی گەرمی گیرفانن ،وەرە سەرۆك وەرە ، وەرە شاعیری گەورەمان هەیە بۆ نایانبینی!،هونەرمەندی گەورەمان هەیە بۆ نایانبینی، پیاوو ئافرەتی  سیاسی  نیشتمانیمان زۆرن،بۆ بڕوایان پێ ناكەیت ، نا سەرۆك گەر هەر وا بكەیت، ناتوانین  ئیتر تۆ بەسەرۆكی خۆمان بزانین. چاكسازی لە ناوەوە دەكرێت سەرۆك ، چاكسازی بە ئەكتیڤكردنی دەزگا چاودێرییەكان ئەنجام دەدرێ سەرۆك.
سەرۆك چاوەڕوانین بزانین چیت لەباردایە، سەرۆك ،هەموومان چاوەڕوانین، بۆ نامانبینی وا یەك نەتەوە بە پێوە وەستاوین و دانانیشینەوە، سەرۆك واز لە سۆز بێنە، وەختی بڕیارە، سەرۆك. وەختی بڕیارە.

 

شنە پێنجوینی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.