حاڵم باشه، وه‌لێ تۆ باوه‌ڕ مه‌كه
سڵاو، حاڵم باشه
خه‌م و كۆڤانێك نییه جگه له ونبوونی تاوناتاوی خه‌یاڵێكی دوور
كه خه‌ڵكی پێی ئێژن شادومانی بێ سه‌به‌ب…
سه‌رباری ئه‌مه‌یش گه‌ر ته‌مه‌ن باقی بوو
جۆرێك له په‌نا ژیانه‌وه تێده‌په‌ڕم
كه نه دڵی كه‌سێك له سینه‌یدا بله‌رزێ و
نه ئه‌م دڵه راڕایه بێ ههتوانهم…
تا بیرم نه‌چووه بنووسم:
دوێشه‌و له ده‌ورووبه‌ری خه‌ونه‌كانم، ساڵێكی پڕ باران بوو…
خه‌ونی باران و پاییزێكی نه‌هاتووم بینی
دوعام كرد بێی
له په‌نا په‌نجه‌ره‌كه‌دا له‌گه‌ڵم بمێنییه‌وه، باران داكات
به‌ڵام درێغ كه رۆیشتن، رازی نامۆی ئه‌م ژینه‌یه.
رۆیشتی به‌رله‌وه‌ی باران ببارێ…
ده‌زانم، دڵم هه‌میشه پڕه له هه‌وای تازه‌ی نه‌هاتنه‌وه!
چما لێكدانه‌وه‌ی هه‌موو رۆیشتنهكان، هه‌رگیز نه‌هاتنه‌وه‌یه
بێ په‌رده پێت بڵێم:
گه‌ره‌كمه ته‌نیا بم
ده‌رگاكه له دوای خۆته‌وه داخه
بێقهرارم، ده‌مه‌وێ بڕۆم، ده‌مه‌وێ بمێنمه‌وه؟!
وڕێنه ده‌كه‌م! نازانم…
نا ئازیزم، ده‌بێت نامه‌كه‌م كورت بێ
ساده بێ و روون و بێ كینایه
كه‌واته سه‌رله‌نوێ ده‌نووسم:
سڵاو! حاڵم باشه
به‌ڵام تۆ باوه‌ڕ مه‌كه…
سه‌ید عه‌لی ساڵحی
له فارسییه‌وه: جه‌بار سابیر