Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
خاتۆ سۆزان شەهاب، ئەی ئەرکە ئەخلاقییەکەی بیست ساڵەی دەسەڵاتداران لە کوێیە؟

خاتۆ سۆزان شەهاب، ئەی ئەرکە ئەخلاقییەکەی بیست ساڵەی دەسەڵاتداران لە کوێیە؟

Closed
by March 5, 2011 گشتی

ڕۆژی 04.03.2011 واتە یەک ڕۆژ بەر لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕین و سەربەستیی کورستان لەناو پەرلمانی کوردیدا خاتوو سۆزان شەهاب بۆ داکۆکیکردن لە یەکێتی و دەسەڵآت تاووتوێی هەندێک خاڵی کرد. لە میانی وتەکانیدا باسی ئەوەی کرد، کە “ئەرکێکی ئەخلاقیی و نیشتمانپەروەرییە، گەر ئێمە هەوڵ بدەین ئەم دۆخە هێور بکەینەوە”، بەڵام
نازانم خاتوو سۆزان باسی چ ئەخلاقێک دەکات؟ ئەی ئەرکی ئەخلاقیاینەی بیست ساڵەی دەسەڵاتدارانی کورد لە کوێ بوون و بۆ نەهاتوونەتە قسە هەتا ئێستا؟ کوانێ ئەخلاق کاتێک دەسەڵاتدارانی کورد لاوی کوردیان دەنارد هەرزانبەها دەیانخستە ناو ئاگری شەڕی براکوژییەوە؟ کام ئەخلاقە باس دەکەیت، کە بیست ساڵە ئەم کۆمەڵگایە سکاڵا دەکات، دەنووسێت، هاوار دەکات، دەقیڕێنێت، بەڵام کەس نەبوو گوێیان لێبگرێت؟ ئایا ئەتانەوێت ئێستا گوێتان لێ بگرین؟ ئەی ئێوە بۆچی گوێتان لە ئێمە نەگرت؟ ئەی لەکوێ بوو ئەخلاقی سیاسییتان کاتێک کوردستانتان فیفتی فیفتی کرد بە دوو بەش: پارتی و یەکێتی، زەرد و سەوز، ئافرەت و ژن، خوێندکار و قوتابی، نۆکان و جیهان، سەندیکا و ڕێکخراو؟  چۆن ئەخلاقی سیاسیتان وەکو قیژەی ئەم خەڵکە نەهاتە دەنگ کاتێک دامودەزگاکانی هەرێمتان بە گێل و گەوج پڕکردەوە و بۆ کاری کرێکارێکیش داوای “تەزکییەی حیزبی”تان دەکرد، کە میراتی حیزبی بەعسە و بۆتان ماوەتەوە؟ لەکوێ ئەرکی نیشتمانپەروەری و ئەخلاقیتان خۆی شاردۆتەوە، کە هەتا ئەم ساتەش دوو حکومەت، دوو بەڕێوەبردن، دوو دەسەڵات لە کوردستاندا هەیە؟ ئەخلاقی سیاسیتان لەناو جێگەی گەرمی کام دەسەڵاتدارەدا خەوتبوو کاتێک هەزارەها کیژۆڵەی ئەم کۆمەڵگایە بووبوون بە یاری دەستی دەسەڵاتداران و سەدەهاش ساڵانە  دەکوژران؟ بۆچی گوێتان لێ بگرین، کاتێک ئێوە لەئاستی ئەم کۆمەڵگایەدا بیست ساڵی ڕەبەقە کەڕ و کوێر و نەخوێندەوارن: نە دەبینن، نە دەبیستن و نە دەشخوێننەوە؟ ئێوە ئێستاش وەکوو ڕادیۆ کار دەکەن: تەنها قسە دەکەن و دەبێت گوێتان لێ بگیرێت و ئێمەش وەکوو بوکەشووشە سەری ڕەزامەندیمان بلەقێنین. ئایا ئەگەرچی بۆ جارێکیش بێت هەست و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و نیشتمانپەروەریتان نەهاتە قسە سەبارەت بەو خواوەندە گێلانەی کە هەرێمتان پێ پڕکردۆتەوە، هەر کوڕە (مەنسول) و سیاسەتمەدار بوو کردتان بە خواوەند، بازرگان و فەیلەسوف و سیاسەتمەدار، ئایا لەخۆتان نەپرسی: ئایا دەبێت گێلەپیاوان ئەم هەرێمە بەڕێوەبەرن لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئایا ئێمەی کۆمەڵگا ئەم ئامادەکارییە بۆ میراتگرەکانی نەوەی داهاتوو هەست پێ ناکەین، دەرکیان پێ ناکەین، نایانبینین؟ ئایا کوڕ و کچە خواوەندەکانی دەسەڵاتداران لە منداڵانی کۆمەڵگا نازدارترن؟ چ ئەخلاقێک لەناو دەسەڵاتدا بوونی هەبێت، کاتێک منداڵێک، هەرزەکارێک، لاوێک، پێرێک، کچێک، کوڕێک بە فیشەکی دەسەڵآت بکوژرێت، لە پێناوی ئەوەی دەیەوێت هاواری پەنگخواردووی بیست ساڵەی بە دەسەڵات بگەێنێت؟ نرخی ئەخلاقی سیاسی چەند بوو و لە کوێدا بوو، کاتێک شەوانە چەندەها لۆری نەوت خۆی دەکرد بەودیو سنووردا؟
دوا پرسیارم بۆت خاتوو سۆزان: ئەرکی ئەخلاقی سیاسی بەڕێزت ئێستا، هەنووکە، لەم ساتەدا لە کوێیە، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئەو ڕاستییانەی، کە لە پشت سەرتدا دەیانپارێزیت، نەیانشاریتەوە و بیانخەیتە ڕوو و بیاندرکێنیت، نەک بەردەوام بیت لەوەی جارێکی دیکە لم بکەیتە چاوی خەڵکەوە. پێم وا بێت بیست ساڵ بەسە بۆ هەموو شتێک. ئەخلاقدار و بێئەخلاقی سیاسییش تەنها بە هەڵوێست جیادەکرێتەوە: هەڵوێستی ڕابوردوو و ئێستا و داهاتوویان.

 

گلێنە
gelna_q@yahoo.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.