Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

خاكی خۆڵه‌مێش ….. هه‌ردی شه‌فیق

Be First!
by November 10, 2010 ئەدەب

 

سه‌دساڵ له‌مه‌وبه‌ر جادوگه‌رێك وتی
گه‌رده‌لولێك هه‌ڵ ئه‌كاو دۆلفینی ده‌ریاكان ئه‌بات بۆ بیابان
به‌ڵام ئه‌و گه‌رده‌لوله‌ نه‌فره‌تیه‌ بیری ئه‌چێت
نه‌دۆلفین له‌سه‌رابا مه‌له‌ ئه‌كاو
نه‌بیابانیش به‌خوێن تینوێتی ئه‌شكێت

باران بوو باڵی په‌پوله‌ ئه‌باری
باران بوو گه‌ڵای دره‌خت ئه‌باری
باران بوو ته‌رمی مرۆڤ ئه‌باری
باران بوو خوێنی كوكوختی ئه‌باری
شاعیرێك به‌ر له‌من وتی ئیتر له‌م ئاسمانه‌ ئیزرائیل دائه‌كات
 ژنێك پێش من وتی
                    ئیتر ژیان وه‌رزێكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌رین

خودایه‌ خۆ قه‌رار نه‌بوو فریشته‌كانت له‌م جه‌نگه‌دا
خوێنی په‌روانه‌كان ببینن
له‌باڵكۆنه‌كانی مردندا جگه‌ره‌بكێشن
په‌پوله‌كانت له‌خوێنی خۆیانا بخنكێن
خوێنی كۆتر به‌ناو چاوی ئێمه‌وه‌ وشك بێته‌وه‌
ماسیه‌كانت له‌م سه‌رابستانه‌دا بخنكێن
به‌خوێنی خه‌یاڵ یادگاریه‌كانمان بنوسین

وتم وای خودایه‌
له‌ناو لاشه‌كاندا ده‌نگی مناڵێك دێت هه‌تا مه‌حشه‌ر ئه‌گری
قریشكه‌ی فریشته‌یه‌ك دێت هه‌تا قیامه‌ت ئه‌ڕوا
وتم با گورگ ئه‌و لاشانه‌ نه‌خۆن كوڕو كچه‌ هه‌تیوه‌كانی مانگن
وتم وای خوایه‌ ته‌رمی فریشته‌كان كۆكه‌نه‌وه‌
                           هه‌ڵه‌بجه‌،خوێنی له‌به‌ر ئه‌ڕوا

ده‌نگێك وتی :
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و ڕقیان له‌سه‌وزی و كانی و په‌پوله‌ بوو
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و تاجی خوێنیان له‌سه‌را بوو

 توخودا
ئه‌و گوڵانه‌ له‌ده‌ستی ئه‌و كچه‌ سوتاوه‌ ده‌ربهێنن
چاوه‌ڕێ‌ ی كوڕێك بووه‌ بیداوه‌تێ‌ و نه‌یداوه‌تێ‌
وتم لێگه‌ڕێن خوداش ئه‌و دیمه‌نه‌ ببینێ‌
مناڵێك له‌جه‌نازه‌ی دایكی شیری مردن ئه‌خوا
لاچن باخوداش ئه‌و كچه‌ كڵۆڵه‌ببینێ‌
ده‌زگیرانه‌ دڵشكاوه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ كۆڵ
من شاهیدبووم هه‌موو فریشته‌كانی خوا ئه‌گریان
هه‌موو ڕۆحله‌به‌ره‌كانی ئاسمان ئه‌یانقریشكاند
وتم توخودا
به‌و پێشمه‌رگه‌ بڵێن مه‌خزه‌نه‌كه‌ی له‌سه‌رمدا خاڵی بكاته‌وه‌
به‌و پازداره‌ بڵێن هه‌تا مه‌له‌كوت به‌دوای سه‌یاره‌كه‌یا ڕامكێشێ‌

ده‌نگێك له‌ئاسمانه‌وه‌ وتی :
به‌عه‌گاڵه‌وه‌ هاتبوون و ئه‌قڵَیان له‌پۆساڵه‌كانیانا بوو
به‌جزداشه‌وه‌ هاتبوون و باروت له‌خوێنیانا بوو
 
به‌و پازداره‌ بڵێن
ئایا ئێوه‌ش فریشته‌كانی خواتان نه‌دی
بۆ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی له‌خوێنا شه‌ڵاڵ ئه‌گریان
به‌جه‌للاده‌كه‌ی به‌غدا بڵێن
كێ‌ ده‌ست نوێژ له‌وكانیه‌ ئه‌گرێ‌ پڕه‌ له‌جه‌نازه‌؟
كێ‌ دڵی ئه‌و مناره‌ ڕوخاوه‌ ئه‌داته‌وه‌ ؟
به‌سه‌ر قورئانێكی سوتاودا كه‌وتووه‌ ؟
كێ‌ ته‌رمی مرۆڤ و باڵنده‌و
ئاژه‌ڵ و دره‌خت و
ئه‌م په‌یامه‌ كۆست كه‌وتووه‌ ئه‌كاته‌ كۆڵ؟؟

ده‌نگێك له‌ویژدانه‌وه‌ وتی :
به‌كه‌لله‌ سه‌رێكی قورمیش كراوه‌وه‌ هاتن و خوێنیان له‌به‌رابوو
وه‌ك سه‌رخۆشێك هاتن و ئه‌قڵیان له‌لوله‌ی تفه‌نگا بوو
من شاهید بووم شارێكیان له‌ناو خوێنی خۆیا ئه‌گه‌وزاند
من شاهیدبووم په‌پوله‌یان به‌ تێزاب ئه‌خنكاند
نێوده‌می شكۆفه‌كانیان پڕ ئه‌كرد له‌گولله‌
من مناڵبووم گڵه‌به‌ڕۆژه‌م ئه‌فرۆشت و
جگه‌ره‌م ئه‌نا به‌لا ده‌ممه‌وه‌
وه‌ك ناڵه‌یه‌ك له‌گه‌رودا بیتاسێن خه‌می ئه‌وه‌یان بوون
ده‌نگی ئه‌م كه‌ناریه‌ برینداره‌ به‌هیچ جێیه‌ك نه‌گات
خه‌می ئه‌وه‌یان بوو مانگ له‌ناو ئه‌م ده‌ریای خوێنه‌دا هه‌ڵنه‌یه‌ت
                                     كه‌چی هه‌ڵهات
من شاهید بووم
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و یه‌شتا فێری ئه‌وه‌ نه‌بووبوون به‌دوای سه‌رابا نه‌چن
من شاهید بووم پێغه‌مبه‌رێكیان  ئه‌دا له‌خاچ
مزگه‌وتێكیان ئه‌دا له‌سێداره‌
بۆ ڕۆحی زه‌رده‌شت ئه‌گه‌ڕان یه‌خسیری كه‌ن
مانگیان له‌ناو دووكه‌ڵی باروتا ئه‌شارده‌وه‌
من شاهید بووم باڵنده‌كان وه‌كو گوڵ وگه‌ڵا هه‌ڵئه‌وه‌رین
مانگی خه‌ونه‌كانیان ئه‌دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ
تریفه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان ئه‌دایه‌به‌ر چه‌قۆ
له‌گۆمه‌ خوێنه‌كانا ده‌ست نوێژیان ئه‌گرت
مه‌رگ به‌ده‌ستێك جلی مه‌غاویریه‌وه‌ له‌ئاسمان ده‌گه‌ڕا
بازگه‌یان بۆ ڕۆحی په‌روانیه‌ك دائه‌نا به‌ره‌و ئاسمان ئه‌فڕی
ئه‌یان ویست خودا له‌ئاوێنه‌كانی ئه‌مشاره‌دا
به‌جوتێك پۆساڵی تاكه‌وتاكه‌وه‌ ببینن
مه‌خلوق و گوڵو كانیه‌كانیان ئه‌كوشت ‌و ئه‌یانوت ئه‌هریمه‌نمان كوشت
په‌پوله‌و ماسی و مناره‌كانیان شه‌هید ئه‌كردو ئه‌یان وت شه‌یتانمان كوشت

من شاهیدبووم
وه‌ك ڕه‌وه‌ پاڵنگێكی برسی بۆ خواردنی بێچووه‌ ئاسكێك ئه‌هاتن
هاتن و ئه‌یان ویست یونس له‌ناو سكی دۆلفینه‌كه‌دا بكوژن
یوسف له‌بیره‌كه‌دا گورگان خوارد بكه‌ن
هاتنو ئه‌یان ویست خوێنی زه‌رده‌شت به‌سه‌ر ئاڤێستادا بڕێژن
هاتن و ئه‌یان ویست موحه‌مه‌د له‌ده‌روازه‌ی شارا بده‌ن له‌دار
پوشو په‌ڵاشیان بۆ ئاگره‌كه‌ی ئیبراهیم خڕئه‌كرده‌وه‌
خاچیان بۆ عیسا ئه‌دا به‌كردن
حه‌للاجیان به‌شمشێر ئه‌كرد به‌دووله‌تی یه‌كسانه‌وه‌
 
وه‌ك ئه‌و خێڵانه‌ی خوێنی ئه‌سپه‌كانیان ئه‌خۆنه‌وه‌
هاتن و هیچیان له‌میهره‌بانی خوا پێنه‌بوو
                بۆیه‌ بینیان ئه‌نا به‌خوێنی ئێمه‌وه‌

من كه‌چاوم تێزابی به‌سه‌را ڕژابوو
ڕۆژنامه‌نوسێك لێی پرسیم چی ئه‌بینی
وتم په‌یامه‌كانی خۆا به‌كوژراوی له‌مشاره‌دا و
پێغه‌مبه‌ری كوژراو له‌كاتی سوجده‌داو
فریشته‌ی خودای كوژراو له‌كاتی فرمانداو
به‌هارێكی ئه‌تككراو له‌كاتی گوڵكردناو
خوێنێكی ناكۆتا ئه‌بینم
له‌و مه‌رگبارانه‌دا كه‌هه‌نسكی خودام ئه‌بیست، ئه‌موت:
                      من خودایه‌كی بریندارو گریاو ئه‌بینم

ده‌نگێك له‌غه‌یبه‌وه‌ وتی
گۆڕستانیان ئه‌كرد به‌ماڵ و ماڵیش به‌گۆڕستان
باروت به‌ده‌ماره‌كانیانا ئه‌گه‌ڕا
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و ته‌قه‌یان له‌تریفه‌ی مانگ ئه‌كرد
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و به‌خوێن له‌شپیسیان ده‌رئه‌كرد

خودای من
له‌م مۆزه‌خانه‌ی كاره‌ساته‌ خوێنی كاولكاری ده‌بارێ‌
ته‌رمی خۆمم بینی بۆ گه‌نی كردبوو
كه‌لله‌ سه‌ری خۆمم بینی به‌ده‌ستی پیاوێكه‌وه‌ بوو له‌بیابان
من كه‌چاوه‌كانم له‌ده‌ست دابوو جه‌نازه‌یه‌كی لێڵم ئه‌بینی
به‌جۆرێك ڕاكشابوو
وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ‌ به‌م زووییه‌ نیازم نه‌بوو بمرم
وه‌ك ئه‌وه‌ بڵێت خودایه‌ ئه‌م هه‌موو وێنه‌ تاریكه‌ت بیر نه‌چێت
ئه‌مه‌ قسه‌ی ئه‌و مناڵه‌ بوو له‌سكی دایكیدا
(خه‌رده‌ل)لای لایه‌ی بۆكردبوو
ئه‌مه‌ گۆرانی ئه‌و پاساریه‌ بوو
به‌سه‌ر پێنج زه‌ڕنه‌قووته‌ی برسیدا كه‌وتبوو

فریشته‌كان وتیان
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و به‌دوكه‌ڵی جه‌نگ موعتاد بووبوون
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و به‌خوێنی گوڵ سه‌رخۆش بووبوون

به‌پۆساڵه‌كانیان ڕِۆحی ناو هێلكه‌ی كۆتره‌كانیان ئه‌شكان
ئاویلكه‌دانی په‌پوله‌كانیان پڕ ئه‌كرد له‌ژه‌هر
ئێسقانی مناڵه‌كانیان ئه‌سوتاند و
كلیان ئه‌برده‌وه‌ بۆچاوی ژنه‌كانیان

من ئه‌م وت ئه‌مه‌ سه‌ربورده‌ی شارێكی كوژراوه‌ له‌سوجده‌دا
حیكایه‌تی قه‌تڵو عامی فریشته‌كانی خوایه‌ له‌سه‌رزه‌وی
ده‌نگێك له‌مله‌كوته‌وه‌ ئه‌یوت
باكه‌سێك بێت ئه‌و هه‌موو گوناهه‌ ئه‌رشیف بكات
با كه‌سێك بێت ئه‌م مه‌حشه‌ره‌ بنوسێته‌وه‌
باكه‌سێك بێت گوێ‌ له‌ناڵه‌ی برینداره‌كان بگرێت
              با چیتر خودا
له‌وه‌زیاتر له‌م شاره‌دا
                  دڵی نه‌شكێت

من له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هاتمه‌وه‌
له‌ناو هه‌زاران گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ی خامۆشدابووم
له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هاتمه‌وه‌ سێ‌ ڕۆژ بوو له‌ناو ته‌رمه‌كانا خه‌وتبووم
بۆنی مردن و مه‌حشه‌رو فریشته‌ی  كوژراوی خوام لێئه‌هات
له‌سه‌رجلی ئه‌و په‌ریانه‌ی كفنیان نه‌بوو نوێژم دابه‌ست و
له‌خودام پرسی
ئایا ئه‌م ئه‌نفاله‌ش به‌شێكه‌ له‌عیباده‌ت؟
له‌سه‌ر ته‌رمی ئه‌وماسیانه‌ی له‌گه‌راكانا خنكابوون
ڕوم كرده‌ ئاسمان و پرسیم
ئه‌م قه‌تڵو عامه‌ش به‌شێكه‌ له‌خودا په‌رستی ؟
له‌ناو خوێنی ئه‌و پاساریانه‌ی به‌سه‌ر هێلكه‌كانه‌وه‌ مردبوون
 وتم خودای من
ئێمه‌ پێغه‌مبه‌رێكی ترمان ئه‌وێت
                     ئه‌م خێڵه‌وه‌حشیه‌ بكات بكۆتر

من له‌وێ‌ بووم په‌پوله‌یه‌كیان نه‌هێڵا كه‌مێك جوانیم بیر خاته‌وه‌
كه‌ناریه‌ك نه‌مابوو غه‌ریبترین گۆرانی دونیا بڵێ‌
په‌روانه‌یه‌ك نه‌مابوو نامه‌یه‌كی پیادا بنێرین بۆ مه‌له‌كوت
كوكوحتیه‌كیان نه‌هێڵا به‌سه‌ر عیباده‌تگایه‌كیدا بخوێنێ‌
مناره‌یه‌كیان نه‌هێڵا بۆ ئه‌وه‌ی كۆترێكی پێوه‌ بنیشێ‌
گوڵێك نه‌مابوو به‌شه‌ونمی ده‌ست نوێژ بشوا
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ هه‌ناسه‌ی تیا نه‌مابێ‌
هه‌مووشتێك له‌وشاره‌ بێده‌نگه‌دا كز كز ئه‌گریا
هه‌تا فریشته‌كانی خواش
               تۆبڵێ‌ ی خوداش نه‌گریابێ‌؟؟

ده‌نگێك له‌ئاسمانه‌وه‌ وتی
له‌سه‌حراوه‌ هاتبوون و ڕقیان له‌جوانی و تریفه‌ی مانگ بوو
شمشێره‌كانیان به‌خوێنی سه‌ده‌ كۆنه‌كان ژه‌نگی كردبوو

Previous
Next

Leave a Reply